بەڕێز جۆرج ئنزوێیلەر كونسوڵی نوێی ئەڵًمانیا بەمەبەستی دەست بەكاربوون سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كرد و لەلایەن بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی لێكرا بە ئامادە بوونی بەڕێز كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەوەندیەكانی دەرەوە.
سەرتا بەڕێز جۆرج خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ دەست بەكاربوونی وەكو كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان و گووتی هیودارم بتوانم زیاتر پەیوەندیەكانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان زیاتر بەرەوپێش ببەم.
دواتر سوپاسی حكومەتی هەرێم و گەلی كوردستانی كرد بۆ شەڕكردن لە دژی رێكخراوی تیرۆرستی داعش و پێشوازی كردن لەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە هەرێمی كوردستان و هاوكات پیشتوانی و پشتگیری حكومەتی ئەڵمانیا بۆ حكومەتی هەرێم دووپاتكردە لە رووی مرۆیی و سەربازی.
پاشان بەڕێز فەلاح مستەفا بەناوی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە و حكومەتی هەرێم بەڕێز جۆرجی بە گەرمی بەخێرهێنا و پشتیوانی و پشتگیری تەواوی بو بەڕێزیان دووپات كردە و هاوكات سوپاس و پێزانی گەل و حكومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ پشتگیری حكومەتی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان و پێشكەش كردنی هاوكاری سەربازی و مرۆیی و كردنەوەی خولی مەشق و راهێنان بۆ پۆلێك لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە. بەڕێز فەلاح مستەفا ئەو پشتگیریانەی بەگرنگ وەسف كرد و گووتی ئێمە سوپاسی حكومەت و گەلی ئەڵمانیا دەكەین و ئومێدەوارین ئەو هاوكاریانە بەردەوام بن. دواتر پوختەیەكی دەربارەی رەوشی ئێستای هەرێم و عێراق وە ناوچەكە لە رووی سیاسی و مرۆیی و ئاسایش پێشكەش بە ناوبراو كرد.
لە كۆتاییدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر زیاتر بەرەوپێش بردنی هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندیە مێژووییەی كە لە نێوان هەردوو گەلی كورد و ئەڵماندا هەیە.