سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: له‌ هه‌ڵبژاردندا خه‌ڵك په‌يامێكى ڕوونى بۆ ده‌سه‌ڵاتداران نارد

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/10/26 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداری لە ديدارى ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە ـ مێری ـ دا كرد كە به‌ناوى “عيراقى سه‌قامگير له‌پێناو ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى سه‌قامگيردا” له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ژمارەیەك باڵیۆز و كونسولی وڵاتان لە عیراق و هەرێمی كوردستان و ئەكادیميسيه‌ن و سیاسيی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، تيايدا به‌شدارن.

لە پانێڵێكی دیدارەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بەشدار بوو، له‌ وه‌ڵامى پرسيارێكدا ده‌ربارەی هەڵسەنگاندنیان بۆ دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەڕێزیان گوتی “بابەتی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی عیراق بە بۆچوونی من ئەگەر لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پێشووی عيراق بەراورد بكرێت، دەتوانم بڵێم ئەم هەڵبژاردنە یەكێك بووە لە باشترین هەڵبژاردنەكان لەڕووی تەكنیكی و نه‌بوونى تەزویرەوە یەكێك بووە لە باشترینیان، بێگومان گلەیی هەیە، بێگومان خەڵكانێك گلەییان لە پرۆسەكە و ئەنجامەكەی هەیە، پێموایە ئەوانیش مافی خۆیانە بۆچوونەكانیان لەبەرچاو بگیرێت، بەڵام ئەگەر بەراوردێك لەنێوان ئەم هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنەكانی دیكەی عیراقدا هەر لە ساڵی 2003وە تا ئێستا بكه‌ين، پێموایە قۆناغێكی زۆر باش بەرەوپێشەوە چووین. ئەوەی گرنگە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكانی عیراق بە شێوەیەكی گشتی، ئەوەیە ئه‌گه‌ر ئێمه‌ سه‌یری ڕێژه‌ی به‌شداربووان بكه‌ین له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌توانم بڵێم له‌ هه‌موو عیراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ڕێژه‌كه‌ كه‌م بووه‌ و ئه‌م كه‌مبوونی ڕێژه‌يه‌ش ده‌توانین وه‌ك زه‌نگێكی ئاگاداركردنه‌وه وه‌رگرین كه‌ خه‌ڵك ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وه‌ێ زۆر له‌وه‌ زیاتر له‌وه‌ی ئێستا ده‌كرێت، خه‌ڵك شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ ژیانێكی باشتریان هه‌بێت و په‌یامی خه‌ڵك ڕوونه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردن باشتر بكرێت، شێوه‌ی خزمه‌تگوزاری باشتر بكرێت و هیوادارم ئێمه‌ هه‌موو سیاسییه‌كانی عيراق ئه‌مه‌ وه‌ك ده‌رفه‌تێك وه‌ربگرین بۆ خۆگونجاندن و باشتركردنی ئه‌دائی خۆمان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌. ئاماژه‌تان پێدا له‌ بابه‌تی دیموكراسی، دیموكراسی ئه‌وه‌ نییه‌ په‌كێجێك بێت یان بڵێین ديارييه‌ك بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ بێت، تۆ ئه‌و دیاریه‌ پێشكه‌شی خه‌ڵك ده‌كه‌یت و پێی ده‌ڵێی فه‌رموو ئه‌وه‌ ئێمه‌ دیموكراسیمان بۆ هێناوی. دیموكراسی پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌، پرۆسه‌یه‌كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌مڕۆ گه‌یشتوونه‌ته‌ ترۆپكی دیموكراسی ئاوا ده‌ستیان پێكردووه‌. به‌ ڕای من تا ئێستاش عیراق له‌ ماوه‌ى ڕاگوزه‌ردايه‌، ئه‌م ماوه‌ ڕاگوزه‌ره‌‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ باشتر بكرێت و پرسی دیموكراسیش ئه‌وه‌ی گرنگه‌ خه‌ڵك ببینێ كه‌ له‌سه‌ر ڕێچكه‌یه‌كی دروست ده‌ڕوات و ئه‌گه‌ر خه‌ڵك ئه‌مه‌ ببینێت ئومێدیان زیاتر په‌یدا ده‌بێت. بابه‌تی هه‌ڵبژاردن و چوونه‌سه‌ر سه‌ندووقی ده‌نگدانیش یه‌كێك له‌ پێوه‌ره‌كانی دیموكراسییه‌‌، به‌ڵام هه‌موو شت نییه‌ و به‌ دیدی من له‌و ڕووه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌راوردێك بكرێت و سه‌یری ڕابردووی عيراق بكرێت له‌و سیستمه‌ حوكمڕانییه‌ی كه‌ هه‌بوو و ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌تی، پێموایه‌ ده‌بێت زیاتر خۆشبین بین له‌وه‌ی كه‌ عیراق له‌سه‌ر ڕێچكه‌یه‌كی ڕاست ده‌ڕوات”.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ په‌یامی خه‌ڵك و پاراستنی هاوسه‌نگیی له‌ عیراقدا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد “په‌یامی خه‌ڵك و به‌شدارینه‌كردنیان له‌ هه‌ڵبژاردن كه‌ ڕێژه‌ی ده‌نگدان به‌و شێوه‌یه‌ بوو، ئه‌وه‌ په‌یامێكی ڕوونی خه‌ڵك بوو بۆ ده‌سته‌ڵاتداران كه‌ له‌ سیسته‌می حوكمڕانی ڕازی نین و ئه‌وه‌ ڕوون بوو، له‌ هه‌مان كاتدا گه‌ر سه‌یری دۆخی سیاسیی عیراق بكه‌ین له‌ ساڵی 2003ه‌وه‌ تا ئێستا، له‌ ماوه‌يه‌كداين وه‌ك باسم كرد كه‌ ماوه‌يه‌كى ڕاگوزه‌ره‌‌ و ناتوانین بڵێین هه‌موو شتێك به‌ شه‌و و ڕۆژێك له‌م وڵاته‌ دروست ده‌بێت، خه‌ڵكی عیراق خه‌ڵكێكی هۆشیاره‌ و له‌ داواكارییه‌كانیان زۆر جددین، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ به‌غدا ڕوویدا له‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌شێكی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ سیستمه‌كه‌ ڕازی نین و ده‌یانه‌وێ گۆڕانكاری بكه‌ن، تا ئێستاش خه‌ڵكی عیراق له‌و بڕوایه‌دایه‌ كه‌ پرۆسه‌ی سیاسی و دیموكراسی له‌ عیراق له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌توانێ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ دروست بكات، مه‌ترسییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ گه‌ر خه‌ڵك گه‌یشته‌ ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ هیچ گۆڕانكارییه‌ك دروست ناكات، ئه‌وكاته‌ په‌رچه‌كردارێكی گه‌وره‌ لای خه‌ڵك دروست ده‌بێت. به‌داخه‌وه‌ تا ئێستاش له‌ عیراق پرسی هاوڵاتیبوون وه‌ك پێویست ڕه‌چاو ناكرێت، پرسه‌كه‌ زیاتر سوودی كه‌سایه‌تی و حزبه‌كانه‌ و هیچ مافێك به‌ هاووڵاتیبوونی ئه‌م وڵاته‌ نادرێت، واز له‌وه‌ بێنه‌ ئينتيمای سیاسی چییه‌، گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاووڵاتیی ئه‌م عیراقه‌ن و شایسته‌ی ژیانێكی باشترن، سیاسییه‌كانی عیراق به‌ هه‌موومانه‌وه‌ و خۆمان له‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌رناكه‌ین، ده‌بێت ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌و متمانه‌يه‌ی له‌ ڕێگه‌ی سه‌ندووقی ده‌نگدانه‌وه‌ به‌ده‌ستمان هێناوه‌، ئه‌مانه‌تێكه‌ كه‌ خه‌ڵك ئه‌و باوه‌ڕه‌ی به‌ ئێمه‌ داوه‌، مادام خه‌ڵك ئه‌و باوه‌ڕه‌ی به‌ ئێمه‌ داوه‌ و ئه‌و ئه‌مانه‌ته‌ی ئێستا له‌سه‌ر شانی ئێمه‌یه‌، ده‌بێت به‌ باشترین شێوه‌ هه‌وڵ بده‌ین ئه‌مانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین، تا ئێستا ئه‌وه‌ی ده‌بینم زۆر به‌داخه‌وه‌ هیچ مه‌عقوول نییه‌ خه‌ڵكی عیراق له‌ كه‌مترین خمه‌تگوزاری كێشه‌ی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ شتێكه‌ دوای 18 ساڵ نه‌وه‌یه‌ك له‌ عیراق په‌روه‌رده‌ بووه‌، بڕوانه‌، ئه‌وه‌ی ساڵی 2000 له‌دایك بووه‌ ئه‌مڕۆ مافی ده‌نگدانی هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ نازانن له‌ عیراق پێشتر چی ڕوویداوه‌ و سیستمی حكومڕانی به‌ چ شێوه‌یه‌ك بووه‌، ئه‌وان ئه‌م وڵاته‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ به‌راورد ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ ده‌رفه‌تی كاریان بۆ بڕه‌خسێ، ده‌یانه‌وێ باری ژیانیان باشتر ببێت، ده‌یانه‌وێ خزمه‌تگوزاريی باشتر ببێت و ئه‌مانه‌ هه‌موو ئه‌و داواكاریانه‌ن و هه‌ر حكوومه‌تێك بێت له‌مه‌ودوا ده‌بێت ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر له‌به‌رچاو بگرێت”.

دواتر ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی عیراق و هه‌رێمى كوردستان و كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و یه‌كڕیزییان له‌ به‌غدا و ڕۆڵی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند “له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ده‌بێت ئه‌و ڕۆڵه‌ ببینێت و چه‌ترێك بێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان له‌ به‌غدا، ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم هه‌م خۆم و هه‌م هه‌ڤاڵانم كه‌ له‌گه‌ڵم كار ده‌كه‌ن و به‌ڕێزانى جێگريش هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌و چه‌تره‌ بین بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تاكو یه‌ك ده‌نگمان هه‌بێت له‌ په‌رله‌مانی عیراقدا و داواكاريی هه‌رێمیش زۆر ڕوونه‌، ده‌مانه‌وێت ده‌ستوور له‌ عیراق جێبه‌جێ بكرێت. گه‌ر بێین سه‌یری عیراق بكه‌ن ساڵی 2003 به‌شداریمان له‌ پرۆسه‌ی ئازادكردنی عیراقدا كرد و ئه‌وه‌ی پێشمان كرا بۆ ئه‌وه‌ی عیراق سه‌قامگیر و ئارام و خۆشگوزه‌ران بێت، هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردايه‌تيى سیاسیی هه‌رێمی كوردستان هیچ كه‌مته‌رخه‌مييه‌كيان نه‌كردووه‌، ته‌نیا بۆ مسۆگه‌ركردنى ئاسايشى به‌غدا پێشمه‌رگه‌مان نارد تا له‌وێ ئارامى بپارێزن، ئه‌مڕۆ هه‌رێمی كوردستان یه‌ك پرسیار له‌ خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت دوای 18 ساڵ ئه‌م ده‌ستووره‌ی كه‌ سه‌دا هه‌شتای خه‌ڵكی عیراق ده‌نگی پێدا و ئێمه‌ش به‌ كۆمه‌ڵێك هیوا و ئومێدى زۆره‌وه‌ چووینه‌ به‌غدا، ئایا ئه‌م ده‌ستووره‌ جێبه‌جێ كراوه‌؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی نه‌خێر هیچ به‌ندێكی ده‌ستووری له‌ عیراقدا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، زۆری جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، عه‌قلیه‌تی مه‌ركه‌زیه‌ت له‌ به‌غدا تا ئێستاش حاكمه‌، به‌ كورتی هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت ده‌ستوور جێبه‌جێ بكات، له‌ ده‌ستووردا هه‌رێمی كوردستان هه‌م ئه‌ركه‌كانی ده‌زانێت و هه‌م ده‌زانێت مافه‌كانى چییه‌، به ‌ڕای من ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆ سه‌قامگیریی عیراق، گه‌ر سه‌یری بكه‌ین گرنگترین به‌ندی سه‌قامگیریی عیراق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كێشانه‌ی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا هه‌ن چاره‌سه‌ر بكرێن. ده‌توانین به‌ چه‌ند وشه‌یه‌ك وه‌سفی عیراق بكه‌ین، به‌رده‌وام سوننه‌كانی عیراق ترسیان له‌ داهاتوو هه‌یه‌، شیعه‌كانی عیراق به‌رده‌وام باس له‌ ڕابردوو ده‌كه‌ن و ترسیان له‌ ڕابردوو هه‌یه‌، كورد له‌ عیراقدا ترسی له‌ ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو‌ش هه‌یه‌، تا ئه‌م دڵه‌ڕاوكێیه‌ بمێنێت مومكین نییه‌ ئاراميى سیاسی بۆ وڵات بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌ڕای من گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ و سه‌قامگیریی سیاسی له‌ عیراقدا مه‌رجێگی سه‌ره‌كییه‌ بۆ عیراق دوای ئه‌م چه‌ند ساڵه‌. ده‌بێت دوای ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ هه‌ر حكوومه‌تێك له‌ عیراق دروست ببێت و هه‌ر لایه‌نێك حكوومه‌ت پێك بهێنێت و هه‌ر كه‌سێك سه‌رۆك وه‌زیران ده‌بێت، ده‌بێت ئه‌وله‌ویه‌تی سیاسی بده‌نه‌ ئه‌وه‌ كه‌ چۆن كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ن”.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا كه‌ ئایا كورد چی بكات تا مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی جێبه‌جێ بكرێت، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی “یه‌كه‌م شت كه‌ پێویسته‌ كورد بیكات، كه‌ ده‌ڵێم كورد مه‌به‌ستم كوردستانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌ كورد و توركمان و مه‌سیحی و ئاشووری و كلدان و هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌، ده‌بێت یه‌ك ده‌نگمان هه‌بێت له‌ به‌غدا، ئه‌مه‌ جارێ مه‌رجی یه‌كه‌می سه‌ركه‌وتن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت كورد به‌ یه‌كگرتوویی بڕواته‌ به‌غدا و كێشه‌كانی خۆی له‌ناوخۆدا چاره‌سه‌ر بكات و وێنایه‌كی ڕوونی هه‌بێت و شته‌كان له‌ یه‌كتری جیا بكاته‌وه‌ و له‌ ماڵی خۆمان كێشه‌مان هه‌یه‌ و بۆچوونی جیاوازمان هه‌یه‌ و زۆر شت هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه‌ بچنه‌ به‌غدا و له‌وێ به‌یه‌كه‌وه‌ داكۆكی له‌ مافه‌كانی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ بكه‌ین. بابه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ پۆستێكمان هه‌یه‌ سه‌رۆك كۆماره‌ یان پۆستێكمان هه‌یه‌ وه‌زیره‌، خۆ كێشه‌ی كورد پرسی پۆست نه‌بووه‌، پرسی كۆمه‌ڵێك داواكاری بووه‌ كه‌ له‌ ده‌ستووردا ده‌نگمان پێیداوه‌ و ده‌مانه‌وێت ئه‌مانه‌ جێبه‌جێ بكرێت، شه‌ڕی ئێمه‌ بۆ پۆست نییه‌ كه‌ كورد چ پۆستێك هه‌یه و چ پۆستێكی به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ پێویسته‌ هه‌موومان هه‌وڵ بده‌ین ئه‌و مافه‌ ده‌ستووریيانه‌ جێبه‌جێ بكرێن كه‌ گه‌لی عیراق ده‌نگیان بۆ داوه‌ و هه‌رێمی كوردستانیش له‌م چوارچێوه‌یه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌مه‌ پێویستی به‌ گۆڕینی عه‌قڵييه‌ت و فكر و شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا له‌ به‌غدا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ده‌بێت ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت؟ من نموونه‌یه‌ك ده‌هێنمه‌وه‌، زۆر جار باسی بودجه‌ ده‌كرێت، ئه‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ به‌غدا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، وه‌ك كورد ده‌ڵێت له‌ دووكانی هیچ عه‌تارێكدا نییه‌، به‌ هه‌موو واتایه‌ك ناتوانی پێی بڵێی فیدرالییه‌، سیستمی فیدرالی ئه‌مه‌ نییه‌، وڵاته‌كه‌ت و سیسته‌مه‌كه‌ت فیدرالییه‌، شێوه‌ی مامه‌ڵه‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێم ئه‌وه‌نده‌ مه‌ركه‌زییه‌ كه‌ ته‌سه‌وری ناكه‌ى، ئه‌مه‌ نموونه‌یه‌كی زۆر بچووكه‌ له‌ بودجه‌ و ئه‌مانه‌ پێویستی له‌ یه‌كترتێگه‌یشتن و چاره‌سه‌ر هه‌یه‌، تا كه‌ی هه‌ر ده‌بێت چاوه‌ڕێ بین كه‌ ئایا مووچه‌ و بودجه‌ هات؟ ده‌بێت ئه‌مانه‌ یه‌كلا بكرێنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌غدا هه‌رێمی كوردستان به‌ هاووڵاتیانی عیراق ده‌زانێت و ده‌زانێت كه‌ مافی هه‌یه‌ به‌پێی ده‌ستوور، ده‌بێت ئه‌م شتانه‌ چاره‌سه‌ر بكات، پێویسته‌ ئه‌م شێوه‌ بیركردنه‌وه‌ و فكری ده‌سه‌ڵاتداران به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بگۆڕدرێت، ده‌بێت بینای عیراق له‌سه‌ر شه‌راكه‌ت و ته‌وافق بێت و ئه‌و پره‌نسیپانه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگنترن، هه‌رێم به‌رچاو و ستراتیژیه‌تی ڕوونه‌ و ئاماده‌یه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بنێت، به‌شداریی ئێمه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقدا، بۆ یارمه‌تیدانی هه‌موو عیراق بووه‌، به‌شداریمان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراقدا كردووه‌ به ‌هیوای ئه‌وه‌ی كه‌ دروسته‌ مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكرێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا بۆ یارمه‌تیدانی هه‌موو عیراق بووه‌”.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی بانكدارییه‌وه‌ چۆن ده‌توانێت یارمه‌تيی عیراق بدات دوور له‌ كێشه‌كانی نه‌وت و بودجه‌، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد “هه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر هه‌یه‌، هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ئاماده‌ییه‌ی هه‌یه‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا چاره‌سه‌ر بكات، با نه‌چمه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پرسی نه‌وت به‌ مافى ده‌ستووریی خۆمانی ده‌زانین و كه‌ ئه‌نجامیشمان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ كێشه‌یه‌ك بۆ عیراق دروست بكه‌ین، به‌پێی ده‌ستوور پێمان وابووه‌ ئه‌وه‌ی كردوومانه‌ مافی خۆمان بووه‌، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت ئه‌و كێشانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كلایان بكه‌ینه‌وه‌ و چاره‌سه‌ر بكرێن. پرسی بانكداری بۆ ئابووريی هه‌ر وڵاتێكی جیهان گرنگترین شت پێشخستنی كه‌رتی بانكییه‌، بیرم دێ كه‌ كۆنفرانسی كوه‌یت كرا، زۆر باسی ئه‌وه‌ ده‌كرا كه‌ پاره‌ بۆ عیراق كۆبكرێته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی ژێرخان، ئه‌و كات به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانشم گوت ته‌نیا داوای یه‌ك شت بكه،‌ ئه‌گه‌ر وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ به ‌ڕاستی ده‌یانه‌وێ یارمه‌تیی عیراق بده‌ن و گه‌ر عیراقیش ده‌یه‌وێ به‌ ڕاستی یارمه‌تیی خۆی بدات، گرنگنترین شت ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت كه‌رتی بانكی له‌ عیراق چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌مڕۆ شتێكمان نییه‌ له‌ عیراق به‌ناوی كه‌رتی بانكی، ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینی گۆڕینه‌وه‌ی دراو‌ و بۆرسه‌یه‌ له‌وه‌ زیاترمان نییه‌، واته‌ ئابووریمان له‌ عیراق نییه‌، ئابووريی عیراق بریتییه‌ له‌وه‌ی مانگانه‌ نه‌وت ده‌فرۆشرێت و پاره‌ی نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌و پاره‌یه‌ دابه‌ش ده‌كرێت و ته‌واو، شتێك نییه‌ پێی بڵیی ئابووریمان هه‌یه‌، شتێك نییه‌ پێی بڵێی ئیكۆنۆمییه‌كی به‌هێز هه‌یه‌ له‌ عیراق، هه‌رێمی كوردستان له‌ پرسی بانكدا له‌ڕووی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ په‌یڕه‌وی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ كه‌ له‌ به‌غدا داده‌ڕێژرێت و هه‌وڵی خۆمان به‌ جددی داوه‌، ته‌نیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان گوتوومه‌ به ‌ڕاستی گه‌ر ئێوه‌ ده‌تانه‌وێ یارمه‌تيی عیراق بده‌ن، یه‌كه‌م كار ئه‌وه‌يه‌ كه‌ چاره‌سه‌ر بۆ كه‌رتی بانكی بدۆزنه‌وه‌، یارمه‌تیی عیراق بده‌ن كه‌ ئه‌م كه‌رته‌ ببووژێته‌وه‌، بێ بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی بانكی له‌ عیراق، نه‌ عیراق پێشده‌كه‌وێت و نه‌ هیچ وه‌به‌رهێنه‌رێكیش ئاماده‌یه‌ پاره‌ی خۆی له‌ عیراق وه‌به‌ر بێنێت، له‌ هه‌ر كۆنفرانسێكدا به‌شدار ده‌بن باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان بێن و عیراق وڵاتێكی وایه‌ و وایه‌، كاكه‌ نایه‌ن، جارێ وه‌رگرتنی ڤیزای عیراق به‌ڵايه‌كه‌، دێیه‌ سه‌ر یاسای وه‌به‌رهێنان به‌ جۆرێك دارێژراوه‌ كه‌ هیچ وه‌به‌رهێنه‌رێك نایه‌ته‌ عیراق، ئه‌وه‌ی كوردستان باشتره‌. له‌وه‌ خراپتر عیراق هیچ سیستمی بانكی نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌ عیراق ئه‌م ژێرخانانه‌ چاكسازییان تێدا نه‌كرێت و باش نه‌كرێن، هه‌موو ساڵێك ئه‌و كۆنفرانسانه‌ ئه‌نجام ده‌درێن و هیچ پێشكه‌وتنیش دروست نابن”.

ده‌رباره‌ی سه‌ردانه‌كانی به‌ڕێزیان بۆ وڵاتانی جیاوازی ناوچه‌كه‌ و جیهان، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد “به‌پێی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی هه‌رێم نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ به‌ روونی له‌ یاساكه‌دا هاتووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنتره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێی عیراق، له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ عیراق له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ جيهان سه‌فه‌ری زۆر باشمان ئه‌نجام داوه‌ جه‌ختمان له‌سه‌ر په‌یامی دۆستایه‌تی، په‌یامی به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن كردووه‌ته‌وه‌، په‌یاممان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌شێكین له‌ چاره‌سه‌ر له‌ عیراقدا و نامانه‌وێ به‌شێك بین له‌ كێشه‌ و ده‌مانه‌وێ عیراق به‌ره‌و ئاقارێكی سه‌قامگیر بڕوات له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، پێم وایه‌ ئه‌وان هه‌موویان ئه‌مه‌یان له‌ ئێمه‌ قبووڵ كردووه‌ و لاى هیچ لایه‌نێكمان له‌ دژی لای دیكه‌ نه‌گرتووه‌، هه‌وڵمان داوه‌ له‌ ناوچه‌یه‌ی تێیداین ببینه‌ فاكته‌رێك بۆ سه‌قامگیریی سیاسی و ئابووری له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك.

ده‌رباره‌ى دروستبوونى کێبەرکێی زلهێزەکان له‌ ناوچه‌كه‌ و دەرفەت و مه‌ترسييه‌كانى گؤرانكارى و دۆخه‌كه‌ له‌سه‌ر هەرێمی کوردستان سەرۆک نێچیرڤان بارزانى گوتى: عيراق لە پرسی کەشوهەوا لە ڕيزى پێنجەمی ئەو وڵاتانەیە کە کاریگەری لێ دەکرێت، واتە ئەمە پرسیکی زۆر گرنگە کە عيراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەبێت زۆر بە جددی هەڵوەستەی لەسەر بکەن. پێموایە هاوکات دەبێت پابەندی ئەو پێوەرە نێودەوڵەتییانە بین کە لەم ڕووەوە هەن. ڕاستە پێشینەکان گۆڕاون، بەڵام ئێمە پێمانوایە هەتا ئێستاش عيراق ئەوە نییە کە سەبارەت بە ئەمه‌ریکا پێشینە نەبێت. پێموایە عيراق زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەفغانستان، دوو شتی زۆر لە یەک جیاوازن و ناتوانی بەراوردیان بکەیت. ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئەمه‌ریکا تاهەتایە لێرە دەمێنێتەوە. ئەمڕۆ تۆپەکە لە گۆڕەپانی عيراق و عيراقییەکانە، ئەوەی پێویست بووە، ئەمه‌ریکا تا ئێستا جێبەجێی کردووە، لەمەودوا دەبێ عيراقییەکان خۆیان، زیاتر خەمی خۆیان بخۆن. خەمی دواڕۆژی وڵاتەکەیان، خەمی ئەوە بخۆن چۆن دامەزراوەکانی حکوومەت ڕێکوپێک بکەن. کێشەی گەورە لە عيراق ئەوەیە کە ئێمە دامەزراوەکانمان نین. دەسەڵات لە دەرەوەی حکوومەتە، دەسەڵات لە شوێنێکی ديكه‌يه‌، کەسیشیان لەو دەسەڵاتانە ئامادە نین دان بەیەکتردا بنێن. بۆ نموونە، زۆر جار لە بەغدا پێمگوتوون: باشە ئێوە ئەم دەسەڵاتانەتان بۆ وایە؟ تۆ سەیری حزبەکان دەکەیت، کەسی یەکەم و دووەمی حزبەکان هەموویان لە دەرەوەی دەسەڵاتن. لەبری ئەوە، کەسی ديكه‌ دەنێرنە ناو حکوومەت، کەواتە هەتا ئێستا لە عيراقدا پرسی حوکمڕانی بە جددی وەرنەگیراوە. ئەمانە دەبێ بێن، هەموویان بەیەکەوە لەناو حکوومەت بەشدار بن و یارمەتی بدەن، چونکە بە ڕاستی ئەوەی کە سەرۆک وەزیران وەک کەس پێی دەکرێت و ئەوەی کە لێی چاوەڕێ دەکرێت کە بیکا، شتێکی زۆر بچووکە.

له‌ وه‌ڵامى پرسيارێكى ديكه‌دا ده‌رباره‌ى ئه‌زموونى ده‌سه‌ڵاتى كوردستان و قۆناغه‌كانى له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ ئه‌رێنى و نه‌رێنييه‌كانى، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى گوتى: قۆناغەکانی دەسەڵاتی کوردیی، بەش بەشە. ساڵی ١٩٩١ دوای ڕاپەڕین تا ساڵی ٢٠٠٣، یان با نموونەیەکی دروستتر بێنم، ساڵانی ١٩٩١ و ١٩٩٢ کە ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێرە دروست بوو و سیستەمەکە بە شێوەیەک بوو کە دەبێ کێشەکان لە ڕێگای هەڵبژاردن و سه‌ندووقی دەنگدان یه‌کلایی بکرێنەوە، ئەمە قۆناغی دەستپێک بوو. عيراق ئەوکات هەموو گرەوەکانی لەسەر ئەوە بوون کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن و ناچار دەبن بگەڕێنەوە بۆ بەغدا و دەستیشمان ماچ بکەن و پێمان بڵێن فەرموون وەرن ئەو سیستمە بەڕێوە ببەن. ئەم قۆناغە تا ساڵی ٢٠٠٣، قۆناغی خۆپاراستن بوو. شتێک نەبوو تۆ بڵێیت ئێمە توانیومانە ژێرخانێکی ئابووری بۆ هەریمی کوردستان دروست بکەین. ئێمە لە ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ تەنیا سوپاسگوزار بووین کە بتوانین مووچە دابین بکەین، لەوە زیاتر هیچ چاوەڕوانیيه‌کی دیکەمان نەبووە، هەروەها شتێکیشمان بەناوی کەرتی تایبەت نەبووە، یان یەکجار زۆر کەم بووە. قۆناغی ئاوەدانیی هەریمی کوردستان دوای ساڵی ٢٠٠٤ دەستی پێ کردووە. ئەگەر لە دوای ٢٠٠٤یش بەراوردێک بکەین، دەبینین ژیان لە هەرێمی کوردستان لە هەموو ڕووێکەوە گۆڕاوە. ئەگەر پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا هەموو شتێکی ئێمە تەواوە و هیچ کەموکوڕیێکمان نییە و هەموو شت دروستە؟ وا نییە. ئێمە ئێستاش لە بەرپرسیاريه‌تی ڕاناکەین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئێمە بڵێین دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتێک نییە خۆی سەپاندبێت، بەڵکوو دەسەڵاتێکە لە ڕێگای سه‌ندووقی دەنگدانەوە هەڵبژێردراوە. واتە میللەت ئەم متمانەیەی بەم دەسەڵاتە داوە. میللەت دەنگی پێداون و پشتی پێ بەستوون و گوتوویەتی بەردەوام بن و چاوەڕوانیشیان هەیە. ژیان وایە، ئەوە نییە بڵێیت کە هەموو شتێک لە ئاستێكدا ڕادەوەستێت. ئەگەر ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ ڕاپرسیيه‌ک لە هەرێمی کوردستان کرابووایە، خەڵک دەیگوت پێشینەیی بۆ ئیمە ئاسایشە، بەڵام دواتر پێشینەیی و شتە جێی بایەخەکان گۆڕان، کە ئاسایش هەبوو، گوتیان شتی ديكه‌مان دەوێت، ئەمەش شتێکی زۆر زۆر ئاسایی و سروشتییە، ژیان وایە. ئاستى داواکارییەکان بەرز دەبێتەوە و گەلی کوردستان، میلەتی ئێمە شایستەی ئەوەیە کە خزمەتی زیاتري بکەین. کەواتە ئەو متمانەیەی کە خەڵک بە ئێمەی داوە، دەسەڵاتی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتێکە بەرهەمی ئەم متمانەیەیە و لە میللەت وەریگرتووە و هیچ دەسەڵاتێک نییە کە خۆی سەپاندبێت.. ئێمە ئازادییەکانمان بەرتەسک کردوونەتەوە، بەڵام بڵێم هیچ هەڵەیەک ڕووی نەداوە، بەڵێ ڕوویداوە، هەڵەش ڕوویانداوە، بەڵام ئێمە لە هەرێمی کوردستان، لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە یەک خاڵ زۆر دڵنیاین. ئێمە دەزانین کە لەسەر ڕێگایەکى ڕاست بەرەو ئایندە هەنگاو دەنێین. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەو کەموکوڕییانەی کە لەسەر ڕێگەی ئیمەن، دەبێ هەوڵ بدەین هەموویان لابدەین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. چونکە ئەو خەڵکەی ئەم متمانەیەیان بە ئێمە داوە، دەتوانن هەر لە ڕێگای سه‌ندووقی دەنگدانەوە ئەو متمانەیەمان لێ وەربگرنەوە. ئێمە خۆمان ئەم سیستمەمان دامەزراندووە، دەستپێشخەرییەکە لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بووە. ئەگەر سەیری مێژوو بکەیت، جەنابی سەرۆک بارزانی دوای ڕاپەڕین لە کۆیە یەکەم کەس بوو ڕایگەیاند کە دەبێ لە ڕێگای دەنگدان و هەڵبژاردنەوە شتەکان یەکلایی بکرێنەوە، ئەوە ئیمە بووین. ڕوانگە و تێڕوانینی ئێمە بۆ ئایندە ڕۆشنە. ئێمە دەمانەوێت دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ڕیکوپێک بکرێن، پشت بە کەسەکان نەبەسترێت، ئەم کەسە ئەمڕۆ لێرەیە و سبەی لێرە نییە. ئێمە دەبێت بەرەو دروستکردنی دامەزراوەکان هەنگاو بنێین، دامەزراوەکانیش بە شەو و ڕۆژێک دروست نابن، ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە لە ژیاندا. هیوادارم کاتێ ئێمە دادەنیشین، بەراوردێک لەنێوان دۆخی ئێستا و پێشتر بکەین، ئەوەتا دەبینین کە سەرەڕای هەموو ئەو کەموکوڕییانە کە خۆشمان هەستیان پێ دەکەین و دەزانین و هەوڵیش دەدەین چارەسەریان بکەین، دەبینین لە زۆر بواریشدا پێشکەوتنی باسمان بەدەست هێناوە.

له‌ وه‌ڵامى پرسيارێكى ديكه‌دا ده‌رباره‌ى ئه‌و فشار و هێرشانه‌ى به‌ درۆن ده‌كرێنه‌ سه‌ر هه‌ولێر و ده‌گوترێت ئێرانى له‌پشته‌وه‌يه‌، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى گوتى: ئەگەر بچینە نێو ئەو باسانە، ئەو شتانە هەن، زۆریشن. واتە بەو مانایە نییە کە ئه‌و کێشانە لە ناوچەکە نەبن، بەڵام دیوێکی ديكه‌شی هەیە ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ ئەو وڵاتانە سنوورێکی دوور و درێژمان هەیە، پەیوەندیی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەنێوان ئێمە و ئەو وڵاتانه‌دا زۆر زۆر بەهێزە. هەر بۆ نموونە لەڕووی بازرگانییەوە لەگەڵ ئێران نزیکەی یازدە ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە و نزیکەی ٧٠٪ی ئەو شتانەی لەو وڵاتە بۆ عيراق دەچن، هەر لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە دێن. ئێمە ئەوانە دەبینین، لەگەڵ ئەمەشدا، بۆ چارەسەری ئەو شتانە، ئێمە ڕووی قسەمان زیاتر لە بەغدایە، ئێمە ڕووی قسەمان لە تاران نییە، بەڵکوو لە بەغدایە. ئەوەی داوا دەکەین ئەوەیە کە هێزە چەکدارەکانی عيراق هەموویان لەژێر کۆنترۆڵی سەرۆکی وەزیراندا بن، چونکە بەپێی یاسا، ئەو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە. زۆر بەداخەوە، ئێمە لە عيراق دەبینین هەندێک لە هێزەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسادا ئەم هەوڵانە دەدەن و ئەو کارانە دەکەن. نیگەرانیی هەرێمی کوردستان لەم پرسەدا، نیگەرانیيه‌کی جددییە، بەڵام ڕووی قسەی ئێمە لە بەغدایە، دەبێت بەغدا کۆنترۆڵی ئەمانە بکات، دەبێ ئەمانە هەموویان لەژێر دەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا کۆنترۆڵ بکرێن، جا هەر کەسێک سەرۆکی وەزیران بێت، واتە مەبەستم کەسیکی دیارکراو نییە. مەبەستم ئەوەیە کە بەپێی یاسا، ئەمانە لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندان. فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش سەرۆک وەزیرانە. بەداخەوە، ئەم شتانەی کە دژی هەولێر دەیکه‌ن، یان هەوڵ دەدەن درۆن و ڕۆکێت بنێرن تا لە هەولێر بدەن، لە ناسەقامگیریی زیاتر هیچی بۆ ئەم وڵاتە لێ شین نابێت. سیاسەتی ئێمە ڕوونە، ئێمە بەشێکین لەو بڕیارانەی کە لە بەغدا بۆ هەر بابەتێک دەدرێن. ئێمە بەشیک نین لەوەی کە کێشە دروست بکەین.

سه‌باره‌ت به‌ ئۆپه‌راسيۆن و كاره‌ سه‌ربازييه‌كانى توركياش له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێزيان گوتى: ئەگەر بێتو ئێمە بە شێوەیەکی واقیعی سەیری بابەتەکە بکەین، پێش ئەوەی بڵێین تورکیا وا دەکات، دەبێ بپرسین: تورکیا بۆچى وا دەکات؟ ئەمە زۆر زۆر گرنگە. ئایا دروستە عيراق بە هەرێمە کوردستانیشەوە ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ تورکیا یان بۆ هەر دراوسێيەک؟ وەک پرەنسیپ، ڕای ئێمە و سیاسەتی ئێمە لە ناوچەکە ئەوەیە کە نابێت هەریمی کوردستان و عيراق ببنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ. ئەوەی کە کێشەکەی قووڵ کردووەتەوە، پەکەکەیە. پەکەکە کێشەیەکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان. پەکەکە ئەمڕۆ ناتوانێت لەناو تورکیا هیچ چالاکیێکی سەربازی بکات، بەڵام دێت و ئەو ئاڵۆزییانە دێنێتە ناو هەرێمی کوردستان و لەناو هەرێمی کوردستاندا کێشە دروست دەکات. واتە هۆکاری سەرەکیی ئەمە ئەوەیە کە پەکەکە ئەو کێشانە دروست دەکات. واتە ئەگەر پەکەکە ئەو کێشانە دروست نەکات، ئەو کاتە زۆر ئاسانتر دەبێت کە بە دەنگێکی بەرز بە تورکیا یان بە هەر وڵاتێکی تر بڵێین هەقی ئێوە نییە ئەمە دەکەن، بەڵام پەکەکە کە نە ڕێزی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت، نە ڕێزی بڕیارەکانی حکوومەتی هەریمی کوردستان دەگرێت، نە پابەندی هیچ بڕیارێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەبێت و لە ڕۆژی یەکەمیشەوە زۆر بە ئاشکرایی دژایەتیی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە. بۆیە ئێمە چ چاوەڕوانییه‌کمان لە تورکیا هەبێت؟ کەواتە بە ڕای من، لەم پرسەدا ئەوەی زۆر گرنگه‌ ئەوەیە کە پەکەکە پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی خۆیدا بکات، دەبێ هەریمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە نەبێت نە بۆ تورکیا و نە بۆ ئێرانیش. ناکرێ هەرێمی کوردستان بەهەشتی هێمن بێت بۆ ئەوەی ئەوان بچن لە وڵاتانی ديكه‌ چالاکیی سەربازی بکەن و بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان. لەو نێوەدا دەبێت ڕێزی سەروەریی عيراق و هەرێمی کوردستان بگیرێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا، دیسانەوە من ڕووی گلەییم لە عيراقیش دەکەم. ڕاستییەکەی ئەوەی ئەمڕۆ لە شه‌نگال دەگوزەرێت، بابەتەکە پەکەکەیە. ئێمە ڕێککەوتنێکمان لەمبارەیەوە هەیە، حکوومەتی هەرێم ڕێککەوتنێکی زۆر باشی لەم ڕووەوە لەگەڵ عيراق ئیمزا کردووە، بۆچى ئەو ڕێککەوتنە لە شه‌نگال جێبەجێ ناکرێت؟ هۆکار چییە؟ ئێ حکوومەتی عيراق لە بەغدا باش دەزانێت کە یەکێک لەو هۆکارانەی وای کردووە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت، بوونی پەکەکەیە لە شه‌نگال و زۆریش بەداخەوە کە لە بەغداوە هاوکاری و پارەیان دەدرێتێ. ئەمە کێشەیەکە دەبێ زۆر بە جددی هەوڵ بدرێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.

له‌ وه‌ڵامى پرسيارێكى ديكه‌دا سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئاخۆ ئه‌مه‌ريكا هه‌مان سيناريۆى ئه‌فغانستان له‌ عيراق دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌باره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا و عيراقه‌وه‌، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى گوتى: بابەتی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عيراقدا لە دیدی هەریمی کوردستانه‌وه‌ ئەوەیە کە هەتا ئێستا عيراق پێویستیی بە یارمەتیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە. بڕۆ پرسیار لە هەر ئەفسەرێکی عيراقی بکە و پێی بڵێ دۆخی ئێوە و ئامادەیيی ئێوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بە چ شێوەیەکە؟ ئەگەر وەڵامی ڕاستت دەوێت، پێت دەڵێن: بەبێ هاوکاریی نێودەوڵەتی، ئێمە زۆرمان ماوە بۆ ئەوەی ئامادە بین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و داعش لە عيراق. کەواتە بۆچوونی ئێمە تایبەت نییە بە هەرێمی کوردستان، ئێمە پێمانوایە بوونی هێزەکانی ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانان بۆ یارمەتیدانی عيراق، گرنگ و پێویستە. ئێمە بابەتەکە لەو چوارچێوەیەدا دەبینین، بەڵام ئەگەر سبەینێ لە بەغدا بڕیارێک بە پێچەوانەی ئەم بۆچوونەی ئێمه‌وه‌ دەرچوو، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک، هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو بڕیارەی بەغدا دەبێت، جا هەر بڕیارێک بێت. ئەمه‌ریکا دەتوانێت لە عيراق چی بکات؟ ئەمه‌ریکا ساڵی ٢٠٠٣ کە هات، یەکەم شت ڕژێمی دیکتاتۆری لادا. دووەم شت، هات بنەمای سیستمیکی دیموکراسی لە عيراق دامەزراند، ئینجا خراپە، یان ئێمە لێی ڕازی نین، کەموکوڕی هەیە، ئەمە هەمووی ڕاستە، بەڵام بناغەکەی داڕشت. هاوکات لەناو عيراقدا زۆر وەبەرهێنانی کرد، وەبەرهێنانی مرۆیی، وەبەرهێنانی سەربازی، یەکێکیش لە پیشاندانی فاکتەرەکانی ئەو وەبەرهێنانە، کە داعش هێرشی کردە سەر عيراق، ئەمه‌ریکا پەبەندیی خۆی جێبەجێ کرد. ڕێک وایە، ئەمڕۆ تۆپەکە لە گۆڕەپانی عيراقە. ئایا عيراق چۆن دەڕوانێتە ئەم پەیوەندییە؟ ئەوەی کە لەسەر ئەمه‌ریکا بوو تەواو، ئەو جێبەجێی کرد، لەمەودوا عيراقییەکان دەبێ خۆیان بزانن چ جۆرە پەیوەندیيه‌کیان لەگەڵ ئەمه‌ریکا دەوێت. ئێمە چوارچێوەیەکی ستراتیژیمان بۆ پەیوەندییەکان هەیە. بە ڕای ئێمە، زۆر دەرفەت هەیە عيراق دەتوانێ سوودیان لێ وەربگرێت. ئێستا هەر هەمووی باسی لایەنی سەربازی دەکات، ڕاستییەکەی بابەتەکە سەربازی نییە، ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان عيراق و ئەمه‌ریکا زۆر فراوانە. باشە عيراق بۆ بە جددی بیر لەوە ناکاتەوە ئەمە وەک دەرفەتێک وەربگرێت؟ چونکە لەناو ئەم چوارچێوە ستراتیژییەدا بابەتی خوێندن هەیە، بابەتی ئابووری هەیە، بابەتی کولتووری هەیە، بابەتی وزە هەیە، ئەمانە هەمووی ئەو بوارانەن کە عيراق دەتوانێ زۆر بە باشی بیانقۆزێتەوە و سوودیان لێ وەربگرێت. بەداخەوە، بەڕای من هەتا ئێستا پرسی پەیوەندیی ستراتیژيی نێوان عيراق و ئەمه‌ریکا لە بەغدا بە جددی وەرناگرن، کە وەریشی دەگرن تەنیا یەک بەشی دەبینن، بابەتی ئەوەی کە ئەوەندە ژمارەی سەربازە بڕۆن و ئەوەندە سەربازە بمێنن. ئەمە شتێکی زۆر زۆر بچووکە، لەو چوارچێوە گەورەیەی کە ئەمڕۆ بۆ پەیوەندیی نێوان عيراق و ئەمه‌ریکا هەیە.

له‌ كۆتاييشدا ده‌رباره‌ى چه‌ند بابه‌تێكى جيا، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى به‌م شێوه‌يه‌ وه‌ڵامى پرسيارى ئاماده‌بووانى دايه‌وه‌:

ده‌ستوور:

سەبارەت دەستوور و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، ئێمە لەسەر ئاستی كوردستان بە هەموو هێز و حزبە سیاسییەكانەوە سەرباری جیاوازییەكانمان، بەڵام هەموو لایەك هاوڕاین و كۆكین لەسەر داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانمان لە بەغدا ئەگەر شێوازی داكۆكییەكەشمان جیاواز بێت. پەیوەنديی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێشكەوتنی باشی بەخۆيه‌وە بینیوە، بۆ نموونە گەر سەرنج بدەینە پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی، ئەمڕۆ پەیوەندییەكانی ئەم دوو لایەنە و لایەنەكانی دیكەش گەیشتۆتە ئاستێك كە سەرباری جۆرەها جیاوازی و ناكۆكی، بەڵام هیچ لایەنێك بیر لەوە ناكاتەوە دەست بۆ چەك ببات، هەر ئەمە خۆی لە خۆیدا پێشكەوتنێكی زۆر باشە كە لە هەرێمی كوردستان بەدەستهاتووە. گفتوگۆی جددی و هەوڵی جددی بەردەوام هەمیشە لە ئارادان بۆ چارەی كێشە و ناكۆكییەكان و هەوڵی ئەوەش دەدرێ كە لە هەموو ئەو وێستگانەی پێویستە پێكەوە بڕیار لە بەرژەوەندیی هەێمی كوردستان بدەین، سەرباری هەموو ناكۆكییەكان، بە یەكگرتوویی بڕیار دەدەین، لەو نموونانەش زۆرن. زۆر جار گەرچی ناكۆكی قووڵیش هەبوون، بەڵام كە كار گەیشتۆتە سەر بەرژەوەندیی هەرێم، زۆرینە، گەر هەموانیش نەبێ، لە بەرژەوەندیی كوردستان بڕیاریان داوە.

گه‌ره‌نتى له‌ عيراق:

سەبارەت گەرەنتی لە عيراقدا، لە ڕاستیدا گەرەنتییەكی سەدا سەد لەئارادا نییە، گەرەنتی هەر ئەوەیە كە ئێمە سیستمێكی فيدراڵی و دەستوورمان هەیە، گەلی كوردستان بۆ بەدیهاتنی سەقامگیریی لە عيراقدا داوا دەكات ئەو دەستوورە جێبەجێ بكرێت كە گەلی عيراق دەنگی بۆ داوە. بەبێ جێبەجێكردنی دەستوور و بە پشتگوێخستنی دەستوور وەك ئێستا ڕوودەدات، مومكین نییە عيراق بگاتە سه‌قامگيرى. مێژووی پشتگوێخستنی دۆزی كورد و ئەنجامەكانی و ئەو كێشانەی لێی كەوتەوە لە عيراقدا، مێژوویەكی كۆن نییە. ساڵی 1970 سەدام حسێن كە هەستی بە لاوازی كرد، ڕێككەوتنی یازدەی ئازاری لەگەڵ سەركردایەتیی شۆڕشی كورد بە سەرۆكایەتیی جەنابی بارزانيی ئیمزا كرد، بەڵام چونكە باوەڕی بە ڕێككەوتنەكە نەبوو، هەر كە هەستی كرد بەهێزە، شەڕی لە دژی شۆڕشی كورد دەستپێكردەوە تا شۆڕشی كورد تێكبشكێنێ، كە ئەوەی پێ نەكرا، سازشیان بۆ شای ئێران كرد و نیوەی شەتولعەرەبیان پێدا، دواتریش بۆ وەرگرتنەوەی ئەو نیوەیە لە شەتولعەرەب، هەشت ساڵ شەڕی ئێرانیان كرد. هەر بەو هۆیەشەوە تووشی قەرز بوون و ناچار بوون چوون كوەیتیان داگیركرد. ده‌رده‌سه‌رى و مەینەتییەكانی عيراق دوێنێیە، ئەگەر لە یەكەم ڕۆژەوە بیر لەوە بكرابایەوە كە دەبێ كێشەكانی عيراق لەناو خودی عيراقدا چارەسەر بكرێن، ڕووداوەكانی دواتر هیچیان نەدەقەومان. ئەمە دەبێت وانه‌يه‌ك بێت بۆ ئێستای عيراق، وانه‌يه‌ك بێت بۆ ئەوەی تێبگەین ئێمە لە عيراق و لە ئێستادا پێویستیمان بە لەیەكگەیشتن هەیە، دەبێ دڵنیا بین لەوەی كە نەوەی دوای ئێمە بە خۆشی و ئارامی لەم وڵاتەدا دەژی. هەتا ئێستا ئەو دڵنیایيیە بۆ پێكهاتەكانی كوردستان لە ئارادا نییە. كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات. لەم شێوازی بیركردنەوەیەوە دەستپێدەكات. ئێمە لە 2005ـەوە تا ئێستا باسی جێبەجێكردنی دەستوور دەكەین. ئەرێ ئەو دەستوورە كەی جێبەجێ دەكرێ؟ خۆ ئێمە وەك كورد لەو جێبەجێكردنەی دەستووره‌ زیاترمان داوا نەكردووە.

ته‌فسيرى ده‌ستوور:

مەسەلەی تەفسیری دەستووریش كە هەر كەس بۆ خۆی و بە كەیفی خۆی تەفسیری بكات، قسەیەكی زۆر ڕاستە و ئەوەش خۆی لەخۆیدا كێشەیه‌كی دیكەیە. بەڵام لەو بابەتەدا لایەنی نێودەوڵەتی و وڵاتان هەن كە دەتوانین داوایان لێ بكەین و یارمەتیمان بده‌ن لە تەفسیری دەستووردا. سەبارەت به‌ دەستووری هەرێمی كوردستان كە بابەتێكی زۆر گرنگە، ئێمە دەستمان بە پرۆسەكە كردووە، لەگەڵ سەرۆكایەتيی پەرلەمان و سەرۆكایەتيی حكوومەت لە هەماهەنگیداین و لیژنەمان داناوە و وا خەریكین هەنگاوی كردەیی دەنێین بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور، بەڵام دەبێ دەستوورێك بێت هەموو پێكهاتەكانی كوردستانی لەسەری ڕێكبكەون، ئێمە دەستوورمان بۆ ئەوە نییە كە جیاوازییەكانی نێوانمان زیاتر بكات، دەبێ دەستوورێك بێت هەموو هێزە سیاسییەكان و هێزەكانی ديكه‌ لەسەری ڕێككەون و لە ئێستادا ئێمە خەریكی ئەوەین. نیەتیشمان وایە و دەمانەوێ تەواوبوونی دەستوور بكەوێتە پێش هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان و بیخەینە دەنگدانەوە. بێگومان دەستووری هەرێمی كوردستان ڕەچاوی ئەو مافانە دەكات كە لە دەستووری عيراقدا هاتوون و دەمانەوێت هاوسەنگییەك لەنێوان دەستووری هەرێم و ئەو دەستوورەی لە بەغدا هەیە، دروست بێت و نامانەوێ جیاوازی دروست بێت.

پرسى كورد له‌ توركيا:

سەبارەت چارەسەریی ئاشتییانەی كێشەی كورد لە توركیا، ئایا دەكرێت، بەڵێ دەكرێت و ئێمە پێشتریش هەوڵی زۆرمان لەو بارەیەوە داوە. با ڕوونتر بڵێم: دۆزی كورد دۆزێكی زیندووە لەم وڵاتانەدا، دەبێ كێشەی كورد بە شێوەیەكی ئاشتییانە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا چارەسەر ببن كە كوردیان تێدا دەژین. بە پشتگوێخستن و بە نكۆڵیكردن چارەسەر نابێ. دەبێ زۆر بە جددی هەڵوەستەی لەسەر بكرێ و هەرێمی كوردستانیش ئەو ئامادەییيەی تێدایە كه‌ ڕۆڵی هەبێ لە چارەسەری كێشەی كورد لە هەر وڵاتێك كە داوا لە ئێمە بكرێت بۆ چارەسەركردنی.

كه‌ركووك:

سەبارەت به‌ كەركووك لە وتاره‌كه‌مدا لە بانگەشەی هەڵبژاردن وتم مەبەستی ئێمە لە مەسەلەی كەركووك نەوت نییە، ناشمانەوێ شەڕی نەتەوەیی لەناو كەركوك ڕووبدات. قسەی ئێمە زۆر سادە و ڕوونە: لە دەستووری عيراقدا ماددەیەك دانراوە و نەخشەڕێگەی چۆنيه‌تيی چارەسەركردنی كێشەكانی دەستنیشان كردووە، ئێمە لەوە تێدەگەین كه‌ ئەگەر بڵێین كەركووك بەشێكە لە كوردستان و كەسی تر مافی نییە، هەڵەیە، بەڵام ئەوەی كە دەگوترێت كە كوردیش و پێكهاتەكانی تریش لە كەركووك هیچ مافیان نییە، ئەویش ڕاستییە. گەر سادەتر بڵێین: ئەمڕۆ گەر عيراق بیری لەوە كردبایەوە كە یاسای دابەشكردنی داهاتی نەوتیمان هەبوایە، بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی كێشەی كەركووك و نەوت و ئەو بابەتانە چارەسەر دەبوون. بۆ نموونە: ئەگەر ئێمە لە هەرێمی كوردستان دڵنیا بووینایە كە پشكی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی دەگاتە هەرێمی كوردستان، پێویستیمان بەوە نەدەبوو هیچی دیكە بكەین، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ ئەوەمان نییە، بە بەردەوامی لە بەغدا مەسەلەی بودجە و جیاكردنەوەی بودجە لە مووچە كە خاڵێكی گرنگە، هەمیشە وەك كارتێكی فشار لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنرێت كە زۆر جێگای داخە. ئەگەر ئێمە هاووڵاتيی عيراقین، دەبێ ئەم دوو شتە لەیەكتر جیا بكرێنەوە. ئێمە لەسەر بودجە ڕێكناكەوین، بەڵام مەعقوول نییە مووچەی هاووڵاتیيانی هەرێمی كوردستان كە بەشێكن لە هاووڵاتیيانی عيراق، بكەوێتە نێو ئەو بگرە و بەردەیەوە. سەبارەت به‌ كەركووك ئێمە دەمانەوێت چارەسەری ئاشتییانە بۆ كەركووك هەبێت. پەیامی ئێمە پەیامی پێكەوەژیانە، پەیامی هەرێمی كوردستان پەیامی ئاشتییە بۆ هەموو پێكهاتەكان بە عەرەب و توركمان و مەسیحی و هەموو پێكهاتەكانی عيراقه‌وه‌، پەیامی هەرێمی كوردستان پەیامی ئاشتییە و خۆشبەختانە دەشبینین لەو ڕووەوە پێشكەوتن لەئارادایە.

بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن:

لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتردا، ئه‌گه‌ر حزبە سیاسییەكانی عيراق بیانوویستبا دەنگ كۆبكەنەوە، دەستیان بە هێرش بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكرد، ئەمجارە گەلی عيراق لەوە تێگەیشت، میللەتی عيراق وەڵامی دانەوە. لەم هەڵبژاردنەدا ئەم دەرگایە داخرا. دەیانویست هەموو جار بڵێن: ئێمە كە خزمەتگوزاریمان لە شوێنەكانی دیكەی عيراق نییە، خەتای هەرێمی كوردستانە. گەلی عيراق ئەمجارە بە دەنگدانی خۆی وەڵامی هەموو ئەو كەسانەی دایەوە و لەو بارەیەشەوە ئێمە سوپاسی هەموو گەلی عيراق دەكەین بۆ تێگەیشتنیان لەو مەسەلەیە. هەرێمی كوردستان چۆن حەز دەكات هەولێر و سلێمانی و دهۆك و زاخۆ ئاوەدان بن، ئەوهاش حەز دەكات بەغدا و نەجەف و كەربەلا و ئەنبار و موسڵیش ئاوەدان بن. ئێمە ئەوەمان بۆ هەموو گەلی عيراق دەوێت. ئێمە ئەو خۆشگوزەرانییەی بۆ هەرێمی كوردستانی داواى دەكەین و دەمانەوێت، هەمان خۆشگوزەرانیمان بۆ هەموو پێكهاتەكان و هەموو شارەكانی عيراق دەوێت.

سه‌رۆك وه‌زيرانى عيراق:

سەبارەت به‌ بابەتی سەرۆك وەزیرانی عيراق، تا ئێستا یەكلا نەبۆتەوە، چونكە تا ئێستا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیش بە تەواوی یەكلا نەبۆتەوە. هەڵبژاردن كراوە و بە هەر هۆكارێك بێت، هەندێك لە لایەنەكان خۆیان بە مەغدوور دەزانن. بە ڕای من یەكەم شت ئەوەیە كە دەبێ حساب بۆ ڕای ئەوانیش بكرێت و بزانرێت لەسەر چ بنەمایەك خۆیان بە مەغدوور دەبینن. چ كێشەیەك ڕوویداوە و لە كۆی كێشە هەبووە، بە ڕای من كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دەبێ ئەم بابەتە زۆر بە جددی وەربگرێت و نیگەرانیی ئەم لایەنانە بڕەوێنێتەوە. هەروەها ئێستا لەناو خودی برا شیعەكانمان گفتوگۆیەكی گەرم و چڕ هەیە لەسەر ئەم بابەتە، ئەوەش دەبێ یەكلا ببێتەوە. دادگای فیدراڵییش دەبێ دواجار ئەنجامەكان پەسەند بكات. ئەم قۆناغانە هەموو ماون و وا بە ئاسانی تەواو نابن. كە ئەم قۆناغانە هەموو تەواو بوون، ئەوكات بێگومان هەرێمی كوردستانیش هەوڵ دەدات بە كۆدەنگییەكی تەواو و بە بەرچاوڕوونییەوە لە بەغدا بەشدار بێت و ئێمە دەمانەوێ هەموو هێزەكان و هێزە براوەكانی هەرێمی كوردستان بەشدار بن لەو گفتوگۆیە.

مووسڵ:

ده‌رباره‌ى بابەتی مووسڵ، یەكەم شت مووسڵ مافی دراوسێيه‌تى لەسەر ئێمە هەیە، كاتێ داعش هێرشی كرد بۆ مووسڵ و ئەنبار و شوێنەكانی دیكە، دەرگامان بۆ هەموو ئەوانە كردەوە كە پێویستییان بە هەرێمی كوردستان هەبوو. ئێمە نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابه‌رمان لە هەرێمی كوردستان حەواندەوە. ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بەو هۆیەوە بیست و نۆ لەسەد زیادی كرد، بەڵام ئێمە زۆر شانازی بەوە دەكەین و ئەو دەرگایەی كە بۆ برایانی خۆمانمان لە جێیەكانی دیكەی عيراق كردەوە، مایەی شانازیمانە. هەروەها سوپاسی میللەتی خۆشمان دەكەین هەر لە زاخۆوه‌ تا دەگاتە خانەقین كە زۆر بە دڵێكی فراوانەوە پێشوازيیان لە عەرەب و كورد و ئیزیدی و مەسیحی و هەموو ئەوانە كرد و بەوەش سەلماندیان كە میللەتەكەمان لە ڕووی هۆشیاريی سیاسی و كۆمەڵایەتیییەوە لە ئاستێكی بەرزدان. بە درێژایيی ئەو ماوەیە و ئێستاش نەمانبیست یەك كێشە بەو هۆیەوە دروست بووبێت. ئەمەش مایەی شانازییە بۆمان. بە دڵنییایەوە ئەمە بۆ مووسڵیش هەر وایە. مووسڵ دراوسێی ئێمەیە، بەردەوامیش لەگەڵ بەغدا لەسەر خەتین، كە داواش دەكەین ڕێكەوتنی شه‌نگال جێبەجێ بكرێت، مەبەستمان ئەوەیە سەقامگیریی سیاسی لەو سنوورە دروست ببێت. دەمانەوێ ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ و گەڕانەوەی خەڵك بۆ سەر شوێنەكانی خۆیان ببێتە ئه‌وله‌وييه‌ت بۆ هەموو لایەك، چونكە خەڵك ناگەڕێنەوە و ئامادە نین وا بە ئاسانی بگەڕینەوە تا ڕەوشی ئەمنیی چارەسەر نەكرێت و تا خزمەتگوزاریی دابین نەكرێ.

بودجه‌:

سەبارەت بەوەی كە ئەگەر كێشەی بودجە لەنێوان هەولێر و بەغدادا چارەسەر نەبوو، بە باوەڕی من وا باشە هیوادار بین كە ئەو كێشانە چارەسەر دەبن و هەموو داوا و هەوڵەكانیشمان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیە بۆ كێشەكان. بەغدا و عيراق قووڵایيی ستراتیجیی هەرێمی كوردستانە و هەرێم بە هەر ڕێگایەكدا بڕوات، بەغدا هەر وەك قووڵایيی ستراتیجیی هەرێم دەمێنێته‌وه‌، بۆیەش هەرێمی كوردستان خوازیاری ئەوەیە كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ببن، ئەو چارەسەرەش بۆ خزمەتی هەموو عيراقییەكانە. ئەو پەیوەندییەی كە ئەمڕۆ لەنێوان كورد و عەرەبدا هەیە جێی شانازییە. هاتنی ئەو هەموو خوشك برایانەمان لە شوێنەكانی دیكەی عيراقەوە كە ئەمڕۆ لەم دیدارە بەشدارن و هاتنی هەمیشەیيی خوشك و بریانمان لە جێیەكانی دیكەی عيراقەوە بۆ كوردستان و بەسەربردنی كاتێكی خۆش لە كوردستان، ئەم پەیوەندییە بۆ ئێمە جێی شانازییە و دەبێ ئێمە ئەم فەرهەنگ و كولتوورە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە ناو میللەتی خۆماندا پەرەپێبدەین. دەبێ ئەو میواندۆستی و ئەو باوەشكردنەوەیە بۆ گەلانی ديكه‌ وەك چۆن پێشتر هەبووە، بۆ هەمیشە بەردەوام بێت و دەشبێ بەو هیوایە ئیش بكەین كە ئەم قسانەی ئەمڕۆ ئێمە لێرە كردمان و ئەو گلەییانەی كە دەیكەین لەسەر بەغدا یان لەسەر هەر پێكهاتەیەك، ئامانجمان لێی شكاندنی كەس نییە و ئامانجی ئێمە چارەسەری كێشەكانە.

Read کد خبر: 2632

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی