پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ـی ١٠ـی ٢٠١٤ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە مارک بارێتی باڵیۆزی نوێی فەڕەنسا لە عێراقی فیدڕاڵ و ئاڵان گیپخات كۆنسوڵی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارێكدا کە بەڕێز مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، سەرەتا باڵیۆزی فەڕەنسا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەربڕی و ڕایگەیاند کە ڕێز و سڵاوی سەرۆکی فەڕەنسای بۆ سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان هێناوە و دوای دەستبەکاربوونی هەوڵی داوە لە نزیکترین دەرفەتدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی پەرە بە پەیوەندییە باشەکانی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان بدەن، داواشی لە سەرۆک بارزانی کرد تێڕوانینی خۆی و سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕەوشی ئێستای کوردستان و عێراق و ناوچەکە بخاتەڕوو بۆئەوەی بەرچاوڕوونییەکی باشتریان هەبێت.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی باڵیۆزی نوێی فەڕەنسای كرد و پیرۆزبایی دەستەبەکاربوونی لە ئەرکی نوێی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و بەناوی خەڵكی كوردستان سوپاسی سەرۆك و حكوومەت و گەلی فەڕەنسای كرد كە لەكاتی تەنگانەدا بە كردەوە لەگەڵ گەلی كوردستان وەستان و ڕۆڵی پێشڕەوانەی فەڕەنسایشی بۆ هاندانی وڵاتانی ئەورووپا بۆ یارمەتیانی كوردستان بەرز نرخاند.

سەبارەت بە دۆخی بەرەكانی جەنگ سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە هه‌رچه‌نده‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ڕووی پڕچه‌ككردنه‌وه‌ ئابلووقه‌ی خرابووه‌ سه‌ر، به‌ڵام ئێمە ڕووبەڕووی دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك بووینەوە كە چەكی دوو وڵاتی سووریا و عێراقی كەوتۆتە دەست، سەرەڕای ئەوەش پێشمەرگە توانی زوو تاكتیكی تیرۆریستان بزانێ و ڕێ لە پێشڕەوییان بگرێ و له‌ چه‌ندین ناوچه‌دا پاشه‌كشه‌یان پێ بكات و ئێستا زۆربەی ئەو ناوچانەی تیرۆریستان داگیریان کردبوو لەلایەن پێشمەرگەوە ئازاد کراونەتەوە و ئەو شوێنانەی ماون ئازاد دەکرێنەوە.

سەرۆک بارزانی ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئێستا تیرۆریستان لە عێراق سوریا ئاراستەی شەڕی خۆیان گۆڕیوە و تەنیا دژی کورد شەڕ دەکەن، تەنیا لە لایەن کوردیشەوە تێک دەشکێندرێن.

سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە تەنیا کردەوەی سەربازی بۆ شکاندنی داعش بەس نییە و پێویستە سەرچاوە داراییەکانیان وشک بکرێت و ڕێگەی هاتنی تیرۆریستانیش بۆناو ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بگیرێت، هەروەها ڕێگە نەدرێت چیتر خاکی سوریا وەک حەشارگە و ناوچەیەکی ئارام بۆ داعش بمێنێتەوە.

باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕوونکردنەوەکەی و ڕایگەیاند کە سەرنجەکانی سەرۆک بارزانی بۆ فەڕەنسا زۆر گرینگن و بەرچاوڕوونییەکی باشتریان دەداتێ، هەروەها سوپاسی پێشمەرگەی کرد کە قارەمانانە دژی تیرۆریستان شەڕ دەکەن و ڕایگەیاند: شەڕی کوردستان لەدژی داعش، نەک تەنیا بۆ عێراق و ناوچەکە، بەڵکو بۆ هەموو جیهان گرینگە و ئێوە لەجیاتی هەموو جیهان شەڕ دەکەن.

هەر لە دیدارەکەدا باڵیۆزی فەڕەنسا ڕۆشنایی خستە سەر چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کلتورییەکانی باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە هەولێر و ئەنستیتۆ و کۆمپانیا فەڕەنساییەکان لە کوردستان و ڕایگەیاند کە فەڕەنسا دەیەوێ لە هەموو ئاستەکاندا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببات.

باسکردنی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی