ده‌قى وته‌‌ى سه‌رۆك وه‌زیران لەڕێوڕەسمی كۆنفڕانسی هاوبەشی وەزارەتی پلاندانان وبانكی جیهانی

  • پێنج شەممە, 12 شوبات 2015

ئامادەبووانی بەڕێز،
نوێنەرانی وڵاتانی بیانی،
نوێنەرانی بانکی نیودەوڵەتی،
بەیانیتان باش و هەموو لایەکتان بەخێر بێن..


ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوه‌ی به‌ڕێزدا، پێكه‌وه‌ بەشداریی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ ده‌كه‌ین، کە پەیوەستە بە جێبه‌جێكردنی ئەرکێکی پیرۆزی مرۆیی بەرامبەر ئاوارە و پەنابه‌ران له‌ هەرێمی کوردستاندا و هەروەها ئایندەی وڵاته‌كه‌مان لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و قەیرانەکانی ئێستاوه‌.

دەمەوێ سوپاسی بانکی نێودەوڵەتی بكەم بۆ بەدەنگەوەهاتنی داواكاریمان بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی كاریگەریی ئاوارەكانی ناوخۆ و پەنابەرانی سووریا، لەسەر بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان و دەستنیشانكردنی ئەو خەرجیانەی كە لە ئەنجامی قەیرانە هەنووکەییەكان، كەوتوونه‌تە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی كوردستان‌. سوپاسی وەزارەتی پلاندان، جەنابی وەزیر و لایەنە پەیوەندارەكان لە حکوومەت و بانکی نێودەوڵەتی دەكەم، كە هاوكار بوون لە تەواوكردنی ئەم ڕاپۆرتە.

بەڕێزان...

دوای ساڵی 2003، حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامە و پلانی تۆکمەی بۆ سەقامگیری و بووژانەوەی كەرتی ئابووری و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان و گەشەپێدانی هەرێم لە هەموو بوارەکاندا، دانا. پێشکەوتنەکان بە خێرایی بەدەست هاتن، لە ماوەیەکی کەمدا هەرێمی کوردستان بووە ناوه‌ندێکی درەوشاوە لەسەر نەخشەی ناوچەکە.

هەرچەندە بەردەوام کێشە و گرفتمان لەگەڵ بەغدا هەبووە سەبارەت بە چەندین پرسی هەڵواسراو، کە بە داخەوە حکوومەتی پێشووی فیدرال، هیچ هەنگاوێکی ئه‌رێنی بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە نەنا، بەڵكوو گرفتەكانی ڕۆژ بەڕۆژ ئاڵۆزتر كردووە.

لە لایەکی دیکەوە ڕووداوەکانی سووریا و دەرهاوێشتەکانی قەیرانی ئه‌وێ، کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردە سەر هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانی سووریا ڕوویان لە هەرێمی كوردستان کرد. ئێمەش لە ڕوانگەی پرەنسیپە مرۆیی و یاسا نێودەوڵەتییەکانه‌وه‌، دەرگامان بە ڕوویاندا کردەوە و بە گوێرەی توانا کۆمەک و یارمەتیمان پێشکەش کردن و شوێنی حەوانەمان بۆ دابین کردن.

ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، لە ناوخۆی عیراقیشدا بەهۆی نالەباریی ڕەوشی ئاسایش و نەبوونی سەقامگیری، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی ناوچەکانی دیکەی عیراق ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

گەورەترین شەپۆلی ئاوارەی ناوخۆی عیراق بۆ هەرێم ساڵی 2014 ڕووی دا. سەرەتا بەهۆی ڕووداوەکانی ئەنبار و سەلاحەدینه‌وه‌، دواتر کاتێ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستی بەسەر شاری مووسڵ و چەند شار و شارۆچکەیەکی دیكه‌ی عیراقدا گرت، تەواوی پێکهاتەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، بوونە قوربانیی تیرۆر و تۆقاندن و پاکتاوی ڕەگەزی، بەتایبەت ئێزدی و مەسیحیەكان.

ئینجا هێرشی لەناکاوی تیرۆرستانی داعش بە چەکی پێشکەوتووی عیراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە درێژیی سنوورێكی زیاتر له‌ هەزار کیلۆمەتر، هەرێمی کوردستانی پەلکێشی شەڕێکی نەخوازراو کرد و پێشمەرگەی کوردستان دلێرانە ئەرکی خۆیان جێبه‌جێ كرد و بە گیان و خوێنی خۆیان بەرگرییان لە خاک و کەرامەتی هەرێمی کوردستان کرد.

هەموو ئەو قەیران و ئاڵۆزییانەی ڕوویان دا، لە ماوەیەکی کەمدا بوون، پێشتر هیچ پلانێکی ستراتیژی بۆ دانەنرابوو، حکوومەتی فیدرالیش بەردەوام بوو لەسەر دروستکردنی قەیرانی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوە بوو سەرەتای ساڵی ڕابردوو، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕی و كێشه‌یەكی بۆ پڕۆژەبودجەی عیراق دروست کرد. بەم شێوەیە هەرێمی کوردستان وێڕای قەیرانی مرۆیی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ لەگەڵ تیرۆرستان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، دووچاری قەیرانێکی گەورەی دارایی بووەوە.  

حکوومەتی هەرێم بڕوای تەواوی هەیە كە ئەم قەیرانە کۆتایی دێت، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە پێویستیی زۆرمان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە، تا یارمەتیی زیاتر لە ڕووی سەربازییه‌وه‌ بۆ پیشمەرگە و یارمەتیی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران، پێشکەش بە هەرێمی کوردستان بکەن.

بوونی زیاتر لە یه‌ك ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار ئاوارە و پەنابه‌ر، دیمۆگرافیای هەرێمی کوردستانی شێواندووە و بە ڕێژەی 28% لە ماوەی یەک ساڵدا، خەڵک لە هەرێمی كوردستان زیادی کردووە، ئەرکی حکوومەتی هەرێمی كوردستانی لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاری و نیشتەجێكردن و دەرفەتی کاردا، زۆر قورس کردووە.

ئەمڕۆ ئێمە لێرە لە ڕێگەی کونسلگەریی وڵاتانی بیانییه‌وه‌، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەواوی بەشداربووانی ئەم کۆنفرانسە، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین كه‌ ئاوڕی جددی لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان بدەنەوە، بۆ ئەوەی ڕێژه‌ی هاوكاری و یارمەتییەکان لە ئاستی ئەو پێداویستیانە بن كە هەرێمی كوردستان پێویستی پێیانە.

ئەو داتا و زانیاریانەی ئەمڕۆ لە ڕێگەی وەزارەتی پلاندانان و بانکی نێودەوڵەتییه‌وه‌ خرانە ڕوو، جێگەی بایەخی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و دەتوانین وەک بەرنامەیەکی کار بۆ هەڵسەنگاندن و چۆنیەتیی دەربازبوون لەم قەیرانە مرۆیی و داراییەی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، بەکاری بێنین.

حکوومەتی هەرێم بە گرنگییه‌وە دەڕوانێتە ئەم ڕاپۆرتە، هەرچەندە دەرەنجامەكانی دڵخۆشکەر نین، بەڵام یارمەتیمان دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەڕێوه‌بردنی قەیرانی مرۆیی و دارایی. ئەم ڕاپۆرتە کاریگەریی قەیرانەكانمان لەسەر هەرێمی كوردستان لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستی و لایەنەكانی دیكه‌ی ژیانه‌وه‌ بۆ دەردەخات، كە دەبێ بە بایەخەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، چونکە لە هەندێ ناوچە ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە ڕێژەی دانیشوانی ئەو ناوچەیە زۆر زیاترە.

بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران، كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان هەیە. بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و سووتەمەنی و زیادبوونی ڕێژەی بێكاری، فشاری زیاتری خستۆتە سەر هاووڵاتیان و حکوومەتی هەرێم.

سوپاسی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەکەم لە پێشوازیكردن و هاوكاریكردنی ئەو ژمارە زۆرە لە ئاوارە و پەنابەران، دەمەوێ سوپاسێكی تایبەتی پارێزگاری دهۆك بكەم كە خۆی و تیمەكەی بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیەوە كاری خۆیان كردووە، سوپای خەڵكی دهۆك دەكەم كە زۆر بەرگەی ئەو بارودۆخەیان گرت، بەتایبەتی كە بۆ ماوەیەكی زۆر منداڵانیان نەچوونە قوتابخانە.

سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان دەكەم كە زۆر خەمخۆرانە كاریان كردووە و سوپاسی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە زۆر خەمخۆرانە لە هەموو شوێنەكاندا كاریان كردووە.

دەمەوێ ئەوەش دووپات بكەمەوە كە ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی پێمان بكرێت و لە تواناماندا بێت كردوومانە و پێشكەشمان كردووە و ئەوەی پێمان بكرێت جێبەجێی دەكەین، بەڵام پێویستیمان بە یارمەتیی دەرەوە و به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ بەغدا زیاتر بێتە سه‌ر هێڵ بۆ یارمەتیدانی خەڵكی كوردستان.

حکوومەتی فیدرال تا ئێستا پرسی ئاوارەکانی ناو هەرێمی کوردستانی بەهەند هەڵنەگرتووە و به‌ شێوه‌یه‌كی جددی و پێویست، یارمەتیی مرۆیی و دارایی پێشکەش نەکردوون، ئەمە لە کاتێکدا بۆ ساڵی 2015، حکوومەتی هەرێم پێویستی بە زیاتر لە (1 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار) هەیە بۆ پڕکردنەوەی كەموكوڕییەکان لەو بوارەدا.

لێرەوە سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمان و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەكان دەكەین، کە لە شەڕی دژ بە داعشدا، بە پێشکەشكردنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی، پشتگیری و پشتیوانییان لە حکوومەت و گەلی كوردستان کرد، هەرچەندە ئەو هاوكاریانە بە بەراورد لەگەڵ قەبارەی قەیران و ڕووداوەكان لە ئاستی پێویستدا نییە، بەڵام جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە.

سوپاسی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكەم، بۆ خۆڕاگری و پشتگیرییان لە حکوومەتەكەیان لەم بارودۆخە سەختەدا، چونکە ئەمڕۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان له‌ لایه‌ك بە هۆی بڕینی مووچە و بودجە لە لایەن حكوومه‌تی عیراقه‌وه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه‌ به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌، وه‌ك هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ كه‌ له‌ حاڵه‌تی شه‌ڕدایه‌، ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به‌ ده‌ست دۆخێكی دژوار و كۆمه‌ڵێك گیروگرفته‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ژیانێکی سەخت و دژوار بەسەر دەبەن. چونكه‌ بێگومان له‌ هه‌موو شوێنێك، شه‌ڕ كێشه‌ و گرفت و نه‌هامه‌تی و نه‌بوونی و تێكچوونی باری ئابووری و دارایی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت.

دەمەوێ لەم دەرفەتەدا دووبارە سوپاس و دەستخۆشی پێشكه‌ش به‌ پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بكه‌م، کە توانیویانە لە جەنگی دژ بە دڕەندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستیدا، هەرێمەکەمان وەك دوورگەیەكی ئارام لە ناوچەكە بپاڕێزن. بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکی، پێویستە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چەکی قورس و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو پێشكەشی پێشمەرگە بكات.

پێشبینی دەكرێ شەڕی داعش و قەیرانەكانی سووریا بەردەوام بن و بە هۆیانەوە قەیران لە هەرێمی كوردستان درێژە بخایەنێ. ئەگەری زیادبوونی ژمارەی ئاوارەكانی ناوخۆی عیراق و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان لە ئارادایە، بۆیە زۆر پێویسته‌ بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عیراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە پلانی تۆكمە، بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێم لە هەموو ڕوویه‌کەوە، هەوڵ بدرێت.

لەسەر ئاستی ناوخۆی عیراقیش، ئەم قه‌یرانە دەرەنجامی پابەندنەبوون بووە بە ماددە دەستوورییەكان و پیاده‌كردنی سیاسەتی پەراوێزخستنی پێکهاتەكانی دیكه‌ی وڵات و تاكڕەوی لە دەسەڵاتدا. داوا لە حکوومەتی عیراق دەكەین قەیرانی مرۆییی ئاوارەكانی عیراق و پەنابەرانی سووریا بخاتە ناو كارە لەپێشینەكانی خۆی، كە لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسیاریه‌تیی یەكەم لە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵدایە. هه‌روه‌ها داوای لێ دەکەین هەوڵی جددی بدات بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی کۆمەڵکوژی دژ بە كوردانی ئێزدی و لە پاراستنی خوشک و برایانی مەسیحیدا، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

وێڕای ئاستەنگ و قەیرانەکان، ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە سەر هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین بۆ بەرەوپێشەوەبردنی دیموكراسی و سەقامگیریی سیاسی و بۆ پاراستنی بەها مرۆییەکان و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە.

باوەڕمان بە خۆمان هەیە و مەبەستمانە ئابووریمان بنیاد بنێین، مەبەستمانە لەگەڵ دراوسێ و دۆستانمان بە بەردەوامی لە پەیوەندیی باشدا بین و گەشە بە ناوچەكەمان بدەین. هیوادارم ئێمە و ئێوە و ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێودەوڵەتی، بتوانین ئەرکی خۆمان بەرامبەر ژیانی سەختی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بەجێ بگەیه‌نین.

لەگەڵ دووبارە ڕێزم، زۆر سوپاس.

Read کد خبر: 1172
Tagged under

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی