سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەندامێكی پارلەمانی توركیا لەسەر لیستی هەدەپه دەكات

  • چوار شەممە, 16 ئازار 2016

ڕۆژی چوارشەممە 16ـی 3ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دەنگیر میر مەهمەت فرات ئەندامی پارلەمانی توركیا لەسەر لیستی هەدەپە كرد.

لە دیدارەكەدا دەنگیر میر مەهمەت فرات ئەندامی پارلەمانی توركیا لەسەر لیستی هەدەپە ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و ئەوەی خستەڕوو كە كوردانی هەموو پارچەكانی كوردستان سەرۆك بازانی بە سەرۆكی خۆیان دەزانن و بوونی سەرۆك بارزانی بە هۆكارێكی گرنگ زانی بۆ زامنكردنی مافەكانی گەلی كورد. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بەو دەرفەتە زێڕینەی كە لە باشووری كوردستان بۆ سەربەخۆیی لە ئارادایە داوای كرد كە پارتە سیاسییەكانی باشوور بەرپرسانەتر بجووڵێنەوە و سوود لە دەرفەتەكان وەربگرن. هەروەها لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی لە وردەكاریی ڕووداوەكانی ئەم دوایەی باكووری كوردستان ئاگادار كردەوە و نیگەرانیی خۆیشی نیشاندا كە لە باكوور لایەنەكان پشت لە عەقلانییەت و مەنتیق دەكەن و دەرئەنجامی ئەو ڕەوتە وڵات بەرەو كارەسات و شەڕی نەتەوەیی دەبات و جەختی لەوەیش كردەوە كە پێویستە لایەنە كوردییەكان لە باكوور لەڕێگەی خەباتی سیاسی و پارلەمانیدا بوونی خۆیان بسەلمێنن و شەڕ و تۆڵە و ڕق هیچ دەرئەنجامێكی نابێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا ئاماژەی بە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوچەكە كرد و هێمای بەو دەرفەت و هەڕەشانەدا كە لەبەردەم گەلی كوردستاندا هەن و پەیوەست بە بارودۆخی باكووری كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە تیرۆر و شەڕ و توندوتیژی دەبێتە هۆی ماڵوێرانی و لەدەستدانی دەرفەتەكان و ئەوەیشی خستەڕوو كە هەروەكچۆن پێشتر كاری بۆ پڕۆسەی ئاشتی كردووە ئێستایش ئەوەی لە توانایدا بێت دەیكات بۆ ئەوەی گرفتەكان قووڵتر نەبنەوە و قەیران و ئاڵۆزییەكان تەشەنە نەكات.

 

Read کد خبر: 1795

دوایین هەواڵەکان

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی