هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 2021/4/27 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.
لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کرا ، لە سەر بنەمای ڕێز و بەرژوەندی هاوبەش . هەروەها جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندی ئابووری و ئالوگۆڕی بازرگانی کرایەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و گرنگیی جێبەحێکردن و پابەندبوون بە یاسای بودجەی گشتیی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.