هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

دەقی وتەی سەرۆك وەزیران لەڕێوڕەسمی خەڵاتكردنی یەكەمەكانی كوردستان

میوانە بەڕێزەكان،

كەسوكاری قوتابییە خۆشەویست و یەكەمەكانی كوردستان،

هەموو لایەكتان بە خێر بێن بەسەرچاو، بە خێربێن بۆ ئەم ڕێوڕەسمە گرنگە كە تێیدا دەمانەوێ ڕێز لە هەوڵ و سەركەوتنی ژمارەیەك لە قوتابیانی كوردستان بگرین كە ئەمڕۆ شانازیی ئەوەیان بەر كەوتووە ببن به‌ یه‌كه‌م له‌ كوردستاندا. هەموومان لە دڵەوە ئەوانه‌مان خۆش دەوێت، چونكە لە بوارێكدا یەكەم بوون كە هەموو پێشكەوتنەكانی وڵاتی ئێمە لەوێوە دەست پێدەكات، كە ئەویش بواری پەروەردە و خوێندنە.

بە ناوی ئێوەی ئامادەبووان، بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانه‌وه‌، پیرۆزبایی لەو (44) قوتابییەى یەكەمی قۆناغی ئامادەیی كوردستان دەكەم كە بوونەتە یەكەم و دووەم و سێیەمی قۆناغەكانی ئامادەیی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان. هەروەها پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لەو كچە قوتابیە دەكەم كە لەسەر ئاستی عیراقدا بۆتە یەكەم، ئەویش خۆشەویستێكی خۆمانە، كچێكی شاری خۆشەویستی خانەقینە، پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لێ دەكەم.

پیرۆزتان بێ و بە ڕاستی شانازییە، شانازی بە سەركەوتنەكەتانەوە دەكەین. دەبێ ئەو سەركەوتنانە هاندەرێك بێت بۆ ئەوەی لە قۆناغی ترى ژیاندا، له‌ قۆناغى ترى خوێندندا بە هەمان شێوەی كە ئەمڕۆ سەركەوتوو بوون، بە هەمان شێوە لە ئایندەشدا و لە قۆناغەكانی تردا سەركەوتوو بن .
هەر لێرەدا بە پێویستی دەزانم زۆر سوپاسی هەوڵی بەڕێوەبەر و مامۆستاكانی قوتابخانەكانتان بكەم، كە ئەوانیش هاوبەشن لەو سەركەوتنەی ئەمڕۆ ئێمە ڕێوڕەسممان بۆی كردووە و جەژنى پێ ده‌كه‌ین. زۆر سوپاسی خێزان و كەسوكارتان دەكەم كە توانیویانە بارودۆخێكی وا لەبار بۆ ئێوە بڕەخسێنن تا بتوانن لەم بارودۆخەدا ئەم سەركەوتنە بە دەست بهێنن، پڕ بەدڵ سوپاسیان دەكەم.

بەڕێزان ..
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خاوەن ستراتیژیەتی درێژخایەنە لە بواری پەروەردە و خوێندندا بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە، لەو پێناوەشدا چەندین ساڵە هەوڵێكی نەپساوەی دەست پێكردووە بۆ پێشخستنی بواری پەروەردە و خوێندن لە هەموو ئاست و قۆناغەكاندا .

هۆشیاریی كۆمەڵایەتی، پێشكەوتنی ئابووری، بەڕێوەبردنی باش و سیاسەتكردن و دەوڵەتداریی سەركەوتووش، هەموویان پەیوەستن بە پێشكەوتووییی بواری پەروەردە و خوێندن لە هەر وڵاتێكدا. ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ڕاستییەمان بە تەواوی لەبەر چاوە، هەر لەبەر ئەوەش بە هیچ شێوەیەك و لە هیچ بارودۆخێكدا؛ گرنگیی بواری پەروەردە لەبیر ناكرێت.

لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژیەى ئێمە لە بواری پەروەردەدا، بایەخێكی زۆر بە بنیاتنانی ژێرخانی پەروەردەیی دەدەین لە كوردستان. حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشێكی داهاتی نەوتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا تەرخان كرد بۆ دروستكردنی قوتابخانە و بینایەی نوێ بۆ زانكۆكان و نۆژەنكردنەوە و دابینكردنی پێداویستییەكانی دیكەی خوێندن، ئەوەش ڕەنگدانەوەیەكی زۆر باشی هەبووە بەسەر بواری پەروەردە و خوێندن لە كوردستاندا.
بەڵام بە دڵنیاییەوە دەبێ ئەوەش بڵێین كە هێشتا كەموكوڕی و پێداویستیی زۆرمان ماوه‌ كە دەبێ لەو بوارەدا جێبەجێیان بكەین، به‌ڵام كار و هەوڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لەو بوارەدا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ لە ئایندەدا بەردەوام دەبێ.

دوو ئامانج لە حكوومەتداریدا هەمیشە لە هزری مندان و، لە هەموو پڕۆژە و هەنگاوێكدا حیسابیان بۆ دەكەین، ئەوانیش خوێندن و تەندروستین. هەموو ئامانجی ئێمه‌ ئەوەیە كوردستان لە ڕووی پەروەردە و خوێندن و لە ڕووی تەندروستییەوە تەواو پێشكەوتوو بێت، چونكە بەو شێوەیە دەبینە خاوەن كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو، هەر بەو شێوەیەش ئایندە و كوردستانێكی پێشكەوتوو بۆ نەوەكانی دوای خۆمان دابین دەكەین .

هەر لەو چوارچێوەیەدا داوا لە سەرمایەدران و وەبەرهێنەران دەكەم كە وەبەرهێنان لە بواری خوێندندا بكەن لە كوردستان بە دانانی كۆلیژ و زانكۆ و قوتابخانەی پێشكەوتوو و ئاست بەرز. هەروەها هاوكاری حكوومەتیش بن بە بنیاتنانی قوتابخانە لە گەڕەكە میللییەكان و گوندەكانی كوردستان، هەروەها لە كەمپەكانی ئاوارەكاندا، بەو شێوەیەش لەو قۆناغەدا هاوكاریی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بە تایبەتی كە ئێستا حكوومەتی عیراق بە بڕینی بودجە و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێمی كوردستانی خستووەتە ژێر بارێكی زۆر گران.
هەروەها لەبەر ئەو هەموو ئاوارە زۆرانەی لە ناوچە كوردییەكانی سووریا و لە پارێزگاكانی مووسڵ و دیالە و ئەنبار و شارەكانی دیكەی عێراقەوە ڕوویان كردووەتە هەرێمی كوردستان، ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارێكدا زۆر گران بووە، لەوانەش بواری خوێندن و پەروەردە.

ئامادەبووانی بەڕێز،
خەڵكی خۆشەویستی كوردستان ..

هەروەك هەمووتان ئاگادارن، عیراق بە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، ئەو ئاڵۆزبوون و تێكچوونەی بارودۆخی عێراقیش ئەنجامێكی زۆر سروشتیی سیاسەتەكانی دەسەڵاتدارانی عێراقە كە تەوافوقی نێوان پێكهاتەكانی عێراقی تێكدا و دەستووری عێراقی پێشێل كرد، كە ئەو دەستوورەش بنەمای پرۆسەی سیاسیی عێراق بوون.

بەداخەوە نە سەرۆك وەزیران و نە هاوپەیمانەكانی عێراقیش گوێیان نەدایە ئاگاداركردنەوە و هۆشدارییەكانی لایەنی كوردی لە مەترسیی درێژەدان بەو پێشێلكاریانە، ئەنجامی ئەو گوێنەدانەش ئەو كوشتار و تێكچوونەیە كە ئەمڕۆ بەسەر گەلی عێراقدا هاتووە.

هەروەها هەر لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە و شكست و پاشەكشەی سوپای عێراق، هێزەكانی پێشمەرگە چوونەتە زۆر لە ناوچە كوردستانییەكانی پارێزگای مووسڵ و كەركووك و دیالە، ئەوەی جێگەی سەربەرزییە ئێستا هەموو خەڵكی ئەو ناوچه‌یە و پێكهاتەكانی ئەم ناوچەیە بە كورد، عەرەب، توركمان و مەسیحییەوە زۆر لە ڕەفتار و پاراستنی پێشمەرگە ڕازین. هەر لێرەوە بە ناوی ئێوەشەوە، سڵاو و ڕێزی تایبەتی بۆ ئەو قارەمانانە دەنێرین كە ئەمڕۆ شەونخونی دەكەن لە هه‌موو بەرەكان بۆ پاراستنی سەروماڵ و گیانی هەموو هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی.
بەڵێنی پێشمەرگە و سەركردایەتیی كوردستانیش ئەوەیە هیچ جیاوازییەك لە نێوان پێكهاتەكانی گەلی كوردستاندا نەكات و پێمان وایە هەموویان وەك یەك هاوبەشن لەم وڵاتەدا. بە هەموو شێوەیەك تایبەتمەندیی هەر یەكێك لەو ناوچانە لەبەرچاو دەگرین. هەروەها هەموو لایەنە كوردستانییەكانیش ئەمڕۆ یەكدەنگن لەسەر ئەوەی كە خاك و خەڵكی ئەو ناوچانە ناخەینەوە بەر مەترسیی گرووپە چەكدارە تیرۆریستییەكان و وەك شوێنەكانی دیكەی كوردستان ئێمە ئەو شوێنانەش دەپارێزین.

بێگومان چوونی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورانە بۆ داگیركردن نەبووە، بۆ پاراستن بووە و ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكانمان پێیان بكرێت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە لە تیرۆر و تیرۆریستان، بە هیچ شێوەیەك درێغی ناكەن.

ئێمە لە حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەدەینە خەڵكی كوردستان كە زەحمەتییەكانیان زۆر درێژە ناكێشن و ئەو دواكەوتنەی مووچەی فەرمانبەرانیش بەردەوام نابێت و چارەسەری دەكەین و خەڵكی كوردستانیش بەرەو ژیان و خۆشگوزەرانییەكی باشتر هەنگاو دەنێت.

دەمەوێ سوپاسی خۆڕاگریی هەموو ئەو بەڕێزانە بكەم كه‌ دەزانم باری ژیانیان قورسە، بەڵام خۆڕاگر بوون و چۆكیان دانەدا لەبەر هەموو ئەو گوشارانەی لێیان كراوە لە بڕینی مووچه‌ و بودجەی هەرێمی كوردستاندا، ئێمەش بێگومان پلانمان هەیە بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زووترین كات چارەسەرى ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ین.

پێشتریش وەزیری دارایی باسی كردووە و خۆشم باسم كردووە و دەمەوێ دڵنیاتان بكەمەوە كه‌ مووچەی هیچ كەسێك لە هەرێمی كوردستان نافەوتێ، ئێمە پابەندیمان بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان و ئەوانە هەیە كە مووچەیان هەیە و بە دڵنیاییەوە پێیان دەدرێت. بەڵێ دواكەوتن هەیە، گرفت هەیە و ئێمە هیچ كاتێك پێشبینیی ئەوەمان نەدەكرد لە وڵاتێكدا ده‌ژین و سەرۆك وەزیرانی وڵاته‌كە بە بڕیاری تاكەكەسی مووچەی هه‌رێمى كوردستان ده‌بڕێت.
سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان دەكەم، چونكە پێشبینی وابوو كە مووچەیان بڕی؛ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان تووشی چۆكدادان دەبن، سەربەرزین بە خۆڕاگریی ئێوە بەوەی كە خۆتان ڕاگرتووە، سوپاسی خۆڕاگریتان دەكەین و دڵنیاشتان دەكەینەوە كە ئەو كێشەیە چارەسەر دەكەین.

قوتابیانی خۆشەویست..

ئێوە بەشدارن لە قۆناغێکی مێژوویی و هەستیار لە مێژووی گەلی كوردستاندا، بەشدارن لە وەدیهێنانی ئەو خەونەی باوک و باپیرانمان سەریان لەسەر دانا و خەونیان پێوە دەبینی. ئێوە دەبنە زانا و سەرکردە و خەباتکارانی سبەینێ. ئێوە لە ئایندەدا ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن و واش دەکەن گەلی کوردستان سەرفرازیی خۆی بپارێزێت. ئومێدی ئێمە و نەوەی پێش ئێمەش بە ئێوە بووە. هیوای من ئەوەیە ئێوە خۆشەویستان و ئازیزان لە ئاستی ئەو ئومێدە بن كە گەلی كوردستان بە ئێوەی هەیه‌.

هیوادارم زۆر بایەخ بە خوێندن بدەن، لە بواری خوێندنی باڵادا زۆر بایەخ بە بوارە تەكنیكییەكان و ئەو زانستانە بدەن كە بۆ قۆناغی ئێستای كوردستان زۆر پێویستن بۆ كوردستان، حكوومه‌تی هەرێمی كوردستانیش بە تەواوی هاوكارتان دەبێت بۆ سەركەوتن لەم پرۆسەیەدا.

دەرفەتی باش بۆ خوێندن و سەركەوتن لە بەردەم ئێوەدایە، ئەوەی بۆ ئێوە ڕەخساوە بۆ نەوەكانی پێش ئێوە نەڕەخساوە لە كوردستان، قەدری ئەم دەرفەتە بزانن، بۆیەش ده‌بێ سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و بە شێوەیەكی زۆر سەركەوتووانە بەشداری لە پێشخستنی وڵات و كۆمەڵگەی كوردستاندا بكەن.

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به ‌تایبه‌تی گرنگییه‌كی به‌رچاو به‌ خوێندنی پیشه‌یی ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی بواری فێربوونی پیشه‌ جۆراوجۆره‌كان بۆ خوێندكارانی بڕه‌خسێنێت و گه‌نجانی وڵات؛ هه‌موو ئه‌و كار و پیشانه‌ فێر ببن كه‌ خزمه‌ت به‌ كوردستان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشخستنی وڵات ده‌كه‌ن. ئه‌مە بۆ ئه‌مڕۆ و دواڕۆژی كوردستان زۆر گرنگه‌ و ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك ئه‌وپه‌ڕی گرنگی پێ بده‌ن و قوتابیانمان هان بده‌ن بواره پیشه‌ییه‌كان‌ بخوێنن.

دیسانەوە پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە یەكە یەكەی ئێوەی خۆشەویست دەكەم و زۆر دڵخۆشیشم كە دەبینم لەناو ئەوانەی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا پلەی یەكەم و دووەم وسێیەمیان بە دەست هێناوە، هەروەها ئەوەی كە پلەی یەكەمی عیراق بە دەست هێناوە زیاتریان كچەكانی خۆمانن كە لە كۆڕەكانمان زیاترن. ئەمە جێی دڵخۆشیە و زۆر بەوە دڵخۆش بووم كە سەیرم كرد بینیم كچەكان لەم بوارەدا لە كوڕان سەركەوتووترن و بە داوای لێبوردنەوە، بێگومان كوڕه‌كانیش زۆر زیرەكن.

هیوادارم ئەوە بەردەوام بێت و ئێوەش لە هەموو قۆناغەكاندا سەركەوتوو بن وهەست بەوە بكەن ئەركی سەرشانتان قورسە. ئێوە ئایندەی ئەم گەلەن، ئێوە ئایندەی ئەم وڵاتەن، كوردستان بە قۆناغێكی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت و بێگومان بە هاوكاریی ئێوە، به‌ دڵسۆزیى ئێوه‌، بە ئیشكردنی ئێوە لە ئایندەدا، ئەم گەلە ده‌توانێ بگاته‌ قۆناغی پێشكەوتوو.
دیسانەوە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هەر سەركەوتوو بن.
زۆر سوپاس.

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی سەرۆك مام جەلال دەكات

ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی 7ـی 2014 بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە یاوەریی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی و لە شوێنی حەوانەوەی سەرۆك مام جەلال، بە مەبەستی بەخێرهێنانەوە و هەواڵپرسین سەردانی سەرۆك مام جەلالی كرد و لە نزیكەوە لە تەندروستیی بەڕێزیانی پرسی.

 

 

 

 

 

 

 

 

لێدوانی گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی دەركردنی خوشك و برایانی مەسیحی لە موسڵ

لە دوا هەوڵی گرووپە تیرۆریستییەكاندا كە دەستیان بەسەر شاری موسڵدا گرتووە، بەشێوەیەكی دوور لە دابونەریتی پێكەوەژیان و بنەما و یاساكانی مافی مرۆڤ و ئایین، هەڕەشەی دەركردن و كوشتنیان لە خوشك و برایانی مەسیحی كردووە و ناچاریان كردوون ماڵ و شوێنەكانیان بەجێ بێڵن و بەرەو كوردستان بەڕێ بكەون.


ئێمە لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەم كارە تیرۆریستییە نامرۆڤانەیە بەتوندی ئیدانە دەكەین و هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆیشمان بۆ ئەو خوشك و برایانە دەردەبڕین و، ئامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ پێشوازی و یارمەتیدان و پاراستنیان رادەگەیەنین. 

داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكەین هەرچی زووترە هاوكاریی پێشكەش بەحكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن تا بەشێوەیەكی بەپەلە و شایستە بتوانین هاوكاریی لێقەوماوان بكەین و لە خەم و ئازارەكانیان كەم بكەینەوە.

د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
19/7/2014

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانی داوای هاوكاریكردنی خێزانە ئاوارە مەسیحییەكان دەكات

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پەیامێكی سەبارەت بە ئاوارەبوونی بەكۆمەڵی خێزانە مەسیحییەكان لە شاری مووسڵ ڕاگەیاند. تیایدا داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكات ئەوپەڕی هاوكاریی ئەو خێزانانە بكەن، هەروەها داوای هاوكاری و بەتەنگەوەهاتنیش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بۆ ئەو ئاوارانە كە بەهۆی هۆشداری و هەڕەشه‌ى گرووپە چەكدارە تیرۆریستەكانەوە، ناچار بوون شاری مووسڵ بەجێ بهێڵن. بە پێی هەڕەشەنامەكە دەبووایە تا كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شه‌ممه‌ شاری مووسڵ بەجێ بهێڵن.

ئه‌مه‌ ده‌قى په‌یامه‌كه‌یه‌:

پەیامێك بۆ خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

دوای كۆنترۆڵكردنى مووسڵ لە لایەن گرووپە چەكدارە تیرۆریستەكانەوە، مەسیحییەكانی شاری مووسڵ كەوتنە بەر هەڕەشەیەكی زیاتر. بە داخەوە ئەم ڕۆژانەش لەژێر هەڕەشەی كوشتنی بە كۆمەڵدا، ناچار بوون بە كۆمەڵ شاری مووسڵ بەجێ بهێڵن و ڕوو بكەنە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك، بە بێ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدرێت هیچ كەلوپەلێك لەگەڵ خۆیان بهێنن.

لە بەرامبەر ئەم كارەساتە مرۆیییەدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوپەڕی توانای خۆی دەخاتە گەڕ بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارانە. لە هەمان كاتدا داوا لە خەڵكی كوردستان بەگشتی و خەڵكی مرۆڤپەروەری هەردوو پارێزگای هاوسنوورى هەولێر و دهۆكیش دەكەین، بە هەموو شێوەیەك هاوكاریی ئەو خێزانە ئاوارە مەسیحییانە بكەن.

گەلی كورد هەمیشە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ خوشك و برا مەسیحییەكان و هەموو نەتەوەكانی دیكەدا هەبووە و شانازی بە پاراستنی مۆزاییكی نەتەوەیی لە كوردستاندا كردووە و چەند ساڵی ڕابردووش بەكردەوە ئەمەی دووپات كردووەتەوە. ئێستاش لەسەر گەلی كوردستان پێویستە زۆر بە گەرمییەوە هاوكاریی ئەو خێزانە مەسیحییانە بكات كە ناچار بوون بە كۆمەڵ؛ ماڵ و زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەماهەنگییەكی تەواودایە لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان UNHCR بۆ یارمەتیدانی ئەو سەدان هەزار ئاوارەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام ژمارەی ئاوارەكان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە و حكوومەتی عیراقیش سەرەڕای ئەوەی لە مانگی شوباتەوە بودجە و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، لە هەمان كاتدا هیچ لە بەرپرسیاریه‌تییه‌كانیشى بەرامبەر ئەو ئاوارانە بەجێ نەگەیاندووە كە ڕوویان كردووەتە هەرێمی كوردستان.

لەم دۆخە نالەبارە ئابوورییەی كە بەهۆی حكوومەتی عێراقەوە لە هەرێمی كوردستان دروست بووە، داوا لە دەوڵەتان و ڕێكخراوە خێرخوازكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی دەكەین، بگەنە فریای ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان و پشتیوانی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی بتوانێت هاوكاریی پێویست پێشكەش بەو خێزانە لێقەوماوانە بكات.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان

19ى ته‌ممووزى 2014

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبۆوە

ئەمڕۆ شەمە 19ـی 7ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان كرد.


لە كۆبوونەوەكەدا ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق خرایە بەر باس و قسە لەسەر دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەگەرەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کرا.

قسەکردن لەبارەی کاندیدی کوردستان بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق و دۆخی سیاسی و سەربازی و ئابووریی هەرێم تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

 

 

 

 

پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی گەڕانەوەی جەنابی مام جەلال بۆ كوردستان

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان


هەواڵی گەڕانەوەی برای بەڕێزم جەنابی مام جەلال بۆ كوردستان زۆر خۆشحاڵی كردم و هیوادارم خودای گەورە شیفای تەواوی بدات. نەخۆشیی بەڕێزیان كەلێنێكی گەورەی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستان بەجێ هێشتبوو. بە دڵنیاییەوە گەڕانەوەی جەنابی دەبێتە هۆی پتەوتربوونی یەكڕیزی و برایەتیی زیاتری نێوان هێزە كوردستانییەكان بە تایبەت كە گەلەكەمان بە قۆناغێكی هەستیار و یەكلاییكەرەوەدا تێدەپەڕێت.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
19ـی 7ـی 2014

 

 

 

 

پەڕەى 293 لەکۆى 344 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی