نوێنەرایەتی

   نوێنەرایەتی

هەینی, 11 ئەیلول 2015

نازم ده‌باغ: نازانم ده‌ستشكانه‌وه‌ی‌ ماكگۆرك ‌و قاسم‌ سلێمانی‌ به‌كوێ‌ ده‌گات؟

نوێنه‌ری‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ تاران ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ ئێران ‌و ئه‌مه‌ریكا له ‌عێراق ‌و كوردستانیشدا نه‌ك هه‌ر ململانێ‌، به‌ڵكوو شه‌ڕیشیانه‌، ئه‌و ده‌ڵێت: "نازانم ده‌ستشكانه‌وه‌ی‌ ماكگۆرك ‌و قاسم سلێمانی‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم به‌كوێ‌ ده‌گات؟"

تایبه‌ت به ‌ئاوێنه‌: نوێنه‌ری‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ تاران "نازم عومه‌ر" به ‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند كه‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران تا ئێستا به‌ فه‌رمی‌ هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم رانه‌گه‌یاندوه‌.

ئه‌و وتی:‌ "ئێران خوازیاره‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان خۆیان كێشه‌كانی‌ خۆیان به‌ سازان چاره‌سه‌ر بكه‌ن ‌و بگه‌نه‌ رێككه‌وتن. ئامانجی‌ ئێران ئه‌وه‌یه‌ له ڕووی‌ ئاسایشه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌قامگیر بێت، چونكه‌ هه‌ر نائارامییه‌ك له‌ كوردستان دروست ببێت، كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ئێران ده‌بێت".

وتیشی‌: "هه‌ستده‌كه‌م ئێران ‌و ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به ‌پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوهه‌ڵوێستن‌ و له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دان پرسه‌كه‌ به‌ سازان چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ په‌رتبونی‌ كورد له‌م كاته‌دا كاریگه‌ری‌ خراپی‌ له‌سه‌ر شه‌ڕی‌ دژ به‌ داعش ده‌بێت".

ده‌رباره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پێده‌چێت ماكگۆرك له ‌ناوچه‌ی‌ ژێرده‌سه‌ڵاتی‌ پارتیدا له ‌قاسم سلێمانی‌ ده‌سه‌ڵاتدارترو به‌هێزتر بێت، "نازم عومه‌ر" وتی":‌ "قاسمی‌ سلێمانی ‌‌و بریت ماكگۆرك هه‌ر دووكیان ده‌سه‌ڵاتیان له‌ عێراق‌ و سه‌رجه‌م كوردستانیشدا هه‌یه ‌و به‌هێزیشن، من نامه‌وێ‌ بچمه‌ ورده‌كارییه‌كانیه‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌مه‌ریكا كاریگه‌ریی‌ له ‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌ و له‌سه‌ر پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌یه‌، ئێرانیش به‌هه‌مانشێوه‌ كاریگه‌ریی ‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌یه‌".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ وه‌فدێكی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له ‌دوێنێوه‌ له ‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ و به‌مه‌به‌ستی‌ لێنزیكخستنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌كان سه‌باره‌ت به ‌پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌، له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسانی‌ پێنج لایه‌نه‌كه‌ كۆده‌بنه‌وه‌.

 

 

 

"نازم دەباغ" لە وتووێژی تایبەت لەگەڵ ئاژانسی ئیلنا: پلانی چاکسازی عێراق پێویستی بە ھەڵسەنگاندنی زیاتر بوو

نازم  دەباغ" نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە تاران لە وتووێژ لەگەڵ "ئیلنا" رایگەیاند: بەرگری کۆبانێ جۆریک لە ترسی لای داعش دروست کرد و لە ئێستاشدا بەرگری کوردەکان لە عێراق و تەنانەت لە کۆبانێ گەیشتووەتە لوتکە.

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسی "ئیلنا" بە لێکدانەوەی جوگرافیای سیاسی و ھەرێمایەتی کوردەکان لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوین رایگەیاند: راستە کە کوردستان وڵات نەبووە بەڵام جوگرافیایەکی یەکگرتوو بووە کە بارودۆخی زەمەنیی، مێژوویی، رووداوەکان و شەڕەکانی نێوان ئیمپراتۆری ئێران و ئیمپراتۆری عوسمانی، بوونە ھۆی ئەوە کە خاک و بەشێک لەم نیشتمانە لێک جیابکرێنەوە، ئەم بابەتە بووە ھۆی ئەوە تاوەکو نیشتمانی کوردستان ببێتە دوو بەش، واتا بەشێک لە ئیمپراتۆری عوسمانی و بەشێکی دیکەشی لە ئیمپراتۆری ئێران یان ھەمان ئیمپراتۆری عەباسی‌دا بگرسێتەوە. دوای شەڕی یەکەمی جیھانیی، دیسان دابەشکردنێکی دیکە ھاتە ئاراوە کە بەشێکی خرایە سەر سوریا و لە تورکیا دابڕا و بەشێکی دیکەشی خرایە سەر عێراق کە لە راستیدا ئەم بەشانە لە ئێران و تورکیا جیاکرانەوە. کەواتە ئەم شتانە کە باسمان کرد راستییەکی جوگرافیای کوردییە و بە جۆرێک کوردەکان لەم جوگرافیایەدا گیرساونەتەوە.

 

ئەو لە درێژەدا وتی: بە درێژایی مێژووی عێراقی نوێ، کوردەکان خەباتیان کردووە و بە ھۆی ئەو زوڵم و چەوسانەوەی بەسەریاندا ھاتووە، نەیانتوانیوە لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی حکومەتی ناوەندی عیراقدا ئامادە بن، بە جۆرێک کە دوای رووخانی سەدام و شەڕی کەنداوی فارس، ناوچەیەکی سەربەخۆ بۆ کوردەکان ھاتە ئاراوە، بە پێی بیروبڕوای خۆمان و ھەروەھا بە پێی بارودۆخی کاتی و بابەتی، لەو کاتەوە تا ئێستا و بە رای من بۆ داھاتووش، ئەم بارودۆخە بەردەوام دەبێت و کوردەکان دیسان لەگەڵ عێراقی نوێدا یەکیان گرتەوەو لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا قبووڵمان کرد کە ھەرێمێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵیزم بین. بەداخەوە شتێک بەناوی داعش لە عێراقدا ھاتە ئاراوە و راستی کوردەکان و پێشمەرگە زیاتر خۆی نیشاندا. بە شێوەیەک کە ئەوان بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان دەکەن و دژی تیرۆر چالاکن و دەبێت ئەم راستییە قبووڵ بکەین کە ئێستا تەنھا ھێزی بەھێز لە عێراق و ناوچەکە کە دژی داعش شەڕ دەکات، کوردەکانن. راستە کە یارمەتی و ھاوکاری بڕێک لە وڵاتان و بە تایبەت دۆستانی نزیکمان وەکو ئێران بە پێشمەرگە گەیشتووە بەڵام ئەگەر ھێزی چالاکی پێشمەرگە و خەڵکی ھەرێمی کوردستان نەبوایا ئەم سەرکەوتنانە بەدەست نەدەھات. لەوانەیە دەیان چەک و تەکنەلۆژیای دیکە بە ھێزە سەربازییەکانی عێراق درابێت، بەڵام ئاکامی شەڕی ئەوان لەگەڵ داعش چی بووە؟

دەباغ بە ئاماژە بە وتەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی پێشووی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا وتی: بابەتێکی دیکە یان روونتر رەھەندی دووەمی ئەم بابەتە ئەوەیە کە لە سێ‌یا یەکی خاکی عێراق لە دەستی داعش‌دایە، کە خەڵکی ئەو ناوچانە کورد و شیعە نین بەڵکوو سوننەن. لێرە ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە وەکو زۆرینەی رەھا، لە عێراقدا ھەم ناوچەی کوردی، ھەم ناوچەی سوننەو ھەم ناوچەی شیعەکان بە روونی دیاریکراوە، دەبێت بلێێن لەم ناوچانەدا، ھەموو خەڵکێک لە کورد، سوننە و ئەوانی دیکە بوونیان ھەیە و وەکو زۆرینەی رەھا لەم ناوچانەدا ھەم کوردی شیعە ھەیە، ھەم عەرەبی سوننە و ھەم عەرەبی شیعە. بەڵام لە ناوچەی سوننەکان، ھێز لە دەستی داعشدایە و لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا ھێز لە دەستی شیعەکاندایە و ئێستا ئەگەر ورد ببینەوە دەبینین کە عێراق بووە بە سێ بەشەوە و ئەوەی کە بەرپرسی پێشووی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا باس لە دابەشبوون دەکات، لە راستیدا ھەڵسەنگاندنێکی سەربازی کردووە و ھەموو فیکری ئەو بە پێی ھەڵسەنگاندنی  سەربازییە نە سیاسی. واتا لە رووی سەربازییەوە ھەڵی دەسەنگێنن کە یارمەتییەکانی ئەوان بە حکومەت و سوپای عێراق تا چ رادەیەکی توانیویەتی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش رزگار بکات؟ بەڵام بە رادەیەکی زۆر کەمتر لەم ئیمکانیاتە، یارمەتییەکانی سوپای ئەمریکا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دراوە بە پێشمەرگە و پشتیوانی ئەوانیان کردوە و ئەوانیش توانیویانە رێژەیەکی زیاتر لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لە بوونی داعش رزگار بکەن.

 

ئەو رایگەیاند: دوای ئەوە، دەبێت ئاماژە بدەین بە ئەزموونی کوردەکان لە سوریا، بە شێوەیەک کە بەرگری کوردەکان لە کۆبانێ بووە ھێمایەک بۆ بەرگری و خەبات تا ئەو رادەیە کە ژن و پیاو پێکەوە توانییان ناوچەکانی خۆیان بپارێزن و دوای ئەوەش توانییان چەندین ناوچەی دیکە لە ژێر دەسەڵاتی داعش رزگار بکەن. کە واتە ئەگەر لەم رووەوە ھەڵیسەنگێنن بۆتان دەردەکەوێت کە کوردەکان وەکو ھێمایەکی بەھێزی راستەقینە، ھەم بۆ خۆیان و ھەم بۆ دژایەتیکردنی داعش دەرکەوتن و دەبێت ئاماژە بەم بابەتە بدەێن کە بۆچی ئەمە لە ناوچەکانی سوننە و شیعە رووی نەدا؟ بە شێوەیەک کە لە عێراقدا، حەشدی شەعبییەکان دروست بوون و ئاکامی ئەرێنییان بە تایبەت لە ناوچەکانی تکرتیت و سامەڕا بە دەست ھێنا بەڵام دوای ئەوە، بێدەنگی بەسەریاندا سەپا کە ئەڵبەت ھۆکاری خۆی ھەیە.

 

نوێنەڕی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران لەسەر راڤەکردنی وتەکانی بەرپرسانی ئەمریکایی سەبارەت بە بابەتی دابەشکردنی عێراق رایگەیاند: بە شێوەی گشتیی و بەو پێیە کە ناوچەکانی سوننە، شیعی و کوردی لە عێراقدا بوونی ھەیە، دەبێت بڵێم حکومەتی بەغدا دەیەوێت یەکگرتووییەک لە عێراقدا بێنێتە ئاراوە و وادیارە وتەکانی بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا بەم ھۆیەوە بووە کە ئەگەر ئەم ناوچانە ببنە فیدراڵ ھەر بەشە بەرپرسایەتی خۆی لە بەرامبەر داعشدا بگرێتە ئەستۆ بۆ نمونە ئەگەر ناوچەی سوننە بخرێتە ژێر دەسەڵاتی سوننەکان ئەوکات دیارە کە کێ بەرپرسە. بەڵام ئێستا ھەر رووداوێک لە عێراقدا رووبدات بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆی فەرماندەی گشتیی ھێزی وشکانی و سوپای عێراق و ھەروەھا لە ئەستۆی سیاسەتی حکومەتی عێراقدایە و لە بەرەکانی شەڕدا، ھەر شکستێک رووبدات دەگەڕێتەوە بۆ ئەوان، راستییەکەی ئەوەیە کە نەتەوەکان لە شەڕی داعشدا رۆڵ و بەرپرسیارەتییان ھەیە بەڵام بەڕێوەی نابەن و رۆڵی گرنگی خۆیان جێبەجێ ناکەن. بەڕای من بیرۆکەکانی "ریمۆند ئۆدێرنۆ" بەرپرسی پێشووی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا دەتوانین لە روانگەی سەربازییەوە ھەڵسەنگێنین، چونکە ئەو دیپلۆمات یان کەسایەتییەکی سیاسی نییە و تەنھا جلوبەرگی سەربازی لەبەردایە و رای خۆی باس دەکات و رای بنچینەیی و کۆتایی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە رادەگەینرێت کە لە لایەن وتەبێژیانە باس دەکرێت، بۆیە نابێت ھەڵسەنگاندن بۆ بیرۆکەیەک بکەین کە لە بنەماوە ھەڵەیە.

 

ئەو بە ئاماژە بە ھەڵبژاردنی داھاتووی تورکیا و ئەو چەلنجەی لە نێوان ئەردۆغان و حزبە کوردییەکان ھاتووەتە ئاراوە رایگەیاند: بەرای من ئێستا پ.کا.کا وەکو رێکخراوەیەکی کوردی لە تورکیا، خوی بە ھێما و نوێنەری کوردەکانی تورکیا راگەیاندووە کە لە چوارچێوەی کورد و کوردستان‌دا خۆی ناساندووە، لە تورکیا رێکخراوێکی تورکی بەناوی حزبی دمۆکراتیکی گەلان بوونی ھەیە کە زۆربەیان کوردن و بڕێک کەس لەو بڕوایەدان کە پ.کا.کا باڵی سەربازی و حزبی دمۆکراتیک باڵی سیاسییەتی.

 

دەباغ لە لێکدانەوەو ھەڵسەنگاندنی رووداوی تەقینەوەی شاری سوروچ و کوژرانی ژمارەیەک لە کوردەکان لەم رووداوەدا وتی: بەداخەوە رووداوی سوروچ پیلانێکی بەرنامەداڕێژراو بوو تاوەکو بتوانن ئاگرێکی پێ خۆش بکەن، چونکە ئەگەر دوو پۆلیس لە ناوچەیەکی تورکیادا دەکوژرێن یان تەقینەوەیەک روودەدات، بەرپرسانی راستەقینە دەبێت بیر لە دامڕکاندنی ئەم پیلانانە بکەنەوە نە ئەوەی کە پەرەی پێبدەن و بە ڕای من تورکیا لەم رووداوانەی دواییدا شکستی ھێنا. واتا دوای ئەوە کە لە بابەتی کوردەکاندا لە تورکیا شکستی ھێنا، کێشەیەکی دیکە لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە کە ئەویش بابەتی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووە. بۆیە لەم بارودۆخەدا دەبوا قەیرانێک دروست بێت تاوەکو تورکیا بتوانێت شکستەکانی خۆی پێ پەردەپۆش بکات. لایەنێکی دیکەی ئەم بابەتە، ترسی بەرپرسانی تورکیا لە کودەتای سوپای ئەم وڵاتەیە، بە جۆرێک کە لە رابردوودا مێژوویەک لە کودەتامان ھەیە لەو وڵاتەدا. لەم نێوانەدا حزبی داد و گەشەپێدان نەیتوانی حکومەت پێک بێنێت و سەرکەوتن مسۆگەر بکات و لە ئاکامدا کایەیەکی دیکە دەست پێدەکات تاوەکو بتوانێت لە داھاتوودا سوودی لێ ببینێت. واتا لە رووداوەکانی ئەم دواییە لە بەرژەوەندی خۆیدا لە ھەڵبژاردن سوود ببینێت یان ئەوەی کە ئەم بارودۆخە قەیران‌ئاوییە درێژە پێبدات تاوەکو بەم بیانووەوە لە ھەڵبژاردنەکاندا قسەیەکی بۆ کردن ببێت. بۆیە حزبەکەی ئەردۆغان وابیردەکاتەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دانوستان لەگەڵ M.H.P و H.D.P و C.H.P ئەم بابەتە بە تایبەت بە گوێی M.H.Pدا بگەیەنێت کە لەگەڵ کوردەکان دانوستانی کردووەو گەیشتووەتە ئاشتی و ئەمەش بە پێچەوانەی سیاسەتی ئەردۆغان دەزانن. بە واتایەکی دیکە قسەی سەرەکی حزبی دمۆکراتیکی گەلان ئەوەیە کە دەبێت لەگەڵ کوردەکان دانوستان بکرێت و دوو حزبی کۆماریخوازی گەلان و بزوتنەوەی نەتەوەیی ھەردوو لەسەر ئەو رایەن کە داد و گەشەپێدان یارمەتی داعش دەدات. لێرەدا ئەردۆغان و حزبەکەی دەیانەوێت تاوەکو ئەو دەنگانەی لەم حزبانەوە بۆ ئەوان ھاتووە بە تەنھایی وەریگرنەوە تاوەکو بتوانن حکومەتێکی یەک حزبی دروست بکەن و بە پێی وتەکانی ئەم دواییەی ئەحمەد داوود ئۆغلو دەبێت بڵێین تورکەکان دەیانەوێت ئێمپراتۆری عوسمانی زیندوو بکەنەوەو تا کاتێک حکومەت یەک حزبی نەبێت ناتوانن ئەم ئاواتەیان بگەیەننە ئەنجام.

 

ئەو سەبارەت بە پێگەی داھاتووی کوردەکان لە سیستمی سیاسی تورکیادا رایگەیاند: دەبێت لە چوارچێوەیەکی گشتیی لە ناوچەکەدا سەیری بابەتی کوردەکان بکەین. واتا بابەتی کوردەکان لە سوریا، عێراق و تورکیا؛ ھەموویان دەبێت لە یەک چوارچێوەدا سەیر بکرێت و دەبێت بزانین کە کوردەکان لە ناوچەکەدا ئامادەییان ھەیە و لە ھەر ناوچەیەکدا کە ئامادەبوونیان زیاتر بێت ئارامی و ھێمنیش زیاترە. لە سیاسەتی کوردیدا تەنھا ئەم بابەتە لە ئارادایە کە لە چوارچێوەی دەستووردا دەبێت چالاک بکرێتەوە تاوەکو خواستی خەڵک بگات بە حکومەتە ناوەندییەکان. واتا لە عێراقدا ئێمە ھیچکات نەمانوتووە کە دەمانەوێت بە تەواوی سەربەخۆ بین و تا کاتێک کێشەی کوردەکان لە سوریا و تورکیا چارەسەر بێت بە دڵنیاییەوە لە عێراقیش بەسوود دەبێت. کەواتە دەبێت بڵێین کە کوردەکان لە بەسەرکارھاتنی حکومەتی ئێستای عێراقدا رۆڵێکی گرنگیان بووە. بەم ھۆیەشەوە دەتوانین بڵێین لەوانەیە لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی تورکیادا کوردەکان بتوانن دەنگێکی زۆر وەربگرن. چونکە ئەو کوردانی کە لە حزبی داد و گەشەپێدان‌دا بوون وایان بیردەکردەوە کە گوایا بڕیارە لە حکومەتی داھاتووی تورکیادا کوردەکانیش ئامادە بن و بۆیە بینیمان ژمارەیەکی حزبی کوردی لە بەرژەوەندی حزبەکەی ئەردۆغاندا چالاک بوون و ھۆکارەکەشیان ئەوە بوو کە لەگەڵ حکومەتێکی ناوەندی بەھێزدا رووبەروون کە لەگەڵ کوردەکان دەگاتە ئاشتی و بە دڵنیاییەوە دەتوانێت کوردەکانیش لەخۆ بگرێت. بۆیە بەڕای من ئەو دەنگانەی کە لە ھەڵبژاردنی داھاتوود ائەو دەنگانەی کە لە لایەن کوردەکانەوە چووبوو بۆ ئاک‌پارتی دێتەوە بەلای حزبە کوردییەکاندا و لە ئێستادا ئەگەر لە شەڕ دوور کەوینەوەو بەرەوە ئاشتی ھەنگاو بنێین لە بەرژەوەندی ھەموو نەتەوەکان و حزبەکاندایە.

 

نوێنەری ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای کۆبانێ رایگەیاند: ئەو شەڕە دەروونییەی داعش دژی خەڵکی کورد و بە تایبەت دانیشتووانی کۆبانێ جێبەجێی کرد لە ئێستادا گەڕاوەتەوە بۆ سەر خۆی. داعش لە کاتێکدا ھێرشی کردە سەر کۆبانێ کە لە لوتکەی ھێزداری خۆیدا بوو و بەرگری کۆبانێ جۆریک لە ترسی لای داعش دروست کرد و لە ئێستاشدا بەرگری کوردەکان لە عێراق و تەنانەت لە کۆبانێ گەیشتووەتە لوتکە، بەڵام لە رابردوودا بەم شێوەیە نەبوو و ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە رابردوودا ھاوکاری نێودەوڵەتیمان پێنەدەگەیشت بەلام لە ئێستادا ھاوکاری و پەیوەندی نێودەوڵەتیمان ھەیە و بەم ھۆکارەش تەنانەت لە ناوخۆی عێراق تارادەیەک لە ناوچەکانی کوردەکان ئەو ترسەی داعش دروستی کردبوو نەماوەو تەنانەت پێچەوانەی ئەمە لە ئارادایە.

 

ئەو وێڕای بە ئەرێنی زانینی پلانی چاکسازی عێراق کە لە لایەن سەرۆک وەزیرانەوە ھاتووەتە ئاراوە رایگەیاند: ھەر پلانێک کە وەکو پلانی دژایەتیکردنی گەندەڵی باس دەکرێت دەبێت ئەرێنی ھەڵسەنگێندرێت. بەڕای من عەبادی زیرەکانە ھاتە پێسەوەو پلانەکەی راگەیاند. بەڵام بەداخەوە ئەگەر ئەم پلانە پێشتر لەگەڵ گروپەکانی بەشدار لە حکومەتەکەیدا باس بکردبا ھێزێکی زیاتری دەبوو. ئێستا ئێمە لە عێراق ناڕازیبوونێک دەبینین کە تەنھا لای کوردەکان و سوننەکان ننیە و تەناتەت شیعەکانیش دەگرێتەوە و رووداوەکان پرسیار دروست دەکەن کە لە بەڕیوەچوونی ئەم پلانەدا بە کێ راوێژ کراوە و لە کێ یارمەتی گیراوە و بە گشتیی ئامانجی ئەم پلانە چییە و ئایا ئەمە کودەتایە یان پلانێکی چاکسازییە؟ بەڕای من لە رۆژانی داھاتوودا لەوانەیە کێشەی گەورە لە عێراق بێتە ئاراوە و بە جۆرێک پێکدادانێکی سیاسی ببینین.

 

دەباغ ھەروەھا رایگەیاند: پلانی چاکسازی و ناوەڕۆکەکەی، پلانێکی باشە بەڵام لەبیرمان نەچیت کە ئەم پلانە بە راگەیاندنی میدیایی یان تەییدکردنی چەند کەس جێبەجێ ناکرێت و دەبێت کەرەسەی بە باشی جێبەجێ‌کردنی ئامادە بێت. لەم رووەوە دەبێت بڵێم کە پێگەی کوردەکان لەم پلانەدا دەبێت دیاری بکرێت و دەبێت بزانین ئێمە لە کوێی ئەم چاکسازییەداین و دەبێت لەکوێ بین؟ بۆیە دەبێت ئەم بابەتە باس بکەین کە لە ھەموو جیھاندا و بە تایبەت لە وڵاتی خۆماندا کاتێک پلانی چاکسازی باس دەکرێت لە ھەموو وڵات کاریگەری دادەنێت و ئەگەر نائارامی بێتە ئاراوە ھەموو وڵات دەگرێتەوە.

 

ئەو وێڕای ئاماژە بەوەی کە دەبوا ئەم پلانە پێش راگەیاندنی فەرمی لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقە زیاتر ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرایەت وتی: بەم ھۆیە دەبێت بڵێم کە پلانی چاکسازی بە گشتیی پلانێکی باشە بەڵام وادیارە کە عەبادی ھەڵەیەکی کردووە. واتا پێش راگەیاندنی پلانەکەی، دەبوا لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسیەکانی وڵات راوێژ و قسەی بکردبا و دوای ئەوە رایگەیاندبا. ھەموو لایەک دەڵێن چاکسازی و بەرەنگاربوونەی گەندەڵی باشە بەڵام ئەوەی لەم نێوانەدا باس دەکرا ئەوەیە کە کوردەکانی عێراق ھاوبەشی حکومەتی ئەم وڵاتەن و بۆ دروسبوونی ئامادەبوون و دەبێت بزانین کاتێک دەڵێن وەزیرەکان دەبێت کەم بکرێنەوە سێ وەزیری کوردی تێدایە و تەنانەت لە نێوان جێگرەکاندا کە بڕیارە کەم بکرێنەوە ژمارەیەک کورد وسوننەی تێدایە بۆیە دەبێت سەرنج بدرێتە ئەم بابەتە کە بزانین رۆڵی حزبەکانی بەشداربوو کە حکومەت بەکوێ دەگات؟

 

دەباغ لە کۆتاییدا رایگەیاند: بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە  شوناسی سیاسەتمەدار دەبێت روون بێت و سیاستەمەدار بەو کەسە دەڵێن کە لە شکست و سەرکەوتندا خاوەن ئەزموونی سیاسییە و نابێت لە کەسێک کە لە کونجی ماڵەکەی دانیشتووە راوێژی سیاسی وەربگیردرێت. راوێژکاری سیاسی دەبێت خاوەن ئەزمون و ئەکادیمی بێت تاوەکو بتوانێت بڕیاری دروست دەربکات و لە کۆتاییشدا رایبگەیەنێت. بۆیە ناتوانین لە سەرەتادا بڕیارێک بدەین و جێبەجێی بکەین و دوای ئەوە بێین داوای بیروڕا لە کەسانێکی دیکە بکەین و بەرای من دەبێت سوود لە کەسانێک وەربگیردرێت کە جگە لە ئاگاداری لە بارودۆخی ناوخۆیی ئاگایان لە بارودۆخی جیھانیش بێت.

 

 

 

 

 

شەممە, 29 ئاب 2015

وتاری "نازم عومه‌ر ده‌باغ" له خەندان: جارێکی تر کورد چەند سوود لە رابوردوو وەردەگرێت ؟

"نازم عومەر دەباغ" لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی "خەندان" ڕای کەسایەتیی خۆی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە کە دەقەکەی لە خوارەوە ھاتووە:

 

بەندە لە ووتارێکدا بە هەمان ناونیشان لە بەرواری ( ١٥/١٠/٢٠١٤ ) کە لە کوردستانی نوێدا بڵاوکرایەوە دوابەدوای ئەم روداوانەی دوایی بە رێککەوتنی  ( ئێران و ٥+١ ) وە هەروەها  سەرنەکەوتنی ( ئاکەپە ) لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا و سوود وەرگرتنی ئەمەریکا لە بنکەی ئەنجەرلیک و شەری ( پەکەکە ) و تورکیا و لەسەرووی هەمووشیانەوە دابەزینی نرخی نەوت و چاکسازیەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ( عەبادی ) هەموو ئەمانە زەنگن بۆ هاتنەدی گۆرانکاری تازە و لێرە دەبێت پرسیار بکەین کورد  لەناو ئەم گۆرانکاری و رووداوانە ئایندەی چی بەسەردێت؟

 

وڵاتانی دونیای ئەمرۆکە کاتێ باس لە قەیران دەکەن ئەوانەی روبەرووی دەبنەوە هەمیشە بە پێی بەرنامە و یەک وتاری هەڵوێست وەردەگرن و بەرنامەی بۆ دادەرێژن بەرەو ئایندەیەکی باشترو رێگا دۆزینەوەیەک بۆ چارەسەری قەیرانەکان.

 

ئەمەریکا لەپێناو ئامانجەکانی و ئێرانیش هەروەها ئاڵۆزترین کێشەیان چارەسەر کرد و گەیشتن بە رێککەوتن کە بەهۆیەوە ئەمەریکا گرنگترین دۆست و هاوپەیمانی لە ناوچەکە ( ئیسرائیل ) ی تۆراند لەخۆی.

 

کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەمان شێوە توانی نارەزاییەکانی ناوخۆی بێدەنگ بکات و رەهبەر توانی یه‌کلاکەرەوەبێت لەسەرخستنی رێککەوتنەکە.

 

ئەردۆغان کە نەیتوانی وەکو تاکە حیزب حکومەت پێک بهێنێت ئەوا لەگەل ( هادەپ ) حکومەتی کاتی پێک هێنا کە بۆی هەیە ئەم حکومەتە تەمەنی درێژتر بێت لەوەی پێشبینی دەکرێت، ئەگەر بێت و تورکیا بچێتە ناو مەیدانی شەری داعش و درێژە بەشەر لەگەل ( پەکەکە ) بدات و ئەوکات حکومەتی قەیرانەکان رابگەیەنێت.

 

حکومەتی عێراقیش خۆی خزاندۆتە نێو پرۆژەیەکی چاکسازی و دژ بە گەندەڵی کە زۆر لێکدانەوەی بۆ دەکرێت و چەندین پرسیار دەورووژێنێت ، ئایا جۆرێکە لە کودەتا یان جۆرێکە لەوسیاسەتەی بە ناو نە‌هێشتنی گەندەڵی و چاکسازی هەندێ لە سەرانی دژ بەیەک وەلابنێنێن بە ناوی نەهێشتنی بەش بەشێنە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و مەزهەبی ، وەجارێکی تر بگەرێنەوە بۆ دروست بوونی حکومەتێکی ناوەندی بەهێز و گەراندنەوەی تاکرەوی و دیکتاتۆری. لەم هاوکێشەیەدا تەنها کورد زۆرترین زیانی بەردەکەوێت.

 

باشە کورد چی دەکات خۆی گرفتاری چەند کێشەیەک کردووە و چەندین قەیرانی بۆدروست بووە،کەلەهەمووی گەورەتر شەری داعش و قەیرانی دارایی و ئابووری و قەیرانی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان......هتد

 

 دەکرێت کورد خۆی گرفتاری موناقشەی بێزەنتی بکات ( فریشتەکان نێر بوون یان مێ ؟) و رۆژانەش روداو و قەیرانەکان لەسەر ئایندەی کورد زیاتر دەبێت.ئەوەتا هەموو گیریان خواردووە بە چارەسەری کێشەی سەرۆک و سەرۆکایەتی هەرێم.

 

لەم کات و ساتەدا بۆچی سەرکردایەتی سیاسی کورد باشتر بیرنەکەنەوە له قه‌یرانه ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان  و به‌رنامه‌ دانه‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی کە کامیان گرنگ ترە و پێویستە کاری بۆ بکەن ؟  خۆیان دووربخەنەوە لە موناقەشەی بێزەنتی کاتێک پەلاماردران ئەنجامیشیان وەرنەگرت فریشتەکان نێر بوون یان مێ...؟

 

 

 

 

هەینی, 28 ئاب 2015

ڕوونکردنەوەیەک لە "نازم عومەر" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە ھەواڵێکی ماڵپەری ژێدەر

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران سەبارەت بە ھەواڵێکی درۆی ماڵپەڕی "ژێدەر" ڕوونکردنەوەیەکی داوە کە دەقە تەواوەکەی لە خوارەوە ھاتووە:

 

ماڵپەری ھەواڵگری ژێدەری سێبەری دەزگا گومان لێکراوەکان بۆ زڕاندنی ناو و ناوباوبانگی تێکۆشەران و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، جارێکی‌تر درۆیەکی شاخداری بڵاوکردەوە کە نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداری ئاھەنگێکی ژن گواستنەوەی کوڕی سەرۆکی ھۆزی (ھـەرکی) لە ئێران کردووە و بڕی (١٠٠,٠٠٠ $) سەد ھەزار دۆلاری وەکو دیاری پێشکەش کردبێت کە پێویست ناکات بڵێم دوورە لە ڕاستی بەڵام ئەگەر کرابێت دەبێت بە نوێنەرایەتی حکومەت ئەم کارە کرا بێت وە لە گیـرفانی بەندە نەدراوە بەڵام ھەمان دەنگوباس لە (لڤین پرێس) بڵاوکراوەتەوە کە کەمێک ویژدانی تێدا ھاتووە و دەڵێت نازانرێت نوێنەری حکوومەتی ھەرێم یان نوێنەری حکوومەتی ھەرێمە لە تاران. ھەر چەندە رۆژانە پارتەکان کاری زۆر بەناوی حکومەتی ھەرێم ئەنجام دەدەن و حکومەتە بەستە زمانەکە ئاگای لێ نیە.

 

دەکرێت ژێدەر لێکۆڵینەوە بکات بزانێت ھەرکیەکان وەکو بنەماڵە و پەیوەندی لەگەڵ چ لایەنەکن لە کاتێکدا پێشمەرگە لە بەرەکانی شەر دژ بە داعش مووچەیان نەبێت وە ئەو خیانەتە بکرێت بەناوی حکومەت ئەم جۆرە دیاریە کە ھەندێک دەڵێن (٣٠٠,٠٠٠ $) سێ سەد ھەزار دۆلار و کاکی ژێدەر دەڵێت (١٠٠,٠٠٠ $) یەک سەد ھەزار دۆلارە.

 

ڕیسـوابـن ئەوانەی درۆ و دەلەسە ھەڵدەبەستن و یــاری بە قـووتـی جـەماوەر و پـارەی نـــەوت دەکەن.

 

 

                                                                       نــازم عــومــەر

 

                                                    نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران

 

 

 

 

 

 

دوو شەممە, 24 ئاب 2015

وتاری "نازم عومه‌ر ده‌باغ" له خەندان: کوا راوێژکاریی و دووربینی بۆ داهاتوو؟

"نازم عومەر دەباغ" لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی "خەندان" ڕای کەسایەتیی خۆی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە کە دەقەکەی لە خوارەوە ھاتووە:

له هه‌موو قۆناغه‌کانی کار و به‌ڕێوه‌بردن و سیاسه‌ت‌کردن و له کاری رۆژانه‌دا و بۆ زیاتر بیرکردنه‌وه له ئاینده و داهاتوویه‌کی باشتر، په‌نا ده‌برێته به‌ر دیراسه‌کردن و سوودوه‌رگرتن له راوێژی راوێژکاران.

له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌وه‌ی ناوی زۆر ده‌هێنرێت و ده‌بیسترێت سیاسه‌تمه‌دار و راوێژکار و چاودێری سیاسی‌یه، ده‌کرێت و پێویسته پێوانه دابنرێت بۆ ئه‌وانه‌ی که ئه‌م ناو و نازناوانه‌یان بۆ داده‌نرێت.

سیاسه‌تمه‌دار ئه‌و که‌سانه‌ن که له بواری سیاسیدا و له شکست و سه‌رکه‌وتندا خاوه‌ن ئه‌زموون و. خاوه‌ن رابردوون، نه‌ک ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پله‌یه‌کی حزبییان هه‌بووه یان هه‌یانه و ئه‌مڕۆ له سه‌ر کاردان یان له‌به‌ر هه‌ندێک هۆکار له‌سه‌ر‌کار لابراون. ئه‌مڕۆکه سیاسه‌تمه‌دار بووه‌ته ناونیشانی ئه‌وانه‌ی له کاروباری حزب کاریان کردووه یان نه‌ماون له بواره‌که‌دا، به هۆی کاری رۆژانه یان خود به هۆی هه‌ندێک مه‌رجی تایبه‌ته‌وه پله‌یه‌کی حزبی‌یان وه‌رگرتووه و ده‌م له سیاسه‌ت ده‌ده‌ن، رۆژانه ژماره‌یه‌ک له‌وانه ده‌بینین لێکدانه‌وه بۆ رووداوه‌کان ده‌که‌ن و لێکدانه‌وه‌کانیشیان به خواستی خۆیان و له به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌کانیان لێکده‌ده‌نه‌وه و دوای ماوه‌یه‌کی کورت هه‌موو رووداوه‌کان به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی باسیان کردووه رووده‌ده‌ن و که‌سیش نییه ره‌خنه‌یان لێبگرێت و راستییه‌کانیان بۆ بخاته روو.

راوێژکار ده‌بێت پیاوێکی ئه‌کادیمی و چالاک له بواری سیاسی و مێژوویی و یاساییدا بێت نه‌ک به پله‌و مووچه بووبێته راوێژکار، هه‌ر به‌م شێوه‌یه با بزانین ئه‌م هه‌موو سه‌رکرده‌و ده‌وڵه‌تمه‌ردانه‌ی ده‌یان راوێژکاریان هه‌یه چ له ده‌ره‌وه‌و چ له ناوه‌وه که ئه‌و هه‌موو مووچه‌و ده‌رماڵه‌یه وه‌رده‌گرن ئایا هیچ پرسیویانه ئه‌و هه‌موو گرفت، قه‌یران، رۆتین و بروکراتییه چییه؟ و بۆچی وایه؟ کام راوێژکار و کام راوێژی واده‌رچووه که باسی لێوه‌کراوه؟

به‌داخه‌وه زۆرینه‌ی راوێژکاره‌کان ته‌نها گوێ له به‌رپرسان ده‌گرن و لێکدانه‌وه‌کانیان به پێی وته‌ی ئه‌وان ئاڕاسته‌ ده‌که‌ن و له کۆتاییشدا ده‌ستخۆشییان لێده‌کرێت، ئه‌وه‌تا ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه هاتووه‌ته ئاراوه که ئه‌نجامی ئه‌و هه‌موو راوێژکارییه و وایکردووه له داهاتووشدا زوخاوێکی دیکه بکات به گه‌رووی ئه‌م گه‌له داماوه‌دا، له لایه‌کی دیکه‌وه وایکردووه  کێشه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم هه‌موو شتێک له خۆیدا چڕبکاته‌وه، که کێ سه‌رۆکه‌و چۆن هه‌ڵده‌بژێردرێت؟

پرسیار ئه‌وه‌یه ناکرێت له جیاتی ئه‌و هه‌موو کۆبوونه‌وه‌ سیاسی رۆژانه و چه‌ندین کاتژمێر کات‌بردن، که ته‌نها کاتی به‌تاڵی ته‌له‌ڤزیۆن و راگه‌یاندنه‌کان پڕده‌کاته‌وه بیر له کێشه‌و قه‌یرانه سه‌ره‌کییه‌کان بکرێته‌وه یان هه‌مووی بۆ ئه‌وه‌یه به قه‌یران، قه‌یران به‌ڕێ بکه‌ن؟

ناکرێت باس له پلان و چاکسازی و ئاینده بکرێت و چیتر ده‌نگوباسی مووچه‌پێدان یان چه‌ند کاتژمێر بوونی کاره‌با و ئاو و ... هتد، بکرێته موژده‌و به گوێی جه‌ماوه‌ردا بدرێته‌وه. له کاتێکدا ئێمه عێراقمان به گه‌نده‌ڵترین وڵات داده‌نا و به خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو گرفت و قه‌یران و شکستانه‌مان ده‌زانی له به‌ڕێوه‌بردندا و خۆشمان به سه‌رکه‌وتوو. ئه‌مڕۆکه عێراق که گیرۆده‌ی شه‌ڕی داعش و تیرۆر و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی رۆژانه‌ی کاری تیرۆریستی و ئه‌و هه‌موو ململانێیه‌ی نێوان هێز و لایه‌نه‌کانی بووه، که‌سێک هاتووه بانگه‌وازی چاکسازی ده‌کات و دژ به گه‌نده‌ڵی ده‌وه‌ستێته‌وه‌و به ده‌نگ هاوولڵاتیانی راپه‌ڕیو و خۆپیشانده‌ره‌وه ده‌چێت. ئه‌ی ئێمه که ده‌مانگوت کوردستان نمونه‌ی دیموکراسی و ئازادی و پێشکه‌وتنه له ناوچه‌که‌دا، بۆچی ئه‌مڕۆکه به پێچه‌وانه‌وه وه‌ستاوه‌ته‌وه. کوان ئه‌و هه‌موو سیاسه‌تمه‌دار و راوێژکار و چاودێری سیاسی و ئه‌ندام په‌رله‌مانه گه‌نجانه یان خاوه‌ن ئه‌زموونه‌کان؟

ئه‌گه‌ر سه‌یری دروشم و بۆچوونه‌کانی رابردوو تا ئه‌مڕۆکه بکه‌ین کوا ئه‌نجامه‌کان و کێ لێپرسینه‌وه‌ی کرد له‌سه‌ر ئه‌نجامی سیاسه‌ته‌کان؟

با چیتر پرسه چاره‌نوس‌سازه‌کان و پرۆژه‌ی چاکسازی نه‌کرێته قوربانیی پله‌و کورسییه‌ک، چ له‌وه ده‌گۆڕێت گه‌ر له په‌رله‌مان بێت یان له ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، باشتر نییه کۆبوونه‌وه‌کان چڕ بکرێنه‌وه له پرۆژه‌یه‌کی ئاشکرا بۆ شه‌فافیه‌ت و چاکسازی و بخرێته به‌رده‌م جه‌ماوه‌ر؟ و ئه‌وسا باس له راپرسی و سازان بکرێت؟

 

نه‌ک له پشتی په‌رده‌وه باس له سازان بکرێت له‌سه‌ر پشک و پله‌و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌کان له ناو پرۆسه‌که‌دا.

هەینی, 21 ئاب 2015

وتاری "نازم عومه‌ر ده‌باغ" له خەندان: پەنابردن بۆ رای جەماوەر چ مانایەكی هەیه؟

"نازم عومەر دەباغ" لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی "خەندان" ڕای کەسایەتیی خۆی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە کە دەقەکەی لە خوارەوە ھاتووە:

زوڵملێكردن و چەوساندنەوەی جەماوەر دەبێته هۆی دروستبوونی ناڕەزایی له نێویانداو له قۆناغی دواتریشدا جێبەجێنەكردنی خواست و داواكارییەكانیان وادەكات كه داوای مافەكانیان بكەن و تەنانەت بێنه سەرشەقام و به شێوەی جۆراوجۆر داوای بەدیهاتنی خواستەكانیان بكەن، هەمیشه و به درێژایی مێژوو ئەم دیاردەیه وایكردووه كه كەسانێكی دڵسۆز و بەپەرۆش به هەستكردن به بەرپرسایەتی جڵەوی جەماوەر بگرنه دەست و له ئاكامیشدا به دروستكردنی سەركردایەتییەك رابەری جوڵانەوەو بزووتنەوەكانی جەماوەری بگرنه دەست و له پێناو گەیشتن به مافه رەواكانی خەڵك و دابینكردنی خواستەكانیان چالاكی بكەن و ئەمەش دیاردەیەكه كه به درێژایی مێژوو نموونەمان دیوەو چەندین رێكخستن و پارت و حزب هاتوونەته ئاراوه كه سەركردایەتی شۆڕش و جوڵانەوەی رەوا و ئازادیخوازانەی گەلانیان كردووەو كاروانی خەبات و تێكۆشانیان بەرەو سەركەوتن بردووه و لەم نێوانەشدا هەندێك گەیشتوونەته ئامانج و هەندێكیان هێشتا بەڕێگاوەن و هەندێكی دیكەش شكستیان خواردووه.

به دڵنیاییەوەو به روونی دەتوانین نمونەی زۆر له مێژوودا دەستنیشان بكەین كه به دوو جەمسەری جیاوازدا چارەنوسی خۆیان و گەلەكانیان تۆماركردووه، هەندێك لەو نمونانه ئیمپراتۆری و دیكتاتۆری بەدوای خۆیدا هێناوەو هەندێكیش به شۆڕش و راپەڕین درێژەیان به خەبات داوه، بەڵام ئەنجام و كۆتایی ئەوانەی له خزمەت فراوانكردنی ئیمپراتۆری و دیكتاتۆریدا بوون و هەوڵیان بۆ فراوانكردنی دەسەڵات داوه ئەوە بووه كه لەو پەڕی هێز و توانادا گەیشتوونەته خاڵی كۆتایی و شكستیان هێناوەو لەناو چوون.

پیوێسته له رۆژگاری ئەمڕۆدا و له كاتی ئێستادا زیاتر سەرنجی ئەو رووداوانه بدەین و توێژینەوەی وردیان بۆ بكەین و ئەو پرسیاره رووبەرووی خۆمان بكەینەوه كه دەبێت بۆ چ ئەنجام و ئامانجێك ئەو هەموو سەركرده مەزن و ئەو هەموو هێز و تێكۆشەرانه له بەرامبەر كێشەیەكدا لەسەر كورسی و پایه، ئەو هەموو قەیران و كێشه بێننه ئاراوەو جەماوەرێك كه له رابردوودا بەردەوام پشتیوانییان بوون پشتگوێ بخەن، جەماوەرێك كه پشتیوانی سەرەكی ئەوان بوون بۆ خەبات و گەیشتن به ئامانجه نەتەوەییەكان.

بەڵام ئەمڕۆكه له پێناو پلەو پایەی حزبی و دەستكەوتی تەسكدا ئەو جەماورەمان لەیادكردووه كه به كۆبوونەوەو پەیامی رێكخراوەیی و خواستی لایەنەكان داوا له سەركردایەتییەكانیان دەكەن رێكبكەون و واز له بیركردنەوەی تەسكی بەرژەوەندی تاكی بهێنن و بەرەو سازان بڕۆن، مەگەر هەموو لایەك داوای سازن و دژ به خۆ سەپاندن نییه؟

 لەم بارودۆخەدا به دڵنیاییەوه دەبێت هەر لایەك له بەشێك له داخوازییەكانی دەست هەڵبگرێت و بەرەو پرۆژەیەكی هاوبەش هەنگاو بنێن كه تیادا شتێك دراوەو شتێك وەرگیراوه و مانای راستەقینەی دانوستان بەرجەسته بكات.

جەماوەری خەڵكی كوردستان كه به درێژایی مێژوو له لایەن رژێمەكان و به هۆی قۆناغه جیاوازەكانی خەبات تووشی چەندەها زەرەر و زیان و ئەشكەنجه و كیمیاباران و شاڵاوی بەدناوی ئەنفال بووەو هەزاران شەهیدی لەم رێگایەدا بەخشیوه و سەدان پەك‌كەوتەی تیایه و هەزاران بێوەژن و باوكی جگەرسووتاوی له ئامێزه، ئاستی سەبر و پشووی سنووردارەو دەبێت ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین ئایا ئاستی سەبری ئەم خەڵكه تاكوێیەو تاكەی دەبێت باجی دەسەڵاتخوازی سەركردەكانی بدات؟

پێویسته ئەم سەركردەو پارتانه باش بزانن كه به ماندووبوونی ئەم جەماوەره پێ گەیشتوون و هەر ئەم جەماوەرەش دەتوانێت سزا و پاداشتیان بدات.

هیوادارم و ئۆمێد دەخوازم زیاتر لەمه لەسەر دەستی سەركرده و پارت و رێكخراوەكان زاخاو به قوڕگی ئەم گەله زوڵملێكراوەدا نەكرێت كه به درێژایی مێژوو له لایەن دوژمنەوه زوڵمی لێكراوەو چەوساوەتەوه،  دڵنیابن رق و تووڕەبوونی جەماوەر سنوورداوەو هەوڵ بدەن نەكەونه بەردەمی تووڕەیی و عوسیانی جەماوەر.

 

با دوور بڕوانن لەو هەموو پەیام و راسپاردانەی له لایەن جەماوەرەوه پێیان دەگات، كام رێكخراو  و پارت و سیاسەتمەداری كورد هەیه له لایەن كەسان و وڵاتانی دراوسێ و جیهانییەوه ئامۆژگاری نەكرابێت؟ تۆ بڵێی پەیامەكان تەنها زاراوەیی بێت یان ئەوەتا له پشت ئەم پەیامانەوه پەیامی دیكه هەیه كه گرنگتر له هەمووان پەیامی جەماوەره كه پاداشتی سەروەری دەستكەوتەكانی خوێنی شەهیدانەو له سەروو هەموو شتێكەوه دەوەستێت و دەبێت سەرتا پێ گوێی لێبگیرێت و جێبەجێ بكرێت.

پەڕەى 33 لەکۆى 43 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی