ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 15/11/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو كرستین وۆرموس جێگری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ كاروباری سیاسی و شاندێكی سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، شاندی میوان پیرۆزباییان لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شاری شەنگال و هاوخەمی خۆیان بۆ كەسوكاری شەهیدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەربڕی و هیوای زوو چاكبوونەوەیان بۆ برینداران خواست. هەروەك ئۆپەراسیۆنەكەشیان بە یەكێك لە دەستكەوتەكانی هاوكاریی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانیی دژی داعش بە تایبەتی ئەمەریكا زانی، كە كاریگەری لەسەر لاوازبوونی هێزی داعش لە ناوچەكە و ڕزگاركردنی دڤەرەكانی دیكە، هەیە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیاندا ئامادەیی خۆیان بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك بەمەبەستی بەهاناوەچوونی ئەو دەڤەرانەی لە دەستی داعش ڕزگار كراون دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری ئاوەدانكردنەوەیاندا.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەرۆك و خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پێشكەش بە ئەمەریكا و وڵاتانی نێو هاوپەیمانیی دژی داعش كرد كە بەهۆی هاوكارییە سەربازییەكانیانەوە توانرا لە ماوەیەكی زۆر كورتدا شەنگال لە داعش پاك بكرێتەوە و هیوای بەردەوامیی ئەو هەماهەنگییەی خواست بۆ ڕزگاركردنی هەموو دەڤەرەكانی دیكەی عێراق لە تیرۆرستان. ئاماژەی بەوەش دا ئەو دەڤەرانەی ڕزگار دەكرێن پێویستیان بە خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەیە و ئەمەش لە كاتێكدایە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی قوڵی داراییدا تێدەپەڕێت بۆیە هیوای خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو بوارانەدا هاوكاریی حكوومەتی هەرێم بكات.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێزیان ئاماژەی بەوە كرد كە لە قۆناغی داهاتوودا پێویستە پێداچوونەوە بە شێوازی هاوكارییەكان بكرێت بە شێوەیەك لەگەڵ قۆناغەكە بگونجێت و كاریگەرییان زیاتر بێت.
تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەلایەك و هەولێر و ئەمەریكا لەلایەكی دیكە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات