هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە وتارێکدا کە لە کۆبوونەوەی راوێژکاریی یاسایی تایبەت بە پرسی ژنان و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاساکاندا پێشکەشی کرد، ئەمڕۆ (3 کانونی یەکەمی 2020) رایگەیاند: دوای نۆ ساڵ کارکردن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی هەندێک لە کەموکوڕییەکانی یاساکە دەرکەوتووە و پێویستە ئەم یاسایە و هەروەها یاسای باری کەسێتی هەموار بکرێنەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای خانمانەوە رێکخرابوو و ژمارەیەک لە دادوەرەکان و نوێنەرانی داواکاری گشتیش ئامادەبوون، جێگری سەرۆکی حکومەت داوای لە داواکاری گشتی کرد رۆڵی کاراتر ببینێت بە تایبەت لە دۆسیەی ژن کوشتن و رێگە نەدرێت تاوانباران بە سوڵحی عەشایەری و دەستێوەردانی کەسانی دەستڕۆیشتوو خۆیان لە سزای یاسایی بدزنەوە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە دەستێوەردان لە کاروباری دادگاکان و رایگەیاند: دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە و پێویستە دادوەرەکان لەپێناو کۆمەڵگایەکی تەندروست و پاراستنی متمانە و شکۆی خۆیان خۆڕاگربن لە بەرامبەر دەستێوەردانەکاندا و لەمبارەیەشەوە پشتگیری خۆی بۆ دادوەرەکان دەربڕی.
جێگری سەرۆکی حکومەت رەخنەی لە شێوازی جێبەجێکردنی یاساکانیش گرت و ئاماژەی بەوەدا پێویستە یاساکان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن. باسی لەوەشکرد کە جاری وا هەیە هەندێک لە فەرمانبەرانی دادگاکان هەڵسوکەوتیان باش نەبووە لەگەڵ تاوانلێکراواندا و ئەمەش بووەتەهۆی ئەوەی کە تاوانلێکراو پاشگەزبێتەوە لە تۆمارکردنی سکاڵا.
لەم چوارچێوەیەشدا جەختی کردەوە کە پێداچوونەوە بە کارنامەی ئەو کەسانەدا بکرێت کە رەفتاری گونجاویان نییە لەگەڵ تاوانلێکراوان یان راهێنانی زیاتریان پێ بکرێت لەم بوارەدا.