نێچیرڤان بارزانی پشتگیری له‌ نه‌خشه‌ڕێگای هاوبه‌شی زانكۆی لیستەری بەریتانی و زانكۆی سۆران ده‌كات

  • پێنج شەممە, 30 نیسان 2015

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2015/4/30 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێزان پڕۆفیسۆر پاوڵ بۆیل سەرۆكی زانكۆی لیستەری بەریتانی و د. موسڵح مستەفا سەرۆكی زانكۆی سۆران و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە دیدارێكدا باس لەو نەخشەڕێگایە كرا كە لە نێوان هەردوو زانكۆی لیستەر و سۆراندا واژۆ كراوە و لەم نێوەندەشدا به‌ڕێز سەرۆكی زانكۆی لیستەر باسی لە گرنگیی پەیوەندی و مێژووی ئەو پەیوەندییە لە نێوان هەردوو زانكۆی لیستەر و سۆراندا کرد و پڕۆژە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو زانكۆی بە گرنگ و بەرهەمدار لە قەڵەم دا، ئاماژەی بەوەش كرد كە هەردوو زانكۆ لە تێڕوانین و بیرۆکە و فەلسەفەی پێشکەوتنی ئەکادیمی و زانستی لە یەكەوە نزیکن، ئەمەش هۆکارێکی گرنگە بۆ کارکردن و دۆزینەوەی پڕۆژەی هاوبەش.

دواتر ناوەڕۆكی نەخشەڕێگای واژۆكراوی نێوان هەردوو زانكۆی لیستەر و سۆران بۆ بەڕێز سەرۆك وەزیران خرایە ڕوو كە لە كردنەوەی سەنتەرێكی زمان و سەنتەری توێژینەوەی سامانە سروشتییەكان و كردنەوەی كەمپی زانكۆی لیستەر لە شاری سۆران پێك دێت.

 

لە دیدارەكەدا سەرۆكی زانكۆی لیستەر ئاماژەی بەوە كرد كە لەگەڵ هەریەك لە وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەتەوە و تیایاندا باسیان لە پرۆژەی هاوبەش كردووە وەك دروستكردنی نەخشەی كشتوكاڵی و گەشتوگوزار و پاراستنی كەرستەی مێژوویی و كلتووری لە هەرێمی كوردستان.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی میوانی كرد و باسی لە گرنگیی پەیوەندیی نێوان هەردوو زانكۆی لیستەر و سۆران كرد و پشتگیریی خۆی بۆ ئەو نەخشەڕێگایە دەربڕی كە لە نێوان هەردوو زانكۆدا واژۆ كراوە، ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەم جۆرە نەخشەڕێگایانە هاندەری باش و ئەرێنی دەبن بۆ زیاتر بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پشتگیریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەو پڕۆژە هاوبەشانە دەربڕی كە لە نێوان هەردوو زانكۆی سۆران و لیستەردا ئەنجام دەدرێن و بە پرۆژەی گرنگ و بەرهەمداری لە قەڵەم دان، هیواشی خواست كە ئەم پڕۆژە هاوبەشانە هەموو بوارەكانی دیكە بگرێتەوە بەتایبەتی بوارەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار، بۆ ئەم مەبەستەش كارئاسانی و پشتگیریی حكوومەتی هەرێمی بۆ شاندی میوان دەربڕی.

Read کد خبر: 1315

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی