ڕێکەوتی 5 ی نیسانی ساڵی 2020، یادی 29 ساڵەی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 688 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە فەرمانی بە ڕژێمی پێشووی عێراق کرد بۆ کۆتایی هێنان بە سەرکوت کردنی هاوڵاتیانی مەدەنی بە تایبەتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم بڕیارە بریتی بوو لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەلایەن چەندین ووڵات بۆ پێشکەش کردنی هاوکاری مرۆیی و ئاسایش بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی عێراق کە دەربەدەری ووڵاتانی دراوسێ ببوون.
بە پشتیوانی بەشێک لە ووڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکە ناوچەی دژە فڕین دامەزرا و نزیکەی 1.5 ملیۆن ئاوارە گەڕانەوە ماڵەکانیان هاوکات لەوانەیە ئەم گەڕانەوەیە بە خێراترین گەڕانەوەی ئاوارەکان هەژمار بکرێت لە مێژوودا. دوای ساڵێک لە دەرچوونی ئەم بڕیارە، یەکەمین هەڵبژاردن کە لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی لە عێراق ئەنجامدرا ئەویش لە کوردستان بوو.
ئەم هەڵبژاردنە مێژووییە بووە هەوێنی پێکهێنان و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەردەوامیدان بە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچەیەی ناسراوە بە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەم هەرێمە سەرچاوەی سەرەکی ئاوارەکان بوو ئێستا بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەری ناوخۆیی لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراوسێ.
هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پەیڕەو کردنی سیاسەتی دەرگای کراوە بۆ هەموو ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی توندوتیژی و ستەمکاری دەربەدەر بوون بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامەی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سووپاس و پێزانینی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو ووڵاتانەی ئەندام کە دەنگیاندا بە پەسەند کردنی دەرچوونی بڕیاری ژمارە 688 هەروەها ئەو وڵاتانەی هاوکار بوون لە دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین و ئۆپەڕاسیۆنی پاراستنی ناوچەی ئارام.