ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 6/11/2020 به به‌شداريى به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ڕێوڕه‌سمى پێشوازى له ته‌رمى خوالێخۆشبوو د. نه‌جمه‌دين كه‌ريم، كه‌سايه‌تى و سياسه‌تمه‌دارى كوردستان و پارێزگارى پێشووى كه‌ركووك له‌لايه‌ن سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانه‌وه له فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر به‌ڕێوه چوو.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا وێڕاى خێزان و كه‌سوكار و دۆستانى خوالێخۆشبوو، به‌ڕێزان جێگرى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، نوێنه‌رى سه‌رۆك بارزانى، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق و ژماره‌يه‌كى به‌رچاوى وه‌زيران و نوێنه‌رانى هێز و لايه‌نه سياسييه‌كان و به‌رپرسانى حكوومى و حيزبى ئاماده بوون. دواى دانانى تاچه‌گوڵينه له‌سه‌ر ته‌رمى خوالێخشبوو، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، وته‌يه‌كى له‌باره‌ى ژيان و خه‌بات و ڕۆڵ و پێگه‌ى د. نه‌جمه‌دين كه‌ريمه‌وه پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌يه‌تى:
كەسوكار و بنەماڵەی بەڕێزی خوالێخۆشبوو د. نەجمەدین كەریم،
ئامادەبووانی بەڕێز،
كوردستانیانی خۆشەویست،
ئەمڕۆ هەموومان لێرە بە خەمباری، بەڵام بە سەربەرزی پێشوازی لە تەرمی كەسایەتيی لێهاتوو و تێكۆشەری كوردستان د. نەجمەدین كەریم دەكەین. د. نەجمەدین كەریم بە سەربەرزی ژیا، هه‌ر يه‌كێك لە ئێمەش دەتوانێت زۆر بە سەربەرزی یادی بكاتەوە، ئەمڕۆش ئێمه هه‌موومان پێكه‌وه بە سەربەرزی پێشوازی له ته‌رمى پيرۆزى ده‌كه‌ين.
د. نەجمەدین كەریم كەسێكی ئازا و بوێر بوو. ئازایەتییەكی كەركووكیانە و گەرمیانیانە لە خوێنی‌دا هەبوو، هەر ئەو بوێرییەش وایكرد چەندين هەڵوێست بخاتە مێژووی خەبات و كار و ژیانی خۆیەوە. د. نەجمەدین كەریم بەر لە تەواوكردنی خوێندنی پزیشكی لە عێراق، ببووە ئەندامی یەكێتيی قوتابیانی كوردستان، دوای تەواوكردنی خوێندنیش بەبێ دوودڵی وەك پزیشكێك پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە كرد و بووە پێشمەرگە. لە ماوەیەكی كورتیشدا توانی ببێتە جێگەی متمانەی مەلا مستەفاى بارزانيی ڕابەری شۆڕش. دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، ئاگادار و بەشدار بوو له هەندێك لە ئامادەكارییەكان بۆ درێژەپێدان بە شۆڕش و هەڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵان. دوای نەخۆشكەوتنه‌وه‌ی بارزانيی نەمر، د. نەجمەدین كەریم وه‌ك پزیشكێك لەگەڵى چوو بۆ ئەمه‌ریكا.
د. نەجمەدین كەریم، لە كاتی مانەوەی لە ئەمه‌ریكا خوێندنی باڵای لە بوارەكەیدا تەواو كرد و بووە یەكێك لە پزیشكە متمانەپێكراوەكان لە سەرتاسه‌رى ئەمه‌ریكا، لە بواری ئەكادیمیشدا پێگەیەكی بەرزی هەبوو. دكتۆر پێشكەوتنی خۆی لە بواری پزیشكیدا بۆ پەیداكردنی دۆست بۆ چارەسەری كێشەی كورد بەكارهێنا، هەوڵی دەدا زۆرترین پشتیوانی بۆ مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنێت. بە ڕاستی كاتی مانەوەى لە ئەمه‌ریكا، زۆر دۆستی بۆ كورد پەیدا كرد و بەردەوام كارئاسانی دەكرد بۆ شاندی پارتەكانی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانن بەرپرسانی ئەمه‌ریكا ببینن و قسه‌يان له‌گه‌ڵ بكه‌ن. بەو شێوەیە بە درێژایيی ژیانی لە ئەمه‌ریكا، لە خەباتكردن بۆ كوردستان دانەبڕا و بەهۆی كاركردنييه‌وه بۆ كوردستان، دۆستایەتی لەگەڵ حزب و لايه‌نه‌كانى هەموو پارچەكانی تر‌ى كوردستان دروست كردبوو.
بەڕێزان..
د. نەجمەدین كەریم ساڵی 2009 گەڕایەوە كوردستان و بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسيی یەكێتيی نیشتمانیی كوردستان، بە ڕاستیش یەكێك بوو لەوانەی جێگەی متمانەی خوالێخۆشبوو مام جەلال بوو، د. نەجمەدین كەریمیش بۆ خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال، ئه‌وه‌ى پێى كرا بە دڵسۆزی جێبه‌جێى ده‌كرد.
د. نەجمەدین عاشقی كەركووك بوو، وەك خۆی دەیگوت كەركووك بۆ ئەو وه‌كوو دڵ وايە، لەبەر ئەوەش كه نیسانی 2011 بووە پارێزگاری كەركووك، بە عەشقەوە و به‌وپه‌ڕى دڵسۆزييه‌وه كاری بۆ كەركووك دەكرد و بە هیچ شێوەیەكيش لە كاركردن بۆ كەركووك و كەركووكییەكان ماندوو نەدەبوو. ئەگەر تەماشای ئەو ماوەیە بكەین كە د. نەجمەدین كەریم پارێزگار بوو، دەبینین گەورەترین بووژانەوەی كەركووك لە سەردەمی ئەودا بووە. نزیكەی (600) قوتابخانە دروست كران، سێدەوامی لە قوتابخانەكانی كەركووك نەما، زیاتر لە (30) بنكەی تەندروستی دروست كران، 70%ی جاده‌ى ناو گەڕەكەكانی كەركووك قیڕتاو كران، نەخۆشخانەی ئازادی بە شێوەیەكی زۆر باش نۆژەن كرایەوە، نەخۆشخانەیەكی گەورەی هاوچەرخ بۆ حەویجە دروست كرا، ڕێگەی سلێمانی ـ كەركووك ـ بەغدا، هەروەها ڕێگەی كەركووك ـ هەولێر كرایە جووتسایدى، بەنداوی خاسەجای دروست كرد، ساڵانە نزیكەی (400) پڕۆژەى لە كەركووك جێبەجێ ده‌كرد.
د. نەجمەدین كەریم هەوڵی دەدا خزمەتی هەموو كەركووكییەكان بكات بە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەوەشی دەزانی كە كەركووك كێشەی ناوەندیی كوردستانە لە عێراق، لەبەر ئەوەش لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی و سەرۆك مام جەلال به‌وپه‌ڕى دڵسۆزييه‌وه هه‌وڵى ده‌دا كه ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكرێت.
زۆرێك له‌و پرۆژانه كه به هاوكاريى ئێمه له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ كه‌ركووك جێبه‌جێ ده‌كران، جه‌نابيان به‌وپه‌ڕى دڵسۆزييه‌وه كه ده‌هات و قسه‌ى له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌كرد، هه‌ميشه پێداگرى له‌وه ده‌كرد كه ده‌بێت هاوكارى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌كان له كه‌ركووك به شێوه‌يه‌كى باش جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌و به‌وپه‌ڕى دڵسۆزييه‌وه هه‌وڵى ده‌دا كه كێشه‌كانى كه‌ركووك چاره‌سه‌ر بكات، ده‌يزانى گرفتى بنه‌ڕه‌تيى نێوان حكوومه‌تى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان مه‌سه‌له‌ى كه‌ركووكه كه جه‌وهه‌رى بنه‌ڕه‌تيى كێشه‌كانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر پابه‌ندنه‌بوونى لايه‌نه عێراقييه‌كان به مادده‌ى 140ى ده‌ستوورى عێراق، تا ئێستاش ئه‌و كێشه‌يه به هه‌ڵواسراوى ماوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش زيانێكى زۆرى هه‌بووه و هه‌يه بۆ هه‌موو عێراق.
لێرەشه‌وه لەبەردەم تەرمی د. نەجمەدین كەریمدا، جارێكی دیكە دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه كه ده‌بێت كێشه‌ى كه‌ركووك و ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان بە شێوه‌يه‌كى ئاشتیانە و بە دیالۆگ، لەسه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق چاره‌سه‌ر بكرێت. هەرچەند ئه‌و كێشه‌يه دوا بخرێت، ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیەش ئێمە جارێكی تر داوا دەكەین، پێكەوە دابنیشین و ئەو كێشانه لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بكەین.
بەڕێزان ..
د. نەجمەدین كەریم، دوای ژیانێكی پڕ لە كار و تێكۆشان، بەجێی هێشتین. ئەمڕۆ جارێكی دیكە هاوخەميی خۆم و سەرۆكایەتيی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كەسوكار و خزمانی، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى خۆشه‌ويستى شارى كەركووك و هەموو گەلی كوردستان، دووپات دەكەمەوە. لەسەر وەسیەتی خۆی، ئەمڕۆ بە شێوەیەكی كاتی لە هەولێر دەنێژرێت. هیوادارین زوو ئەو هیوایەی د. نەجمەدین بێته دى كە داواى كردبوو ته‌رمه‌كى بۆ هه‌ميشه بگه‌ڕێته‌وه بۆ شارى كه‌ركووك. هيوادارين دۆخێكى وا به زوويى بێته كايه‌وه و ئێمه بتوانين ته‌رمى د. نه‌جمه‌دين بگه‌ڕێنينه‌وه بۆ كه‌ركووك.
ديسانه‌وه سه‌ره‌خۆشى له كه‌سوكارى د. نه‌جمه‌دين ده‌كه‌م، سه‌ره‌خۆشى له سۆزان خان و منداڵه‌كانى ده‌كه‌م، هاوبه‌شى خه‌ميانين و هيوادارم دوا خه‌ميان بێت.
هه‌موو لايه‌كيتان به‌خێر بێن، زۆر سوپاس.