مه‌نسوور جیهانی ـ  فیلمی سینەمایی "چیرۆکی ئەوینداریی" سەبارەت بە ھەڵەبجە و بە ڕۆڵ بینینی "شوان عەتووف"لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنتڕاڵ" نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی "حکایت عاشقی" واتە "چیرۆکی ئەوینداریی" A Tale of Love لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "ئەحمەد ڕەمەزانزادە" و لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری لوڕ "مەسعوود جەعفەری جەوزانی" سەبارەت بە کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە و بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەری ناوداری کورد "شوان عەتووف" و ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران "بەھرام ڕادان" لە یەکەمین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ھەینی و شەممە ٤ و ٥ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان" Focus on World Cinema لە میانەی سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنتڕاڵ" Montreal لە وڵاتی کەنەدا دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.

ئەم فیلمە کوردییە سەرەتا کاتژمێر ٣٠/٨ی ئێوارێ ڕۆژی ھەینی ٤ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە سینەمای "کوارتێری لاتینی ١٥" و پاشان لە کاتژمێر ٣٠/٩ی شەوی شەممە ٥ی ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە سینەمای "کوارتێری لاتینی ١٥" لە بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان" گرینگترین بەشی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "مۆنتڕاڵ" دوای بەشی سەرەکیی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" نمایش دەکرێت.

چیرۆکی ئەوینداریی" یەکەمین فیلمێکە کە تا ئەم ڕادەیە ڕاشکاوانە و واقیعی سەبارەت بە مەسەلەی عەشق و ھەڵەبجە سازکراوە، ئەم فیلمە کە گێڕانەوەیەکی ئەویندارانەی ھەیە و بۆ شێوازیی باس کردنی چیرۆکەکەی زمانێکی نوێی دەستنیشانکراوە، چیرۆکی فۆتۆگرافەرێکی ئێرانی بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە یەکەمین کەسە کە دوای بۆردوومانی کیمیابارانی ھەڵەبجە دەچێتە ناو ئەم شارەوە و دەست بە وێنەگرتن دەکات، ئەم فۆتۆگرافەرە لەم سەردانەیدالەگەڵ کچێکی کورد ئاشنا دەبێت و ڕووداوگەلێکی ئەویندارانە لە نێوانیاندا ڕوودەدات.

بیست خولەکی یەکەمی ئەم فیلمە لە شاری ھەڵەبجە تێدەپەڕێت کە لە لایەن دیزاینەری ئەم فیلمەوە بە تەواوی وەکوو سەردەمی خۆی سازکراوە و بە جۆرێکی دیکۆمێنتیانە کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی ئەم شارە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە نیشانی بینەر دەدات.

لەڕاستیدا لە فیلمی سینەمایی "چیرۆکی ئەوینداریی"دا ناوەرۆکی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە دژە مرۆڤایەتییە خراوەتەڕوو کە ھەر ئەم تایبەتمەندییە بۆتەی ھۆی ئەوەی کە سەرنجی بەرپرسانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنتڕاڵ" بۆلای خۆی ڕابکێشێت و ئەم فیلمە لەگەڵ ١٣ فیلمی سینەمایی دیکە لە فیلمسازانی سەرتاسەری دنیا لە کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەورووپا، ئەمەریکا، ئەفریقیا و ئۆقیانووسیا بخەنە بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان"ی ئەم فیستیڤاڵەوە.

لە یەکەمین فیلمی بڵندیی سینەماکاری بیجاڕیی "ئەحمەد ڕەمەزانزادە"دا چەندین ئەکتەری ناوداری کورد و ئێرانی ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: "شوان عەتووف" لە ھەرێمی کوردستان، ئەکتەری ناوداری ئێرانی "بەھرام ڕادان"، ئەکتەر، شانۆنامەنووس و دەرھێنەری بەئەزموونی شانۆی کوردستان و ئێران دکتۆر "قەتبەدین سادقی"، ئەکتەری بەئەزموونی کرماشانی "بەھمەن زەڕین پوور"، ئەکتەری لاوی سنەیی خاتوو "شیلان ڕەحمانی"، ئەکتەری کورد "پەیام عەلەوی"، خانمە ئەکتەری منداڵی کوردستان "کیمیا مورادیان" و چەندین ئەکتەری دیکە.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنتڕاڵ" بە نمایشی زیاتر لە ٤٠٠ فیلم لە سینەماکارانی ٨٠ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی"، بەشی "پێشبڕکێی فیلمە یەکەمەکان"، بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای ھەڵبژاردەی جیھان"، بەشی "بەھرەمەندە نوێیەکان"، بەشی "دیکۆمێنتەکانی جیھان"، بەشی "سینەمای چین"، بەشی "سینەمای کلاسیک"، بەشی "فیلمە خوێندکارییەکان"، بەشی "سینەما لە سێبەریی ئەستێرەکاندا"، بەشی "سینەمای ئێمە" و چەندین بەشی دیکە ڕۆژی ٢٧ ئاب / ئۆگۆستی ٢٠١٥ بە فیلمی سینەمایی "محەمەد (ص)" لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری ئێرانی "مەجید مەجیدی" لە شاری مۆنتڕاڵ لە وڵاتی کەنەدا دەستی پێکردووە و تاکوو ڕۆژی ٧ ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ درێژەی دەبێت.

 

بۆ زانیاریی زیاتر:

http://www.ffm-montreal.org/en/٥٦٩-en_a-tale-of-love.html  

 

 

مه‌نسوور جیهانیـ گۆرانیبێژی کورد "شەھرام نازری" خەڵاتی تەندیسی حافزی باشترین گۆرانیبێژی ئێرانی لە پازدەیەمین جەژنی "دنیای وێنەیی" بەدەستھێنا.

گۆرانیبێژی ناوداری کرماشانی "شەھرام نازری" بە گۆرانی تیتراژیی کۆتایی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر" لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری لوڕ "مەسعوود جەعفەری جەوزانی" و بە ئاوازدانانی موزیکزانی لاوی ئێرانی "ئەڕەشک رەفیعی" لە پازدەیەمین جەژنی سینەمایی ـ تەلەڤیزیۆنی "دنیای وێنەیی" ئێران، بۆ وەرگرتنی خەڵات کاندید کرابوو، لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم جەژنە سینەماییەوە وەکوو باشترین گۆرانیبێژی ساڵی ئێران لە بواری سینەمادا دەستنیشانکرا و لە لایەن ئەکتەری ناودار و پێشەنگی ئێران "جەمشید مەشایخی" خەڵاتی تەندیسی حافزی ئەم جەژنەی پێبەخشرا.

شەھرام نازری" کە بە شوالییەی ئاوازی ئێران و کوردستان ناسراوە لە وتووێژێکی تایبەتدا سەبارەت بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە سینەماییە گوتی: لەڕاستیدا ھەر ھونەرمەندێک بە درێژایی ژیانی خۆی خەڵاتی جۆراوجۆر وەردەگرێت، منیش وەکوو ھەموو ھونەرمەندانی دیکە خەڵاتی زۆرم وەرگرتووە، بەڵام زۆربەی ئەم خەڵاتانەم کە وەرگرتووە لە دەرەوەی وڵات بووە. ئێستاکە کە خەڵاتی تەندیسی حافز وەردەگرم زۆر خۆشحاڵم، چونکە بە پلەی یەکەم لە دەستی بنەماڵەی سینەما ئەم خەڵاتە وەردەگرم، چونکە بۆخۆم ھۆگرییەکی زۆرم پێیان ھەیە و بە پلەی دووەم لە دەستی "جەمشید مەشایخی" مامۆستا و یەکێک لە ئەفسانەکانی سینەما ئەم خەڵاتە وەردەگرم. ئێستا کە لە ناوخۆی وڵات ئەم خەڵاتەم پێدەبەخشن، بۆ من زۆر دەستکەوت و شانازییەکی گەورەیە.

ئەم گۆرانیبێژە کوردە سەبارەت بە درێژەپێدانی ھاوکارییی خۆی لە بواری سینەمادا گوتی: لەم بوارەدا بێگومان لە داھاتوودا ئەزموونی دیکە دەکەم، لەبەر ئەوەی کە بڕیاروابوو لە ھەشتاکاندا لەسەر داوای دەرھێنەری ناودار و کۆچکردووی ئێران "عەلی حاتەمی" لە فیلمی سینەمایی "دلشدگان" واتە "دڵدارەکان" وەکوو گۆرانیبێژ بەشداریی بکەم، بەڕێزیان لە رێگای "جەمشید مەشایخی" ویستیان لە نزیکەوە لەگەڵ من ئاشنا بن و لەم کارە سینەماییەدا بەشداریی بکەم. بەڵام بە ھۆی کۆنسێرت لە وڵاتی ئەمەریکا نەمتوانی بەشداریی بکەم.

گوتیشی: من بۆخۆم ھۆگرییەی زۆرم بە دنیای سینەما ھەیە و سروشتییە کە حەتمەن لە داھاتوودا لە بواری سینەمادا وەکوو گۆرانیبێژ بەشداریی بکەم و بێگومان ھەر ئەو کارەش دەکەم.

ھەروەھا ئەکتەری بەئەزموونی سینەمای ئێران "جەمشید مەشایخی" سەبارەت بە کەسایەتیی "شەھرام نازری" گوتی: بەڕێزیان نە تەنیا لە بواری مۆسیقادا پێگەیەکی ئاست بەرزیان ھەیە بەڵکوو لە بواری ئەدەب و ئەدەبیاتیشدا شارەزایی و لێھاتووییەکی تەواویان ھەیە.

شەھرام نازری" بۆ یەکەمین جارە کە لە بواری سینەمادا گۆرانیبێژی فیلمێک لە ئەستۆ دەگرێت و لەڕاستیدا خوێندنی گۆرانی تیتراژیی کۆتایی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر" لایەنێکی دیکەیە لە توانایی و شارەزایی ئەم گۆرانیبێژە ناودارە کوردە لە بواری خوێندندا.

 

چڕینی ئەم بەرھەمە لە لایەن شوالییەی ئاوازی ئێران و کوردستان شێوازێکی دیکەیە لە خوێندن و ئەم ھونەرمەندە بەئەزموونە کە ھەمیشە لە خوێندنی کارە نۆیەکان لە مۆسیقادا بە لەبەرچاوگرتنی ھەموو بنەماکانی موزیکی ئێرانی پێشڕەوە لە خوێندنی تیتراژیی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر"یشدا شێوازێکی نوێی لە خوێندن ئاراستەی ھۆگرانی موزیک کردووە.

گۆرانی تیتراژیی کۆتایی فیلمی سینەمایی "ئێران بێرگێر" بە پێی شیعری "بەھانە" واتە "بیانوو" کە بە "دانەھای باران" واتە "تکەکانی باران" ناسراوە و بەرھەمی شاعیری ناودار و کۆچکردووی ئێرانی "سیاوەش کەسرایی"یە، بە ئاوازدانانی "ئەڕەشک رەفیعی" و بە ھاوکاری ژەنیارانی پێشەنگی موزیکی ئێران لە چوارچێوەی ئۆرکستڕای گەورەدا سازکراوە.

دوایین قۆناغەکانی تۆمارکردنی ئەم بەرھەمە لە لایەن "ئاڕش عادڵ پوور" لە ستۆدیۆی "تەرانەی سەمان" لە شاری تاران ئەنجامدراوە و "زوھرە سوڵتانی" وەکوو بەرپرسی بەرھەم لە ئامادەکردنی ئەم گۆرانییەدا ھاوکاریی کردووە.

 پازدەیەمین جەژنی سینەمایی ـ تەلەڤیزیۆنی "دنیای وێنەیی" ئێران بە بەرپرسیاریی ڕەخنەگری ناوداری سینەمای ئێران "عەلی موعەلیم"، بە ھاوکاریی خاتوو "ئازەر میعماریان" ھەروەھا بە ئامادەبوونی ئەستێرە ناودارەکانی سینەما، شانۆ، تەلەڤیزیۆن و مۆسیقای ئێران لە تەلاری گەورەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بەڕێوەچوو.

 

 

 

 

مه‌نسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی کوردی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی نمایشکرا.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووسی کورد "مەمەد ئەکتاش" و "ئەیووب ڕەمەزان" بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک، لە دوو سانسی جیاوازدا سەرەتا کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 25ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری 2014 لە هۆڵی ژمارە 5ی ڤۆکسی ناوەندی سینەمایی "مارینا ماڵ" لە شاری ئەبووزەبی و پاشان لە کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 27ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری 2014 لە هۆڵی ژمارە 2ی ڤۆکسی ناوەندی سینەمایی "مارینا ماڵ" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی هەشتەمین خولی هەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات نمایشکرا.

دوای نمایشی ئەم فیلمە کوردییە کۆڕی ڕەخنە و هەڵسەنگاند بە ئامادەبوونی "شەوکەت ئەمین کورکی" و "مەمەد ئەکتاش" بەڕێوەچوو و ئەم دوو سینەماکارە کوردە بە وردی وڵامی پرسیاریی بینەران و ڕەخنەگرانی سینەماییان دایەوە.

لە سەرەتای ئەم کۆڕەدا "ئینتشال ئەلتەمیمی" بەڕێوەبەری هونەری و بەرنامەداڕێژی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی باسی مێژووی سینەمایی "شەوکەت ئەمین کورکی" کرد و ئەو پرسیارەی ئاراستە کرد کە بۆچی چیرۆکی فیلمەکانی باسی ڕابردووی کوردەکان دەکات و ئەم سینەماکارە کوردەش لە وڵامدا گوتی: فیلمی سینەمایی یەکەمم بە ناوی "پەڕینەوە لە غوبار" باسی ڕابردوو دەکات بەڵام چیرۆکەکەی لە ئێستادا تێدەپەڕێت، ئەو فیلمە نوێیەشم واتە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە جۆرێک دەتوانم بڵێیم نیشاندانی دروستبوونی ئەو دوو فیلمە پێشووەم واتە "پەڕینەوە لە غوبار" و "شوێنێک بۆ یاریی"یە.

ئەلتەمیمی کارناسی سینەمای وڵاتانی عەڕەبی لە فیستیڤاڵە جیهانییەکاندا پرسیارێکی ئاراستەی "مەمەد ئەکتاش" کرد کە لە سازکردنی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" ڕووبەڕووی چ گرفتێک بوونەتەوە و ئایا ئەو گرفتانەی کە لە فیلمەکەدا هەیە ڕووبەڕووی ئێوەش بۆتەوە؟ کە ئەم سینەماکارە کوردە لە وڵامدا گوتی: پێش ئەوەی کە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە بگرمە ئەستۆ لە وڵاتی ئەڵمانیا زۆر فیلمم بەرهەمهێناوە، پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام، سەردانی کوردستانم کرد و ئەو کاتە کوردەکان بیریان لە سەربەخۆیی دەکردەوە و ئێمەش هەوڵماندەدا کە فیلمی کوردی بەرهەمبێنین. گوێبیستی زۆر چیرۆک لە سینەماکارانی کورد لە کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە پشت سەحنەی فیلمە کوردییەکان دەبووم.

گوتیشی: چیرۆکی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە جۆرێک کۆکراوەی بیرەوەرییەکانی سینەماکارانی کوردە کە لە هەموو به‌شه‌کانی کوردستان و هەروەها لە سینەماکارانی کوردی دەرەوەی وڵاتیش کۆکراوەتەوە.

یەکێک لە بینەرانی ئەم فیلمە کوردییە دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە ستافی فیلمەکە کرد و گوتی: ئەوە یەکەم فیلمە کە سەبارەت بە ژینۆسایدی کوردەکانی عێراق بینیومە ئایا ئێوە فیلمێکی سینەمایی کە سازدەکەن تووشی ئەو گرفتانەی فیلمەکە دەبنەوە بۆ پەیداکردنی ئەکتەر و کەرەستەکانی فیلم کە لەم فیلمەدا بینیمان؟ کە "مەمەد ئەکتاش" لە وڵامدا گوتی: زۆر سوپاسی پشتگیری و پشتیوانی هەرێمی کوردستان، وڵاتی ئەلمانیا و ئەنستیتۆی سینەمای دۆحەی قەتەر دەکەم، هەر چەندە بۆ سازکردنی فیلم لە هەرێمی کوردستان پەیداکردنی پارە و یارمەتیی دارایی زەحمەتە بەڵام فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" باسی سەختی و گرفتی سینەماکارانی کوردە کە چەندە بە زەحمەت فیلمێک بەرهەندێنن.

"شەوکەت ئەمین" لە درێژەدا گوتی: چیرۆکی ئەم فیلمە لە پشت کامێڕای فیلمەکانی خۆم و هاوڕێی دەرهێنەرەکانم وەرگیراوە و هەوڵمانداوە کە شەفاف و ڕاستەقینە فیلمێک لەبارەی سینەمای کوردییەوە سازبکەین.

بینەرێکی دیکە سەبارەت بە پیشەگەڕبوونی ئەکتەرەکانی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" پرسیاریی کرد کە دەرهێنەری ئەم فیلمە کوردییە لە وڵامدا گوتی: زۆربەی ئەکتەرەکانی ئەم فیلمە پیشەگەڕن و لە هونەرمەندانی هەموو به‌شه‌کانی کوردستان پێکهاتوون و بۆ ڕۆڵە کورتەکان و کۆمبارسیش لە ئەکتەرە ئاماتۆڕ و خەڵکی ئاسایی کەڵکمان وەرگرتووە.

بینەرێکی دیکە سەبارەت بە باروودۆخی هونەر لە هەرێمی کوردستان دوای هێرش کردنی داعێش پرسیاریی کرد کە "مەمەد ئەکتاش" لە وڵامدا گوتی: وەکوو فیلمسازێک ناتوانین سەبارەت بەم باروودۆخە غافڵبین و ئێمەیش هەوڵدەدەین کە بە فیلم و سینەما باسی ئەو کارەساتە بکەین و هەڵوێستی خۆمان هەبێت.

 

 

 

 مه‌نسوور جیهانیـ فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا نمایشکرا.

"مەردان" یەکەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری لاوی کورد "بەتین قوبادی" دوای کورتە فیلمی "لە با بپرس"ـنە کە خەڵاتی ورچی بلۆرینی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەڕڵین لە ساڵی 2010 بەدەستهێنا، لە یەکەمین بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی "دۆزینەوەکان" Discovery بە ناونیشانی "داهاتووی سینەمای جیهان" لە 39یەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا چووە سەر پەردەی سینەماکان.

"مەردان" کە چیرۆکی پێشمەرگەیەکی کورد بۆ بینەر دەگێڕێتەوە، ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان سازکراوە و تیایدا ئەکتەری ناوداری کورد "حوسێن حەسەن"، گۆرانیبێژی کورد "هێلانە عەبدوڵڵا" (هێلی لۆڤ)، "ئیسماعیل زاگڕۆس"، "فەیاز دۆمان"، "میر موراد بەدرخان"، "بێریتان ئیلدیزتان" و چەندین ئەکتری دیکە ڕۆڵیان بینیوە، لە سێ سانسی جیاوازدا لەوانە: لە ڕۆژانی 6، 8 و 14ی ئەیلوول / سەپتەمبەری 2014 لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ نمایشکرا.

لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا کە ڕۆژی 28ی ئاب / ئۆگۆستی 2014 لە شاری تۆرێنتۆ بەڕێوەچوو، لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵەوە بە ڕەسمی ڕاگەیاندرا کە "مەردان" دوایین بەرهەمی "بەتین قوبادی" لە نێوان فیلم گەلێک لە وڵاتانی ئەمەریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڕژەنتین، نەمسا، نۆڕوێژ، ئوستوڕاڵیا، پاکیستان، هێندستان و چەندین وڵاتی دیکە لە بەشی "دۆزینەوەکان" بە ناونیشانی "داهاتووی سینەمای جیهان" وەرگیراوە.

فیستیڤاڵی فیلمی تۆرێنتۆ کە یەکێکە لە فیستیڤاڵە گرینگ و پلە یەکەکانی سینەمای جیهان و زۆربەی فیلمە بەرچاوەکانی سینەما لەم ڕێگایەوە چوونەتە ناو فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە جیهانییەکان و ئاکادیمیای ئۆسکارەوە، لەم خولەی خۆیدا بە نمایشی 300 فیلم لە فیلمسازانی زیاتر لە 60 وڵاتی جیهان لە بەشەکانی چیرۆکی، دیکۆمێنتاری، ئەزموونی و ئەنیمەیشنی و بە ئامادەبوونی سینەماکارانی بەئەزموون و ئەستێرە ناودارەکانی سینەمای جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "فیلمسازە سەربەخۆکان"، بەشی "دۆزینەوەکان"، بەشی "مامۆستایان"، "کەشفی بەهرەمەندان" و بەشی "دیکۆمێنتاری" لە ڕۆژانی 4 تا 14ی ئەیلوول / سەپتەمبەری 2014 لە شاری تۆرێنتۆ لە کەنەدا بەڕێوەچوو.

لە پوختەی سیناریۆی فیلمی "مەردان"دا هاتووە: پێشمەرگەیەکی کورد کە لە منداڵیدا چیرۆکێکی ناخۆشی بۆ دێتە پێشێ دەبێتە مرۆڤێکی دوورەخراو، تەنیا و دوورەپەرێز، ئەو لە سرووشتی کێویی و لە نێوان شاخەکانی کوردستاندا بە شوێن پیاوێکی ونبوودا دەگەڕێت.

"بەتین قوبادی" ساڵی 1979 لە شاری بانە لە دایک بووە. ساڵی 1995 بە شێوەکاری چووە دنیای هونەرەوە و ساڵی 1997 بە سازکردنی کورتە فیلمی "شێوەکاری" بۆ تەلەڤیزیۆنی سنە دەستی بە چالاکی فیلمسازی کرد.

ئەم هونەرمەندە تا ئێستا 6 کورتە فیلمی چیرۆکی سازکردووە، لەوانە: کورتە فیلمی "شێوەکاری"، کورتە فیلمی "حەتمەن ئەمڕۆ" لە ساڵی 1997، کورتە فیلمی "لێرە ئانتین نادات" لە ساڵی 1998، کورتە فیلمی "سەربازێک کە شکا" لە ساڵی 2000، کورتە فیلمی "ئامادە بۆ مردن" لە ساڵی 2008 و هەروەها کورتە فیلمی "لە با بپرسن" لە ساڵی 2009.

بەتین لە تەمەنی 23 ساڵیدا بۆ کامڵبوونی چالاکییە سینەماییەکانی خۆی بەرەو پاریس سەفەری کرد و ئەم شارەی وەکوو زانکۆیەک هەڵبژارد. ئەو چەندین کورتە فیلمی لە فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا سازکرد. ساڵی 2010 بە کورتە فیلمی "لە با بپرس"  توانی خەڵاتی ورچی بلۆرینی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەڕڵین لە وڵاتی ئەڵمانیا بۆ خۆی مسۆگر بکات.  

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

تاران 9 تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر  (PNA)ـ هاوسه‌ری موزیكزانی كورد ئه‌رده‌وان كامكار رایگه‌یاند: سوپاسی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران و سوپاسی ته‌واوی كورده‌كان ده‌كه‌م كه‌ له‌ ره‌وشی ته‌ندروستی ئه‌رده‌وان كامكاریان پرسیوه‌.خاتوو بیتا حه‌قیری هاوسه‌ری ئه‌رده‌وان كامكار، سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی ته‌ندروستی ئه‌م موزیكزانه‌ كورده‌ به‌ ئاژانس و رادیۆ په‌یامنێری راگه‌یاند: ته‌ندروستی ئه‌رده‌وان كامكار رۆژ له‌ دوای رۆژ به‌ره‌و باشتربوون ده‌چێت، له‌ ئێستادا پزیشك سه‌رقاڵی فیزیۆتۆراپی ئامێره‌كانی هه‌ناسه‌كێشانن كه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ توانای زیاتر په‌یدا بكات و به‌ زووترین كات له‌ ئامێره‌كانی هه‌ناسه‌كێشان جیا بكرێته‌وه‌، له‌و بڕوایه‌دام كه‌ به‌ زووترین كات ئه‌مه‌ ئه‌نجام بدرێت.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی