ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی 7ـی 2014 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بان كی مۆن سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، سەرۆك بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندی یاوەری كرد و لە گوتەیەكدا باسی گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ڕووداوەكانی موسڵ و پەرەسەندنی هەڕەشەی تیرۆر و ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی عێراقی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە ئەو بارودۆخە مەترسیدار و ئاڵۆزەی ئێستا لە ئارادایە لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی دەستەڵاتدارانی بەغدا و گوێنەدانیان بە هۆشدارییەكان و تاكڕۆیی هاتووەتە ئاراوە و ڕایگەیاند كە ماوەی دە ساڵە هەموو ڕێگەیەكمان گرتەبەر كە پێكەوە عێراقێكی سەقامگیر و دیموكراتی بنیات بنێین بەڵام جێگەی داخە كە هەوڵەكان سەری نەگرت. سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە تیرۆر هەڕەشەیەكی ترسناكە لەسەر هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و هەموو جیهان و لەدوای ڕووداوەكانی موسڵ سێ لەسەر یەكی خاكی عێراق لەژێر كۆنتڕۆڵی تیرۆریستانە و پێكهاتەكانی موسڵ لەژێر هەڕەشەی دەركردن و پاكتاوی نەژادی و ئایینی دان و لە ئەنجامی ئەم دۆخە ترسناكە زیاتر لە ملیۆنێك ئاوارە ڕووی لە كوردستان كردووە و حكوومەتی عێراقیش هیچ هەنگاوی بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان نەناوە. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان سنوورەكانی بەڕووی پەنابەران كراوەیە و بە هەموو توانایەك یارمەتیان دەدات. لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی جەختی لە مافی بڕیاردانی چاەنووسی گەلی كوردستان كردەوە و ڕایگەیاند كە لەم دۆخە ئاڵۆزەدا گەلی كوردستان مافی خۆیەتی كە بیر لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی بكاتەوە و چیدی چاوەڕێی چارەنووسێكی نادیار نەبێت و لە هەمانكاتیشدا یارمەتیی خوشك و برایانی شیعە و سووننە دەدات بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ دۆخی ئێستای عێراق بدۆزرێتەوە.
لەبەرانبەردا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خوشحاڵیی خۆی نیشاندا بەوەی كە لە ماوەیەكی كەمدا دووجار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم و هێزەكانی پێشمەرگەی كرد كە یارمەتیی ئاوارەكانیان داوە و كریستیان و پێكهاتەكانی دیكەی پارێزگای نەینەوایان لە هەڕەشەی تیرۆریستان پاراستووە و نیگەرانیی خۆیشی نیشاندا بەرانبەر ئەو بارودۆخ و قەیرانە ئاڵۆز و ترسناكەی كە عێراقی گرتووەتەوە و وێڕای ئاماژەكردن بەوەی كە بۆ نەهێشتنی قەیرانی عێراق پێویستە بەر لە چارەسەری سەربازی چارەسەرێكی سیاسیی هەمە لایەنە بگیرێتە بەر هیوای خواست كە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و سەركەوتوو بێت و ڕایگەیاند كە بارودۆخ و قەیرانی ئێستا وادەخوازێت كە لایەنە شیعە و سووننە و كوردەكان بەیەكەوە كار بكەن و هاوكاری یەكتر بن ئەویش لەچوارچێوەی دەستووری عێراق و لەپێناو كۆتایهێنانی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەڕێی دیالۆگ هەوڵەكان بەردەوام بێت. لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خۆشحاڵیی خۆی بۆ گەڕانەوەی سەرۆك مام جەلال نیشاندا و هیوای چاكبوونەوەی بۆ خواست.
لەم كۆبوونەوەیەدا پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە كە بەپێی ئەزموونی دە ساڵی ڕابردوو سەركەوتنی پڕۆسەی سیاسی تەنیا بە گۆڕینی دەموچاوەكان مسۆگەر نابێت بەڵكو پێویستە بە جدی بیر لەوە بكرێتەوە شێوەی كاركردن بگۆڕدرێ و سەبارەت بە هەڕەشەی تیرۆریش ئەوەی دووپات كردەوە كە هەڕەشەی تیرۆر زۆر جدییە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵێكی هەمەلایەنە و نێودەوڵەتیی پێویستە.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی و سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پرێسكۆنفڕانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوە و ئەنجامەكانی سەردانی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.
شایانی باسە هەر ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی 7ـی 2014 سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لەلایەن سەرۆك بارزانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێ كرا.