نێچیرڤان بارزانی چاوی به‌ شێخ سوڵتان بن خه‌لیفه‌ بن زاید ئال نهیان ده‌كه‌وێت

له‌ به‌رده‌وامیی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌ دوبه‌ی، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2015/2/10، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، له‌ لایه‌ن به‌ڕێز شێخ سوڵتان بن خه‌لیفه‌ بن زاید ئال نهیان، ڕاوێژكاری به‌ڕێز سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی ئیماراته‌وه‌، پێشوازییان لێكرا.

له‌ دیدارێكی دۆستانه‌دا، هه‌ردوولا خۆشحاڵیی خۆیان به‌ دیداره‌كه‌ و به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات ده‌ربڕی و داكۆكییان له‌سه‌ر هه‌وڵدان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی زیاتری دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نه‌ و دانانی میكانیزمێك بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، ده‌ربڕی. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و شاندی یاوه‌ری، پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ی ڕه‌وش و گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جیاكاندا و خواستی هه‌رێم بۆ بنیاتنانی په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهان و هه‌وڵدان بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی ئیمارات و نموونه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی دیكه‌ی جیهان، دووپات كرده‌وه‌.

دوایین پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعش و سه‌ركه‌وتن و پێشڕه‌وییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و شكست و ڕاكردنی تیرۆرستان و ئازادكردن و پاككردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ناوچه‌كان له‌ داعش، هاوكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ پشتگیریی پێشمه‌رگه‌ و پێشبینیی ڕێڕه‌وی ڕووداوه‌كان و داهاتووی ناوچه‌كه‌، به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

نێچیرڤان بارزانی گه‌یشته‌وه‌ هه‌ولێر

دوای به‌شداریكردنی له‌ لوتكه‌ی حكوومیدا له‌ دوبه‌ی، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2015/2/11 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری له‌ ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێره‌وه‌، گه‌یشتنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژی مانه‌وه‌یدا له‌ میرنشینه‌‌ یه‌كگرتووه‌كانی عه‌ره‌بی ’’ئیمارات’’، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، وێڕای به‌شداریكردنی له‌ چه‌ند پانێلێكی لوتكه‌ی حكوومیدا، له‌ ئه‌بوو زه‌بیی پایته‌خت و له‌ دوبه‌ی، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێزان شێخ محه‌مه‌د بن ڕاشد ئال مه‌كتووم، جێگری سه‌رۆكی وڵات، سه‌رۆك وه‌زیران و حاكمی دوبه‌ی، شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نهیان جێنشینی ئه‌بوو زه‌بی، جێگری سه‌ركرده‌ی باڵای هێزه‌ چه‌كداره‌كان، شێخ عه‌بدوڵڵا بن زاید ئال نهیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و شێخ سوڵتان بن خه‌لیفه‌ بن زاید ئال نهیان، ڕاوێژكاری به‌ڕێز سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت، دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان ساز كرد و ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات و ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌ و شه‌ڕی دژی تیرۆر، گفتوگۆیان كرد.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی به‌ بانگهێشتێكی فه‌رمیی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیمارات، بۆ به‌شداری له‌ لوتكه‌ی حكوومی و دیداری گه‌وره‌ به‌رپرسان و ڕێبه‌رانی ئیمارات، به‌ سه‌ردانێكی دوو ڕۆژی سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ی كرد و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیرانی دارایی و ئابووری، سامانه‌ سروشتییه‌كان، پلاندان، وته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌ت و سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، یاوه‌ری بوون.
 

نێچیرڤان بارزانى داواى هاوكاریى مرۆیی زیاتر له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2015/2/12 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له‌ كۆنفرانسى خستنه‌ڕووى ئه‌نجامى توێژینه‌وه‌ى هاوبه‌شى وه‌زاره‌تى پلاندانانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و بانكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى كاریگه‌رییه‌كانى ئاواره‌ ناوخۆییه‌كانى عیراق و په‌نابه‌رانى سووریا له‌سه‌ر ژێرخانى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تیى هه‌رێمى كوردستاندا كرد. تیایدا به‌ڕێزان نوێنه‌رانى بانكى نێوده‌وڵه‌تى و وه‌زیرى پلاندانان، داتا و زانیاریى توێژینه‌وه‌كه‌یان خسته‌ ڕوو و تیشكیان خسته‌ سه‌ر كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌و ڕێژه‌ زۆره‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان. 

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌ وته‌یه‌كدا سوپاسی بانکی نێودەوڵەتی كرد بۆ بەدەنگەوەهاتنی داواكاریى هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی كاریگەریی ئاوارەكانی ناوخۆ و پەنابەرانی سووریا، لەسەر بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان و دەستنیشانكردنی ئەو خەرجیانەی كە لە ئەنجامی قەیرانە هەنووکەییەكان، كەوتوونه‌تە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی كوردستان‌. هه‌روه‌ها سوپاسی وەزارەتی پلاندان و وەزیر و لایەنە پەیوەندارەكان لە حکوومەت و بانکی نێودەوڵەتی كرد كە لە تەواوكردنی ئەم ڕاپۆرتەدا، هاوكار بوون.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ دوای ساڵی 2003، حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامە و پلانی تۆکمەی بۆ سەقامگیری و بووژانەوەی كەرتی ئابووری و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان و گەشەپێدانی هەرێم لە هەموو بوارەکاندا، دانا. پێشکەوتنەکان بە خێرایی بەدەست هاتن، لە ماوەیەکی کەمدا هەرێمی کوردستان بووە ناوه‌ندێکی درەوشاوە لەسەر نەخشەی ناوچەکە. هەرچەندە بەردەوام کێشە و گرفت لەگەڵ بەغدا هەبووە له‌سه‌ر چەندین پرسی هەڵواسراو کە حکوومەتی پێشووی فیدرال، هیچ هەنگاوێکی ئه‌رێنی بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە نەنا، بەڵكوو گرفتەكانی ڕۆژ بەڕۆژ ئاڵۆزتر كردووە.

ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ ڕووداوەکانی سووریا و دەرهاوێشتەکانی قەیرانی ئه‌وێ، کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردە سەر هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانی سووریا ڕوویان لە هەرێمی كوردستان کرد. هه‌رێمى كوردستانیش لە ڕوانگەی پرەنسیپە مرۆیی و یاسا نێودەوڵەتییەکانه‌وه‌، دەرگاكانى بە ڕوویاندا کردەوە و بە گوێرەی توانا کۆمەک و یارمەتی پێشکەش کردن و شوێنی حەوانه‌وه‌ى بۆ دابین کردن.

هه‌روه‌ها به‌بیرى هێنایه‌وه‌ كه‌ ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، لە ناوخۆی عیراقیشدا بەهۆی نالەباریی ڕەوشی ئاسایش و نەبوونی سەقامگیری، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی ناوچەکانی دیکەی عیراق ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و گەورەترین شەپۆلی ئاوارەی ناوخۆی عیراق بۆ هەرێم ساڵی 2014 ڕووی دا، كاتێ سەرەتا بەهۆی ڕووداوەکانی ئەنبار و سەلاحەدینه‌وه‌، دواتریش كه‌ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستی بەسەر شاری مووسڵ و چەند شار و شارۆچکەیەکی دیكه‌ی عیراقدا گرت و تەواوی پێکهاتەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، بوونە قوربانیی تیرۆر و تۆقاندن و پاکتاوی ڕەگەزی، بەتایبەت ئێزدی و مەسیحیەكان، ئینجا هێرشی لەناکاوی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئه‌مانه‌ گشتیان بوونه‌ هۆى زیادبوونى ڕێژه‌ى خه‌ڵكى ئاواره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى گوتى: "هەموو ئەو قەیران و ئاڵۆزییانەی ڕوویان دا، لە ماوەیەکی کەمدا بوون، پێشتر هیچ پلانێکی ستراتیژی بۆ دانەنرابوو، حکوومەتی فیدرالیش بەردەوام بوو لەسەر دروستکردنی قەیرانی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوە بوو سەرەتای ساڵی ڕابردوو، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕی و كێشه‌یەكی بۆ پڕۆژەبودجەی عیراق دروست کرد. بەم شێوەیە هەرێمی کوردستان وێڕای قەیرانی مرۆیی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ لەگەڵ تیرۆرستان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، دووچاری قەیرانێکی گەورەی دارایی بووەوە."  

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ حکوومەتی هەرێم بڕوای تەواوی هەیە كە ئەم قەیرانە کۆتایی دێت، بەڵام ئەمڕۆ هه‌رێمى كوردستان پێویستیی زۆرى بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە، تا لە ڕووی سەربازییه‌وه‌ بۆ پیشمەرگە و یارمەتیی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران، یارمەتیی زیاتر پێشکەش بە هەرێمی کوردستان بكرێت.
هه‌روه‌ها بوونی زیاتر لە یه‌ك ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار ئاوارە و پەنابه‌ر و زیادبوونى بە ڕێژەی 28%ى ژماره‌ى دانیشتوانى لە ماوەی یەک ساڵدا، به‌ هۆى شێواندنى دیمۆگرافیای هەرێمی کوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا كه‌ ئەرکی حکوومەتی هەرێمی كوردستانی لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاری و نیشتەجێكردن و دەرفەتی کاردا، زۆر قورس کردووە.

بۆیه‌ لە ڕێگەی کونسلگەریی وڵاتانی بیانی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و تەواوی بەشداربووانی کۆنفرانسه‌كەوه‌، داواى لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد‌ ئاوڕی جددی لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان بدەنەوە، بۆ ئەوەی ڕێژه‌ی هاوكاری و یارمەتییەکان لە ئاستی ئەو پێداویستیانە بن كە هەرێمی كوردستان پێویستی پێیانە.
گوتیشى "ئەو داتا و زانیاریانەی ئەمڕۆ لە ڕێگەی وەزارەتی پلاندانان و بانکی نێودەوڵەتییه‌وه‌ خرانە ڕوو، جێگەی بایەخی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و دەتوانین وەک بەرنامەیەکی کار بۆ هەڵسەنگاندن و چۆنیەتیی دەربازبوون لەم قەیرانە مرۆیی و داراییەی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، بەکاری بێنین."

هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هەرچەندە دەرەنجامەكانی دڵخۆشکەر نین، به‌ڵام حکوومەتی هەرێم بە گرنگییه‌وە دەڕوانێتە ئەم ڕاپۆرتە، چونكه‌ یارمەتده‌ره‌ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەڕێوه‌بردنی قەیرانی مرۆیی و دارایی و کاریگەریی قەیرانەكان لەسەر هەرێمی كوردستان لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستی و لایەنەكانی دیكه‌ی ژیانه‌وه‌ دەردەخات و دەبێ بە بایەخەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، به‌تایبه‌تى كه‌ لە هەندێ ناوچە ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە ڕێژەی دانیشوانی ئەو ناوچەیە زۆر زیاتر بووە.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران، كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و سووتەمەنی و زیادبوونی ڕێژەی بێكاری، فشاری زیاتری خستۆتە سەر هاووڵاتیان و حکوومەتی هەرێم.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانى كرد لە پێشوازیكردن و هاوكاریكردنی ئەو ژمارە زۆرە لە ئاوارە و پەنابەران و سوپاسێكی تایبەتی پارێزگاری دهۆكى كرد كە خۆی و تیمەكەی بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیەوە كاری خۆیان كردووە، هه‌روه‌ها سوپای خەڵكی دهۆكى كرد كە زۆر بەرگەی ئەو بارودۆخەیان گرت، بەتایبەتی كە بۆ ماوەیەكی زۆر منداڵانیان نەچوونە قوتابخانە. سوپاسی هه‌ردوو وەزارەتی تەندروستی و په‌روه‌رده‌ى هەرێمی كوردستانیشى كرد كە وه‌ك گوتى "زۆر خەمخۆرانە كاریان كردووە."

دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی پێى كرا بێت و لە توانایدا بێت كردوویه‌تى و ئەوەی پێى بكرێت جێبەجێی ده‌كات، بەڵام پێویستی بە یارمەتیی دەرەوە و به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ بەغدا زیاتر بێتە سه‌ر هێڵ بۆ یارمەتیدانی خەڵكی كوردستان، چونكه‌ حکوومەتی فیدرال تا ئێستا پرسی ئاوارەکانی ناو هەرێمی کوردستانی بەهەند هەڵنەگرتووە و به‌ شێوه‌یه‌كی جددی و پێویست، یارمەتیی مرۆیی و دارایی پێشکەش نەکردوون، ئەمە لە کاتێکدا بۆ ساڵی 2015، حکوومەتی هەرێم پێویستی بە زیاتر لە (1 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار) هەیە بۆ پڕکردنەوەی كەموكوڕییەکان لەو بوارەدا.

هه‌روه‌ها سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمان و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەكانیشى كرد کە لە شەڕی دژ بە داعشدا، بە پێشکەشكردنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی، پشتگیری و پشتیوانییان لە حکوومەت و گەلی كوردستان کردووه‌، به‌ڵام نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ ئەو هاوكاریانە بە بەراورد لەگەڵ قەبارەی قەیران و ڕووداوەكان لە ئاستی پێویستدا نییە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووباره‌ سوپاسی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانى كرد بۆ خۆڕاگری و پشتگیرییان لە حکوومەتەكەیان لەم بارودۆخە سەختەدا، چونکە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان له‌ لایه‌ك بە هۆی بڕینی مووچە و بودجە لە لایەن حكوومه‌تی عیراقه‌وه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه‌ به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌، وه‌ك هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ كه‌ له‌ حاڵه‌تی شه‌ڕدایه‌، ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به‌ ده‌ست دۆخێكی دژوار و كۆمه‌ڵێك گیروگرفته‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ژیانێکی سەخت و دژوار بەسەر دەبەن. ئه‌وه‌یشى گوت كه‌ "بێگومان له‌ هه‌موو شوێنێك، شه‌ڕ كێشه‌ و گرفت و نه‌هامه‌تی و نه‌بوونی و تێكچوونی باری ئابووری و دارایی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت."

هه‌روه‌ها سوپاس و دەستخۆشی بۆ‌ پێشمەرگە دووپات كرده‌وه‌ کە توانیویانە لە جەنگی دژ بە دڕەندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستیدا، هەرێمى كوردستان وەك دوورگەیەكی ئارام لە ناوچەكە بپاڕێزن و گوتى: "بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکی، پێویستە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چەکی قورس و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو پێشكەشی پێشمەرگە بكات."

هه‌روه‌ها پێشبینی كرد كه‌ شەڕی داعش و قەیرانەكانی سووریا بەردەوام بن و بە هۆیانەوە قەیران لە هەرێمی كوردستان درێژە بخایەنێ، بۆیه‌ ئەگەری زیادبوونی ژمارەی ئاوارەكانی ناوخۆی عیراق و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان لە ئارادایە و زۆر پێویسته‌ بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عیراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە پلانی تۆكمە، بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێم لە هەموو ڕوویه‌کەوە، هەوڵ بدرێت.

ئه‌وه‌یشى دووپات كرده‌وه‌ كه‌ لەسەر ئاستی ناوخۆی عیراق، ئەم قه‌یرانە دەرەنجامی پابەندنەبوون بووە بە ماددە دەستوورییەكان و پیاده‌كردنی سیاسەتی پەراوێزخستنی پێکهاتەكانی دیكه‌ی وڵات و تاكڕەوی لە دەسەڵاتدا. بۆیه‌ داواى لە حکوومەتی عیراق كرد قەیرانی مرۆییی ئاوارەكانی عیراق و پەنابەرانی سووریا بخاتە ناو كارە لەپێشینەكانی خۆی، كە لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسیاریه‌تیی یەكەم لە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵدایە. داوایشی لێ كرد هەوڵی جددی بدات بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی کۆمەڵکوژی دژ بە كوردانی ئێزدی و لە پاراستنی خوشک و برایانی مەسیحیشدا، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له‌ كۆتاییى وته‌كه‌یدا گوتى: "وێڕای ئاستەنگ و قەیرانەکان، ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە سەر هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین بۆ بەرەوپێشەوەبردنی دیموكراسی و سەقامگیریی سیاسی و بۆ پاراستنی بەها مرۆییەکان و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە."

هه‌روه‌ها گوتى: "باوەڕمان بە خۆمان هەیە و مەبەستمانە ئابووریمان بنیاد بنێین، مەبەستمانە لەگەڵ دراوسێ و دۆستانمان بە بەردەوامی لە پەیوەندیی باشدا بین و گەشە بە ناوچەكەمان بدەین. هیوادارم ئێمە و ئێوە و ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێودەوڵەتی، بتوانین ئەرکی خۆمان بەرامبەر ژیانی سەختی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بەجێ بگەیه‌نین."

 

 

 

 

ده‌قى وته‌‌ى سه‌رۆك وه‌زیران لەڕێوڕەسمی كۆنفڕانسی هاوبەشی وەزارەتی پلاندانان وبانكی جیهانی

ئامادەبووانی بەڕێز،
نوێنەرانی وڵاتانی بیانی،
نوێنەرانی بانکی نیودەوڵەتی،
بەیانیتان باش و هەموو لایەکتان بەخێر بێن..


ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوه‌ی به‌ڕێزدا، پێكه‌وه‌ بەشداریی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ ده‌كه‌ین، کە پەیوەستە بە جێبه‌جێكردنی ئەرکێکی پیرۆزی مرۆیی بەرامبەر ئاوارە و پەنابه‌ران له‌ هەرێمی کوردستاندا و هەروەها ئایندەی وڵاته‌كه‌مان لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و قەیرانەکانی ئێستاوه‌.

دەمەوێ سوپاسی بانکی نێودەوڵەتی بكەم بۆ بەدەنگەوەهاتنی داواكاریمان بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی كاریگەریی ئاوارەكانی ناوخۆ و پەنابەرانی سووریا، لەسەر بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان و دەستنیشانكردنی ئەو خەرجیانەی كە لە ئەنجامی قەیرانە هەنووکەییەكان، كەوتوونه‌تە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی كوردستان‌. سوپاسی وەزارەتی پلاندان، جەنابی وەزیر و لایەنە پەیوەندارەكان لە حکوومەت و بانکی نێودەوڵەتی دەكەم، كە هاوكار بوون لە تەواوكردنی ئەم ڕاپۆرتە.

بەڕێزان...

دوای ساڵی 2003، حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامە و پلانی تۆکمەی بۆ سەقامگیری و بووژانەوەی كەرتی ئابووری و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان و گەشەپێدانی هەرێم لە هەموو بوارەکاندا، دانا. پێشکەوتنەکان بە خێرایی بەدەست هاتن، لە ماوەیەکی کەمدا هەرێمی کوردستان بووە ناوه‌ندێکی درەوشاوە لەسەر نەخشەی ناوچەکە.

هەرچەندە بەردەوام کێشە و گرفتمان لەگەڵ بەغدا هەبووە سەبارەت بە چەندین پرسی هەڵواسراو، کە بە داخەوە حکوومەتی پێشووی فیدرال، هیچ هەنگاوێکی ئه‌رێنی بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە نەنا، بەڵكوو گرفتەكانی ڕۆژ بەڕۆژ ئاڵۆزتر كردووە.

لە لایەکی دیکەوە ڕووداوەکانی سووریا و دەرهاوێشتەکانی قەیرانی ئه‌وێ، کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردە سەر هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانی سووریا ڕوویان لە هەرێمی كوردستان کرد. ئێمەش لە ڕوانگەی پرەنسیپە مرۆیی و یاسا نێودەوڵەتییەکانه‌وه‌، دەرگامان بە ڕوویاندا کردەوە و بە گوێرەی توانا کۆمەک و یارمەتیمان پێشکەش کردن و شوێنی حەوانەمان بۆ دابین کردن.

ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، لە ناوخۆی عیراقیشدا بەهۆی نالەباریی ڕەوشی ئاسایش و نەبوونی سەقامگیری، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی ناوچەکانی دیکەی عیراق ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

گەورەترین شەپۆلی ئاوارەی ناوخۆی عیراق بۆ هەرێم ساڵی 2014 ڕووی دا. سەرەتا بەهۆی ڕووداوەکانی ئەنبار و سەلاحەدینه‌وه‌، دواتر کاتێ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستی بەسەر شاری مووسڵ و چەند شار و شارۆچکەیەکی دیكه‌ی عیراقدا گرت، تەواوی پێکهاتەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، بوونە قوربانیی تیرۆر و تۆقاندن و پاکتاوی ڕەگەزی، بەتایبەت ئێزدی و مەسیحیەكان.

ئینجا هێرشی لەناکاوی تیرۆرستانی داعش بە چەکی پێشکەوتووی عیراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە درێژیی سنوورێكی زیاتر له‌ هەزار کیلۆمەتر، هەرێمی کوردستانی پەلکێشی شەڕێکی نەخوازراو کرد و پێشمەرگەی کوردستان دلێرانە ئەرکی خۆیان جێبه‌جێ كرد و بە گیان و خوێنی خۆیان بەرگرییان لە خاک و کەرامەتی هەرێمی کوردستان کرد.

هەموو ئەو قەیران و ئاڵۆزییانەی ڕوویان دا، لە ماوەیەکی کەمدا بوون، پێشتر هیچ پلانێکی ستراتیژی بۆ دانەنرابوو، حکوومەتی فیدرالیش بەردەوام بوو لەسەر دروستکردنی قەیرانی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوە بوو سەرەتای ساڵی ڕابردوو، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕی و كێشه‌یەكی بۆ پڕۆژەبودجەی عیراق دروست کرد. بەم شێوەیە هەرێمی کوردستان وێڕای قەیرانی مرۆیی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ لەگەڵ تیرۆرستان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، دووچاری قەیرانێکی گەورەی دارایی بووەوە.  

حکوومەتی هەرێم بڕوای تەواوی هەیە كە ئەم قەیرانە کۆتایی دێت، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە پێویستیی زۆرمان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە، تا یارمەتیی زیاتر لە ڕووی سەربازییه‌وه‌ بۆ پیشمەرگە و یارمەتیی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران، پێشکەش بە هەرێمی کوردستان بکەن.

بوونی زیاتر لە یه‌ك ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار ئاوارە و پەنابه‌ر، دیمۆگرافیای هەرێمی کوردستانی شێواندووە و بە ڕێژەی 28% لە ماوەی یەک ساڵدا، خەڵک لە هەرێمی كوردستان زیادی کردووە، ئەرکی حکوومەتی هەرێمی كوردستانی لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاری و نیشتەجێكردن و دەرفەتی کاردا، زۆر قورس کردووە.

ئەمڕۆ ئێمە لێرە لە ڕێگەی کونسلگەریی وڵاتانی بیانییه‌وه‌، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەواوی بەشداربووانی ئەم کۆنفرانسە، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین كه‌ ئاوڕی جددی لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان بدەنەوە، بۆ ئەوەی ڕێژه‌ی هاوكاری و یارمەتییەکان لە ئاستی ئەو پێداویستیانە بن كە هەرێمی كوردستان پێویستی پێیانە.

ئەو داتا و زانیاریانەی ئەمڕۆ لە ڕێگەی وەزارەتی پلاندانان و بانکی نێودەوڵەتییه‌وه‌ خرانە ڕوو، جێگەی بایەخی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و دەتوانین وەک بەرنامەیەکی کار بۆ هەڵسەنگاندن و چۆنیەتیی دەربازبوون لەم قەیرانە مرۆیی و داراییەی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، بەکاری بێنین.

حکوومەتی هەرێم بە گرنگییه‌وە دەڕوانێتە ئەم ڕاپۆرتە، هەرچەندە دەرەنجامەكانی دڵخۆشکەر نین، بەڵام یارمەتیمان دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەڕێوه‌بردنی قەیرانی مرۆیی و دارایی. ئەم ڕاپۆرتە کاریگەریی قەیرانەكانمان لەسەر هەرێمی كوردستان لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستی و لایەنەكانی دیكه‌ی ژیانه‌وه‌ بۆ دەردەخات، كە دەبێ بە بایەخەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، چونکە لە هەندێ ناوچە ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە ڕێژەی دانیشوانی ئەو ناوچەیە زۆر زیاترە.

بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران، كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان هەیە. بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و سووتەمەنی و زیادبوونی ڕێژەی بێكاری، فشاری زیاتری خستۆتە سەر هاووڵاتیان و حکوومەتی هەرێم.

سوپاسی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەکەم لە پێشوازیكردن و هاوكاریكردنی ئەو ژمارە زۆرە لە ئاوارە و پەنابەران، دەمەوێ سوپاسێكی تایبەتی پارێزگاری دهۆك بكەم كە خۆی و تیمەكەی بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیەوە كاری خۆیان كردووە، سوپای خەڵكی دهۆك دەكەم كە زۆر بەرگەی ئەو بارودۆخەیان گرت، بەتایبەتی كە بۆ ماوەیەكی زۆر منداڵانیان نەچوونە قوتابخانە.

سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان دەكەم كە زۆر خەمخۆرانە كاریان كردووە و سوپاسی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە زۆر خەمخۆرانە لە هەموو شوێنەكاندا كاریان كردووە.

دەمەوێ ئەوەش دووپات بكەمەوە كە ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی پێمان بكرێت و لە تواناماندا بێت كردوومانە و پێشكەشمان كردووە و ئەوەی پێمان بكرێت جێبەجێی دەكەین، بەڵام پێویستیمان بە یارمەتیی دەرەوە و به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ بەغدا زیاتر بێتە سه‌ر هێڵ بۆ یارمەتیدانی خەڵكی كوردستان.

حکوومەتی فیدرال تا ئێستا پرسی ئاوارەکانی ناو هەرێمی کوردستانی بەهەند هەڵنەگرتووە و به‌ شێوه‌یه‌كی جددی و پێویست، یارمەتیی مرۆیی و دارایی پێشکەش نەکردوون، ئەمە لە کاتێکدا بۆ ساڵی 2015، حکوومەتی هەرێم پێویستی بە زیاتر لە (1 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار) هەیە بۆ پڕکردنەوەی كەموكوڕییەکان لەو بوارەدا.

لێرەوە سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمان و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەكان دەكەین، کە لە شەڕی دژ بە داعشدا، بە پێشکەشكردنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی، پشتگیری و پشتیوانییان لە حکوومەت و گەلی كوردستان کرد، هەرچەندە ئەو هاوكاریانە بە بەراورد لەگەڵ قەبارەی قەیران و ڕووداوەكان لە ئاستی پێویستدا نییە، بەڵام جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە.

سوپاسی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكەم، بۆ خۆڕاگری و پشتگیرییان لە حکوومەتەكەیان لەم بارودۆخە سەختەدا، چونکە ئەمڕۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان له‌ لایه‌ك بە هۆی بڕینی مووچە و بودجە لە لایەن حكوومه‌تی عیراقه‌وه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه‌ به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌، وه‌ك هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ كه‌ له‌ حاڵه‌تی شه‌ڕدایه‌، ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به‌ ده‌ست دۆخێكی دژوار و كۆمه‌ڵێك گیروگرفته‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ژیانێکی سەخت و دژوار بەسەر دەبەن. چونكه‌ بێگومان له‌ هه‌موو شوێنێك، شه‌ڕ كێشه‌ و گرفت و نه‌هامه‌تی و نه‌بوونی و تێكچوونی باری ئابووری و دارایی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت.

دەمەوێ لەم دەرفەتەدا دووبارە سوپاس و دەستخۆشی پێشكه‌ش به‌ پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بكه‌م، کە توانیویانە لە جەنگی دژ بە دڕەندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستیدا، هەرێمەکەمان وەك دوورگەیەكی ئارام لە ناوچەكە بپاڕێزن. بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکی، پێویستە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چەکی قورس و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو پێشكەشی پێشمەرگە بكات.

پێشبینی دەكرێ شەڕی داعش و قەیرانەكانی سووریا بەردەوام بن و بە هۆیانەوە قەیران لە هەرێمی كوردستان درێژە بخایەنێ. ئەگەری زیادبوونی ژمارەی ئاوارەكانی ناوخۆی عیراق و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان لە ئارادایە، بۆیە زۆر پێویسته‌ بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عیراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە پلانی تۆكمە، بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێم لە هەموو ڕوویه‌کەوە، هەوڵ بدرێت.

لەسەر ئاستی ناوخۆی عیراقیش، ئەم قه‌یرانە دەرەنجامی پابەندنەبوون بووە بە ماددە دەستوورییەكان و پیاده‌كردنی سیاسەتی پەراوێزخستنی پێکهاتەكانی دیكه‌ی وڵات و تاكڕەوی لە دەسەڵاتدا. داوا لە حکوومەتی عیراق دەكەین قەیرانی مرۆییی ئاوارەكانی عیراق و پەنابەرانی سووریا بخاتە ناو كارە لەپێشینەكانی خۆی، كە لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسیاریه‌تیی یەكەم لە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵدایە. هه‌روه‌ها داوای لێ دەکەین هەوڵی جددی بدات بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی کۆمەڵکوژی دژ بە كوردانی ئێزدی و لە پاراستنی خوشک و برایانی مەسیحیدا، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

وێڕای ئاستەنگ و قەیرانەکان، ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە سەر هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین بۆ بەرەوپێشەوەبردنی دیموكراسی و سەقامگیریی سیاسی و بۆ پاراستنی بەها مرۆییەکان و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە.

باوەڕمان بە خۆمان هەیە و مەبەستمانە ئابووریمان بنیاد بنێین، مەبەستمانە لەگەڵ دراوسێ و دۆستانمان بە بەردەوامی لە پەیوەندیی باشدا بین و گەشە بە ناوچەكەمان بدەین. هیوادارم ئێمە و ئێوە و ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێودەوڵەتی، بتوانین ئەرکی خۆمان بەرامبەر ژیانی سەختی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بەجێ بگەیه‌نین.

لەگەڵ دووبارە ڕێزم، زۆر سوپاس.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی دەزگای مەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی و هونەر كرد

دوێنێ، یەكشەممە، 1/2/2015، سەرۆك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بارەگای خۆی لە بەرەكانی شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش، پێشوازی كرد لە فەخری كەریم سەرۆكی دەزگای مەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی و هونەر.

لە دیدارەكەدا، سەرۆكی دەزگای مەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی و هونەر سەرۆك بارزانی، لە هەموو ئەو پێشهاتانە ئاگادار كردەوە كە لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی نێو حكوومەتدا بەڕێوەدەچن لەگەڵ دەستبەكاربوونی بەڕێز حەیدەر عبادی بەسەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەو هەنگاوانەی دەنرێن، یان ئەو ڕێوشوێنانەی لایەنە جیاجیاكان و هێزە میللییەكان چاوەڕێیانن لە پێناو هێنانەئارای كەشێك بۆ كاری نیشتیمانیی هاوبەش و ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی پرۆسەی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم ئەو گۆڕانكارییانەی ئامانجیان چاكبوونەوەی ژیانی سیاسی و هەنگاونانە بەرەو چەسپاندنی دیموكراسی.

لای خۆیەوە، سەرۆك بارزانی، تەئكیدی لەسەر كارلێكی ئیجابیانەی هەرێم كردەوە بەرانبەر حكوومەتی عبادی و پشتیوانی ئەو هەنگاوانەی بۆ پتەوكردنی یەكێتیی نیشتیمانی و كۆكردنەوەی هەموو تواناكان لەپێناو شكاندنی تیرۆر و داعشدا دەنرێت.

لە دیدارەكەدا، تەئكید كرایەوە لەسەر سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی ڕاوەدونانی داعش و كۆكردنەوە هەرچی لە توانادایە بۆ بنبڕكردنیان لەسەر خاكی كوردستان، هەروەها كاركردنی هاوبەش لەگەڵ هێزە چەكدارەكانی عێراقدا، بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەركە پیرۆزە. فەخری كەریم، بەپێزانینەوە باسی دەستكەوت و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە ئامادەكردنی هێزەكان و سەركردایەتیكردنیاندا.

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی: جه‌نگی دژ به‌ داعش به‌ ته‌واوكه‌ری شۆڕشه‌كانی ترمان ده‌زانین بۆ رزگاری یه‌كجاری و پاراستنی خاك و سنوورمان

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3/2/2015 كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان له‌ شاری كه‌ركووك سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی كرد، كه‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان و لێپرسراوانی میحوه‌ره‌كان ئاماده‌ی بوون.

له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه‌ له‌ شاری كه‌ركووك سازكرا، هه‌ریه‌ك "محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود- لێپرسراوی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركووك ، د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم- پارێزگاری كه‌ركووك، شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا- فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70 و كه‌مال كه‌ركووكی- لێپرسراوی میحوه‌ری كه‌ركووك- دبس و ئاسۆ مامه‌ند لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی "ی.ن.ك" له‌ كه‌ركووك و ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی "ی.ن.ك") و به‌كر مسته‌فا راوێژكاری سه‌رۆكی هه‌رێی كوردستان ئاماده‌یبوون.

سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت كرا به‌ ناردنی دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی رزگاری كوردستان و شه‌هیدانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان خوازرا.

له‌ به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی سه‌ربازی ناوچه‌كه‌و به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌ سنووره‌كه‌ تاوتوێ كران و جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان جه‌ختی له‌ گرنگی و بایه‌خی ناوچه‌كه‌ بۆ كورد كرده‌وه‌و رایگه‌یاند"ده‌بێ هه‌موو دوژمنان بزانن كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی تر لای ئێمه‌ هێڵی سوورن و ئاماده‌ین به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك قوربانی له‌ پێناویان بده‌ین و ئه‌م شه‌ڕه‌ی ئه‌مڕۆ رووبه‌ڕوومان بۆته‌وه‌ به‌ ته‌واوكه‌ری شۆڕشه‌كانی ترمان ده‌زانین بۆ رزگاری یه‌كجاری و پاراستنی خاك و سنوورمان".

ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ قسه‌كردن و گفتوگۆ كردن له‌سه‌ر پلان و به‌رنامه‌كانی داهاتووی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌م ناوچه‌یه‌و چۆنیه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆرستان و پاراستنی سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ توندترین شێواز، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌ تاوتوێی سه‌رجه‌م ئه‌گه‌ره‌كانی كردو بڕیاری پێویستیان له‌باره‌وه‌ درا.

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی گوتی"با هاووڵاتیان دڵنیا بن كه‌ ئێمه‌ لێره‌ین و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناهێڵین تیرۆرستان بستێك بێنه‌ پێشه‌وه‌و خاكی پیرۆزی كوردستان داگیر بكه‌ن و بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی له‌م شێوه‌یه‌ش ئاماده‌ین و به‌ توندترین شێوه‌ به‌رپه‌رچیان ده‌ده‌ینه‌وه‌".

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی: به‌ پلان و ستراتیژی نوێوه‌ به‌رگری ده‌كه‌ین

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5/2/2015 كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان به‌ یاوه‌ری "د. كه‌مال كه‌ركووكی" ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی "پ.د.ك" و "سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌" ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی "ی.ن.ك" و "رێباز بێركۆتی" سه‌رۆكی فراكسیۆنی سه‌وز له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر سه‌ردانی شاری كه‌ركووكیان كردو له‌لایه‌ن د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركووك و رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ پێشوازیان لێكرا.

له‌ دیدارێكد گفتوگۆ كرا له‌ باره‌ی ره‌وشی ئه‌منی شاری كه‌ركووك و چۆنیه‌تی توندوتۆڵ كردنی رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ رێگری كردن له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی سه‌رجه‌م دام و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپارد كه‌ وردتر له‌ جاران كار بكه‌ن".

لای خۆیه‌وه‌ پارێزگاری كه‌ركووك سوپاسی ئه‌م سه‌ردانه‌ی وه‌فدی میوانی كردو گوتی"دانیشوانی كه‌ركووك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌وپه‌ڕی تواناوه‌ به‌رگریان لێده‌كه‌ین و ده‌یانپارێزین".

هه‌ر ئه‌مڕۆ و له‌ شاری كه‌ركووك، كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان وسه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی كرد، كه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ "د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم- پارێزگاری كه‌ركووك، شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا- فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70 و فه‌رمانده‌ سه‌ربازی و لێپرسراوی میحوه‌ره‌كان ئاماده‌ی بوون.

له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌ وردی تیشك خرایه‌ سه‌ر بارودۆخی به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌ به‌ پێویستی زانی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان به‌رده‌وام بن له‌ به‌رگری كردن له‌م ناوچانه‌و به‌ توندترین شێوه‌ به‌رپه‌رچی هه‌ر هێرشێكی تیرۆرستان بده‌نه‌وه‌و جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانیش له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتی"بۆ له‌مه‌ودوا به‌ پلان و به‌رنامه‌و ستراتیژی نوێوه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌كان به‌رگری له‌ خاكی كوردستان ده‌كه‌ین".
ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ ته‌رخانكرا بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر پێداویستییه‌كانی پێشمه‌رگه‌و هاوكاری كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ گرنگی زانی كه‌ باشترین هاوكاری سه‌ربازی و مرۆیی پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ بكرێ".

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی گوتی"راسته‌ جه‌نگی دژ به‌ تیرۆر جه‌نگێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئێمه‌ین رووبه‌ڕوو ئه‌م جه‌نگه‌ ده‌كه‌ین و كۆڵ ناده‌ین، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك باش بزانن و تێبگه‌ن له‌وه‌ی كه‌ گه‌لی كورد گه‌لێكی ئازادیخوازه‌و دژی تیرۆر و تیرۆرستانه‌".

په‌یامی پیرۆزبایی كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

خه‌ڵكی قاره‌مان و تێكۆشه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌...
كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌...

به‌بۆنه‌ی ده‌رچوونی بڕیاری به‌ پارێزگابوونی شاره‌ قوربانیده‌ره‌كه‌تان گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یه‌كه‌ به‌یه‌كه‌تان ده‌كه‌م و دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئێوه‌ی قوربانیده‌ر شایانی زیاترن.

گه‌لی كوردمان له‌ مێژووی خه‌باتی سیاسی و چه‌كداری خۆی ده‌یان داستان و قاره‌مانیه‌تی نه‌به‌ردانه‌ی نواندووه‌و جۆره‌ها قوربانی داوه‌ له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ ئاواته‌كانمان، له‌ پاڵ ئه‌وه‌دا هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان هه‌میشه‌ سه‌ری رمی قوربانیدان و به‌رگری كردن بوونه‌ له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وایكرد رژێمی فاشیستی به‌عس به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ كیمیابارانیان بكات و له‌ چه‌ند ساتێكدا پێنج هه‌زار كه‌سی شه‌هید كرد، ئه‌مڕۆش كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ به‌ پارێزگا جێگای دڵخۆشی هه‌موومانه‌و ده‌بێ هه‌موومان هه‌مان هه‌ستی خۆشی و شادی خه‌ڵكی قاره‌مان و خۆڕاگری هه‌ڵه‌بجه‌مان هه‌بێ و ئه‌م دیارییه‌ بچووكه‌ش پێشكه‌شی شه‌هیدانی شاره‌كه‌ بكه‌ین.

له‌ كات و ساتی ده‌ركردنی ئه‌م بڕیاره‌دا له‌ پاڵ دڵخۆشی به‌ پێویستی ده‌ستخۆشی له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م و له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ده‌ڵێم ئێوه‌ شایانی له‌وه‌ زیاترن و دوای به‌ پارێزگابوونی شاره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌تان، ده‌بێ هه‌موومان هه‌وڵده‌ین هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ینه‌ نموونه‌ی پارێزگاكانی ناوچه‌كه‌ له‌ رووی ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاری و پێشكه‌وتنه‌وه‌.

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

 

 

 

 

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی بیستویەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

برای بەڕێزم مامۆستا محەممەد فەرەج ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی

بەڕێزان ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی

بەبۆنەی بیستویەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوە و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامی لە كوردستان دەكەم.

لەو بارودۆخە هەستیارەی كە شەڕێكی زاڵمانە لە لایەن تیرۆریستان بەسەر گەلەكەماندا سەپێندراوە ئەولەویەتی سەرەكی هەموومان بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و پاراستنی یەكڕیزیی نیشتیمانییە. سوپاس بۆ خودا لە سایەی خۆڕاگریی گەلەكەمان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكانمان تیرۆریستان تووشی شكستی گەورە هاتوون.

لایەنێكی گرنگی ئەم شەڕە ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی تیرۆریستانە. داوا لە ئێوەی بەڕێز و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكەم كە لەڕووی فكرییەوە بە هەموو توانەیەك شەڕی تیرۆر و توندڕۆیی بكەن و ڕێگە نەدەن بە هیچ شێوەیەك هزری نامرۆڤانەی تیرۆر لە كوردستان جێگە بكاتەوە.

جارێكی دی پیرۆزبایی ئەم یادەتان لێ دەكەم و هیوادارم لە ئەرك و كارەكانتاندا سەركەوتوو بن و ئومێدی پێشكەوتنتان بۆ دەخوازم.
خودای گەورە پشت و پەنای هەموو لایەكمان بێت.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان

6ـی 2ـی 2015

لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میۆنیخ سەرۆك بارزانی چەندین دیدار و كۆبوونەوەی ئەنجام دا

ئەمڕۆ هەینی 6ـی 2ـی 2015 و لە یەكەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میۆنیخی ئەڵمانیا بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی كردنەوە و بەڕێوەچوونی كۆنفڕانسەكە كرد.

هەر ئەمڕۆ لە یەكەمین ڕۆژی دەستپێكردنی چالاكییەكانی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی میۆنیخ و لە میانی كۆنفڕانسەكە سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ خاتوو مادڵین ئۆڵبڕایت وەزیری پێشووی كاروباری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش گفتوگۆی لەبارەیەوە كرا.

هەروەها لە پەراوێزی یەكەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میۆنیخ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بە جیا لەگەڵ سێباستیان كورز وەزیری دەرەوەی نەمسا و ڤێزنا پۆسیچ وەزیری دەرەوەی كرواتیا كۆبوونەوە و لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا شەڕی داعش و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان و هەروەها پەیوەندیی دوو قوڵی نێوان هەرێمی كوردستان و نەمسا و كرواتیا تاوتوێ كرا.

لە بەشێكی دیكەی چالاكییەكانی یەكەم ڕۆژی كۆنفڕانسی میۆنیخ و لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكەدا سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بە ئامادەبوونی ژمارەیەك ئەندام پارلەمان و كەسایەتیی سیاسی و ئەمنیی ئەوروپا و ئەمەریكا بەشداری مێزگردێكی تایبەت بوون و تێیدا بارودۆخی مەیدانی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

شایانی ئاماژەپێكردنە لەم دیدار و كۆبوونەوانەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و دڵشاد بارزانی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیا یاوەری سەرۆك بارزانی بوون.

پەڕەى 145 لەکۆى 208 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی