هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانى هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى تاوتوێ ده‌كات

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 13ى ئازارى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پیشوازى له‌ پیته‌ر ماوره‌ر سه‌رۆكى كۆمیته‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى ICRC كرد.

له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكى كۆمیته‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ربڕى كه‌ له‌ سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردووه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان هه‌یانه‌ و خواستى ڕێكخراوه‌كه‌یانى بۆ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها ستایشى هه‌رێمى كوردستانى كرد كه‌ هه‌میشه‌ حكوومه‌ت و به‌رپرسان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان به‌ جددى پێشوازییان له‌ پێشنیاره‌كانى ئه‌م ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ كردووه‌ بۆ پێداچوونه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و كه‌موكورتییه‌كان.

سه‌رۆكى كۆمیته‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى ئاماده‌ییى ڕێكخراوه‌كه‌یانى بۆ هاوكاریكردنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ دابینكردنى خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ گرتووخانه‌كانى هه‌رێم و زیادكرنى مه‌شق و ڕاهێنان ده‌ربڕى، هیوایشى خواست كه‌ ئه‌و شێوه‌ هه‌ماهه‌نگى و هاریكارییه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان هه‌یانه،‌ ببێته‌ نموونه‌یه‌كى باش له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانى دیكه‌ى عیراقیش. هه‌روه‌ها خۆشحاڵیى خۆى به‌ پێشكه‌وتنه‌ جیاكانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووى كارگێڕى و پێشوازیكردن له‌ بیروبۆچوون و ڕه‌خنه‌ و گله‌ییه‌كان و ئاماده‌باشیى حكوومه‌ت بۆ گوێگرتن له‌ ڕا و پێشنیاره‌كانى كۆمیته‌ى خاچى سوور و چاككردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتییه‌كان، نیشان دا.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سوپاسى كردن بۆ پێشكه‌شكردنى ئه‌و تێبینى و پێشنیارانه‌ى كه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ى پێداچوونه‌وه‌ به‌ كاره‌كاندا و خۆشحاڵیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى به‌ پته‌وبوونى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ى خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى نیشان دا و ڕوونى كرده‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌رێم هه‌نگاوى ناوه‌ بۆ باشتركردنى بارودۆخ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا. هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێویستیان به‌ ڕاوێژى به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ هه‌یه‌ بۆ باشتركردنى هه‌موو بواره‌كان و له‌پێناو زیاتر چه‌سپاندنى بنه‌ماكانى دیموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ له‌ هه‌رێمى كوردسان.

 

 پێنج شەممە, 13 ئازار 2014

 

 

نێچیرڤان بارزانی هه‌ڵه‌بجه‌ی وه‌ك چواره‌مین پارێزگای هه‌رێم ڕاگه‌یاند

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 13ى ئادارى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێشوازى له‌ نوێنه‌رانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ كرد كه‌ له‌ قایمقام و نوێنه‌رانى ده‌زگا كارگێڕییه‌كان و قوربانیانى هه‌ڵه‌بجه‌ و زانایانى ئایینى ئیسلام و ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا سه‌رۆك وه‌زیران تیشكى خسته‌ سه‌ر بڕیارى پێشووترى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ته‌ سیمبۆلى مه‌زلوومیه‌تى گه‌لى كوردستان، بۆیه‌ به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌ لوتف و نه‌ منه‌ته و به‌لاى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌م بڕیاره‌ جێبه‌جێ بكرێت. هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ویستوویه‌تى ئه‌م پرسه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عیراق به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك هه‌موو پارێزگاكانى دیكه‌ى عیراق له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ له‌ ئیمتیازاته‌كان سوودمه‌ند بێت.

لاى خۆیانه‌وه‌ نوێنه‌رانى هه‌ڵه‌بجه‌ ستایشى پێشوازى و هه‌ڵوێستى نێچیرڤان بارزانى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیان كرد و ڕوونیان كرده‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ چاوه‌ڕێى مژده‌یه‌ك له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیراندا ده‌كه‌ن و زۆر حه‌ز ده‌كه‌ن له‌ یادى بیست و شه‌ش ساڵه‌ى كیمیابارنكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا مزگێنیى به‌پارێزگابوونیان بدرێتێ و له‌ جیاتى شین، له‌م یاده‌دا شایى بگێڕن.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیارى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى په‌سه‌ند كردووه‌ و له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ ئاماده‌بوونی به‌شدارانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ و له‌به‌رده‌م ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن بڕیارى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى ئیمزا كرد.

 

 

سبه‌ی بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی بۆ ده‌رده‌چێت

له‌ سه‌ره‌تاى كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى وێڕای پیرۆزبایی بۆ خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، خۆشحاڵیی خۆی به‌وه‌ نیشان دا كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان هه‌موویان به‌ یه‌ك ده‌نگ پاڵپشتیی ئه‌م بڕیاره‌یان كرد و گوتی: ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێم پێشوازیمان له‌ شاندێك كرد كه‌ له‌ شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ هاتووه‌ و له‌ ئیداره‌ی ئه‌و شاره‌ و نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و مامۆستایانی ئایینی ته‌شریفیان هێنابوو، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن به‌ سه‌رچاو.

ئه‌مڕۆ ئه‌و بابه‌ته‌ی باسمان كرد پرسی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ بوو، بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌م ڕوون كرده‌وه‌ ئێمه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستانمان هه‌یه‌ بۆ به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌.

ئێمه‌ وامان به‌ باش زانی پرسی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا بنێرین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بده‌ن و ببێته‌ پڕۆژه‌یه‌كی یاسایی، چونكه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌ستكاریكردنی نه‌خشه‌ی عیراقه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و ده‌مانویست پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بخرێته‌ نێو نه‌خشه‌ی عیراقه‌وه،‌ ئامانجیشمان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ پرسی ڕێوشوێنه‌كانی ناسنامه‌ی باری شارستانی و پسووله‌ی خۆراك و ڕه‌گه‌زنامه‌ و دادگای فیدراڵییه‌ كه‌ نوێنه‌ریان له ‌وێ ده‌بێت له‌گه‌ڵ ڕێوشوێنه‌كانی دیكه‌، پێمان خۆشبوو به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌م كاره‌ بكه‌ین.

خۆشبه‌ختانه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا به‌ كۆی ده‌نگ بڕیاری له‌سه‌ر درا و ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كرا، له‌ وێ مه‌سه‌له‌كه‌ زیاتر كێشه‌ی تێكه‌وت و بۆچوونێكی یاسایی له‌ نێو خودی په‌رله‌مانی عیراقدا دروست بوو كه‌ له‌وانه‌یه‌ پێویست به‌وه‌ نه‌كات ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بڕیاری له‌سه‌ر بدات، چونكه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های حكوومه‌تی فیدراڵدا نیه‌ و هه‌رێمی كوردستان خۆی ده‌توانێت ئه‌م بڕیاره‌ بدات.

ئێمه‌ داوامان كردووه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ وه‌كوو بۆچوونێكی یاسایی به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بكرێته‌ وه‌ڵامێك و بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت، به‌ڵام تاكوو ئێستا ئه‌م وه‌ڵامه‌ به‌ ئێمه‌ نه‌گه‌یشتووه،‌ به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانێك كه‌ جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ڕه‌وانه‌ كردووه‌ و داوا ده‌كات په‌له‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێت، ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ هه‌مانبووه‌، ده‌مه‌وێ به‌ شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه‌ی ڕابگه‌یه‌نم بڕیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ بوونی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ پارێزگای چواره‌می سنووری هه‌رێمی كوردستان ده‌رچوو.

دوای ئه‌م ڕێوشوێنه‌ش پێویست ده‌كات فه‌رمانی هه‌رێمی پێ ده‌ربچێت و ئێمه‌ش ئه‌مڕۆ ئه‌م بڕیاره‌ ڕه‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانی ده‌كه‌ین و بێگومان سبه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی جه‌نابی سه‌رۆك فه‌رمانی هه‌رێمی بۆ به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌رده‌كات.

لێره‌دا ده‌مه‌وێ به‌ ناوی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌ ناوی خۆم و هه‌ڤاڵانم له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ گه‌لی كوردستان و به‌ تایبه‌تی له‌ شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌م، هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ئێمه‌ له‌ ڕۆژانێكدا بووه‌ سیمبولی مه‌زڵوومیه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و كاته‌ی كه‌ هه‌زاره‌ها خه‌ڵك له‌ وێ به‌ بێده‌نگی كیمیاباران كران و كه‌س قسه‌ی له‌باره‌یانه‌وه‌ نه‌كرد و بووه‌ سیمبولی مه‌زڵوومیه‌تی گه‌لی كوردستان.

هیوادارم به‌و كاره‌ی ئه‌مڕۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردی كه‌ داواكاریی خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی ئه‌م شاره‌ بوو، توانیبێتمان له‌ ساڵیادی هه‌ڵه‌بجه‌دا‌ خۆشییه‌ك ڕابگه‌یه‌نین بۆ شاری خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه‌.

 

 

ده‌قی فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

هه‌ر له‌م كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌دا نێچیرڤان بارزانی بڕیاری فه‌رمیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی له‌ باره‌ی ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵه‌بجه‌ی وه‌كوو چواره‌مین پارێزگای هه‌رێمی كوردستان خوێنده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
" پاڵپشت به‌ ماده‌ی ئه‌حكامی هه‌ردوو ماده‌ی 115 و 141 له‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌ییی عیراقی فیدراڵی ساڵی 2005 و له‌به‌ر ڕۆشناییی بڕیاری ته‌شریعیی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ 11 له‌ 1999/9/22 و ئاماژه‌ به‌ بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ 39 له‌ به‌رواری 2013/6/4 و ئاماژه‌ به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ ژماره‌ 568 له‌ 2013/12/31 بڕیار درا به‌:

1 – ده‌ستنیشانكردنی سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی (ئیستیحداسكراو) به‌پێی بڕگه‌ی چواره‌می ماده‌ی 1 ی بڕیاری ته‌شریعیی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌11 له‌ 1999/9/22 وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م به‌ هه‌مان سنووری ئیداریی ئێستای قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌پێی نه‌خشه‌ی هاوپێچی ئه‌م بڕیاره‌ و دانانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ پارێزگای چواره‌م له‌ سنووری هه‌رێمی كوردستانی عیراق و شاری هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌بێته‌ ناوه‌ندی پارێزگاكه‌.

2 – ناردنی ئه‌م بڕیاره‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی ده‌ركردنی فه‌رمانی هه‌رێمی.

3 – ئه‌م بڕیاره‌ له‌ ڕۆژی 13ی ئاداری 2014 ده‌رچوو و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان جێبه‌جێی ده‌كه‌ن

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

بودجه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ داده‌ندرێت
پاشان ڕۆژنامه‌نووسان چه‌ندین پرسیاریان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت كرد، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ له‌ كاتی چه‌سپاندنی هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌كوو پارێزگا، وه‌كوو هه‌موو پارێزگاكان بودجه‌ی بۆ داده‌ندرێت، ئاشكراشی كرد به‌ هۆی نه‌بوونی ده‌رفه‌ت و له‌به‌ر هۆكاری ته‌كنیكی، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌كوو جاران ده‌بێت و له‌سه‌ر سیسته‌می كۆن ده‌ڕوات، چونكه‌ ئێمه‌ لیژنه‌ی بۆ داده‌نێین له‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ده‌ست ده‌كرێت به‌ وه‌رگرتنی ڕێوشوێنی ئیداریی پێویست بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و ئێمه‌ له‌ بڕیاری خۆمان بۆ به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ پاشگه‌ز نه‌بووینه‌ته‌وه،‌ به‌ڵام كۆمیسیۆن ناتوانێ له‌م ماوه‌ كه‌مه‌دا ڕێوشوێنی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات و هیوادارین له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌كوو پارێزگا به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ڕه‌ت كرده‌وه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ به‌پارێزگاكردنی ئه‌و قه‌زایانه‌ی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عیراق ده‌یانگرێته‌وه‌ كێشه‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ دروست بكات.

هه‌ڵه‌بجه‌ تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌

هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌، بۆیه‌ بڕیار درا داواكاریی خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ بۆ بوون به‌ پارێزگا وه‌كوو هه‌نگاوی یه‌كه‌م جێبه‌جێ بكرێت و ئه‌گه‌ر شوێنی دیكه‌ ئه‌م داوایه‌یان هه‌یه،‌ ئه‌وه‌ دیراسه‌ ده‌كرێت. ئه‌وه‌شی ڕوون كرده‌وه‌ كه‌ تاكوو ئێستا شتی وا ڕووی نه‌داوه‌ و ئه‌گه‌ر شتی وا بوو، هه‌رێم هه‌ڵوێستی دیكه‌ی ده‌بێت.
پێكهێنانی حكوومه‌ت.

نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست چۆن لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان له‌ پرسى‌ بوونی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ پارێزگا یه‌ك ده‌نگ بوون، ئاواش له‌ مه‌سه‌له‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت یه‌كده‌نگ و كۆده‌نگ بن و گوتی: به‌ میوانانی به‌ڕێزم گوت هیوادارم هه‌ر چۆن له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ یه‌كده‌نگ و كۆده‌نگ بوون و ته‌شریفتان هێناوه‌ بۆ ئێره‌، ئێمه‌ش له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌ت هه‌وڵ بده‌ین له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا بگه‌ینه‌ ئه‌نجام.

ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا

سه‌رۆك وه‌زیران نه‌یشارده‌وه‌ تاكوو ئێستا هیچ پێشكه‌وتنێكی نوێ له‌باره‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا نیه‌ و ڕوونى كرده‌وه‌ پرسی به‌شی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی فیدراڵی وه‌كوو كارتی فشار له‌ دژی هه‌رێم سوودی لێ وه‌رگیراوه‌ و گوتی: ئه‌و میلله‌ته‌ی داوای مافی ده‌ستووریی خۆی بكات بێگومان ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی واش ده‌بێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا ده‌رهه‌ق به‌ هه‌رێمی كوردستان كرا هیچ بنه‌مایه‌كی ده‌ستووری و یاسایی نیه‌  و هیچ بیانوویه‌ك بۆ ئه‌وه‌ نیه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ڕابگیرێت و ئه‌مه‌ش بڕیارێكی تاكه‌ كه‌سییه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ئه‌و بڕیاره‌ی له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد.

هه‌روه‌ها گوتى: ئێمه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێك بۆ پرسی نه‌وت له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وام بووین، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان هیچ شتێكی نه‌كردووه‌ و هیچ پێشیلكاریی ده‌ستووری نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌غداوه‌ مووچه‌ی خه‌ڵك ببڕن و بیكه‌نه‌ كارتێكی فشار له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان.

ئێمه‌ هه‌ڵوێستمان ڕوون وئاشكرایه‌، بابه‌تی بودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ناكه‌ینه‌ بابه‌تی گفتوگۆ و دانوستاندن له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌وه‌ مافی ئێمه‌یه‌ و ده‌بێ مافی خه‌ڵكی كوردستان بدرێت، چونكه‌ ئه‌و مافانه‌ به‌پێی ده‌ستوور مافی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌ و ده‌بێ پاره‌یان پێ بدرێت، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ كێشه‌كان به‌ شێوه‌ی ئاشتیانه‌ و دیاڵۆگ و دوور له‌ توندوتیژی له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ كۆنترۆڵه‌، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان مومكین نیه‌ بۆ دواوه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ و مه‌حاڵه‌ ئێمه‌ ئه‌و كاره‌ی چه‌ندین ساڵه‌ خه‌ریكین ده‌یكه‌ین، كۆنترۆڵه‌كه‌ی ڕاده‌ستی به‌غدا بكه‌ین.

هه‌روه‌ها گوتى: ده‌مانه‌وێ هه‌موو لایه‌ك له‌مه‌ تێبگات، به‌تایبه‌تی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ خه‌ڵك ڕوون بكه‌نه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ حزبێك و ده‌سه‌ڵاتێك و بڕیاری سیاسیی یه‌ك حزبه‌وه‌ نیه،‌ به‌ڵكوو مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وایه‌تییه‌ و ده‌بێ هه‌موومان له‌سه‌ری كۆده‌نگ بین و ئه‌مه‌ زۆر له‌ بڕیاری تاكه‌ كه‌سێك گه‌وره‌تره‌، له‌ بڕیاری حزب و لایه‌نێكی سیاسی گه‌وره‌تره‌. ئه‌مڕۆ كۆده‌نگی و یه‌كڕیزیی ئێمه‌ ته‌نها مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی ئێمه‌یه‌ و هیوادارین بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێك كه‌ توندوتیژی لێ نه‌كه‌وێته‌وه‌ و جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا بێت. دووپاتیشى كرده‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان پلانی خۆی هه‌یه‌ كه‌ ناكرێ باسی لێوه‌ بكرێت.

به‌غدا به‌شی ته‌واوی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی نانێرێت

سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕه‌تی كرده‌وه‌ به‌غدا 17%ی به‌شی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوی بنێرێت، به‌ڵكوو 11% و له‌وانه‌شه‌ كه‌متر بنێرێت و دووپاتیشی كرده‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان پێشبینیی هیچ زیاده‌یه‌ك له‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم ناكات، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا كه‌متری نه‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها ڕوونیشی كرده‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ته‌نها ڕایه‌كی یاسایی له‌باره‌ی پرسی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌ڕبڕیوه‌ و هه‌رێم چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی فه‌رمییه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ و هیوای خواست هه‌فته‌ی ئاینده‌ وه‌ڵامی فه‌رمی بگاته‌ حكوومه‌تی هه‌رێم.

نه‌وت وه‌كوو مافێكی ده‌ستووری

سه‌رۆكی حكومه‌ت دووپاتی كرده‌وه،‌ حكوومه‌تی هه‌رێم مافی ده‌ستووریی خۆی له‌باره‌ی پرسی نه‌وته‌وه‌ موماره‌سه‌ ده‌كات و گوتی: ئێمه‌ به‌ به‌غدامان گوتووه‌ ده‌بێ پرۆسه‌ی نه‌وت و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌سه‌ر سێ بنه‌ما بێت: یه‌كه‌میان ده‌بێ پرۆسه‌كه‌ شه‌فاف بێت له‌ ده‌ستپێكردن تا كۆتایی. دووه‌م: ئێمه‌ گوتوومانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك لاریمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ به‌غدا له‌ چاودێریكردنی بژمێره‌كانی نه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بێت. سێیه‌م: ده‌مانه‌وێ له‌ هه‌موو پرۆسه‌كه‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ‌بێت. به‌غدا جاران ده‌یگوت ئه‌وانه‌ نه‌وتیان نیه‌ و زیاده‌ڕۆیى ده‌كه‌ن، كه‌ زانیان نه‌وتمان هه‌یه،‌ گوتیان ئه‌وان ده‌یانه‌وێ كۆمپانیای بچووك بێنن بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بكه‌ن و ئێمه‌ گه‌وره‌ترین كۆمپانیامان هێنا وه‌كوو ئیكسۆن مۆبێل و تۆتاڵ و شیفڕۆن و گازپرۆم و هاتن له‌ هه‌رێمی كوردستان كاریان كرد. دواتر گوتیان باشه‌، به‌ڵام هه‌رێم ناتوانێ نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات.

هیچ ماده‌یه‌كی ده‌ستووری نیه‌ ئه‌وه‌ بڵێت كه‌ ته‌نها سۆمۆ بۆی هه‌یه‌ نه‌وت هه‌نارده‌ بكات، هیچ بڕیارێك له‌مباره‌یه‌وه‌ نیه‌. مادام ئێمه‌ ڕازی بووین به‌وه‌ی نه‌وت و غاز موڵكی هه‌موو عیراقه‌ و ئاماده‌ش بین له‌ به‌شی خۆمان هه‌ڵبگرین و بیده‌ینه‌ به‌غدا، پێیه‌وه‌ى پابه‌ند بووین و هیچ لاریه‌كمان له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌یه‌وێ به ‌كورتی: ده‌ڵێ من له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ قسه‌ ناكه‌م، ناڵێم شه‌فاف نین، ناڵێم گه‌نده‌ڵ نین و ناڵێم كۆمپانیای بچووك و گه‌وره‌ هه‌ن، ئێستا ئێوه‌ كاره‌كه‌تان كردووه،‌ زۆر چاكه‌، به‌ڵام ده‌بێ ڕاده‌ستی سۆمۆی بكه‌ن كه‌ ته‌نها به‌رپرسه‌ بۆ فرۆشتنی نه‌وت و له‌وێش ده‌چێته‌ نێو حیسابێكی تایبه‌ت له‌ نیوویۆرك و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا و كاتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا وه‌كوو بودجه‌ بۆتانی ده‌نێرین. كه‌واته‌ مه‌سه‌له‌كه‌ لێره‌ ته‌نها كۆنترۆڵه‌.
ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا تووشی بچووكترین كێشه‌ بووین، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ئه‌و مافه‌ی به‌خۆی دا به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتیی عیراق ببڕێت. ده‌ باشه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ تێكڕا ڕاده‌ستى به‌غدا كرا، دوای یه‌ك، یان دوو، یان سێ ساڵی دیكه‌ ئه‌گه‌ر گرفتێك هاته‌ ئاراوه‌ چ گه‌ره‌نتییه‌كه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و شته‌ جارێكی دیكه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌؟!
ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ سیاسه‌تێكی وا له‌ عیراق دابڕێژرێت له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌پێی مافی ده‌ستووریی خۆمان له‌وه‌ دڵنیا بین ئه‌وه‌ی له‌ عیراق وه‌ریده‌گرین به‌بێ هه‌ڕه‌شه‌ بێت و كه‌س نه‌یه‌ت له‌ناكاو بڵێت من لێتانی ده‌بڕم، چونكه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ كاریان هێنا، سبه‌یش به‌كاری دێنن.

كاریگه‌ریی غیابی مام جه‌لال

سه‌رۆك وه‌زیران نه‌یشارده‌وه‌ غیابی سه‌رۆك كۆمار مام جه‌لال كاریگه‌ریی زۆری به‌سه‌ر بارودۆخی عیراق به‌ گشتى هه‌بووه‌ و گوتی: له‌و حاڵه‌تانه‌ی هه‌بووه‌ هه‌میشه‌ مام جه‌لال كه‌سێك بووه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ كێشه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كى هێمنانه‌ چاره‌سه‌ر بكات و غیابی مام جه‌لال له‌م بارودۆخه‌دا ئێمه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌كانی عیراق هه‌ستی پێده‌كه‌ین، ئێمه‌ هیواخوازین به‌ ته‌ندروستیه‌كی باش بگه‌ڕێته‌وه‌.

ده‌توانین مووچه‌ بده‌ین

نێچیرڤان بارزانی ڕه‌تی كرده‌وه‌ پاره‌ و داهاتی نه‌وت به‌ (شیرینی و بودجه‌ی زه‌به‌لاح باسی لێوه‌ بكرێت) و ئه‌م ناوهێنانه‌ى به‌ فه‌رهه‌نگ و وشه‌یه‌كی ناشیرین له‌ قه‌ڵه‌م دا‌ و گوتی: ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌تان له‌ كوێ هێناوه‌؟! ئێمه‌ هه‌ر گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ هه‌ر كۆمپانیایه‌ك ئیمزا بكه‌ین، ئه‌وان بۆ هه‌ندێك پڕۆژه‌ پاره‌ به‌ حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وان به‌شدارن، بۆ نموونه‌ پارساڵ ئێمه‌ ڕه‌زامه‌ندیمان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ نیشان دا به‌ بڕی 400 ملیۆن دۆلار بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ له‌و پاره‌یه‌ ده‌رچووه‌. ئێمه‌ پڕۆژه‌ی دیكه‌شمان كردووه‌ و ئێستاش بێگومان وه‌كوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ پاره‌یه‌كمان له‌ به‌غدا بۆ مووچه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌. به‌ توانای خۆمان ده‌ستمان به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی دوو كردووه‌ و بێگومان مووچه‌ی مانگی سێش ده‌ده‌ین، ئێمه‌ ناوه‌ستین و له‌ هه‌ر شوێنێك وه‌ستان و كه‌موكوڕی هه‌بێت ئێمه‌ موچه‌ی خه‌ڵك ده‌ده‌ین.

 

 ێنج شەممە, 13 ئازار 2014

 

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانى داواى هاوكاریى ئه‌ورووپا بۆ په‌نابه‌ران ده‌كات

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 12ى ئادارى 2014، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كرد كه‌ له‌ خاتوو كریستالینا جۆرجیێڤا كۆمیسارى باڵاى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا بۆ هاریكاریى نێوده‌وڵه‌تى و هاوكاریى مرۆیى و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونى قه‌یرانه‌كان و خاتوو یانا هاباشكۆڤا باڵیۆزى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له‌ عیراق و شاندێكى یاوه‌ریان پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا شاندى میوان تیشكى خسته‌ سه‌ر مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان كه‌ بۆ به‌دواداچوون و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونه‌ له‌ ڕه‌وشى په‌نابه‌رانى سووریا له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق. هه‌روه‌ها سوپاس و ده‌ستخۆشییان له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ به‌هاناوه‌چوون و ئه‌و هاوكارییانه‌ى كه‌ پێشكه‌ش به‌ په‌نابه‌رانى كردووه‌ و ده‌كات و ئاماژه‌یان به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌و خزمه‌تگوزارى و هاوكارییانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش به‌ په‌نابه‌ران كراون به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانى دیكه‌ى ناوچه‌كه له‌ ئاستێكى به‌رز و ڕێكوپێكدایه‌‌، بۆیه‌ جێگه‌ى ڕێز و پێزانینه‌.

شانده‌كه‌ دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكى خۆیان له‌ یه‌كێتیى ئه‌ورووپا ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى په‌نابه‌رانى سووریا له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌و هاوكارییانه‌ سوودمه‌ند بن كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ كۆ ده‌كرێنه‌ و دابه‌شى سه‌ر په‌نابه‌ران ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بتوانێت باشتر هاوكاریى په‌نابه‌ران بكات، به‌ تایبه‌تیش له‌و بارودۆخه‌ ئاڵۆزه‌ى كه‌ ناوچه‌كه‌ى پیادا ده‌گوزه‌رێت كه‌ كێشه‌ى بودجه‌ و قه‌یرانى ئابوورى هه‌یه‌. 

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران سوپاسى خۆى بۆ سه‌ردانى شاندى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا ده‌ربڕى و داواى لێ كردن كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك پارێزگار و وه‌زیره‌كان كفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌چوونى كاروبارى په‌نابه‌ران بكه‌ن. هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى تواناكانى خۆى به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هاوكاریكردنى په‌نابه‌ران و داواى له‌ یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كرد كه‌ زیاتر بێنه‌ ناو پرسه‌كه‌وه‌ و چ ڕاسته‌وخۆ و چ له‌ ڕێگه‌ى ئێن جى ئۆكانه‌وه‌، یانیش له‌ ڕێگه‌ى UNHCRه‌وه‌ هاوكاریى زیاترى په‌نابه‌ران بكه‌ن.

باسكردن له‌ ڕه‌وشى عیراق و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى وڵات به‌شێكى دیكه‌ى دیدارى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و شاندى میوان بوو.
 

 

 

  • چوار شەممە, 12 ئازار 2014

 

 

 

 

 

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی لە كونسوڵی پۆڵۆنیا لە هەرێمی كوردستان كرد

 

 

 

بە بۆنەی كۆتایی هاتنی كارەكانی وەك كونسوڵی پۆڵۆنیا لە هەرێم، ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت، پێشوازی لە رۆمان جێرزی كونسوڵی وڵاتی پۆڵۆنیا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارێكدا كونسوڵی پۆڵۆنیا لە هەرێم خۆشحاڵی خۆی بەوە نیشاندا كە ئەو یەكەمین كونسوڵ بوو دوای كردنەوەی نوێنەرایەتی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان. دووپاتیكردەوە كردنەوەی ئەم نوێنەرایەتیە هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ هەردوولا و ئەوەشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندی درێژخایەنی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەبێت لە بوارەكانی سیاسی و ئابوری و كەلتووری.

هاوكات سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان و فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كرد بۆ پاڵپشتی و پشتگیری بەردەوامیان بۆ سەرخستنی كارو چالاكیەكانی كونسولگەری و خۆشحاڵی خۆی بەوە نیشاندا كە لە ماوەی كاركردنی لە هەرێمی كوردستاندا توانی زیاتر ئاشنای مێژوو و كەلتووری گەلی كوردستان و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان بێت.

لە بەرامبەردا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە سوپاسی هەوڵەكانی بەڕێز رۆمان جێرزی كرد كە لە ماوەی كاركردنی لە هەرێم رۆڵی بەرچاوی هەبووە بۆ پێشخستنی پەیوەندیەكان، خۆشحاڵی خۆی بە پێشكەوتنی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و پۆڵۆنیا نیشاندا و دووپاتیكردەوە كردنەوەی كونسوڵگەری پۆڵۆنیا لە هەرێم هەنگاوێكی گرنگ بوو دووپاتیشیكردەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە جەخت لە سەر پێشخستنی پەیوەندیەكانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكاتەوە و هاوكات هەبوونی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی لە پۆڵۆنیا بە فاكتەرێكی بەهێز و كاریگەر زانی بۆ پێشخستنی پەیوەندیە دووقۆڵیەكان.

 

چوار شەممە, 12 ئازار 2014 

 

 

 

 

 

 

 

 

هەولێر.. هەشتەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز دەستیپێكرد

 ئەمرۆ بە بۆنەی یادەكانی ئادار و نەورۆز و 23 ساڵەی رزگاركردنی شاری هەولێر  و 44ـەمین ساڵیادی رێككەوتننامە مێژووییەكەی 11ی ئادار، لە پاڕكی شانەدەری شاری هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە وەزیرانی حكومەت و پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی و حزبی و جەماوەرێكی زۆری پایتەخت و بە بەشداری ژمارەیەكی زۆری تیپە میللیەكانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم و وڵاتانی بیانی و هاوكات بەرپرسانی سیاسی و ئیداری و ژمارەیەكی بەرچاو لە هاووڵاتیان، هەشتەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی فێستیڤاڵدا نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر وتەیەكی پێشكەشكرد و تیایدا ئاماژەی بە خەبات و قوربانیدان گەلی كورد كرد لە پێناو بە دەستهێنانی ئازادی و گەیشتن بە مافە رەواكانی كە گرنگترینیان راپەڕینە جەماوەریەكەی بوو لە دژی دیكتاتۆریزم ، ئەو رووداوەی وایكرد جیهان بە تەواوی بڕوانێتە ئازایەتی ئەم گەلە ، هاوكات ئاماژەی بە یادی ئیمزاكردنی بەیاننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 دا كە لە ئەنجامی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە سەرۆكایەتی بارزانی نەمر ئەو ئەنجامەی لێكەوتەوە كە دان بە مافی نەتەوەیی كورد بنرێت لە چوارچێوەی عیراق.

پارێزگاری هەولێر تیشكی خستە سەر كار و چالاكیەكانی ئاهەنگەكانی ئادار و نەورۆز و لە روەشەوە ئاماژەی بە هەشتەمین ڤێستیڤاڵی نەورۆز و ئازادی لە شاری هەولێر كرد و رایگەیاند كە چالاكیەكانی ئەم فێستیڤاڵە تا رۆژی 20ی ئەم مانگە بە هەڵكردنی مەشخەڵی نەورۆز بەردەوامیان دەبێت.

پاشان چەندین چالاكی هونەری بە بەشداری چەند هونەرمەندێكی كورد و چەند نمایشێكی فڕۆكەوانی تا كاتێكی درەنگ بەردەوام بوون.
 

 

 سێ شەممە, 11 ئازار 2014

 

 

 

 

 

فەلاح مستەفا پێشوازی لە باڵیۆزی سوید لە عیراق كرد

ئەمڕۆ دووشەممە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لەیۆرگن لیندسترۆم باڵیۆزی سوید لە عیراق و خاتوو جیسیكا سڤارت جێگری باڵیۆز و بەرپرسی نوسینگەی باڵیۆزخانە لە هەولێر كرد.

لە دیدارێكدا كە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەی بوو، باس لە رەوشی ئەمڕۆ و ی هەرێمی كوردستان بارودۆخی عیراق و ناوچەكەو پەیوەندی و پرسەكانی نێوان هەولێرو بەغدا كرا. هاوكات هەردوولا باسیان لە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی سوید و میكانیزمی زیاتر پێشخستنی پەیوەندیە دووقۆڵیەكان كرد.

باڵیۆزی سوید لە عیراق خۆشحاڵی خۆی بە ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا نیشانداو ستایشی تێڕوانینی حكومەتی هەرێمی كرد لە رووی بایەخدان بە پێشخستن و گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكان، هاوكات ویستی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ بەشداربوون لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێم و پتەوكردنی پەیوەندی ئابووری و دامەزراوەیی.

خۆشحاڵی خۆیشی بەوە نیشاندا كە كۆمپانیا تایبەتمەندەكانی بواری تەندروستی سوید بوونیان لە هەرێمی كوردستان هەیە و پرۆژەی گرنگی تیادا جێبەجێ دەكەن .

هاوكات ئەوەی نیشاندا ژمارەیەكی رەوەندی كوردی لە سوید نیشتەجێن و هیوایشی خواست لە رێگەی ئەوان و لە رێگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە سوید پەیوەندیە دوو قۆڵیەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاكاندا پەرە بستێنێت .

فەلاح مستەفا تیشكی خستە سەر پرۆسەی سیاسی هەرێم و ئاكامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی تازە و بەرەوپێشچوونی پرسی دیموكراسی لەهەرێم.
هەر لەم دیدارەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا لەبارەی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق و بارودۆخی سوریا و كاریەگەریەكانی بەسەر ناوچەكەو رۆڵی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوریاو كۆمەك كردنی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم.

هەردوولا كۆك بوون لەسەر بەردەوامیدان بەسەردانە فەرمیەكان و دروستكردنی پردی پەیوەندی زیاتر لە نێوان هەردوولا و یارمەتیدانی كارمەندانی هەرێم لە بواری پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان.

 

 دوو شەممە, 10 ئازار 2014

 

 

 

 

 

 

پەڕەى 259 لەکۆى 285 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی