"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە تاران وێڕای ئاماژە بە پشت پەردەی هەواڵەکەی شەرقولئەسەت سەبارەت بە کردنەوەی سەکۆی مووشەکی ئێران لە هەرێم، ئامانجەکانی سەفەری "مەسعوود بارزانی" بۆ ئێرانی شی کردەوە.
هەواڵدەریی مێهر؛ بەشی نێودەوڵەتی- سومیە خومارباقی: حەوتەی ڕابردوو ڕۆژنامەی عەرەب زمانی شەرقولئەوسەت پاگەندەی ئەوەی کرد کە تاران کردنەوەی سەکۆی مووشەکی خۆی لە خاکی هەرێمی کوردستان لە نێزیکی سنووری سووریا دەستپێکردووە کە ئامانج لەو بنکە سەربازییە پاراستنی سنوورە ئایدۆلۆژیکییەکەی ئێرانە.
"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران وێڕای ڕەتکردنەوەی دامەزراندنی هەرچەشنە بنکەیەکی سەربازی لەلایەن ئێرانەوە لە هەرێمی کوردستان، وتی: پاگەندەی لەم چەشنە دوورە لە ڕاستی و ئێران هیچ بنکەیەکی سەربازی لە هەرێمدا نییە چونکوو هەرێم و ئێران هاوسنوورن و بۆ پەیوەندی زیاتر پێویست بەم کارانە ناکات.
سەبارەت بەم بابەتانە و لە سەروبەندی سەفەری مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران گفتوگۆیەکمان لەگەڵ "نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە تاران ساز داوە کە دەقەکەی لە خوارەوە دەخوێننەوە؛
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە هەواڵێکدا پاگەندەی ئەوەی کردووە کە ئێران لە هەرێمی کوردستاندا سەکۆی مووشەکی دەکاتەوە، ئەم هەواڵە دواتر لەلایەن بەرپرسانی ئێرانی و هەروەها بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیشەوە بڵاوکرایەوە، هۆکاری بڵاوەپێکردنی پاگەندەی لەم چەشنە بە چی دەزانن؟
سەبارەت بە سەکۆی مووشەکی کۆماری ئیسلامی ئێران، دڵنیام کە توانایی و دەسەڵاتی ئێران لەم قۆناغەدا و لەباری سیاسی و سەربازییەوە، گرینگ و کاریگەرە.پاش چەندین ساڵ گەمارۆی ئابووری و دانوستان، ئێران توانی لەگەڵ ۱+۵ ڕێکبکەوێت و هەروەها ڕۆڵی ئێران لە شەڕی داعش لە عێراق و سووریا بووەتە هۆی ئەوەی کە دوژمنانی ئێران زیاتر لە ڕابردوو نیگەران بن. هەر بۆیە لەم قۆناغەدا بۆ ئاژاوەنانەوە لە ناوجەکە بە تایبەت عێراق هەوڵی زۆر دەدرێت تاکوو پەیوەندی نێوان ئێران و کوردەکان تێکبدرێت.
هەربۆیە ناوبەناو هەواڵ لەسەر ئەوەی کە ئێران بنکەی سەربازی و سەکۆی مووشەکی لە چیاکانی شەنگال یان هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، بڵاودەبێتەوە.
بە بڕوای من ئەم جۆرە هەواڵانە زیاتر لە پێناو ورژاندنی ئیسرائیل و ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت ئێران وەک هەڕەشەیەک بۆ ناوچەکە بناسێنن. بەڵام ئەوەی تا ئێستا لە زمانی بەرپرسانی عێراق و هەریمی کوردستانەوە دەبیسرێت، ڕۆڵی گرینگی هاوکاری و پشتیوانی ئێرانە لە بەرەکانی شەڕ دژی داعش و پاراستنی ئاسایش.
پارتی دیمۆکراتی کوردستان رایگەیاندووە کە "مەسعوود بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان تا دوو حەوتەی داهاتوو سەردانی ئێران دەکات، ئامانجەکانی ئەم سەفەرە و گرینگایەتی سەفەرەکە لەم قۆناغە چیە؟
بێ گومان لە ڕابردوودا، ئێستا و داهاتوو هاتوچووی نێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ئێران بووە و دەبیت بە تایبەت دوایین سەفەری وەفدی کۆماری ئیسلامی ئێران کە وەزیری ئیتلاعاتی ئێران سەرپەرەشتی دەکرد، "مەسعوود بارزانی" بۆ ئێران بانگهێشت کرا. سەفەری ئەوان بۆ ئێران ڕۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە پێناو پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانی نیوان ئێران و هەرێمی کوردستان بە تایبەت ئەوەی کە بۆ هەمووان ئاشکرایە ئێران وڵاتێکی گرینگی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و جیهانە و گرینگایەتی تایبەتی بۆ تۆکمەکردنەوەی ئاسایشی عێراق و هەرێم و ناوچە هەیە.
هەروەها سەفەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاریگەریی دەبێت لەسەر پتەویی و پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نێوانیان. هۆکارێکی گرینگی دیکە ڕاگۆڕینەوەیە سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئاسایشی عێراق و ناوچەکە.