جەماوەری سەربەرز و خۆڕاگری کوردستان،
بە بۆنەی بیست و نۆيەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ئازاری ١٩٩١وە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم کوردستانييان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەکەم.
ڕاپەڕین کە یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی مێژووی گەلەکەمان، دەربڕی باوەڕ و خواستى گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی ئازاد و سەرفرازانە و ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداری بوو، ترۆپكی خەبات و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و ڕۆڵەکانی گەل و یەکێتی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان و سەرجەم خهڵكی کوردستان بوو، پاراستنی دەستکەوتەکانیشی، ئەرک و بەرپرسیاريهتیی هەموو لایەن و پێکهاتە و ههموو تاکێكی کوردستانه و وەفادارییانە بۆ گیانی پاکی شەهیدە قارەمانەکانمان و هەموو قوربانیيانی ڕێگای ڕزگاریمان.
کوردستانیيانی ئازیز،
گیانی خۆڕاگری و بەرەنگاریی دلێرانهتان سهرباری ئهو لێبوردهییهی له ڕاپهڕیندا نواندتان، زادەی هەمان ئەو کولتوورە مرۆڤدۆستانەیە کە ئیلهامبەخش و نەخشەڕێی سەرجەم بەرخودان و شۆڕشەکانی كوردستان بووه به ڕاپەڕینیشهوه. خەباتی ئێوە، هەمیشە ههڵگری باوەڕ و نهریت و بهها و جیهانبینییهكی بەرز بووه کە شایانی ئهوهن نەوە بە نەوەی ئەم گەلە، شانازییان پێوە بکەن. ئەوە ڕاپەڕین و خواستى ئێوە بوو کە سەلماندی مەحاڵە هیچ زهبر و زهنگ و سهركوتكارییهك بتوانێ شکۆ و خواستى گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی سەرفرازانە و ئامانجە نیشتمانیيەکانی، بشكێنێ.
کوردستانیيانی خۆشەویست،
ڕاپەڕین بەڵگەی زیندووی ئەو ڕاستیەیە کە یەکڕیزی و تەبایيی نێوان لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان و ئاشتەوایيی ناوخۆ، هەمیشە گەلەکەمانی بەرەو سەرکەوتن و سەرفرازیی زیاتر بردووە، بۆیە بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجە نیشتیمانیيەکان و مسۆگەرکردنی ژیانیکی شایستە بە خەبات و قوربانیيەکانی گەلەکەمان و ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکانمان، دەبێ هەوڵی هەموو لایەن و پێکهاتە و ههر تاکێکی کوردستان، لە خزمەتی پتەوکردنی زياترى گیانی تەبایی و بنەماکانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و ئاشتیخوازیدا بێت.
با یادی ڕاپەڕین وزە و ئیرادەی زیاترمان بۆ یەکڕیزی و تەبایی و خزمەتکردن بە گەل و وڵات پێ ببەخشێت.
بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزنی ئازاری ١٩٩١.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
نێچيرڤان بارزانى
سهرۆكى ههرێمى كوردستان
4/3/2020