سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و زه‌ریف دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

 ئێواره‌ى رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 19/7/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى ئیسلامیى ئێران و شاندێكى یاوه‌رى كرد

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ئێران، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كان و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنیان، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانى به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى ئابووریدا، شه‌ڕى دژى تیرۆر له‌ عێراق و چه‌ند پرسێكى دیكه‌یان تاوتوێ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵیۆزى ئێران له‌ به‌غدا و ژماره‌یه‌كى به‌رپرسان له‌ هه‌ردوولا ئاماده‌ى بوون، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و به‌ڕێز زه‌ریف جه‌ختیان له‌ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران و گرنگیى سه‌قامگیریى عێراق و ناوچه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كان به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن، كرده‌وه‌.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش هه‌ردوولا له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا تیشكیان خسته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌. سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى وه‌زیرى ئێران و شاندى یاوه‌رى ده‌ربڕى و ڕایگه‌یاند هه‌رێمى كوردستان به‌ بایه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ ده‌ڕوانێت، ئێرانیشى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ دراوسێیه‌كى زۆر گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا‌.

به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها گوتى: هه‌رێمى كوردستان هیچ كاتێك پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى كۆمارى ئیسلامى و گه‌لانى ئێران له‌ كاته‌ سه‌خته‌كان و ڕۆژانى ته‌نگانه‌دا له‌بیر ناكات. ئێران هه‌میشه‌ وه‌ك دۆست و دراوسێیه‌ك له‌ هه‌موو قۆناغه‌كاندا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ وه‌ستاوه‌، ئێستاش بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كى دۆسانه‌ى دراوسێیه‌تى له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێز و به‌رژوه‌ندیى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى، پێویستییه‌كى له‌پێش و گرنگه‌.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وێڕاى په‌یوه‌ندییه‌كى دێرینى مێژوویى، ئابوورى، كۆمه‌ڵایه‌تى و كولتوورى، جموجووڵێكى فراوانى ئاڵوگۆڕى بازرگانیشی له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیدا هه‌یه‌. په‌ره‌پێدانى ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ و فراوانكردنى هاریكاریى هاوبه‌شى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامى له‌و بوارانه‌دا كه‌ پێویستى و جێى بایه‌خى هه‌ردوولان، خواستێكى به‌رده‌وامى هه‌رێمى كوردستانه‌ و هه‌میشه‌ كارمان له‌سه‌ر كردووه‌ و ده‌كه‌ین.

هه‌روه‌ها گۆتى: له‌گه‌ڵ جه‌نابى وه‌زیر په‌یوه‌ندییه‌كان و دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه‌‌ به‌گشتى، هه‌روه‌ها پێگه‌ و ڕۆڵى گرنگى ئێرانمان له‌ هاوكێشه‌كانى ناوچه‌كه‌دا تاوتوێ كرد. داكۆكیمان له‌ پێویستى و گرنگیى سه‌قامگیرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌، گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئاشتیانه‌ى كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كان كرده‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ باسیان له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا و كاریگه‌رییه‌كانى كردووه‌ به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ئابووریدا، هه‌روه‌ها كاریگه‌ر‌ییه‌كانى له‌سه‌ر هاتوچۆ و جموجووڵى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران، چۆنیه‌تیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاكه‌ و ئه‌زموونى ئێران له‌مباره‌یه‌وه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش.

له‌ كۆتاییدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاسى به‌ڕێزان باڵیۆزى كۆمارى ئیسلامى له‌ به‌غدا و كونسوله‌كانیان له‌ هه‌ولێر و سلێمانى كرد كه‌ ڕۆڵێكى به‌رچاو له‌ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولادا ده‌گێڕن.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بەڕێز محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە وتەیەکدا گوتی: سوپاسی میوانداریی گەرمی برا و دۆستی زۆر باشم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی بەڕێزی هەرێمی کوردستان دەکەم لە هەولێری زۆر جوان، زۆر خۆشحاڵم کە بۆ سێیەمین جار لە میانى بەرپرسیاریه‌تیم لە سەردانمدا بۆ عێراق ئەو دەرفەتەم بۆ ڕەخسا سەردانی هەرێمیش بکەم.

هه‌روه‌ها گوتى: بۆ ئێمە عێراق بە هەموو نەتەوە و گرووپە مەزهەبی و نەژادیەکانییەوە زۆر ئازیزە و دراوسێیەکی باشە و ئەولەوییەتی سیاسەتی ئێمە عێراقە و دەخوازین کە شاهیدی پەیوەندیی دۆستانە و برایانە و هاوکاری لە ناوخۆی عێراق و نێوان عێراق و ناوچەکە بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران بین.

زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ ناوچەکە لە ڕاستییەکانی عێراقی نوێ تێگەیشتووە. هەڵبەت بۆ هەندێ لە وڵاتانی ناوچەکە زۆری خایاند بۆ قبووڵکردنی ڕاستییەکانی عێراقی نوێ، بەڵام زۆر خۆشحاڵین بەوەی کە ئەمڕۆ ناوچەکە ئەو ڕاستییەی وەرگرتووە، عێراقێک کە لە هەموو نەتەوەکان پێکهاتووە و سەرۆک کۆمارەکەیشی کوردێکی عێراقییە. ئەوەش زۆر گرنگە کە ئەم عێراقە لە ناوچەکەی ئێمەدا بە فەرمی ناسێنراوە و لەگەڵ ئەم عێراقە وەک میحوەرێک بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

هه‌وه‌ها گوتی: ئێران پێشوازی لە ئەم ڕۆڵەی عێراق دەکات و ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر نزیكمان له‌گه‌ڵ خوشك و برایانمان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان،‌ په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر نزیكی كولتووری و خێزانی و تەنانەت خزمایەتیش، هەروەها په‌یوه‌ندییه‌كی باشی ئابووریمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌یه‌ و هاوكاریی ئابووریمان له‌گه‌ڵ عێراق به‌ردەو‌ام له‌ گه‌شه‌سەندایه‌.

به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران هه‌روه‌ها گوتى: دڵخۆشین كه‌ ته‌نانه‌ت ڤایرۆسی كۆرۆناش نه‌یتوانی ڕێگری له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییەکانمان له‌گه‌ڵ عێراق و به‌تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان به‌رده‌وام كراوه‌ بوون و هیوادارم هه‌رده‌م هه‌روا بێت. ئاماده‌ییی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ كه‌ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئه‌و ڤایرۆسه‌ مه‌ترسیداره‌ له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانمان له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ هاوكاری بکەین و بتوانین ئه‌زموونه‌كانی خۆمان له‌ خزمه‌ت دۆسته‌كانمان دابنێین، ئاماده‌ین په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانمان زیاتر گه‌شه‌ پێبده‌ین و پڕۆژه‌ی درێژمه‌وداتر به‌تایبه‌ت له‌ بواری ناوچە پیشه‌سازییه‌كان و ڕێگه‌ی ئاسن و له‌ بواری وزه‌دا له‌گه‌ڵ عێراق په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت. هیوادارین له‌ سه‌ردانی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی بەڕێزی عێراقدا بۆ ئێران بتوانین زه‌مینه‌ی ئه‌و هاوكارییانه‌ فراوانتر بكه‌ین.

 

جارێكی دیكه‌ سوپاسی ئه‌و پێشوازی و میواندارییه‌ گەرمەی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی و حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسانی هه‌رێم دەکەم و هیوادارم هه‌موو ڕۆژ په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌رده‌وام و به‌هێزتر بێت. هه‌روه‌ها یادی شه‌هید سولێمانی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ڕۆڵێكی باش و بەرجەستەی هه‌بوو له‌ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی ئازای عێراق و پێشمه‌رگه‌ ئازاكانی كوردستان كه‌ به‌رامبه‌ر داعش و بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌سه‌ر هه‌ولێر وه‌ستابوو، یادی ئه‌و به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنین و هیوادارین ئه‌و برایه‌تییه‌ی نێوان ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌ به‌رده‌وامی بمێنێته‌وه‌. جارێكی دیكه‌ سوپاسی میوانداریتان ده‌كه‌م جەنابی سەرۆک.

 

http://dfr.gov.krd/a/d.aspx?l=13&a=50527

 

Read کد خبر: 2370

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی