ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی 11ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە د. ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان و سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
هەر لەم دیدارەدا پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی پێویستە هەموو لایەك پابەندی دەستوور و ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان بن.
لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە سەركەوتنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی تیرۆریستانی داعش زووتر تێكبشكێندرێن.