به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 2021/10/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى سه‌ردانه فه‌رمييه‌كه‌يدا بۆ قه‌ته‌ر، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز شێخ خالد بن خه‌ليفه بن عه‌بدولعه‌زيز ئال سانى، سه‌رۆك وه‌زيران و وه‌زيرى ناوخۆى قه‌ته‌ر كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عيراق و پێشبنييه‌كان بۆ داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له عيراق، بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر به‌تايبه‌تى له بوارى ئابوورى و بازرگانى و كشتو‌كاڵى و گه‌شتياريدا، په‌تاى كۆڤيد_19، لێكه‌وته‌كانى و پرۆسه‌ى كوتان به ڤاكسينى دژى په‌تاكه له عيراق و قه‌ته‌ر، گه‌شته ڕاسته‌وخۆكانى هێڵى ئاسمانيى قه‌ته‌رى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عيراق، تاوتوێ كران.
هه‌ردوولا جه‌ختيان له په‌ره‌پێدان به په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر كرده‌وه و باسيان له ده‌رفه‌تى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له هه‌رێمى كوردستان و له‌وێشه‌وه بۆ ته‌واوى عيراق كرد وه‌ك بازاڕيكى گه‌و‌ره به‌تايبه‌تى له‌و بوارانه‌دا كه بۆ هه‌رێمى كوردستان و عيراق پێويستن، هه‌روه‌ها هه‌نگاوه‌كانى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى گشتيى قه‌ته‌ريان له هه‌ولێر تاوتوێ كرد.
دوايين پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌ى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌كانى داعش، ڕێگه و شێوازه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و بير‌ى توندڕه‌وى، دۆخى ئاواره‌كان له كه‌مپى ئه‌لهۆل له سووريا، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوون.