حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی لەبارەی رەوشی ئاسایشی هەرێم دووپاتدەكاتەوە

  • یەک شەممە, 15 ئازار 2015

لە كۆبوونەوەیەكی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان وئەندامانی سلكی دیپلۆماسی لەنوێنەر وكونسوڵ وكونسوڵی فەخری وڵاتانی بیانی لەهەرێمی كوردستاندا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت دووپاتیكردەوە، رەوشی ئاسایش وئارامی هەرێمی كوردستان سەقامگیرە و هیچ بارودۆخێكی ناهەموار رووی نەداوە بۆ راگرتنی گەشتە ئاسمانیەكانی نێوان هەرێم ووڵاتانی جیهان.

لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا كە لەنێوان حكومەت وئەندامانی سلكی دیپلۆماسی بەڕێوەچوو، كە تیایدا فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت ووسەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و چەند بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە وفڕۆكەخانەكانی هەرێم ئامادەی بوون جێگری سەرۆكی حكومەت تیشكی خستە سەر دوایین پەرەسەندنی سیاسی وئابوری وسەربازی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەو قەیرانە داراییەی تیایدا دەژی وجگە لەوەش كە لەشەڕێكی سەختدایە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش بە هەبوونی پاڵپشتیەكی ئاسمانی لەلایەن ژمارەیەك لەوڵاتانی جیهان بەرێبەرایەتی ئەمەریكا.

هاوكات جێگری سەرۆكی حكومەت نیگەرانی خۆی لە وەستاندنی گەشتی ئاسمانی چەند وڵاتێكی بۆ هەرێمی كوردستان بەبیانووی بارودۆخی ئەمنی وشەڕی ئازادكردنەوەی ناوچەكانی بەردەستی داعش نیشاندا وهیوای خواست لەڕێگەی كونسوڵ ونوێنەرانی وڵاتانی بیانی لەهەرێم ئەو پەیامە بەوڵاتانیان بگەیەندرێت كە هەرێمی كوردستان لەبارودۆخێكی ئارام وسەقامگیری ئەمنیدایە وگەشتە ئاسمانیەكانیش وەكو خۆیان بەشێوەیەكی ئاسایی بگەڕێنەوە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی پێشمەرگەی دا كە توانیویانە بەشێكی زۆری خاكی كوردستان لەدەستی تیرۆریستان رزگار بكەن، ئاماژەی بەوەشدا ئێستا هەرێمی كوردستان نزیكەی 2 ملیۆن ئاوارەی بەخۆوە گرتووە بۆیە پێویستی بەیارمەتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ یارمەتیدانی ئەم ئاوارانە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆكی حكومەت پابەندبوونی هەرێمی كوردستانی بە رێككەوتنی نێوان هەولێر وبەغدا نیشاندا كە لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو ئیمزاكرا وجەختی لەسەر بەردەوامی گفتوگۆ كردەوە بۆ جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنەكە.

Read کد خبر: 1264

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی