بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكان و میكانیزمی جێبەجێ‌ كردنی بەرنامەی ساڵی تازە بۆ زیاتر فراوان كردنی پەیوەندیەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌، ئەمڕۆ پێنج شەممە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بەیاوەری خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە سەردانی بەشی پەیوەندیەكانی هەرێمی سەر بە فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە لەگەڵ كۆماری توركیا كردو لەلایەن عبدالسلام رشید بەڕێوەبەری گشتی بەشی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ كۆماری توركیا پێشوازی لێكرا.


بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پیرۆزبایی ساڵی تازەی لێكردن و هیوای خواست بتوانن ئەمساڵ بە گوێرەی بەرنامەیەكی تۆكمە كارەكان بەڕێوەببەن و لەسەر بنەمای كاری دامەزراوەیی ئاستی پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتی توركیا زیاتر بەرەو پێش ببەن.


بەڕێزیان دەستخۆشی لێكردن كە لە ماوەی رابردوو سەركەوتووانە توانیویانە كاری خۆیان بكەن و پشتگیری فەرمانگەی پەیوەندیەكانی بۆ ئەو بەشەی فەرمانگە دووپاتكردەوە بۆ سەرخستنی كارەكانیان.


عەبدولسەلام رەشید بەڕێوەبەری گشتی بەشی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ كۆماری توركیا خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردانەی بەرپرسی فەرمانگە خستەڕوو هیوای خواست بتوانن پەیوەندیەكانی هەرێم و توركیا زیاتر پێشبخەن لە پێناو سوود و بەرژەوەندی هەردوولا.


هەر ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بە یاوەری كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگە و خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە و  شاندێكی یاوەریان سەردانی بەشی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێرانیان كرد و لەلایەن عەبدوڵلا ساڵح ئاكرەیی بەڕێوەبەری گشتی بەشی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازیان لێكرا.


بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پیرۆزبایی ساڵی تازەی لێكردن و باسی لە بایەخی پەیوەندیەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ كرد. هاوكات دەستخۆشی لە بەڕێوەبەری گشتی و كارمەندانی ئەو بەشە كرد كە هەمیشە لە هەوڵی زیاتر پێشخستنی پەیوەندیەكانن لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران.


بەڕێزیان جەختی لەسەر شێوازی بونیاتنانی پەیوەندی لەسەر بنەمای كاری دامەزراوەیی و بەرژەوەندی هاوبەش كردەوە.


 بەڕێوەبەری گشتی بەشی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی كرد كە لە نزیكەوە چاودێری كارەكانی ئەو بەشە دەكات و گووتی ئێمە وەك بەشێك لە فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە گرینگی سەیری پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەین .

 

 

 

 

دوایین هەواڵەکان

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی