په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ جه‌ژنى ڕه‌مه‌زاندا

 جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان به‌ گه‌رمى له‌ ته‌واوى موسڵمانانى كوردستان، عێراق و جيهان، به‌تايبه‌تى له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان پيرۆز ده‌كه‌م. هيوادارم خێر و خۆشى و ئاسووده‌يى بۆ هه‌مووان له‌گه‌ڵ خۆيدا بهێنێت، جه‌ژن و پشوويه‌كى ئارام به‌سه‌ر به‌رن و بۆنه‌كانى داهاتوومان له‌ دۆخێكى باشتر و دوور له‌ په‌تا و ناخۆشى و قه‌يران و ئاڵۆزى بگه‌ڕێنه‌وه‌.

با هه‌موومان مانا و چه‌مكه‌كانى جه‌ژن له‌ ئاشته‌وايى و لێبورده‌يى و پێكهاتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆمان و ده‌وروبه‌رمان و هه‌مووان، بكه‌ينه‌ بنه‌مايه‌ك بۆ هه‌ڵسوكه‌وت و په‌يوه‌ندى و هه‌نگاوه‌كانى داهاتوومان. با هه‌موومان لاپه‌ڕه‌يه‌كى نوێى پێكه‌وه‌يى و يه‌كترقبووڵكردن بكه‌ينه‌وه،‌ تا پێكه‌وه‌ بتوانين خزمه‌تێكى باشترى گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان بكه‌ين و به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر، ئاسووده‌يى، سه‌قامگيرى، پاراستنى زياترى ماف و ئازادييه‌كان و ياسا و دادگه‌رى هه‌نگاو بنێين.

با له‌ ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و له‌ ته‌واوى عێراق جه‌ژن بكه‌ينه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ پێچانه‌وه‌ى يه‌كجاريى لاپه‌ڕه‌كانى ڕق و يه‌كترشكاندن و زمانى زبر و به‌ دڵ و نيازێكى پاكه‌وه‌ بيكه‌ينه‌ ده‌سپێكى سه‌ره‌تايه‌كى تازه‌ى ته‌بايى و هاوبه‌شى و هاريكاريى نێوان هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئاڵۆزى و كێشه‌ و تێپه‌ڕاندنى قه‌يرانه‌كان و هه‌موومان له‌ ئاست به‌رپرسياريه‌تيى مرۆيى و نيشتمانيماندا بين.

جه‌ژنى هه‌مووان پيرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

٢٠٢١/٥/١٢

  • https://presidency.gov.krd/congratulations-to-the-president-of-the-kurdistan-region-on-the-occasion-of-the-blessed-eid-al-fitr/

 

Read کد خبر: 2533

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی