سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا دەكات

  • سێ شەممە, 27 ت یەکەم 2015

ڕۆژی سێشەممە 27ـی 10ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بڕێت مەكگورك نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی دەولیی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و ئەفسەری سوپای ئەمەریكا.

لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی دەولیی دژی داعش باسی لە بایەخی ئۆپڕاسیۆنی هاوبەشی هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا و هێزی دژەتیرۆری پێشمەرگە لە حەوێجە كرد كە زۆر سەركەوتووانە ئەنجام درا و بەهۆیەوە ژیانی خەڵكێكی زۆر ڕزگار كرا و ئەو سەركەوتنەی بۆ لێهاتوویی و سەركردایەتییكردنی سەرۆك بارزانی و هەروەها ئەو هاوبەشی و هەماهەنگییە گەڕاندەوە كە لە نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستاندا هەیە و بەهۆی ئەو ئۆپڕاسیۆنەیشەوە هاوبەشیی سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە زۆر بە باشی پێشانی جیهان درا. نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەمەریكا بەردەوام دەبێ لە هاوكاری و هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە هەموو قۆناغ و بارودۆخێكدا.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ئۆپڕاسیۆنی هاوبەشی ئازادكردنی دیلەكان لە دەستی داعشی بە ئەزموونێكی دەوڵەمەند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش زانی كە بە ڕوونی دەریخست، داعش ئەو هێزە نییە كە خۆی وێنا كردبوو و لە هەر كات و شوێنێكدا دەكرێ گورزی كاریگەر لە تیرۆریستانی داعش لێبوەشێندرێت. هەروەها ئۆپڕاسیۆنەكەی حەوێجەی بە نموونەیەكی سەركەوتووی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا وەسف كرد. سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی لە سەرۆك و گەلی ئەمەریكا كرد بۆ لەدەستدانی سەربازێكی ئەمەریكی لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی دیلەكان لەدەستی داعش و ئەوەی خستەڕوو كە ئەو سەربازە لەپێناو بەهاكانی مرۆڤایەتی و ئازادیدا گیانی خۆی بەخشی و شەهیدی مرۆڤایەتییە. سەرۆك بارزانی باسی لە ڕەهەندە مرۆڤییەكانی ئازادكردنی دیلەكان كرد و ئەوەی خستەڕوو كە ڕزگاركردنی ژیانی مرۆڤەكان بابەتێكی زۆر پیرۆز و مەزن و بەهادارە و دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمەریكییە بەشداربووەكانی ئەو ئۆپڕاسیۆنە كرد كە توانیان ژیانی 69 مرۆڤ لە چنگی تیرۆریستانی داعش ڕزگار بكەن.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و هەروەها بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا گفتوگۆی لەبارەیەوە كرا.

Read کد خبر: 1629

دوایین هەواڵەکان

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی