سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/9/12 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز دەیڤد هەنت کونسولى گشتیى نوێى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى وێڕاى بەخێرهێنان، پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لێکرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هەموو پشتگیرییەکیشى بۆ سەرخستنى کار و ئەرکەکانى نیشان دا. هەردوولا جەختیان لەسەر برەودان بە پەیوەندیى دووقۆڵى و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى نێوان هەرێمى کوردستان و شانشینى یەکگرتوو کردەوە.
بەڕێز کونسولى گشتیى بەریتانیا ڕوونى کردەوە کە پلان و بەرنامەیەکى چڕى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیە و لەگەڵ تیمەکەى کارى لەسەر دەکات، هەروەها پابەندیى شانشینى یەکگرتووى بە بەردەوامیى پشتگیرى و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان و عیراق دووپات کردەوە و ستایشى هاریکارى و هەماهەنگیى وەزارەتى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى لەگەڵ وەزارەتى بەرگریى بەریتانیا کرد.
کارکردن بۆ فراوانکردنى بوارى بازرگانى و سەرمایەگوزارى و چالاکیى کەرتى تایبەت لەنێوان هەردوولادا، دۆخى هەرێمى کوردستان و عیراق بەگشتى، کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا، دوایین پێشهاتەکانى شەڕى دژى تیرۆر و مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى داعش، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عیراق، پەرەسەندنەکانى ناوچەکە و چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.
https://presidency.gov.krd/britain-confirms-its-support-for-the-kurdistan-region/