ڕۆژی چوارشەممە 4ـی 11ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فرەیدوون سینیرلی ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی توركیا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ڕەخساندتی دیدارەكە و سڵاوی سەرۆك كۆماری توركیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەرێمی كوردستان ئەوەی ڕاگەیاند كە بەهۆی بنەماكانی دراوسێتییەوە وڵاتەكەی حەز بە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە كە توركیا پاڵپشتی لە سەقامگیری و ئاساییشی هەرێم و فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی توركیای كرد و پیرۆزباییشی لە شاندی میوان كرد بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە توركیا و هیوایشی خواست كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ببێتە هۆی قووڵتربوونی سەقامگیری و ئاساییش و ئاشتی لە توركیا و ناوچەكە و جەختیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا كردەوە و ئەوەی خستەڕوو كە هەردوولا دراوسێی یەكترین و لەیەك جیۆگرافیادا دەژیین و دەبێ لەپێناو بووژانەوە و پێشكەوتندا هەردوولا كار بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و ئاساییش و ئاشتی بكەین.

هەر لەم دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە بە گشتی و سووریا و شەڕی دژی تیرۆریستان بە تایبەتی ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لەسەر ڕاوێژ و پەیوەندیی بەردەوام لەمەڕ دواپێشهاتەكان كرایەوە.

 

 

 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 4/11/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێز فەرەیدوون سینیرلی ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا، بەشداریان لە پانێڵێكی دیداری مێری لە شاری هەولێر كرد.


لە پانێڵەكەدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا سەرەتا سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو د. ئەحمەد چەلەبی كرد و كۆچی دواییی ئەحمەد چەلەبی بە خەسارەتێكی گەورە بۆ هەموو عێراق زانی، هەروەك سوپاسی داوەتكردنیشی لەو پانێڵەدا و سوپاسی بەشداریی بەڕێز وەزیری دەرەوەی توركیاى لە دیداری مێری لە شاری هەولێر، كرد.


دواتر باسی لە ستراتیژیەتی هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو ستراتیژیەتە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە كە هەرێمی كوردستان كارەكتەری سەقامگیری بێت لە ناوچەكەدا و پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ دراوسێكانیدا هەبێت و هەوڵ بدات پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانیشی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە گەشە پێ بدات و توركیاش یەكێك لەو وڵاتانە بوو كە هەرێمی كوردستان بە گرینگییەوە سەیری ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ ئه‌و وڵاته‌ دەكرد، چونكە توركیا دوای ساڵی 1991 كاریگەرییەكی زۆری هەبوو بۆ دانانی ناوچەی دژەفڕین لە هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لە سەردەمی خۆالێخۆشبوو تۆرگۆت ئۆزالی سەرۆكی پێشووتر و پاراستنی هەرێم لە هێرشەكانی ڕژێمی بەعس و لە كاتی پرۆسەی ئەنفالیش ڕێگەی بە ئاوارەكان دا بچنە ناو خاكەكەیەوە و باوەشی بۆ كردنەوە.

هەروەها ئاماژەی بە قۆناغی پێش هاتنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاك پارتی) كرد و بیری هێنایەوە كە لەو قۆناغەدا هێزێكی زۆری سوپای توركیا لەسەر سنوورەكانی هەرێم هەبوو و هەڕەشە لە هەرێم دەكرا، بەڵام دوای هاتنی ئاك پارتی بۆ سەر دەسەڵات، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە شێوەیەك برەویان پێ درا كە ئێستا دەتوانن بڵێن پەیوەندییەكی ستراتیژییە و ئەمەش لەسەر حسابی هیچ لایەنێك نییە، بەڵكو لە بەرژه‌وەندیی عێراق بە گشتی و بە تایبەتی هەرێمی كوردستاندایە، بۆیە ئەوان لەو بڕوایەدان كە زۆر شت هەیە دەتوانن پێكه‌وه‌ بیكەن.

 

سەبارەت بە قۆناغی ئێستای عێراقیش، بەڕێزیان دووپاتی كردەوە كە قۆناغی ئێستای عێراق تەواو نوێیە و ئەوان ماوەی 12 ساڵ وەستان تا دەستوورێك جێبەجێ بكرێت، بەڵام نەكرا و ناتوانن زیاتر لەمەش بوەستن بۆ ئەوەی بزانن دەستوور جێبەجێ دەكرێت یان نا و بە هەموو پێوەرێك ئەمڕۆ لە عێراقدا دەبێت بە جددی بیر لەوە بكرێتەوە كه‌ ئەم وڵاتە بە چ شێوەیەك دابڕێژرێتەوە. دووپاتیشی كردەوە كە كورد هەر بژاردەیەك هەڵبژێرێت، بەغدا هەر شەریكی سەرەكیی هەرێم دەبێت و هەرێم هەر بڕیارێك بدات لەوانەش سەربەخۆیی كە مافی خۆیەتی، پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا دەبێت و ئەمە چوارچێوەی سیاسەتی هەرێمی كوردستانە و حەقیقەتێكیشە.


سەبارەت بە ئەولەویەتی كارەكانی هەرێمی كوردستانیش ئاماژەی بەوە دا كە ئەولەویەتی كارەكان ئێستا ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعشە كە سنوورێكی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتری لەگەڵ ئه‌و ڕێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌ هەیە و لەو شەڕەدا هه‌رێمى كوردستان تا ئێستا نزیكەی 1300 شەهیدى داوە و 7000 بریندارى هەیە. سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانەشی كرد كە لەو شەڕەدا یارمەتیی هەرێمی كوردستانیان داوە كه‌ توركیا و ئێران و وڵاتانی ئەورووپا و لە سەرووی هەمووشیانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هاوكاریی هەرێمی كردووە و بەردەوامیشە و بێ ئەو یارمەتیانەش ئەستەم بوو مەترسی و هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش بوەستێنرێن، چونكە سیاسەتی هەرێمی كوردستان دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئەوە بوو كە خەڵكی هەرێمی كوردستان زۆریان بە دەست شەڕ و زوڵم و زۆرەوە چەشت، بۆیە كاتی ئەوە بوو وڵاتە ئاوەدان بكرێتەوە و دامودەزگاكانی دابڕێژرێنەوە و ژێرخانێكی ئابووریی تۆكمەی بۆ دابنرێت و هیچ كاتێك بیرمان لەوە نەكردبووەوه‌ كە ڕووبەڕووی ڕێكخراوێكی تیرۆرستیی وەكوو داعش ببینەوە و هەرێم پێی وابوو ئه‌وه‌ كاری سوپای عێراقە كه‌ سنووره‌كان بپارێزێت، بۆیە گرینگیدانەكان زیاتر بۆ ڕێكخستنی ناوخۆی هەرێم بووە كە لە ماوەیەكی كەمدا شتی زۆر كرا و ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە كەموكوڕی نەبووە.

بەڕێزیان جەختی لەوەش كردەوە كە ئێستا هەرێم لە قۆناغی ڕاگوزه‌ردایه‌ و ئەمەش پێویستی بە پشوودرێژی هەیە و دیموكراسیەت و دامەزراوەی دەوڵەت و سەروەریی یاسا شتێك نین لە دەرەوە بە دیاری بۆ هەرێمی كوردستان بهێنرێن، بەڵكو ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ساڵانێكی زۆرە تا بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و وەك خۆی جێبەجێ بكرێن.

سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكانیش بەرێز نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بنكەفراوانی دانرا و هەموو لایەنەكانیش بەشداریان تیادا كرد بۆ ئەوەی وەك گرووپێك پێكەوە هەموو كێشەكان چارەسەر بكەن، هەندێك جار بژاردەی وا دروست دەبێت كە دەبێت لە نێوان خراپ و خراپتر یەكێكیان هەڵبژێری و گوتى: به‌ڵام ئێمه‌ خراپمان هەڵبژارد نه‌ك خراپتر، چونكه‌ بژاردەی خراپتریش هەبوو. ئەوەشی نەشاردەوە ئەو ئاڵۆزیانەی كە ئێستا دروست بوون ئەوە ناگەیەنێت كە لایەنەكان لەگەڵ یەكتری دانەنیشن و گفتوگۆ نەكەن، ئەوان لەو باوەڕەدان ئەو كێشانە دەبێت بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن چارەسەر بكرێن، بەڵام ئەگەر بژاردە بكەوێتە سەر ئەوەی ئەوان ئارامی و سەقامگیری هەڵبژێرن یان شتێكی دیكە، بێگومان ئەوان ئارامی و سەقامگیری هەڵدەبژێرن و هەموو هەوڵەكانیش هەر بەو ئاراستەیە دەبن، ئەمە بێجگە لە كێشەكانی دیكەی هاتنی ملیۆنێك و حەوتسەد هەزار ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و قەیرانی ئابووری كە ئەولەویەتی كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن.

 

سەبارەت بە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدا، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەتی كردەوە چوون بۆ بەغدا بە مانای ئەوە بێت كە سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو نەبووە، بەڵكوو پێچەوانەكەی ڕاستە. سەبارەت بە ژێرخانی ئابووریی هەرێمیش، بەرێزیان دووپاتی كردەوە كە دابەزینی بەهای نەوت كاریگەرییەكی زۆر گەورەی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی هەیە و ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە ئەو ژێرخانەی دروست كراوە تۆكمە نەبووە، بەڵكو بە پێچەوانەوە ژێرخانی ئابووری بە شێوەیەكی زۆر ڕێكوپێك دانراوە، لێكدانەوەی بەغدا وابوو كە هەرێمی كوردستان ڕێگەی دیكەی نییە، بەڵام ئێستا ئەوانیش تێگەشتوون كە هەرێم ڕێگەی دیكەی هەیە و ئەولەویەتش هەر ئەوەیە ڕێگەچارەیەك بۆ كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بدۆزرێتەوە، بەڵام گەر چارە نەبێت دەبێت ڕێگایەكی دیكە بدۆزرێتەوە.

بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە ئاساییە بەغدا ئاگاداری شەفافیەت و نرخ و چۆنییەتیی فرۆشتنی نەوت بێت و زۆر پێیان خۆشە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك كۆنترۆڵی نەوتی هەرێمی كوردستان نادەنە دەست بەغدا، چونكە كۆتاییی ساڵی 2014 كاتێك ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا كرا، مانگی یەكەم بودجەكەیان بە كەمی نارد و مانگی دووەمیشیان هەر بە كەمی نارد و ئەوە كێشەیەك نەبوو، بەڵام مانگی سێییەم كە ڕێژەی هەناردەی نەوت بەرز كرایەوە، بە بڕیارێك لە فڕۆكەخانەی بەغدا 50 ملیۆن دۆلاری دیكە لە بودجەی هەرێمی كوردستان كەم كرایەوە بێ ئەوەی هەر باسمان لەگەڵ بكەن، بۆیە ئەوان ناتوانن لەگەڵ ئەو بێ متمانەییە بەردەوام بن. هەروەها سوپاسی توركیای كرد كە دەرگای ئابووری و فرۆشتنی نەوتی بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و تا ئێستاش بەردەوامە و هیوای خواست لەگەل بەغداش بگەنە ئەنجامێكی باش كە لە بەرژوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت.

دواتر لە وەڵامی پرسیارێكدا سەربارەت بە بارودۆخی ناوخۆی توركیا و بە تایبەتی شەڕی نێوان سوپای ئەو وڵاتە و پەكەكە، بەرێزیان ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوە بابەتێكی ناوخۆییی توركیایە و پێویستە هەر چارەسەرییەك لە چوارچێوەی وڵاتی توركیادا بێت و بەراوردێكی بارودۆخی كوردانی توركیای لە پێش و دوای هاتنی ئاكەپە بۆ سەر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە كرد كە ژمارەیەك دەستكەوتی بۆ گەلی كورد هەبوو، لەوانە پرۆسەی ئاشتی و هێوربوونەوەی بارودۆخی ناوچە گەرمەكانی شەڕ. هەروەها هیوای خواست ئەو دۆخەی ئێستا لە وێ دروست بووە بە پێداچوونەوەی هەموو لایەنەكان و دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆ و دیالۆگ، كێشەكان چارەسەر بكەن.

لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەشدا سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، دووپاتی كردەوە كە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای تەوافق و باوەڕبوون بە یەكتری دروست كرا بۆ ئەوەی چواری ساڵی ئارام بەڕێ بكرێت، بەڵام كە ئەو بنەمایە پێشێل كرا و دەبێت ڕێگەی دیكە بدۆزرێنەوە و پێداچوونەوەش بە هاوپەیمانییە سیاسییەكان دەكرێت و هیوای خواست ئەو كێشانە بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و ئەو ئیجرائاتانەی كە كراویشن بۆ ئەوە بووە كێشەكە زیاتر تەشەنە نەكات.

سەبارەت بە بارودۆخی سووریاش، بەرێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە كێشەی سووریا پێویستی بە چارەسەرێكی سیاسی هەیە، بە شێوەیەك هەموو لایەنەكانی ئەو وڵاتە بەیەكەوە لەسەری ڕێك بكەون و نەهامەتییەكانی خەڵكی سووریا بە هەموو پێكهاتەكانییەوە كۆتایی پێ بهێنێت و هیچ چارەسەرێكی دیكەش بێجگە لەوە سەركەوتوو نابێت.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ٢ـی ١١ـی ٢٠١٥ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە ڕەجەب تەییب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا كرد.

لەم پەیوەندییەدا سەرۆك بارزانی بە بۆنەی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەلبژاردنەکانی تورکیا، پیرۆزبایی لە سەرۆك كۆماری توركیا كرد و هیوای ئەوەیشی خواست كە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ببێتە هۆی سەقامگیریی تورکیا و ناوچەکە و بەرەوپێشچوونی توركیا لە گشت بوارەكاندا و بەدی هاتنی ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هاووڵاتییان و سەرجەم پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە.

ڕۆژی دووشەممە 2ـی 11ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە جیا پەیامی پیرۆزبایی سەركەوتن لە هەڵبژاردنی ئاراستەی هەر یەك لە ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) و كەمال قلیچدار ئۆغلو سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (CHP) و سەلاحەدین دەمیرتاش ھەڤسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان(HDP) كرد و تێیدا پیرۆزبایی لە سەرۆك و سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی ئەو سێ پارتەی توركیا كرد بە بۆنەی سەركەوتنیان لە هەڵبژاردنەكانی توركیا.


به‌ توندى ئیدانه‌ى ئه‌و كاره‌ تیرۆرستییه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مڕۆ گردبوونه‌وه‌یه‌كى ڕێكخراوه‌كانى له‌ ئه‌نقه‌ره‌ى پایته‌ختى توركیا كرده‌ ئامانج و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ به‌شداربووان، گیانیان له‌ ده‌ست دا و بریندار بوون كه‌ خۆیان بۆ چالاكییه‌كى مه‌ده‌نى له‌پێناو ئاشتیدا ئاماده‌ ده‌كرد. پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ كه‌سوكار و گه‌ل و حكوومه‌تى توركیا ده‌كه‌ین و هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداران ده‌خوازین.

دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و هێرشه‌ تیرۆرستیانه‌ له‌ كاتێكدا نیشانه‌یه‌كى ڕوونى فراوانبوونى مه‌ترسیى تیرۆره‌ كه‌ ڕووبه‌رێكى گه‌وره‌ى له‌ ناوچه‌كه‌ گرتووه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا به‌ڵگه‌یه‌ى دیكه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌تى و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌گشتى، ده‌بێ به‌ گیان و ئیراده‌یه‌كى به‌هێزتره‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى تیرۆر و تیرۆرستان ببنه‌ و له‌پێناو سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆرستاندا و بۆ نه‌هێشتنى تیرۆر، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى گه‌وره‌تر بكه‌ن.

هیوادارین ئه‌نجامده‌رانى ئه‌م كاره‌ تیرۆرستییه‌ ئاشكرا و ده‌سگیر بكرێن و له‌به‌رده‌م دادگا و یاسادا به‌ سزاى خۆیان بگه‌ن، هه‌روه‌ها هیواخوازین ئه‌م تاوانه‌ نه‌بێته‌ هۆى دروستبوونى ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى دیموكراسى و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى توركیادا.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
10.10.2015

نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كە ئێستا بە سەردانێك لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە بەرانبەر ئەنجامەكانی لیژنەی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لێكۆلینەوە لە كەوتنی موسڵ لە لێدوانێكدا كۆمەڵێك بۆچوونی بێبنەمای خستووەتە ڕوو و كەوتنی شاری موسڵی بە موئامەرەیەكی هاوبەشی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیای لەقەڵەم داوە.

لە وەڵامیدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم لێدوانەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە ڕاستی و خۆدزینەوەیە لە هۆكارە ڕاستەقینەكانی كەوتنی موسڵ كە ناوبراو بەرپرسیارێتیی یەكەمی ئەم ڕووداوەی دەكەوێتە سەر شان.

ئەنجامەكانی لێكۆلینەوەی لیژنەی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆلێكۆلینەوە لە كەوتنی موسڵ زۆر بە ڕوونی دەریدەخات كە نووری مالكی بەرپرسی یەكەمی ئەو كارەساتەیە كە بەسەر شاری موسڵدا هاتووە و بە قسە و تۆمەتی بێبنەما ناتوانێ خۆی لێ بێبەری بكات. ئەوەی بە سیاسەتە هەڵەكانی زەمینەی بۆ داعش ڕەخساند و گوێی بە هۆشدارییەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەدا و بووە هۆی كەوتنی موسڵ، شەخسی نووری مالكیە. ئەوەیشی ئێستا لە هێڵی یەكەمی شەڕی تیرۆریستانە و ئەفسانەی داعشی شكاندووە، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە. 

گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
19ـی 8ـی 2015

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 9/8/2015 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ كه‌سایه‌تى و سیاسه‌تمه‌دارى كورد به‌ڕێز محه‌مه‌ده‌مین پێنجوێنى كرد.


له‌ دیدارێكدا بارودۆخى ناوچه‌كه‌ و هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى و دوایین پێشهاته‌‌ سه‌بازییه‌كانى نێوان پارتى كرێكارانى كوردستان و ده‌وڵه‌تى توركیا به‌تایبه‌تى، باسى لێوه‌ كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر ئه‌و ئاڵۆزى و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ چه‌كدارییانه‌ى ماوه‌یه‌كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولادا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ هۆى هه‌ڕه‌شه‌ و وه‌ستانى پرۆسه‌ى ئاشتى و ئاڵۆزتركردنى ڕه‌وشه‌كه‌ به‌گشتى.

به‌ڕێز پێنجوێنى ڕۆڵى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له‌ ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌ى ئاشتى و هاوكاریكردنى هه‌ردوولا بۆ به‌ره‌وپێشبردنى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى له‌ ڕابردوودا به‌رز نرخاند و داواى كرد كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌م دۆخه‌شدا دووباره‌ ڕۆڵى خۆى بگێڕێته‌وه‌ و هه‌وڵه‌كانى بخاته‌وه‌ گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ردوولا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر گفتوگۆكانى ئاشتى و به‌رده‌وامیى به‌ پرۆسه‌ى ئاشتى و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌رى بده‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه شه‌ڕ و توندوتیژى هیچ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات و ته‌نیا دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌موو لایه‌ك تیایدا زه‌ره‌مه‌ند ده‌بن. هه‌روه‌ها ئاماده‌ییى خۆى نیشان دا كه‌ هه‌موو هه‌وڵێك بۆ ڕاوه‌ستانى به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئاشتى و گه‌ڕانه‌وه‌ و به‌رده‌وامیدان به‌ گفتوگۆكانى ئاشتى له‌ نێوان هه‌ردوولادا، بخاته‌ گه‌ڕ.

ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی 8ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پارتی دیموكراتی گەلان بە سەرۆكایەتی ئۆسمان بایدەمیر پارلەمانتاری توركیا كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆكی شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پەرۆشی و هەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی شەهیدانی باكوور بۆ زێدی بابوباپیرانیان و هەروەها سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و كەسوكاری ئەو هاووڵاتییە شەهیدانە كرد كە لە ئەنجامی بوردومانی زارگەلی لە لایەن فڕۆكەكانی توركیاوە شەهید كران. هەروەها سەرۆكی شاندەكە، سەرۆك بارزانیی لە وردەكارییەكانی پڕۆسەی سیاسیی توركیا و هۆكارەكانی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان ئاگادار كردەوە و نیگەرانیی خۆیشی نیشاندا لەوەی كە قەیرانەكان قووڵتر ببنەوە و دەرفەتی ئاشتی لە كیس بچێت و ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە بە هیچ شێوەیەك لایەنگری شەڕ نین و دەیانەوێ پڕۆسەی ئاشتی دەست پێ بكاتەوە. شاندی پارتی دیموكراتی گەلان وێڕای ستاییشكردنی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە چارەكردنی گرفتەكان و پێشڤەبردنی پڕۆسەی ئاشتی داوایان كرد سەرۆك بارزانی هەوڵەكانی بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی بخاتەگەڕ.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان بە بێ خواستی خۆی دابەشكراوە و بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆی شەڕی كرد و توانی ناسنامەی خۆی بپارێزێت و ئێستا لەپێناو مسۆگەركردنی دەستكەوت و بەرەوپێشوەچوونی دۆزی كورد پێویستیمان بە ئاشتییە. سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا ئەوەی باسكرد كە ئەنجامی شەڕ ماڵوێرانی و كاولكارییە و، ڕۆژێك شەڕ زووتر ڕابگیرێت باشە و لە قازانجی هەموو لایەكە و بۆ سەرخستنی ئاشتییش پێویستە هەموو لایەك پاڵپشت و هاوكاری یەكتر بین. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە بۆ پڕۆسەی ئاشتی و نزیككردنەوەی لایەنەكان هەرێمی كوردستان هەوڵی زۆری داوە و ئەوەی لەدەستی هاتووە كردوویەتی و ئێستایش ئامادەیە لەپێناو دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا یارمەتیدەر بێت.

هەر لەم دیدارەدا هەڕەشەی بیری توندڕۆیی و تیرۆریستانی داعش لەسەر كوردستان و ناوچەكە تاوتوێ كرا و باس لە قارەمانێتیی و بەرخودانی گەلی كورد لەبەرانبەر دوژمن و داگیركاران كرا و جەختیش لە پتەوتركردنی برایەتی و تەبایی و یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییە كوردییەكان كرایەوە.

دوایین هەواڵەکان

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی