ئەمڕۆ سێشەممە 2015/4/14 لە هەولێر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد كە لە پەرلەمانتارانی پارتەكانی كریستیان دیموكرات و سۆشیال دیموكرات و پارتی چەپ وپارتی سەوزی ئەڵمانی پێكهاتبوون و بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی سەربازی و مرۆیی و ئابووری، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی كە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و ئاماژەیان بەوە كرد كە هەرچەندە شەڕێكی قورس بەرۆكی هەرێمی گرتووە و قەیرانێكی قورسی دارایی ڕووی تێكردووە، بەڵام حكوومەتی هەرێم توانیویەتی هێمنی و ئاسایشی ناوچەكە بپارێزێت و بە شێوەیەكی ڕێك و پێك جێگەی حەوانەوە بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانە دابین بكات كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێم كردووە و هاوكاری و خزمەتگوزاری پێشكەشكردوون و ئەم كارەی حكوومەتی هەرێمیشیان بەرز نرخاند. هەروەها جەختیان لەوە كردەوە كە وەك پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاریان داوە لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لەڕووی سەربازی و مرۆییەوە بەردەوام بن و ئەوەشیان خستەڕوو كە دوای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەكەیان ڕاپۆرتی خۆیان پێشكەش بە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەكەن بۆئەوەی لە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام بن.
شاندی میوان هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە هەرچەندە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی هێرشێكی توندی تیرۆریستان بووەتەوە، بەڵام بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە بنەماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی و ئازادی دەكات و پێشمەرگە بەوپەڕی نەبەردی و قارمانییەوە ڕووبەڕووی تیرۆریستان بووەتەوە و هەموو هێرش و پلانەكانی ڕووبەڕووی شكەستن و لەناوبردن كردووەتەوە. لە هەمات كاتدا دڵخۆشی و دەستخۆشی خۆشیان بۆ پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوەكان لە هەرێمی كوردستان دەربڕی كە لە ناوچەكەدا بێ هاوتایە.
لای خۆی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای پیشاندانی خۆشحاڵی بەرامبەر سەردانی شاندی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان، هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە ئەڵمانیا لە كاتە سەختەكاندا هاوكاری هەرێمی كردووە بە تایبەت لە ڕووی سەربازی و مەشقپێكردنی پێشمەرگە كە كاریگەرییەكی تەواوی لەسەر بەرەكانی جەنگ لە بەرژوەندی هەرێمی كوردستان هەبووە و داوایكرد كە پشتگیری و هاوكارییەكانیان بەردەوام بن چونكە هەرچەندە پێشمەرگە لە گشت بەرەكانی جەنگ بەسەر تیرۆریستان سەركەوتووە و پانتاییەكی زۆری خاكی هەرێمی كوردستانی لێ پاك كردووەتەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا هەڕەشەی تیرۆر كۆتایی نەهاتووە، بۆیە پێویستە هاوكارییەكان زیاتر ببن بۆئەوەی ئەو مەترسییە بە یەكجاری بنبڕ بكرێت. بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیران هەروەها كورتەیەكی لەبارەی بارودۆخی ئابووری و كێشەكانی ئابووری و سیاسی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لە ڕابردوودا باسكرد.
گفتوگۆكردنی ئەو ڕەوشە سەختەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان و ناچەكەی بە گشتی گرتووەتەوە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و لەمبارەیەشەوە چەندین بیروبۆچوون خرانەڕوو و هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەكە بەشێوەیەكی گشتی كرا.
هەریەك لە بەڕێزان كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ، دكتۆر عەلی سندی وەزیری پلاندانان، دكتۆر رێكەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی و سەفین دزەیی وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی دیدارەكە بوون.