نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایدەگەیەنێت: سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق و دواتر بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەرێم بەلای ئێرانەوە گرنگی تایبەتی هەیە، بە تایبەت ئێران ئاسایش و سەقامگیری هەرێم بە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەی دادەنێت.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: "سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سلێمانی گرنگ و تازە بوو، ئاماژەبوو بە گرنگیدانی ئێران بە سلێمانی و خەڵکەکەی، بە تایبەت سلێمانی سنورێکی فراوانی لەگەڵ ئێران هەیە."

وتیشی: "دەبێت پارتی و یەکێتی پێکەوە پارێزەری هەرێمی کوردستان بن، بە تایبەت جوڵەی بازرگانی نێوان هەرێم و وڵاتانی دراوسێ سەقامگیری دەوێت، سەرمایەگوزاری پێویستی بە دابینکردنی ئەمنییەتە."

ڕۆژی چوارشەممە، 11ی مانگی نۆی 2024، شاندێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی "مەسعود پزیشکیان" سەرۆک کۆماری ئێران، سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقدا کۆبوویەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، سەرۆک کۆماری ئێران لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، سەردانی شاری هەولێری کرد و لەگەڵ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کۆبوویەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا، "مەسرور بارزانی" سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووینەوە و گفتووگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوو لایەنە لەسەر بنەمای دراوسێتی باش و بەرژەوەندی هاوبەش کرد."

سەرۆک کۆماری ئێران لە میانی سەردانەکەیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی قسەی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد، کە بەڕای چاودێران ئەمە پەیام بوو بۆ کوردانی ئێران و هەرێمی کوردستان.

"پێشەوا هەورامانی" وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: "سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان سەردانێکی گرنگبوو، بەتایبەت هەرێم و ئێران پەیوەندی مێژوویی و سنوری هاوبەش لە نێوانماندا هەیە."

هەروەها وتیشی،"ئێمە ئەو پەیامەمان گەیاندووە، دەمانەوێت فاکتەری سەقامگیری و ئارامی بین لە ناوچەکە، هەرێم هەڕەشەو سەرئێشە نییە بۆ هیچ لایەک، بەڵکو هەرێمی کوردستان دەیەوێت ڕۆڵی باش بگێڕێت و سەلماندووشمانە."

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی شاری سلێمانی کردو لەگەڵ "بافڵ تاڵەبانی" سەرۆکی یەکێتی و "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆکی حکومەتدا کۆبوویەوە.

لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سلێمانی، "قوباد تاڵەبانی" ڕایگەیاند: "سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سلێمانی و بەسەرکردنەوەی مەزاری مام جەلال، جەختکردنەوەیە لە بەردەوامی و بەرەوپێشبردنی زیاتری ئەو پەیوەندییە مێژووییەی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی لەگەڵ ئێران کە مام جەلال بەردی بناغەی داناوە."

لینکی چاوپێکه‌وتن:
https://www.dengiamerika.com/a/7781723.html

دوای کۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌کانی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ٢٠٢٤/٩/١٢ی نێوانیانیان، بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسعوود پزشكیان سەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی ناوەڕۆكی كۆبوونەوە و دۆخی ناوچەكە و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەشیان كرد.

سەرەتا بەڕێز مەسعوود پزشکیان گوتی: "هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە ستایشی براکانمان بکەین لێرە، لە سەرۆکی بەڕێزی هەرێم، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، ڕێبەری ئەم هەرێمە، لە میوانپەروەرییان لە پەیوەندییەکانیان. ڕوانینی ئەمان ئەوەیە کە پێکەوە خوێنمان داوە، ئەمە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی مرۆڤ بە جۆرێکی دیکە سەیری بابەتەکە بکات".

لە بەردەوامیی لێدوانەكەیدا بەرێزیان ڕایانگەیاند: "ئەمە ڕاستییەکە کە ئێران و ئەم هەرێمە لە زۆربەی ئەو ڕووداوانەی دەبوونە هۆی دروستبوونی شەڕ و گرژییەکان، پێکەوە و لە تەنیشت یەکتری بوون و پێکەوە هەوڵیان دەدا کێشەکان چارەسەر بکەن، ئێستایش هەمان بۆچوون ماوە. دەبێت ئێمە لەو کاتەی کە ئاشتی و سەقامگیری هەیە، هەوڵ بدەین بە گوێرەی پێویست سوود لەو مێژووە وەربگرین. لەڕووی کولتووری، ئابووری و سیاسی و ئەمنییەوە، ئێمە دەتوانین یارمەتیی یەکتری بدەین و زەمینە بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان ئامادە بکەین".

دواتر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لە هەموو ڕوویەکەوە بەرەو پێشتر ببەین".

هەروەها بەڕێزیان ڕایانگەیاند: "دەمەوێت بڵێم ئێمە لە هەرێمی کوردستان، خەڵکی هەرێم، حکوومەت و بەرپرسانی هەرێم و هەموو ڕێبەرە ئایینییەکانی هەرێم کە ئەمڕۆ لێرە کۆبوونەتەوە، خۆشحاڵین کە بەڕێز سەرۆککۆمار لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، سەردانی کوردستانیشی کرد، هەر چۆنێک بێت ئێمە لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی مێژووییمان هەیە و کۆمەڵێک هاوبەشیی زۆرمان لە بواری مێژوویی، کولتووری و زماندا هەیە".

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە ئەوەیش کرد: "هاتنی بەڕێز پزشکیان، وەک یەکەم سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە چاوی بە هەولێر دەکەوێت، بۆ ئێمە بە هەموو شێوەیەک مێژوویییە. لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆککۆمار لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، بەتایبەت پرسی ئەمنی گفتوگۆمان کرد. جەنابی سەرۆککۆمار و ئێمەش جەختمان لەوە کردەوە کە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق نابێت بە هیچ شێوەیەک لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکاربهێندرێت".

هەروەها سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: "بەڵێ کۆمەڵێک کێشە هەن، بەڵام ئەو کێشانە ئێمە وەکو یەک تیم چارەسەریان دەکەین. هەرێمی کوردستان ئامادەییی ئەوەی تێدایە لە هەموو ئاستەکان، پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پەرە پێ بدات".

لە كۆتاییی لێدوانەكەدا سه‌رۆک پزشكیان به‌ کوردی گوتی: "عەرزی سڵاو و بەخێرهاتن دەڵێم لە خزمەتی جەماعەتدا و ان شاء الله ئەو په‌یوه‌ندییه‌ی كە دەگەڵ هەولێر و كوردستان و عێراق هەیە، لێرە هاتووین بتوانین به‌هێزی بکەین و تەواوی ئەو کێشانه‌ی كە تا ئێستا هەبوو، بە ئومیدی خودا لەبەینی دەبەین، سڵامەت بن".

 

https://presidency.gov.krd/shrok-nechyrvan-barzany-sardany-sarok-komary-aeran-mezhooyy-boo/

 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2024/9/12، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر، پێشوازيى له‌ به‌ڕێز مه‌سعوود پزشكيان، سه‌رۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و شاندى ياوه‌رى كرد.

پاشان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان مه‌سروور بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، د. فوئاد حسێن جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و به‌رپرسانى باڵاى هه‌ردوولا، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانه‌كه‌، يه‌كه‌م سه‌ردانى به‌ڕێز سه‌رۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئيرانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌ په‌يامێكى به‌هێزى دۆستايه‌تيى نێوان هه‌ردوولا له‌ قه‌ڵه‌م دا.

به‌ڕێزيان خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نيشان دا‌، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ گه‌لى كوردستان هه‌ميشه‌ به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ پشتگيرى و هاوكاريى ئێران له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا ده‌ڕوانێت.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك پزشكيان خۆشحاڵيى خۆى به‌ سه‌ردانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كۆمارى ئيسلاميى ئێران به‌ بايه‌خ و گرنگييه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ڕوانێت و وڵاته‌كه‌ى خوازياره‌ له‌ هه‌موو بواره‌كان په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵياندا به‌ره‌وپێش ببات و گرفت و به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌مى، نه‌هێڵن.

هه‌ردوولا ستايشى په‌يوه‌نديى دۆستانه‌ و له‌مێژينه‌ى ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ بواره‌كانى سياسى، كۆمه‌ڵايه‌تى و كولتووريدا كرد. پاشان به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زيران و جێگرى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، باسيان له‌ ئاستى ئێستاى په‌يوه‌نديى ئابوورى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و چۆنيه‌تيى فراوانكردنيان و بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان كرد.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، تاوتوێ كران و باسيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ كرد. له‌مباره‌يه‌وه‌ جه‌خت له‌وه‌ كرايه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌رگيز نابێته‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئێران و وڵاتانى دراوسێ و به‌ ته‌واوى پابه‌ندى‌ ڕێككه‌وتنى ئه‌منيى عێراق و ئێرانه‌.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ به‌شداريى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێز سه‌رۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و شاندى ياوه‌رى، ديدارێكيان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كانى كوردستان ئه‌نجام دا.

تيايدا باس له‌ بايه‌خ و گرنگيى په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران و ده‌وڵه‌مه‌نديى كۆمه‌ڵگه‌ فره‌ئايين و فره‌نه‌ته‌وه‌كان كرا و هه‌ردوولا داكۆكييان له‌ ئاشتى، پێكه‌وه‌ژيان، ته‌بايى و برايه‌تيى نێوان گه‌لانى ناوچه‌كه‌ و ته‌واوى پێكهاته‌كان كرده‌وه‌.

https://presidency.gov.krd/hhremi-kordstan-o-aeran-ghkht-lh-brhodan-bh-pheohndeehkanean-dhkhnhoh/

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران ڕایگەیاند: دکتۆر "مەسعوود پزشکیان" سەرۆک کۆماری ئێران لە سەفەرەکەیدا بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانیش دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومه‌تی هەرێمی کوردستان لە تاران، سەبارەت بە سەردانەکەی دکتۆر "مەسعوود پزشکیان" سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عێراق وتی: هەفتەی ڕابردوو لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەنداوی فارسی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، ئاگادار کراینەوە کە سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران، بڕیار وایە ڕۆژی چوارشەمه سەردانی عێراق بکات.

سبەینێ چوارشەمە سەرۆک کۆماری ئێران، لەسەر بانگهێشتی فەرمی "محەمەد شیاع السودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی ئەم وڵاتە دەکات.

نازم دەباغ ڕایگەیاند کە لەم سەفەرەشدا پزشکیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لە بەغدا کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ دەکات و پێکه‌وه چەند بەڵگەنامەیەکی هاوکاریی واژۆ دەکه‌ن.

بڕیارە دکتۆر پزشکیان لەم سەفەرەدا بچێتە هەولێری پێته‌ختی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ هەندێک له بەرپرسی باڵای ئەم هەرێمە کۆدەبێتەوە.

دوای پێکهاتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی عێراق، ئەمە یەکەمین جارە که لە ئاستی سەرۆک کۆماردا، بەرپرسانی ئێرانی بچنە هەولێر. پێشتر له ئاستی وەزیردا، زۆر جار سەردانیان کردبوو.

ئایەتوڵا "ئیبڕاهیم ڕەئیسی" سه‌رۆک کۆماری ئێران، بڕیار وابوو که سەردانی هەرێمی کوردستان بکات کە به داخه‌وه به هۆی که‌وتنه خواره‌وه‌ی کۆپته‌ره‌که‌ی ئه‌جه‌ل مۆڵه‌تی نه‌دا که ئه‌م سه‌فه‌ره گرینگه ئه‌نجام بدات.

لینکی هه‌واڵ:

https://ku.mehrnews.com/news/51602/نازم-دەباغ-سەرۆک-کۆماری-ئێران-سەردانی-هەولێر-دەکات

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کورستان لە ئێران رایگەیاند: بڕیارە «مەسعود پزیشکیان» سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی بەغدا بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا کاتەکەی نەزانراوە.

نازم دەباغ، بە کەناڵ 8ی راگەیاند: بڕیارە لە داهاتوودا سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر بانگێشتی «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی بەغداد بکات، بەڵام تا وەکوو ئێستا کاتی سەردانەکەی دیاری نەکراوە.

دەباغ سەبارەت بە ئەگەرى سەردانی پزیشکیان بۆ هەولێر رایگەیاند: لە کاتى هاتنەکەى بۆ بەغداد، بڕیار دەدات سەردانی هەولێر بکات یا خود نا.

23ـى ئابی 2024، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا «فوئاد حسێن» وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ «عەباس عێراقچی» هاوتا ئێرانییەکەى، لەسەر داوای «محەمەد شیاع سودانی» بانگێشتنامەیەکى ئاراستەى «مەسعود پزیشکیان» کرد بۆ ئەوەى سەردانى عێراق بکات.

هاوکات لە رێوڕەسمی سوێندخواردنەکەیدا «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بانگهێشتنامەى ئاڕاستەى «مەسعود پزیشکیان» کرد بۆ ئەوەى لە دواى بەغداد سەردانى هەولێر بکات.

 

 سامیا حەسەن

 

لینکی هه‌واڵ:

https://channel8.com/kurdish/82376

 

"سەلام رشدی" جێگری نوێنه‌رایه‌تی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لەگەڵ شاندی یه‌کێتی هاورده و ‌ناردنکارانی لقی هه‌ولێر دیداری کرد.

شاندی یه‌کێتی هاورده و ‌ناردنکارانی هەرێمی کوردستان – لقی هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ شه‌ممه ١٠ی ئابی ٢٠٢٤ سه‌ردانی نوێنەرایه‌تی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێرانیان کرد و له لایه‌ن "سەلام عارف رشدی" جێگری نوێنەرایه‌تی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران به گه‌رمی پێشوازیان لێکرا.

له‌م دیداره‌دا، شاندی یه‌کێتی هاورده و ‌ناردنکارانی لقی هه‌ولێر، باسی به‌شداریان له شازده‌یه‌مین خولی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی پیشه‌سازی ماڵی ئێران (بوورس، بانک، بیمه) کرد و خۆشحاڵی خۆیان بۆ سه‌ردانی نوێنەرایه‌تی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ده‌ربڕی.  

له درێژه‌ی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، "سەلام رشدی" دوای به‌خێرهاتنی شاندی یه‌کێتی هاورده و ‌ناردنکارانی لقی هه‌ولێر بو وڵاتی ئێران و به‌شداریان له شازده‌یه‌مین خولی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی پیشه‌سازی ماڵی ئێران؛ خۆشحاڵ خۆی ده‌ربڕی به سه‌ردانی ئه‌م شانده ئابووریی و بازرگانییه بۆ نوێنەرایه‌تی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری تاران.

شاندی یه‌کێتی هاورده و ‌ناردنکارانی لقی هه‌ولێر، له‌سه‌ر بانگهێشتی ئه‌نجوومه‌نی پیشه‌سازی که‌ره‌سته‌کانی ناوماڵی ئێران و به مه‌به‌ستی به‌شداری له شازده‌یه‌مین خولی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی پیشه‌سازی ماڵی ئێران (بوورس، بانک، بیمه) سه‌ردانی وڵاتی ئێرانیان کردووه که له ڕۆژانی ٩ تا ١٢ی ئابی ٢٠٢٤ له شوێنی هه‌میشه‌یی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی تاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی پیشه‌سازی ماڵی ئێران، به گه‌وره‌ترین و کۆنترین ڕووداویی بواری ماڵی، دانانی سه‌رمایه و ته‌کنۆلۆژیای ئابووریی له ٢٠ ساڵی ڕابردووی وڵاتی ئێران دێته ئه‌ژمار و له‌م ساڵانه‌ی دواییدا بۆته یه‌کێک له گرینگترین و پڕبینه‌رترین ڕووداوی ئابووری له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

مه‌نسوور جیهانی ـ "نێچیرڤان بارزانی" سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، به سه‌رۆکایه‌تی شاندێکی باڵای به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌شداری له ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردنی دکتۆر "مه‌سعوود پزشکیان" سه‌رۆک کۆماری ئێران، گه‌یشته تاران.

"نێچیرڤان بارزانی" سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، به سه‌رۆکایه‌تی شاندێکی باڵای به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان به یاوه‌ری شاندێکی باڵای به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان پێکهاتوو له؛ "شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا‌" جێگری سه‌رۆک، "ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د" وه‌زیری ناوخۆ، "فه‌وزی هه‌ریری" سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان و "عەبدوڵڵا ئاکره‌یی" ڕاوێژکاری سه‌رۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێران، له سه‌ردانێکی فه‌رمیدا له‌سه‌ر بانگهێشتی به‌رپرسانی باڵای ئێران، نیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێشه‌مه ٣٠ی ئابی ٢٠٢٤ بۆ به‌شداری له ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردنی دکتۆر "مه‌سعوود پزشکیان" نۆیه‌مین سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، له ڕێگای پاڤیۆنی سه‌رۆک کۆماریی فڕۆکه‌خانه‌ی مێهرئاباد گه‌یشته شاری تاران.

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان دوای دابه‌زین له فڕۆکه‌که‌ی له لایه‌ن دکتۆر "عیسا زارع پوور" وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌کان و ته‌کنۆلۆژیای زانیارییه‌کانی ئێران و "نه‌سیر عه‌بدولموحسین عه‌بدوڵڵا" باڵیۆزی عێراق له تاران به فه‌رمی پێشوازیی لێکرا و پاشان له‌و کاته‌یدا که ئیحتڕامی نیزامیان بۆ دانابوو به‌سه‌ر فه‌ڕشی سووری پاڤیۆنی سه‌رۆک کۆماریی فڕۆکه‌خانه‌ی مێهرئاباددا تێپه‌ڕیی.

"نێچیرڤان بارزانی"  هه‌روه‌ها له لایه‌ن چه‌ندین به‌رپرسی دیکه‌ی ئێرانی و عێراقی و کورد له‌وانه؛ موهه‌ندیس "حه‌سه‌ن دانایی فه‌ڕ" بالیۆزی پیشووی ئێران له به‌غدا، "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، "نه‌سڕوڵڵا ڕه‌شنوودی" کونسوولی ئێران له هه‌ولێر، "سەلام عارف رشدی" جێگری نوێنه‌رایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هه‌روه‌ها نوێنه‌ری پاڕتی دیمۆکڕاتی کوردستان و ... به ڕه‌سمی پێشوازیان لێکرا.

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ل به‌رپرسانی باڵای زیاتر له ٨٥ وڵاتی جیهان پێکهاتوو له؛ سه‌رۆک کۆماران، سه‌رۆک وه‌زیران، سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان، "ئێنریکۆ مۆڕا" جێگری به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌ورووپا، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه، نێردراوانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، که‌سایه‌تییه به‌رچاوه‌ سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردن و ده‌ست به‌کاربوونی فه‌رمی دکتۆر "مه‌سعوود پزشکیان" نۆیه‌مین سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران به‌شداریی ده‌کات که به ئاماده‌بوونی ٢٧٠ نوێنه‌ری شاره جوراوجۆره‌کانی ئێران و زیاتر له ٦٠٠ په‌یامنێر و رۆژنامه‌نووسی ئێرانی و بیانی کاتژمێر ٤ی دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێشه‌مه ٣٠ی ئابی ٢٠٢٤ له بینای په‌ڕله‌مانی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

وێنه‌کان: مه‌نسوور جیهانی

 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە لێدوانێیکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا کوشتنی ئیسماعیل هەنییەی بە "کارێکی زۆر خراپ، بە تایبەت لەم قۆناغەدا " ناوبرد و جەختکردەوە لە باشی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، سەرەڕای ئەوەی "لە هەر ڕووداوێکدا ناحەزانی کورد هەوڵدەدەن کورد تێوەگلێنن."

دوای ئەوەی شەوی 31ی مانگی حەوت ئیسماعیل هەنییەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە شاری تاران کرایە ئامانج و کوژرا، چەند چاودێر و میدیایەک پرسی بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە وروژاند. ماڵپەڕی ئەموانج لە ڕاپۆرتێکیدا لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانەوە کە ناوی نەبردووە دەڵیت، گوماندەکرێت هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنەوە ئەنجامدرابێت، وە باس لەوە دەکات گوایە ئەم جۆرە درۆنانە لە لایەن ئیسرائیلەوە و لەناو خاکی هەرێمی کوردستانە بە قاچاغ دەبرێن بۆ ناو ئێران بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشی لەم شێوەیە.

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەسەر ئەم پرسە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: "سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە ناردنی درۆن بۆ ئێران دەکەن، ئەگەر درۆنەکە هی کوردستان بێت ئەم ورد پێکانە چۆن بووە؟ بێ گومان بە جی پی ئێس دەبێت کرابێت. ناحەزانی کورد حەز دەکەن کورد تێوەگلێنن یان حزبەکان تێوە گلێنن لە هەر ڕووداوێکدا."

وتیشی: "بە ڕای من ئێستا هاوکاریەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، ڕەنگە لە جاران زیاتر ڕاستیەکان ئاشکرا بێت بۆ هەردوولا. کورد ئێستا لە جاران ئارامترە و دڵنیایی دەدات کە بەشێکە لە پرۆسەی سیاسی عێراق، وە هەندێک برادەرمان دەڵێن شانازیش دەکەین کە عێراقین، واتە کورد ئەگەر مەترسی نەبێت بۆسەر جوگرافیای عێراق یان هەر وڵاتێکی تر کە دابەشبووە بەسەریدا، دەتوانێت بەشی خۆی ئارامی بەدەستبهێنیت لەو چوارچیوە جوگرافیەی کە بۆی دابینکراوە."

کوشتنی هەنییە لە کاتێکدا بوو کە بەشێک لە سەرکردە و بەرپرسانی ناوچەکە، لە نێوانیان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانی سوێندخواردنی پزیشکیانی سەرۆک کۆماری نوێی ئێراندا بەشداریان کردبوو.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ چوارشەممە ئیدانەی ڕووداوەکەی کرد و ئاماژە بە مەترسی دورست بوونی ئاڵۆزی لە ناوچەکە کرد.

لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە، "به‌ئامانجگرتنى ئيسماعيل هه‌نييه‌، سه‌رۆكى مه‌كته‌بى سياسيى بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس كه‌ به‌ ميوانى له‌ تاران بوو، سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ين و به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌‌ له‌و پێشهاته‌ مه‌ترسيداره‌ ده‌ڕوانين و ئاڵۆزكردنى زياترى دۆخه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ته‌واوى ناوچه‌كه ده‌كات و لێكه‌وته‌ و پێشهاتى خراپترى به‌دوادا دێت."

هەر دوێنێ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مەسعود پزشكیان سەرۆككۆماری ئێران كۆبووەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی ئێران، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکی ئێرانی گوتووە ئیسرائیل بەم کردەیە "دەیەوێت خراپەکاری لە ناوچەکە بڵاوبکاتەوە."

نازم دەباغ دەڵێت: "لە ڕووی سیاسیەوە کوشتنی هەنییە کارێکی زۆر خراپ بوو بە تایبەت لەم قۆناغەدا، چونکە لە ئێستادا نزیک بوون لە ڕێكکەوتن لەگەڵ ئیسرائیل و نزیک بوون لە ئاشتی. کەواتە ئەم دەستانە ئەوانەن کە نایەنەوێت ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامبێت. دەبێت بە هەموو لایەک هەوڵ بدەن دەستەکانی پشت ئەمە ئاشکرا بکرێت."

وتیشی: "هەر پریشکێک لە ناوچەکە بێت کوردی بەسەزمان دەگرێتەوە...ئەم باروودۆخە لە هەموو جار زیاتر پێویستی بەوەیە کورد یەک خیتابی سیاسی هەبێت، یەک ڕیز و یەک بڕیار و یەک توانا بێت، دەبێت کورد لەو جوگرافیایەدا خۆی ببینێت کە تێییدا دەژیت واتە لە عێراق عیراقی بێت لە ئێران ئێرانی ولە تورکیا تورکیایی بێت، چونکە هەمووی تاقیکرایەوە نەگەشتین بە ئامانج."

لینکی چاوپێکه‌وتن:

https://www.dengiamerika.com/a/7726017.html

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی