ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- مەسرور بارزانی سەروكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، رۆژی ھەینی ٣١ تەموزی ٢٠٢٠ لە پەیامێكدا بە بۆنەی ٣٧مین ساڵیادی جینۆسایدكردنی بارزانییهكان، پێداگریی لهسهر پابهندبوونی حكومهتی ههرێمی بۆ خزمهتكردنی كهسوكاری شههیدان و ئهنفالكراوان و ههروهها ههوڵدان بۆ قهرهبووكردنهوهی مادی و مهعنهوییان له لایهن حكومهتی عێراق كرد. ئهمهش دهقی پهیامهكهیهتی:
ئەمڕۆ 37 مین ساڵیادی یەکێک لە مەزنترین تاوانەکانە کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجامدرا کە جینۆسایدکردنی بارزانییەكانە. ئەو تاوانە گەورەیەی تیایدا 8000 مرۆڤی بێتاوان، تەنیا لەبەر ئەوەی كورد بوون، لە لایەن رژێمی بەعسەوە زیندەبەچاڵكران.
جینۆسایدکردنی بارزانییەکان سەرەتایەك بوو بۆ جینۆسایدێكی فراوانتری گەلی كوردستان، كە بە چەند قۆناغێكی جیاواز، رژێمی بەعس لە ژێر ناوی ئەنفالدا، هەزاران هاونیشتمانيی بێتاوانی كوردستانی بە ژن و پیاو و گەورە و بچووكەوە، بەرەو بیابانەكانی عێراق گواستەوە و دواتر بە دڕندانترین شێوە زیندەبەچاڵی كردن.
جینۆسایدکردنی بارزانییهكان، شاڵاوێکی رەگەزپەرستانە بوو بۆ لەناوبردنی ناسنامە و سڕینەوەی میللەتێكی مافزەوتكراو. ئەگەر خۆڕاگری و بەردەوامبونی گەلی كوردستان لە شۆڕش و داكۆكیكردن لە خاك و نیشتمان نەبووایە، ناسنامە و مانەوەی گەلی کوردستان، ڕووبەڕووی مەترسی گەورەتر دەبووەوە.
لەم بۆنە خەمناکەدا، پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە پێی توانا دووپات دەکەینەوە. لە هەمانکاتدا لەگەڵ حكومەتی عیراق لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین و پێداگیریی دەکەین بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری ئەنفالکراوانی کوردستان.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوربانییانی شاڵاوی جینۆسایدی بارزانییەکان و سەرجەم ئەنفالكراوان و شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دادەنەوێنم.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٧/٣١