هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق دەكات

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی ئەیلوولی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە چۆ جونگۆن باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەكە و، وێڕای ئاماژەدان بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كە هەولێر و بەغدا بۆ دیپلۆماتكارەكان دوو جیهانی جیاوازن و زۆر بە ڕوونی هەست بە جیاوازیی نێوانیان دەكرێت و لە هەولێر هاتوچۆ و دڵنیایی زیاتر بۆ دیپلۆمات و بیانییەكان هەیە. باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق ئەوەیشی باس كرد كە كۆمپانیاكانی كۆریای باشوور ئامادەن كە ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكەن و ئۆفیسی وڵاتەكەیشی لە هەولێر بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا. باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی لە شەڕكردن لە دژی تیرۆریستان كرد و سوپاسی وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بۆ ئەو هەوڵانەی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی ئاوارەكان ئەنجامی داوە و، هێمای بەوەدا كوریای باشوور لە شەڕی تیرۆریستان و هاوكاریكردنی ئاوارەكاندا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق كرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی تیپی زەیتون لە شاری هەولێر كرد كە لە دوای ساڵی 2003 ڕۆڵێكی ئیجابی لە یارمەتیدانی پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و قووڵكردنی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و كۆریای باشووری گێڕاوە. سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە فراوانتربوونی پەیوەندییەكان كرد و ڕایگەیاند هەرێمی كوردستان ئامادەیە پەرە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆریای باشوور بدات.

سەبارەت بە هەڕەشەكانی تیرۆر و بەرەكانی جەنگ سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە تیرۆریستان لەسەر دەستی پێشمەرگە تووشی شكستی گەورە هاتوون و لە پاشەكشەدان و دووپاتی ئەوەی كردەوە كە تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو جیهان بۆیە لەناوبردنیشی پێویستی بە هەوڵێكی نێودەوڵەتی و هەماهەنگی نێوان وڵاتان هەیە. هەر لەم دیدارە سەرۆك بارزانی پشتگیری لەو هەنگاوەی هێزە هاوپەیمانەكان كرد كە مۆڵگەی تیرۆریستانیان لەنێو خاكی سووریا كردۆتە ئامانج و ڕایگەیاند كە تیرۆریستان خاكی سووریایان وەك پەناگەیەكی ئارام و سەكۆیەك بۆ پەلاماردانی كوردستان و عێراق بەكار هێناوە و نەهێشتنی ئەم پەناگەیە لەناوچوون و تێكشكانی تیرۆریستانی داعش خێراتر دەكات.

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق دەكات

ئەمڕۆ یەكشەممە 21ـی ئەیلوولی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە عەمار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە فازل میرانی سكرتێر و د. ڕۆژ نوری شاوێز و هۆشیار زێباری و ئازاد بەرواری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییە عێراقییەكان و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی و پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی تاوتوێ كرا و قسە لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرا.

هەر لەم دیدارە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا خرایە بەر باس و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێت.

بارودۆخی ئاوارەكان و یارمەتیدانیان تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و وێڕای ئاماژەدان بە هەولەكانی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی پەنابەران، جەخت لەوە كرایەوە كە چارەسەری سەرەكیی كێشەی ئاوارەكان گەڕاندنەوەیانە بۆ ناوچەكانیان و هەروەها پاراستن و قەرەبوكردنەوەیانە و پێویستە لەم ڕووەوە حكوومەتی عێراقی ئەرك و پابەندبوونەكانی جێبەجێ بكات.

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانی:باشترین شێوه‌، پێكه‌وه‌ژیانی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆ‌ك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی ڕیفڕندۆمه‌كه‌ی سه‌ربه‌خۆییی سكۆتلاندا، وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی دایه‌وه‌. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران له ‌وه‌ڵامی پرسیاره‌كاندا، دید و سه‌رنجه‌كانی خۆی ده‌خاته‌ڕوو، هه‌روه‌ها هیوا ده‌خوازێ كه ‌وه‌ك چۆن له‌نده‌ن ده‌نگی سكۆتلاندییه‌كانی بیست، به‌غداش به‌هه‌مان شێوه‌، ده‌نگی هه‌رێمی كوردستان ببیستێت.

 

ئه‌مه‌ ده‌قی وه‌ڵامه‌كانی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی یه‌:

 

ماڵپه‌ڕ: به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، ئێمه‌ سه‌رنجمان داوه‌ كه‌ به‌ڕێزتان ‌گرنگییه‌كی زۆره‌ ده‌ده‌ن به‌ ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی سكۆتلاندا، بۆچی؟

 

سه‌رۆ‌ك وه‌زیران: ئه‌م پرۆسه‌یه‌ لای من زۆر سه‌رنجڕاكێشه‌ و پڕه‌ له‌ وانه‌، بۆ لێ فێربوونی. به‌رتیانیا یه‌كێكه‌ له‌ به‌رده‌وامترین دیموكراسی له‌ دونیادا. نه‌ریتی په‌رله‌مانییان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ چه‌ند سه‌د ساڵێك. یه‌كێكه‌ له‌ پێكهاته‌ ده‌وڵه‌ته‌ كۆنه‌كان، یه‌كێتیی نێوان گه‌لانی جیاواز. یه‌كێك بوو له‌ ئێمپراتۆرییه‌ مه‌زنه‌كان، چه‌ندین كیشوه‌ری گرته‌ خۆ. له‌ هه‌ندێك كاتی هه‌ره‌ گرنگدا سیاسه‌تمه‌دار و هێزی سه‌ربازی و شۆڕشی پیشه‌سازیی پادشایه‌تیی یه‌كگرتوو‌ی ئه‌م دونیایه‌ی پێك هێنا كه‌ ئه‌مڕۆ ئێمه‌ تێیدا ده‌ژین. به‌شی زۆری ده‌وڵه‌تانی ئه‌مڕۆ له‌ دنیادا یا ڕاسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن شانشینی یه‌كگرتووه‌‌وه‌ دروست كراون‌، یا له‌ژێر كار و ئیلهامی بیری ئازادیی ئابووری، سه‌روه‌ری و مافی گه‌لان بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئاینده‌ی خۆیان، كه‌ له‌ به‌ریتانیاوه‌ سه‌ری هه‌رڵداوه‌، دروست بوون.

 

ماڵپه‌ڕ: هیچ ده‌وڵه‌تێكتان له‌ خه‌یاڵدایه‌ كه‌ له‌ شانشینی یه‌كگرتوو بچێت؟

 

سه‌رۆ‌ك وه‌زیران: به‌ڵێ. كاتێكی به‌ریتانیای مه‌زن عێراقی ئه‌مڕۆی دروست كرد له‌ ساڵانی 1920دا، هه‌ندێك دیپلۆمات و به‌رپرسی به‌ریتانی له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی شانشینی یه‌كگرتووی عێراق كاریان ده‌كرد. ئه‌و كه‌سانه‌ پشگیریی كوردستانیان ده‌كرد كه‌ ببێته‌ شانشین له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی شێخ مه‌حموددا و یه‌ك بگرێت له‌گه‌ڵ شانشینی هاشمی و پێكه‌وه‌ شانشینی یه‌كگرتووی عێراق پێك بهێنن. به‌داخه‌وه‌ له‌ كۆتاییدا ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ به‌رجه‌سته‌ نه‌بوو. ئه‌وه‌ی ده‌ست كه‌وت پادشایه‌تی هاشمی بوو.

 

ماڵپه‌ڕ: به ‌بۆچوونی ئێوه، ‌ده‌كرێت ئێمه‌ چ وانه‌یه‌ك له‌ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی سكۆتلاندا فیر ببین؟

 

سه‌رۆ‌ك وه‌زیران: شتێك كه ‌یه‌كسه‌ر دێته ‌بیری من ئه‌مه‌یه‌: باشترین شێوه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لانی جیاواز له‌ هه‌ر وڵاتێكدا بێت، پێكه‌وه‌ژیانی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌. ڕێكه‌وتننامه‌ی ئێستای نێوان سكۆتلاند و شانشینی یه‌كگرتوو سێ سه‌د ساڵ ته‌مه‌نیه‌تی، ته‌نانه‌ت له‌ دیموكراسییه‌كۆنه‌كانیشدا، وه‌ك به‌ریتانیا، خه‌ڵك له‌ هه‌ر كاتێكدا پێكهاته‌ی سیاسی ده‌خه‌نه ‌ژێر پرسیاره‌وه‌. پارتی ناسیۆنالیستی سكۆتلاندی، ویستی سروشتی دیموكراتیی ده‌وڵه‌تی به‌ریتانی تاقی بكاته‌وه ‌به‌وه‌ی داوای ڕیفراندۆمیان كرد. ئه‌و هه‌له‌یان پێ درا و زۆرینه ‌بڕیاری دا له‌ و‌ڵاته‌كه‌‌دا بمێنێته‌وه‌. سه‌رباری ئه‌و‌ هه‌موو هه‌ست و نه‌سته‌ی له ‌گفتوگۆكه‌دا ده‌ربڕدرا، من پێم وایه ‌پڕۆسه‌كه ‌زۆر گرنگ بوو. به ‌به‌راورد له‌گه‌ڵ چه‌ندین وڵاتانی كه ‌خه‌بات ده‌كه‌ن تا پێكه‌وه‌ بمێننه‌وه‌، سیاسه‌تمه‌دارانی به‌ریتانیا ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیی گه‌وره‌ی دابه‌شبوونی وڵاته‌كه‌یان بوونه‌وه‌؛ به‌ڵام به‌ڵگه‌ی دیموكراسی و ئاینده‌ی وڵاته‌‌كه‌یان به‌هێزتر بوو. ڕیفراندۆمه‌كه‌ی سكۆتلاندا ڕێی به‌وانه ‌دا كه ‌باوه‌ڕیان به‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌بوو، تا له‌ خه‌ڵكی سكۆتلاند بپرسن ده‌رباری خواستیان بۆ مانه‌وه ‌له ‌و‌ڵاته‌كه‌دا، یان نا؟. ئه‌مه‌ نموونه‌یه‌كی باڵای پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتیی ئاشتیخوازانه‌یه‌، دوور له‌ شه‌ڕی ناوخۆ، توندوتیژی و داگیركردن، كه ‌له‌ هه‌ندێك به‌شی دیكه‌ی جیهان ده‌یبینین كاتێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆزی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن.

 

ماڵپه‌ڕ: هیچ هاوته‌ریبییه‌ك ده‌بینن له‌گه‌ڵ ڕه‌وشی ئێمه ‌له‌ كوردستان و له‌ عێراق؟

 

سه‌رۆ‌ك وه‌زیران: به‌ڵی، بێگومان. ئێمه‌ ده‌بێت زۆر به‌ قووڵی و جددی له ‌ڕه‌وشی خۆمان بڕوانین له ‌كوردستاندا. ئێمه‌ ڕێككه‌وتنێكی فیدڕاڵیمان له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌. چوار له‌ پێنجی ده‌نگده‌ر له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا، ده‌ستووره ‌فیدڕاڵییه‌كه‌ی ئێمه‌ی په‌سه‌ند كرد. له‌و كاته‌وه ‌تا ئێستا چه‌ندین مادده‌ی گرنگی ده‌ستووره‌كه‌مان چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنه.

 

ئێمه ‌هه‌ڵبژارندنی دیموكراتیمان ئه‌نجام داوه‌، گه‌له‌كه‌مان چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامه: ئێمه ‌ده‌بێت هه‌لومه‌رجی ژیانی هاووڵاتیان باشتر بكه‌ین؛‌ده‌بێت ئاسایشی كوردستان دابین بكه‌ین؛ ئێمه ‌پێویستمان به ‌بڕیاری كۆتایی هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی مادده‌ی 140؛‌ ده‌بێت دڵنیا بین له‌وه‌ی كه ‌ناكرێینه ‌بارمته‌ی خواستی سیاسه‌تمه‌دار له‌ به‌غدا، تا بزانین كه‌ی، یا ئه‌گه‌ر به‌شی ده‌ستووریی داهاتمان وه‌رده‌گرین یان نا؟؛ ئێمه‌ پێویستمانه ‌هه‌ست بكه‌ین به‌شێكین له‌ وڵاتێك كه ‌تێیدا پێداویستیمان، خه‌ممان و هیوامان به‌ جددی وه‌رده‌گیرێت.

 

ئێستا، كه ‌به‌شێكی زۆرینه‌ی دیاری ده‌نگده‌ران له‌ سكۆتلاندا بڕیاریان دا له‌ وڵاته‌كه‌دا بمێننه‌وه‌، ده‌بێت حكوومه‌ت له ‌له‌نده‌ن ببیستێت كه ‌به‌شێكی گرنگی خه‌ڵكی سكۆتلاندا خه‌می په‌یوه‌ندیی‌ داهاتوویانه ‌له‌گه‌ڵ وێستمنستر. من زۆر خۆشحاڵ بووم كه ‌بیستم سه‌ره‌ك وه‌زیران به‌ڕێز ده‌یڤید كامیرۆن به‌ڵێنی دا بۆ شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بۆ به‌شی جیاوازی وڵاته‌كه‌. ئومێد ده‌خوازم منیش په‌یامی هاوشێوه ‌ببیستم له‌ به‌غداوه‌، كاتێك خه‌ڵكی كوردستان خه‌می خۆیان ده‌رباره‌ی عێراق ده‌رده‌بڕن. هیوا ده‌خوازم گوێم له ‌سیاسه‌تمه‌دارانی به‌غدا بێت، بڵێن: “گه‌لی كوردستان، ئێمه‌ ده‌نگتان ده‌بیستین و چاره‌سه‌ری خه‌متان ده‌كه‌ین، چونكه‌ ده‌زانین ناتوانین هه‌تاهه‌تایه‌ وه‌ك به‌شدارێكی نائومێد ڕاتانبگرین، دنیا له‌گۆڕاندایه‌ و ئێمه‌ش ده‌بێت خۆمان بگۆڕین”.

 

 

 

 

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە عەمید سمێ بۆسەڵی کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ـی ئەیلوولی ٢٠١٤ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە عەمید سمێ بۆسەڵی، فەرماندەی هێزی ١٨ـی سوپای یەکی زێرەڤانی کرد.


لە دیدارەکەدا سەرەتا سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی کرد و سوپاسی خۆڕاگریی و ئازایەتیی ئەو فەرماندەیەی کرد کە لەگەڵ پۆلێك هەڤاڵ و پێشمەرگە شنگالیان بەجێ نەهێشت و زۆر ئازایانە مانەوە و بەرگرییان کرد و نەیانهێشت دەستی ڕەشی تیرۆرسیتان بگاتە چیای شنگال.

سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردەوە کە پێشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی هەڵبژاردووە کە هەمیشە پێش مەرگ دەکەوێت و گیانی خۆی بەخت دەکات بۆ ئەوەی گەلەکەی بە زیندوویی بمێنێتەوە، بۆیە ئازایەتیی ئەو فەرماندە و پێشمەرگانەی لەچیای شنگال مانەوە و بەرگرییان کرد مایەی پێزانینە و شانازییەکیان تۆمار کرد کە وەک هەموو داستانە پڕ سەرفرازییەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەرز دەنرخێندرێت.

سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە شنگال و هەموو ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە دەست تیرۆریستان ئازاد دەکرێنەوە و خەڵکی ئەو ناوچانە بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان.

لە بەرانبەردا، عەمید سمێ بۆسەڵی، سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە و سەرنج و تێبییەکانی خۆی لەسەر ڕووداوەکان و ڕەوشی پێشمەرگە لە شنگال و چیای شنگال بەتایبەتی خستەڕوو و ڕایگەیاند کە ئەوەی من و هەڤاڵانم ئەنجاممان داوە ئەرکی سەرشانمان بووە و هەمیشە ئامادەین بەرگریی لە خاک و گەلەکەمان بکەین.

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی چین لە هەولێر دەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی 9ـی 2014 لە شاری دهۆك بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە تان بانگلین كونسوڵی وڵاتی چین لە هەولێر و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كونسوڵی چین لە هەولێر سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و بڕیاری كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتیی وڵاتەكەی و دەستبەكاربوونی وەك یەكەم كونسوڵی وڵاتی چین لە شاری هەولێر بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند. كونسوڵی چین ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەم هەنگاوە دەستپێكێكە بۆ كردنەوەی پەیوەندییەكی فەرمی و ڕاستەوخۆ لەنێوان چین و كوردستان و هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو لا گەشەی پێبدرێت هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە ئاسۆی پێشكەوتن لە هەرێمی كوردستان زۆر ڕوونە و بواری كاری هاوبەشی نیوان كوردستان و چین فراوانە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا كونسوڵی چین لە هەولێر ئامادەیی وڵاتەكەیشی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی مرۆیی و ناردنی هاوكاری بۆ ئاوارەكان و ئاماژەیشی بەوەدا كە وڵاتەكەی لایەنگری هەموو هەوڵێكی نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاساییشی جیهانی. لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریش كونسوڵی چین ئەوەی باس كرد كە تیرۆر هەڕەشەیەكی هاوبەشە لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە كونسوڵی چین لە هەولێر كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بۆ كردنەوەی پەیوەندیی نێوان وڵاتی چین و كوردستان لە ئاستی فەرمی و دیپلۆماسیدا و هیوای خواست ئەم پەیوەندییە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی هەردوولا و ناوچەكە بكات.

سەبارەت بە هەڕەشەكانی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستان ئەو وێنە ئەفسانەیەی شكاند كە داعش بۆ خۆی وێنای كردبوو. لەگەڵئەوەیشدا هەڕەشەی تیرۆریستان هەر ماوە و پێویستە لەناو ببردرێن و ئەو لەناوبردنەیش هەوڵێكی هەمەلایەنەی جیهانیی دەوێ و وڵاتی چینیش بە حوكمی پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی دەتوانێ ڕۆڵێكی كارا لەمبارەیەوە بگێڕێت.

تاوتوێكردنی بارودۆخی مرۆیی ئاوارەكان تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و سەرۆك بارزانی بڕیاری وڵاتی چینی بۆ ناردنی هاوكاریی مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند.

 

 

 

 

پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كۆبانێ

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

 

هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر خوشك و براكانمان لە كۆبانێ بەشێكە لە ئەو نەفیرعام و دوژمنكارییەی تیرۆریستان لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی دەدەن. وەحشیگەری و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆسەر كۆبانێ و ڕۆژئاوای كوردستان هەڕەشەیە بۆ هەموو گەلی كوردستان و شەرەف و كەرامەت و مان و نەمانی گەلەكەمانی كردۆتە ئامانج.

 

داوا لە هەموو لایەنە كوردستانییەكان دەكەم هەموو ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن و بەیەكەوە بەرگری له كەرامەت و خاك و ژیانی هاووڵاتیانی كۆبانێ بكەن. بەرگریكردن لە خاك و خەڵكی كوردستان ئەركێكە لەسەر شانی هەموومانە و لەسەرووی هەموو ئەركێكی دیكەیە.

 

داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دەكەم بە زووترین كات هەموو ڕێوشوێنێك بگرنەبەر بۆ پاراستنی كۆبانێ و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان لە دەستی تیرۆریستان. چونكە تیرۆریستانی داعش لە هەر شوێنێك بن دەست لە تاوان و كارەسات ناپارێزن و دەبێ لە هەر شوێنێك بێت لێیان بدرێت و تێكبشكێندرێن.

 

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
19ـی ئەیلوولی 2014

 

 

 

 

پەڕەى 268 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی