ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ سیر سیمۆن نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بریتانیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سڵاوی سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی بریتانیاشی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و هەروەها پێزانینیشی هەبوو بۆ ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستان و دەستخۆشی لەو سەقامگیری و سەركەوتن و دەستپێشخەرییە كرد كە ئێستا لە بەرەكانی جەنگدا لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش هاتووتە ئاراوە. نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بریتانیا سوپاسی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و پاراستنیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان.
نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بریتانیا ئەوەی خستەڕوو كە لە لایەن سەرۆك وەزیرانی بریتانیاوە هاتووە بۆ ئەوەی لەسەر مسۆگەربوونی یارمەتییە مرۆیی و سەربازییەكانی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كار بكات. هەروەها جەختیشی لە بەردەوامیی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیای كردەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش و تێكشكاندنیان.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی حكوومەتی بریتانیای كرد و سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك وەزیران و حكوومەتی بریتانیای كرد لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و بە سوودبەخش و كاریگەری وەسفكرد. سەبارەت بە هەڕەشەی تیرۆریستان سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو لایەك و ئەو هەڕەشەیە هیچ سنوورێك ناناسێ و لە هیچ شوێنێك ناگیرسێتەوە بۆیەشە لەناوبردنی پێویستی بە هەوڵێكی دەولی و هەمە لایەنە و ڕێوشوێن و پلانی گشتگیر و نوێ هەیە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر سەركەوتنە مەیدانییەكانی پێشمەرگە و ڕایگەیاند كە بۆ ئێمە جێگەی شانازییە كە لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی ئەم تیرۆریستانە دەكەین و هێزی پێشمەرگەیش بە سەركەوتنەكانی خۆی بەسەر تیرۆریستان سیحری تیرۆریستانیان بەتاڵ كردەوە كە خۆیان بە هێزێك دەزانی كە هەرگیز ناشكێن. سەرۆك بارزانی ئەوەیش خستەڕوو كە هێزەكانی پێشمەرگە لە دۆخی هێرشبردندان و ئاماژەكانی ڕووخان و تێكشكانی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە بە ڕوونی دەركەوتووە.
پەیوەست بە بارودۆخی ئاوارەكانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە یارمەتیدانی خەڵكی لێقەوماو و پارستنیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان بە ئەركێكی مرۆیی و نیشتیمانی دەزانین و لەپێناو پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان قوربانی و شەهیدیشمان داوە. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان دا كە ڕوویان لە كوردستان كردووە و ڕایگەیاند كە كوردستان بە هەموو توانایەك یارمەتییان دەدات بەڵام ژمارە و ئاستی كارەساتەكە لە توانای كوردستان زیاترە و ئەوەیشی بۆ نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بریتانیا باس كرد كە پێویستە خوشك و برا مەسیحییەكان و ئاوارەكان بیر لە جێهێشتنی وڵاتەكەیان نەكەنەوە و چارەسەری سەرەكییش لەوەدایە ناوچەكانیان ئازاد بكرێت و یارمەتیی گەڕانەوە و نیشتەجێبوونیان بدرێت و لە هەڕەشەكانیش بپارێزرێن.
سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە پێویستە پڕۆسەی سیاسی تەنیا بە ئاراستەی گۆڕینی دەموچاو نەڕوات بەڵكو هاوكات لەگەڵ ئەوە دەبێ بەرنامە و سیستەم و تەفكیری سیاسیی بگۆڕێت و حكوومەتێك بە بەشداریی هەموو لایەك و لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە دابمەزرێت.
دانانی میكانیزمی هەماهەنگیی پێویستی نێوان بریتانیا و حكوومەتی هەرێم بۆ گەیاندنی یارمەتییەكانی بریتانیا تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.