مەنسوور جیهانی ـ فیلمی چوار ئێپیزۆدی "ژیان لەسەر شەقام" لە بەرهەمهێنانی "بەهمەن قوبادی" و لە دەرهێنانی منداڵانی کۆبانێ و شنگاڵ لە بەشی پێشبڕکێی "دەرهێنەرە نوێیەکان" لە چل و چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سائۆ پائۆلۆ" نمایش دەکرێت.
لە دوای سەرکەوتنی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" Life on the Border و بەشداریی ئەم فیلمە لە فیستیڤاڵە گرینگەکانی جیهان، لەوانە: "بەڕڵینالە" و هەروەها فیستیڤاڵە بیانییەکانی دیکە و نمایش لە وڵاتانی جۆراوجۆری دنیا، کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم" بە سەرۆکایەتی سینەماکاری ناوداریی کورد "بەهمەن قوبادی"؛ فیلمی چوار ئێپیزۆدی "ژیان لەسەر شەقام" لە دەرهێنانی منداڵانی توشبووی جەنگی بەرهەمهێنا کە لە کەمپی ئاوارەکانی کۆبانێ و شنگاڵ لە هەرێمی کوردستان، ژیانیان بەسەر دەبرد و دوای کۆتایی هاتنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ نیشتمانەکەیان، ئەم فیلمانەیان سازکرد کە ڕاوێژکارانی سینەمایی؛ وانە پێویستەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی سازکردنی ئەم بەرهەمانە پێشکەش کردبوون.
دوای سازکردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە ساڵی 2015 پۆلەکانی فێرکاریی فیلمسازیی بۆ منداڵانی توشبووی جەنگی کۆبانێ و شنگاڵ بەڕێوەچوو و بۆ ماوەی دوو مانگ، لە لایەن ڕاوێژکاران و گرووپی دەرهێنان پەروەردە کران و پاشان لە نێوانیاندا هەشت کەس هەڵبژێردران و بە ناونیشانی دەرهێنەرە بچکۆلەکان، دەرهێنانیان بۆ ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتاریانە ئەنجامدا کە لە فیستیڤاڵە گرینگەکانی فیلم لە ئاستی جیهاندا لە لایەن بینەران و ڕخنەگرانی سینەماییەوە پێشوازیی لێکرا و لە درێژەی سەرکەتنەوکانی ئەم فیلمەشدا لە ساڵی 2019، فیلمی چوار ئێپیزۆدی "ژیان لەسەر شەقام" لە دەرهێنانی چوار منداڵی دیکەی پەرەوەردەکراو سازکرا.
فیلمی چوار ئێپیزۆدی "ژیان لەسەر شەقام" لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری بەزموونی کورد "بەهمەن قوبادی" و لە دەرهێنانی منداڵانی کۆبانێ و شنگاڵ، لەوانە: ئێپیزۆدی "ئێستا بۆ کوێی دەچێن؟" Where do we go now? لە دەرهێنانی "ئیخلاس حەیدەر سامۆبۆد" Ekhlas Heydar Samubud و بە ڕاوێژکاریی "میلاد فەیزوڵڵا بەیگی"، ئێپیزۆدی "ئێمە دیسانەوە سازیی دەکەینەوە" We'll make it again لە دەرهێنانی "سیدرا رێزوان" Sidra Rezwan و بە ڕاوێژکاریی "سۆران ئیبراهیم"، ئێپیزۆدی "گەڕانەوە" The Return لە دەرهێنانی "سالوا سلێمان سیدۆ" Salwa Soleiman Sedo و بە ڕاوێژکاریی "محەمەد تۆریوەریان" و هەروەها ئێپیزۆدی "ژیان درێژەی هەیە" Life Goes On لە دەرهێنانی "عەدنان فارووق" Adnan Faroq و بە ڕاوێژکاریی "سۆران ئیبراهیم"، لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "دەرهێنەرە نوێیەکان" لە چل و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سائۆ پائۆلۆ" São Paulo لە وڵاتی بڕازیل نمایش دەکرێت.
ستافی ئامادەکردنی فیلمی چوار ئێپیزۆدی "ژیان لەسەر شەقام" بریتین لە:
بەرهەمهێنان و ئامادەکردن: گوڵڕیز ئیحتیاتی، مونتاژ: ئیحسان واسقی، دەنگدانەر: حوسێن قوورچیان، گرووپی بەرهەم: میلاد فەیزوڵڵا بەیگی و عاتیفە ئەسڵانی، ستافی ئێپیزۆدی "ئێمە دیسانەوە سازیی دەکەینەوە"؛ وێنەگر: سۆران ئیبراهیم، دەنگهەڵگر: ڕێکەوت خالید، ئەکتەرەکان: سیدرا رێزوان و چیا ئەحمەدی، ستافی ئێپیزۆدی "گەڕانەوە"؛ وێنەگر: محەمەد تۆریوەریان و سالوا ئلێمان سیدۆ، یاردەدەری وێنەگر: نیما محەمەدپوور، ئەکتەرەکان: هازم خوداداد، نەزیر خوداداد، سۆنیا سلێمان سیدۆ، یاس خالید، خوداداد ئەسغەر، ستافی ئێپیزۆدی "ژیان درێژەی هەیە"؛ وێنەگر: سۆران ئیبراهیم و عەدنان فارووق، مۆنتاژ: سۆران ئیبراهیم، ئەکتەرەکان: روناک مستەفا، عومەر ساڵح، حەموودە محەمەد، سیلوا شێخۆ، دڵوا شێخ، شیرین شێخۆ قادر و مدلین شێخۆ، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیهانی، بەرهەمی: ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان.
چل و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سائۆ پائۆلۆ" بە نمایش 198 فیلم لە دەرهێنەرانی 71 وڵاتی جیهان، لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "ئاسۆی نێودەوڵەتی"، بەشی پێشبڕکێی "دەرهێنەرە نوێیەکان"، بەشی "بڕازیل"، بەشی "خەڵاتەکان"، بەشی "مافی مرۆڤ" و بەشی "کەمپەینەکان" لە ڕۆژانی 22ی ئۆکتۆبەر تا 4ی نۆڤەمبەری 2020 بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کوشەندەی کۆڕۆنا بۆ یەکەمین جار، بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری سائۆ پائۆلۆ لە وڵاتی بڕازیل بەڕێوەدەچێت.
بۆ زانیاریی زیاتر:
https://44.mostra.org/jornal-da-mostra/veja-a-selecao-de-filmes-da-44-mostra
بەڕێوەبەرایاتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی "ژیان لەسەر شەقام".