دواى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ى ئابى 2014ى له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكى په‌رله‌مان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له‌ وه‌ڵامى پرسیارى ڕۆژنامه‌واناندا ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بووین، له‌گه‌ڵ كاك قوباد جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌ت، ئه‌وه‌ى له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ باسمان كرد، ئه‌وه‌ بوو ڕاپۆڕتێكمان پێشكه‌شى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كرد له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى ئه‌وانه‌ى له‌ شنگال و ئه‌و مه‌سیحیانه‌ى ڕوویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، ئه‌مه‌ ته‌وه‌رێكى سه‌ره‌كى بوو له‌ نێوانى ئێمه‌ و سه‌رۆكى په‌رله‌ماندا، هه‌روه‌ها ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى ئێستا له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستى پێكردووه‌، ئه‌مه‌شمان بۆ سه‌رۆكى په‌رله‌مان به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان ڕوون كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها بارودۆخى به‌ره‌كانى شه‌ڕیش به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى، ئێمه‌ ڕاپۆرتى خۆمان پێشكه‌شى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كرد، بڕیارمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داوه‌ ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ به‌رده‌وام بن.

هه‌روه‌ها گوتى: هه‌ندێ بابه‌تى دیكه‌ هه‌بوو په‌یوه‌ندى به‌ پێشمه‌رگه ‌و شه‌هیدانه‌وه‌ هه‌بوو، ئه‌مانه‌مان باس كردووه ‌و بڕیارى ئه‌وه‌ دراوه‌ ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ له ‌نێوان سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان  و سه‌رۆكایه‌تیى حكوومه‌تدا به‌رده‌وام بن.

سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانى كابینه‌ى حكوومه‌ت له‌ به‌غدا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى په‌رله‌مان ئه‌وه‌مان باس كرد، ئه‌و لێژنه‌ى دانوستاندنه‌ كه‌ دروست كراوه‌ و پێكهاتوون له‌ هاوپه‌یمانیى كوردستانى و چوونه‌ته‌ به‌غدا و ئێمه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى درێژمان هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، ئێمه‌ وه‌كو بڕیاڕى خۆمان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو یارمه‌تیده‌ر بین بۆ ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى عێراق به‌ زووترین كات پێك بهێنرێت، بێگومان داواكاریى خۆشمان هه‌یه‌ وه‌كو هه‌رێمى كوردستان، كه‌ داواكاریى كورد دیاره‌ چیه‌، وه‌ك مادده‌ى 140 و مه‌سه‌له‌ى پێشمه‌رگه‌ و بودجه ‌و نه‌وت، ئێمه‌ بڕیارمان داوه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا باسى بكه‌ین، له‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ به‌ دوو هه‌فته‌ ئه‌م شتانه‌ هه‌مووى جێبه‌جێ ناكرێت، به‌ڵام باس له‌وه‌ كراوه‌ سه‌قفێكى زه‌مه‌نى هه‌بێ كه‌ هه‌موو هێزه‌ كوردییه‌كان كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌بێ سه‌قفێكى زه‌مه‌نى بۆ ئه‌و داواكارییانه‌ى كورد هه‌بێ.

سه‌باره‌ت به‌ هاریكارییه‌ سه‌ربازى و مرۆییه‌كانى وڵاتان بۆ هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى گوتى: زۆر سوپاسى ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ یارمه‌تیى هه‌رێمى كوردستانیان داوه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و تیرۆریستانه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ى پێویسته‌ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌، ئه‌م پرسه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندى به‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ نیه‌، ئه‌مه‌ شه‌ڕێكه‌ پێویستى به‌ هه‌ماهه‌نگیى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستان. ئێمه‌ هه‌تا ئێستا پێمان وایه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌نگاوى باشیان ناوه‌.

هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه‌: ئه‌وه‌ى هه‌تا ئێستا كراوه‌ بڕیاڕى پاڵپشتبى سه‌ربازى به‌ ئاشكرا  له‌ل ایه‌ن وڵاتانى وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ووروپا دراوه‌، پاڵپشتییه‌كه‌یان به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى تازه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌، ئێمه‌ وه‌ك هه‌رێمى كوردستان سوپاسى هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌ هه‌نگاویان ناوه‌ بۆ پاڵپشتیى هه‌رێمى كوردستان و جه‌خت له‌‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، مه‌سه‌له‌ى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستان پرسێك نیه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بێت، پێویستى به‌ كۆده‌نگییه‌كى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌مڕۆ هه‌رێمى كوردستان له ‌به‌ره‌ى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕه‌ له‌ دژى تیرۆریستان.

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكی تایبه‌ت به‌ پرسى ئاواره‌كان و گه‌یشتنى هاوكارییه‌كان، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند: ئه‌وه‌ى جێى نیگه‌رانییه‌ بۆ ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌تى هه‌رێم، گوشارێكی زۆرمان له‌سه‌ره‌، به‌ داخه‌وه‌ هه‌تا ئێستاش بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له ‌به‌غداوه‌ ماوه‌ى 8 مانگه‌ بڕاوه‌، خه‌رج نه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ واى كردووه‌ له‌ ڕووى مرۆییه‌وه‌ بارى هه‌رێمى كوردستان زۆر گران بێت.
سه‌باره‌ت به‌ پرسى مادده‌ى 140 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا مادده‌یه‌كى ده‌ستوریمان هه‌یه‌، به‌لاى ئێمه‌شه‌وه‌ گرنگه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ یه‌كلا بكرێته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێى ده‌ڵێن مادده‌ى 140ى ده‌ستورى عێراقى، ڕێگه‌ى چاره‌سه‌رى له‌ ده‌ستوورى عێراقدا بۆ دانراوه‌، بۆ ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌گه‌ر هه‌موو شوێنه‌كانیش له‌ده‌ست ئێمه‌ بێت، داوا ده‌كه‌ین له‌ ڕووى یاساییه‌وه‌ و به‌پێى ده‌ستورى عێراق ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ یه‌كلا ببێته‌وه‌.

له ‌باره‌ى گه‌ره‌نتیى نێوان هه‌ولێر و به‌غداش ڕایگه‌یاند: هیچ گرنتییه‌ك نیه‌، ئێمه‌ ئه‌زموونێكى یه‌كجار زۆر تاڵمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى مالیكىدا هه‌یه‌، ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ئه‌م جاره‌ هیوادارین ئه‌و هه‌ڵانه‌ى پێشتر كراون ‌و عێراقیان گه‌یاندۆته‌ ئه‌م قۆناغه‌، له‌ حكوومه‌تى داهاتوودا دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ پرسى ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌، ڕایگه‌یاند: هیچیان نه‌ناردووه‌ .

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی