هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رۆژی یەكی ئایاری ٢٠٢٠، لە پەیامێكدا رۆژی جیھانیی كرێكارانی لە كرێكارانی كوردستان و جیھان پیرۆز كرد.
دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەت:
بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکاران، پیرۆزبایی لە کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەم و ستایشی ئەرك و ماندووبوونی كرێكارانی كوردستان دەكەم کە هەمیشە بەرگەی دۆخی سەختی ئابوورییان گرتووە و لە خزمەتكردنی وڵاتەكەشیان بەردەوامن.
هەروەها سوپاسی پابەندبوونیان بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەین، بەو هیوایەی كە لە ئایندەیەکی نزیکدا ژیانی رۆژانە ئاسایی ببێتەوە.
لەم بۆنەیەدا، پشتگیریی خۆمان بۆ ماف و تێكۆشانی كرێكاران بۆ بەدیهاتنی دادپەروەری و باشترکردنی دۆخی گوزەرانیان دووپات دەکەینەوە.
٢٠٢٠/٥/١