سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2015/2/12 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له كۆنفرانسى خستنه‌ڕووى ئه‌نجامى توێژینه‌وه‌ى هاوبه‌شى وه‌زاره‌تى پلاندانانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و بانكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى كاریگه‌رییه‌كانى ئاواره ناوخۆییه‌كانى عیراق و په‌نابه‌رانى سووریا له‌سه‌ر ژێرخانى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تیى هه‌رێمى كوردستاندا كرد. تیایدا به‌ڕێزان نوێنه‌رانى بانكى نێوده‌وڵه‌تى و وه‌زیرى پلاندانان، داتا و زانیاریى توێژینه‌وه‌كه‌یان خسته ڕوو و تیشكیان خسته سه‌ر كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌و ڕێژه زۆره‌ى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له وته‌یه‌كدا سوپاسی بانکی نێودەوڵەتی كرد بۆ بەدەنگەوەهاتنی داواكاریى هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی كاریگەریی ئاوارەكانی ناوخۆ و پەنابەرانی سووریا، لەسەر بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان و دەستنیشانكردنی ئەو خەرجیانەی كە لە ئەنجامی قەیرانە هەنووکەییەكان، كەوتوونه‌تە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی كوردستان. هه‌روه‌ها سوپاسی وەزارەتی پلاندان و وەزیر و لایەنە پەیوەندارەكان لە حکوومەت و بانکی نێودەوڵەتی كرد كە لە تەواوكردنی ئەم ڕاپۆرتەدا، هاوكار بوون.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه دوای ساڵی 2003، حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامە و پلانی تۆکمەی بۆ سەقامگیری و بووژانەوەی كەرتی ئابووری و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان و گەشەپێدانی هەرێم لە هەموو بوارەکاندا، دانا. پێشکەوتنەکان بە خێرایی بەدەست هاتن، لە ماوەیەکی کەمدا هەرێمی کوردستان بووە ناوه‌ندێکی درەوشاوە لەسەر نەخشەی ناوچەکە. هەرچەندە بەردەوام کێشە و گرفت لەگەڵ بەغدا هەبووە له‌سه‌ر چەندین پرسی هەڵواسراو کە حکوومەتی پێشووی فیدرال، هیچ هەنگاوێکی ئه‌رێنی بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە نەنا، بەڵكوو گرفتەكانی ڕۆژ بەڕۆژ ئاڵۆزتر كردووە.
ڕوونیشى كرده‌وه كه ڕووداوەکانی سووریا و دەرهاوێشتەکانی قەیرانی ئه‌وێ، کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردە سەر هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانی سووریا ڕوویان لە هەرێمی كوردستان کرد. هه‌رێمى كوردستانیش لە ڕوانگەی پرەنسیپە مرۆیی و یاسا نێودەوڵەتییەکانه‌وه، دەرگاكانى بە ڕوویاندا کردەوە و بە گوێرەی توانا کۆمەک و یارمەتی پێشکەش کردن و شوێنی حەوانه‌وه‌ى بۆ دابین کردن.
هه‌روه‌ها به‌بیرى هێنایه‌وه كه ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، لە ناوخۆی عیراقیشدا بەهۆی نالەباریی ڕەوشی ئاسایش و نەبوونی سەقامگیری، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی ناوچەکانی دیکەی عیراق ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و گەورەترین شەپۆلی ئاوارەی ناوخۆی عیراق بۆ هەرێم ساڵی 2014 ڕووی دا، كاتێ سەرەتا بەهۆی ڕووداوەکانی ئەنبار و سەلاحەدینه‌وه، دواتریش كه ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستی بەسەر شاری مووسڵ و چەند شار و شارۆچکەیەکی دیكه‌ی عیراقدا گرت و تەواوی پێکهاتەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، بوونە قوربانیی تیرۆر و تۆقاندن و پاکتاوی ڕەگەزی، بەتایبەت ئێزدی و مەسیحیەكان، ئینجا هێرشی لەناکاوی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئه‌مانه گشتیان بوونه هۆى زیادبوونى ڕێژه‌ى خه‌ڵكى ئاواره له هه‌رێمى كوردستان.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى گوتى: "هەموو ئەو قەیران و ئاڵۆزییانەی ڕوویان دا، لە ماوەیەکی کەمدا بوون، پێشتر هیچ پلانێکی ستراتیژی بۆ دانەنرابوو، حکوومەتی فیدرالیش بەردەوام بوو لەسەر دروستکردنی قەیرانی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوە بوو سەرەتای ساڵی ڕابردوو، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕی و كێشه‌یەكی بۆ پڕۆژەبودجەی عیراق دروست کرد. بەم شێوەیە هەرێمی کوردستان وێڕای قەیرانی مرۆیی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه لەگەڵ تیرۆرستان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، دووچاری قەیرانێکی گەورەی دارایی بووەوە."
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه حکوومەتی هەرێم بڕوای تەواوی هەیە كە ئەم قەیرانە کۆتایی دێت، بەڵام ئەمڕۆ هه‌رێمى كوردستان پێویستیی زۆرى بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە، تا لە ڕووی سەربازییه‌وه بۆ پیشمەرگە و یارمەتیی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران، یارمەتیی زیاتر پێشکەش بە هەرێمی کوردستان بكرێت.
هه‌روه‌ها بوونی زیاتر لە یه‌ك ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار ئاوارە و پەنابه‌ر و زیادبوونى بە ڕێژەی 28%ى ژماره‌ى دانیشتوانى لە ماوەی یەک ساڵدا، به هۆى شێواندنى دیمۆگرافیای هەرێمی کوردستان له قه‌ڵه‌م دا كه ئەرکی حکوومەتی هەرێمی كوردستانی لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاری و نیشتەجێكردن و دەرفەتی کاردا، زۆر قورس کردووە.
بۆیه لە ڕێگەی کونسلگەریی وڵاتانی بیانی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و تەواوی بەشداربووانی کۆنفرانسه‌كەوه، داواى لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد ئاوڕی جددی لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان بدەنەوە، بۆ ئەوەی ڕێژه‌ی هاوكاری و یارمەتییەکان لە ئاستی ئەو پێداویستیانە بن كە هەرێمی كوردستان پێویستی پێیانە.
گوتیشى "ئەو داتا و زانیاریانەی ئەمڕۆ لە ڕێگەی وەزارەتی پلاندانان و بانکی نێودەوڵەتییه‌وه خرانە ڕوو، جێگەی بایەخی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و دەتوانین وەک بەرنامەیەکی کار بۆ هەڵسەنگاندن و چۆنیەتیی دەربازبوون لەم قەیرانە مرۆیی و داراییەی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، بەکاری بێنین."
هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هەرچەندە دەرەنجامەكانی دڵخۆشکەر نین، به‌ڵام حکوومەتی هەرێم بە گرنگییه‌وە دەڕوانێتە ئەم ڕاپۆرتە، چونكه یارمەتده‌ره بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەڕێوه‌بردنی قەیرانی مرۆیی و دارایی و کاریگەریی قەیرانەكان لەسەر هەرێمی كوردستان لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستی و لایەنەكانی دیكه‌ی ژیانه‌وه دەردەخات و دەبێ بە بایەخەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، به‌تایبه‌تى كه لە هەندێ ناوچە ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە ڕێژەی دانیشوانی ئەو ناوچەیە زۆر زیاتر بووە.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران، كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و سووتەمەنی و زیادبوونی ڕێژەی بێكاری، فشاری زیاتری خستۆتە سەر هاووڵاتیان و حکوومەتی هەرێم.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانى كرد لە پێشوازیكردن و هاوكاریكردنی ئەو ژمارە زۆرە لە ئاوارە و پەنابەران و سوپاسێكی تایبەتی پارێزگاری دهۆكى كرد كە خۆی و تیمەكەی بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیەوە كاری خۆیان كردووە، هه‌روه‌ها سوپای خەڵكی دهۆكى كرد كە زۆر بەرگەی ئەو بارودۆخەیان گرت، بەتایبەتی كە بۆ ماوەیەكی زۆر منداڵانیان نەچوونە قوتابخانە. سوپاسی هه‌ردوو وەزارەتی تەندروستی و په‌روه‌رده‌ى هەرێمی كوردستانیشى كرد كە وه‌ك گوتى "زۆر خەمخۆرانە كاریان كردووە."
دووپاتیشى كرده‌وه كه حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی پێى كرا بێت و لە توانایدا بێت كردوویه‌تى و ئەوەی پێى بكرێت جێبەجێی ده‌كات، بەڵام پێویستی بە یارمەتیی دەرەوە و به‌وه هه‌یه كه بەغدا زیاتر بێتە سه‌ر هێڵ بۆ یارمەتیدانی خەڵكی كوردستان، چونكه حکوومەتی فیدرال تا ئێستا پرسی ئاوارەکانی ناو هەرێمی کوردستانی بەهەند هەڵنەگرتووە و به شێوه‌یه‌كی جددی و پێویست، یارمەتیی مرۆیی و دارایی پێشکەش نەکردوون، ئەمە لە کاتێکدا بۆ ساڵی 2015، حکوومەتی هەرێم پێویستی بە زیاتر لە (1 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار) هەیە بۆ پڕکردنەوەی كەموكوڕییەکان لەو بوارەدا.
هه‌روه‌ها سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمان و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەكانیشى كرد کە لە شەڕی دژ بە داعشدا، بە پێشکەشكردنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی، پشتگیری و پشتیوانی‌یان لە حکوومەت و گەلی كوردستان کردووه، به‌ڵام نه‌یشارده‌وه كه ئەو هاوكاریانە بە بەراورد لەگەڵ قەبارەی قەیران و ڕووداوەكان لە ئاستی پێویستدا نییە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران دووباره سوپاسی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانى كرد بۆ خۆڕاگری و پشتگیری‌یان لە حکوومەتەكەیان لەم بارودۆخە سەختەدا، چونکە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان له لایه‌ك بە هۆی بڕینی مووچە و بودجە لە لایەن حكوومه‌تی عیراقه‌وه، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه، وه‌ك هه‌ر شوێنێكی دیكه كه له حاڵه‌تی شه‌ڕدایه، ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به ده‌ست دۆخێكی دژوار و كۆمه‌ڵێك گیروگرفته‌وه ده‌ناڵێنێت و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ژیانێکی سەخت و دژوار بەسەر دەبەن. ئه‌وه‌یشى گوت كه "بێگومان له هه‌موو شوێنێك، شه‌ڕ كێشه و گرفت و نه‌هامه‌تی و نه‌بوونی و تێكچوونی باری ئابووری و دارایی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت."
هه‌روه‌ها سوپاس و دەستخۆشی بۆ پێشمەرگە دووپات كرده‌وه کە توانیویانە لە جەنگی دژ بە دڕەندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی‌دا، هەرێمى كوردستان وەك دوورگەیەكی ئارام لە ناوچەكە بپاڕێزن و گوتى: "بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکی، پێویستە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چەکی قورس و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو پێشكەشی پێشمەرگە بكات."
هه‌روه‌ها پێشبینی كرد كه شەڕی داعش و قەیرانەكانی سووریا بەردەوام بن و بە هۆیانەوە قەیران لە هەرێمی كوردستان درێژە بخایەنێ، بۆیه ئەگەری زیادبوونی ژمارەی ئاوارەكانی ناوخۆی عیراق و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان لە ئارادایە و زۆر پێویسته بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عیراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە پلانی تۆكمە، بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێم لە هەموو ڕوویه‌کەوە، هەوڵ بدرێت.
ئه‌وه‌یشى دووپات كرده‌وه كه لەسەر ئاستی ناوخۆی عیراق، ئەم قه‌یرانە دەرەنجامی پابەندنەبوون بووە بە ماددە دەستوورییەكان و پیاده‌كردنی سیاسەتی پەراوێزخستنی پێکهاتەكانی دیكه‌ی وڵات و تاكڕەوی لە دەسەڵاتدا. بۆیه داواى لە حکوومەتی عیراق كرد قەیرانی مرۆییی ئاوارەكانی عیراق و پەنابەرانی سووریا بخاتە ناو كارە لەپێشینەكانی خۆی، كە لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسیاریه‌تیی یەكەم لە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵدایە. داوایشی لێ كرد هەوڵی جددی بدات بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی کۆمەڵکوژی دژ بە كوردانی ئێزدی و لە پاراستنی خوشک و برایانی مەسیحیشدا، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له كۆتاییى وته‌كه‌یدا گوتى: "وێڕای ئاستەنگ و قەیرانەکان، ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە سەر هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین بۆ بەرەوپێشەوەبردنی دیموكراسی و سەقامگیریی سیاسی و بۆ پاراستنی بەها مرۆییەکان و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە."
هه‌روه‌ها گوتى: "باوەڕمان بە خۆمان هەیە و مەبەستمانە ئابووریمان بنیاد بنێین، مەبەستمانە لەگەڵ دراوسێ و دۆستانمان بە بەردەوامی لە پەیوەندیی باش‌دا بین و گەشە بە ناوچەكەمان بدەین. هیوادارم ئێمە و ئێوە و ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێودەوڵەتی، بتوانین ئەرکی خۆمان بەرامبەر ژیانی سەختی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بەجێ بگەیه‌نین."