هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى باڵیۆزى ئێران كرد

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18ى شوباتى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ حه‌سه‌ن دانایى فه‌ڕ باڵیۆزى كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ عیراق كرد.

 
له‌ دیدارێكدا په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیى ئێران و بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانى بازرگانى و ئابووریدا و ڕه‌خسانى ده‌ر‌فه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانیا و خاوه‌نكار و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ئێرانییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا.

 
له‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا ڕه‌وشى ئێستاى سیاسیى عیراق و ڕووداو و پێشهاته‌ ئه‌منى و سه‌ربازییه‌كانى پارێزگاى ئه‌نبار و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ى عیراق و بارودۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، هه‌روه‌ها دانوستانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عیراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌وڵه‌كان بۆ دامه‌زراندنى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.


باڵیۆزى ئیران له‌ عیراق پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ دانوستانه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نیوان هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عیراقى فیدرال دووپات كرده‌وه‌ و هیواى خواست هه‌ردوولا له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه‌ بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ مایه‌ى ڕه‌زامه‌ندیى هه‌ردوولا و له‌ به‌رژوه‌ندیى ته‌واوى عیراقدا بێت.

 

 سێ شەممە, 18 شوبات 2014

 

 

كۆبوونه‌وه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا به‌رده‌وام ده‌بن

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 17ى شوباتى 2014 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیى شاندێكى باڵاى هه‌رێمى كوردستان بۆ گفتوگۆكانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نه‌وت و بودجه‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ به‌شداریى عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌ندامانى شانده‌كه‌، گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌ لایه‌ن نوورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقى فیدراله‌وه‌ پێشوازى لێ كرا.


له‌ دیدارێكدا ڕه‌وشى عیراق و پێشهاته‌ ئه‌منى و سه‌ربازییه‌كانى پارێزگاى ئه‌نبار و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ى عیراق و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر و ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى ڕوویان له‌ عیراق كردووه‌، گفتوگۆى له‌سه‌ر كرا و مالیكى پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانى سوپاى عیراق و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هۆزه‌كانى ناوچه‌ ئاڵۆزه‌كان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرستان پێشكه‌ش كرد.

 

دواى نیوه‌ڕۆش هه‌ردوو شاندى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى و حكوومه‌تى عیراقى فیدرال به‌ سه‌رۆكایه‌تیى حسێن شه‌هرستانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروبارى وزه‌، له‌ كه‌شێكى كراوه‌ و ڕاشكاوانه‌دا ده‌ستیان به‌ گفتوگۆكان كرد. تیایدا چه‌ندین دید و بۆچوون و پێشنیارى جیا له‌ نێوان هه‌ردوولادا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى دۆسیه‌ى نه‌وت و بودجه‌ خرانه‌ به‌ر باس و شاندى حكوومه‌تى فیدرال و به‌ تایبه‌یش حسێن شه‌هرستانى هه‌ڵوێستێكى ئه‌رێنى له‌ گفتوگۆكاندا نیشان دا.


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌و پرۆپۆزه‌لانه‌ى ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى ڕابردوو له‌ نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تدا ئاڵوگۆڕ كرابوون، گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌لیان له‌سه‌ر كرا و هه‌ردوولا چه‌ندین دید و پێشنیارى تازه‌یان پێشكه‌ش به‌ یه‌كتر كرد و بڕیار درا دواى ئه‌وه‌ى شاندى حكوومه‌تى عیراق ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بباته‌وه‌ لاى مالیكى و هه‌ردوو شانده‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ن‌، له‌ داهاتووویه‌كى نزیكدا كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ى له‌باره‌وه‌ ئه‌نجام بدةن بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێكى گونجاو كه‌ جێى ڕه‌زامه‌ندیى هه‌مووان و له‌ به‌رژوه‌ندیى گشتیى ته‌واوى عیراقدا بێت.

 

  • دوو شەممە, 17 شوبات 2014

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆبوویەوە

ئەمڕۆ شەممە 15ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە كۆبوونەوانەی لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی كوردستاندا هەیەتی، بەڕێز مەسعود بارزانی لەگەڵ كۆسرەت ڕەسووڵ و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و مەلا بەختیار و عیماد ئەحمەد و ژمارەیەكی دیكەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆبوویەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا سەرەتا ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی بەخێرهاتنەوەی سەرۆك بارزانیان كرد و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش باسی ئەنجامەكانی ئەو سەردانەی كرد كە بۆ چەند وڵاتێكی ئەوڕووپایی لە چەند حەفتەی ڕابردوودا هەیبووە.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە قسەكردن لەسەر گرفتە نێوخۆییەكانی یەكێتی و پاش ئاگاداربوونی سەرۆكی هەرێم لە وردەكاریی ئەم كێشانە سەرۆك بارزانی ئامادەیی خۆی نیشان دا هاوكار و یارمەتیدەریان بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هێمایشی بەوەدا كە پێویستە ئەم جۆرە كێشانە چارەسەر بكرێن چونكە مانەوەیان كاریگەری لەسەر بارودۆخی گشتیی كوردستان دادەنێت. لەم كۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كۆمەڵێك بڕیار دەركران.

دامەزراندنی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و ئامادەبووان جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هێزە سیاسییەكان پڕۆسەی دانوساندن خێرا بكەن و لە ماوەیەكی كەمدا بگەنە ئەنجام و حكوومەتی تازە ڕابگەیێنرێت. هەر پەیوەست بەم باسەوە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانی بیروڕای خۆی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو. لەبەرانبەریشدا سەرۆك بارزانی بەڵێنی دا كە لە هەوڵەكانیدا بەردەوام بێت و لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی دیكەیش كۆ ببێتەوە.

باسكردنی دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەی پێك دەهێنا.

 

 

 

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوویەوە

لەچوارچێوەی ئەو زنجیرە كۆبوونەوانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا هەیەتی، ئەمڕۆ یەكشەممە 16ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوویەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا كە تایبەت بوو بە قسەكردن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی تازە، دوایین هەنگاوەكانی دانوساندنی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەمەڕ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران و بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە دانوساندن و پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا هەبێت و لە ماوەیەكی نزیكیشدا كابینەی تازە ڕابگەیێندرێت. پەیوەست بە پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەپێناو خێراتركردنی پڕۆسەی دانوساندنی لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوە، كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئەنجامەكانی سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی توركیا خرایە بەر باس و قسەیش لەسەر ناوەڕۆكی سەردانی شاندی باڵای هەرێم كرا كە بڕیارە سبەی سەردانێ بەغدا بكات.

بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.

 

  • یەک شەممە, 16 شوبات 2014

 

 

 

 

یاداشتێك لە نێوان فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەو ئینڤێست ئین گرووپ ئیمزا كرا

لە درێژەی هەوڵەكانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە بۆ ناساندنی هەرێمی كوردستان بە جیهانی دەرەوە لە ڕووی ئاسایش و سەقامگیری و پێشكەوتنی سیاسی و ئابووری و سێكتەرەكانی دیكەی ژیان و راكێشانی سەرنجی وەبەرهێنەر و خاوەنكاران بۆ هەرێم و ئاشناكردنی گەلانی جیهان بە كولتوور و فەرهەنگی گەلی كوردستان و دوای تەواو بوونی پڕۆژەكەی پارساڵ بە سەركەوتوویی لە نیوان هەردوولا، ئەمساڵیش بڕیاردرا پڕۆژەكە پەرەی پێبدرێت و باشتر بكرێت. بۆ ئەم مەبەستە، ئەمڕۆ یاداشتێك لە نێوان فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەو Invest In  Group   لەلایەن بەڕێزان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەو كان ییرێك بەڕێوەبەری گشتی Invest In  Group  ئیمزا كرا .
 
لە رێورەسمی ئیمزاكردنی یاداشتەكەدا كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگە و دیندار زێباری جێگری بەرپرسی فەرمانگە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە و ژمارەیەك لە راوێژكار و بەڕێوەبەران ئامادەبوون، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامدانی ئەم كارە و هەبوونی پەیوەندی پتەو لەگەڵ گروپی ناوبراو نیشاندا و رایگەیاند هەرچەندە ئاستەنگ و لەمپەر هەبوون بەڵام هەوڵەكان بەئاكام گەیشتن و (كوردستان ریڤیو) چاپ و بڵاوكرایەوە.
 
 
 
دواتر كان ییرێك بەڕێوەبەری گشتی Invest In  Group   سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كرد وخۆشحاڵی خۆی بە ئاستی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا نیشاندا و رایگەیاند ئەوان خۆیان بە هاوبەشی پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان دەزانن و بەردەوام دەبن لە ناساندنی هەرێم بە دونیای دەرەوە.
جێگەی باسە ئەمە جاری دووەمە بە پشتگیری حكومەتی هەرێم لە رێگەی ئەم گروپەوە ئەم كتێبە چاپ و بڵاودەكرێتەوە.
 
 
 
یەک شەممە, 16 شوبات 2014

لاتیڤیا كار بۆ كردنەوەی نوێنەرایەتی فەخری خۆی لە هەرێمی كوردستاندا دەكات

بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندیە دوو قۆڵیەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا ، ئەمڕۆ شاندێكی فەرمانگەی پەیوەندیە ئابوریەكانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی لاتیڤیا بە سەرۆكایەتی رۆدۆڵف بریماینس بەرپرسی فەرمانگە، سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كرد و لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازیان لێكرا .

لە دیدارێكدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگە و خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەی بوون ، شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان نیشاندا و سەرۆكی شاند ئاماژەی بەوەدا شاندی یاوەری نوێنەرانی چەندین كۆمپانیای بواری پیشەسازی خۆراك و دەرمانسازی و ئەندازە و كەلوپەلی كارەبا و دڵنیایی لەخۆوە گرتووە، هەروەها دووپاتیكردەوە بۆچوونیان لەبارەی هەرێمەوە زۆر ئیجابیە، چونكە لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە.

ئاماژەی بەوەشدا وڵاتەكەی كار بۆ ئەوە دەكات وەكو هەنگاوی یەكەم كونسوڵگەری فەخری خۆی لە هەرێم بكاتەوە .

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان ئاماژەی بەوەدا هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە بەڵام هێشتا پێویستی بە ئەزموون و شارەزایی وڵاتانی جیهان، هەرێمی كوردستان دەخوازێ‌ لەگەڵ لاتیڤیا پەیوەندیەكانی لەو بوارانە پەرە پێبدات كە سوودی بۆ هەردوولا بێت.

هاوكات تیشكی خستە سەر رەوشی هەرێمی كوردستان و ئەو قۆناغانەی هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕیوەو تێڕوانینی هەرێمی بۆ ئایندە خستەڕوو.
هەر لەم دیدارەدا بەكورتی پرسی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان و پەرەسەندنە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسیان لێوەكرا.

یەک شەممە, 16 شوبات 2014

 

 

 

 

 

 

پەڕەى 245 لەکۆى 261 پەڕەدا

دوایین هەواڵەکان

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی