نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران دەربارەی ئاڵۆزییەكانی سنوور دەدوێت

دواڕۆژ: دەربارەی ئاڵۆزیەكانی ماوەی رابردووی ناوچه سنوورییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان "نازم عومه‌ر ده‌باغ" نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران دەڵێت: "له‌ڕاستیدا ئه‌م کێشه‌‌یه، کێشه‌ی ئه‌مڕۆ نییه و چه‌ند ساڵ جارێک رووده‌دات، به‌ڵام رووداوی ئه‌م جاره به پێی ئاڵوگۆڕه‌کان و بارودۆخی ئێستای ناوچه‌که‌ و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پێشوو".

 

"نازم دەباغ" نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران لە دیدارێكدا كە لە لایەن نووسینگەی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لە تاران بۆ دواڕۆژ نێردراوە، دەڵێت: "کۆماری ئیسلامی ئێران چه‌ندین مانگ پێشتر په‌یامی بۆ ئێمه ناردووه که زانیارییان هه‌یه لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردستان هه‌وڵی چالاکی سه‌ربازی ده‌ده‌ن و هێزه‌کانیان بۆ چالاکی سه‌ربازی له کۆماری ئیسلامی ئێران کۆده‌که‌نه‌وه، کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگادارییان کردینه‌وه به پێی راگه‌یاندنه‌کانی "رووداو" و "کوردستان ٢٤" له گواستنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره ده‌نگوباس و  چالاکییانه‌دا که په‌یامێکی تێدابووه بۆ ئێران، بۆیه کۆماری ئیسلامی ئێران، جارێکی دیکه په‌یامی نارده‌وه که هه‌ر چالاکییه‌کی سه‌ربازی هێزه کوردییه‌کان له‌ ناو ئێران ئه‌نجام بدرێت ئێمه به‌رپه‌رچدانه‌وه‌مان ده‌بێت و شوێنه‌کانیان له هه‌ر شوێنێکی هه‌رێمی کوردستان بێت بوردومان ده‌که‌ین".

 

نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران دەشڵێت: "ئەوەی لێره‌دا پێویسته باسی بکه‌ین ئەوەیە كە رێککه‌وتنی نێوان حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌روه‌ها حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هێز و لایه‌نه‌ ئێرانییه‌کانی ناو هه‌رێمی کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌ر له ساڵی ١٩٨٦ که ئه‌و کاته وه‌کوو لایه‌نه سیاسییه‌کان و به تایبه‌ت یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کانی ئێرانی چ کورد و چ فارس باسی لێوه‌ کراوه ‌و رێککه‌وتین نه ئێران له ناو خاکی هه‌رێمی کوردستان و له ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتیی نیشتمانیی په‌لاماری هێزه ئێرانییه‌کان بدات و نه هێزه ئێرانییه‌کان له سنووره‌کانی ئێمه په‌لاماری ئێران بده‌ن، ئه‌و رێککه‌وتنه له‌و سه‌رده‌مه‌دا جێبه‌جێ‌کرا و به‌رده‌وام بوو تا پێکهاتنی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و رێککه‌وتنه‌که گواسترایه‌وه بۆ ناو سیستمی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، تا ئێستاش حکوومه‌ت و حزبه‌کانیش سوورن و دڵنیاییان داوه که پێویسته ئه‌م رێککه‌وتنه رێزی لێبگیردرێت و مافه سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌‌نگییه‌کانی لایه‌نه سیاسییه‌کان له هه‌رێمی کوردستان بپارێزرێت. پێویست ده‌کات باسی ئه‌وه‌ش بکه‌م که کڕۆکی ئه‌م رێککه‌وتنه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بیروبۆچوونه‌کانی جه‌نابی مام جه‌لال له‌و سه‌رده‌مه‌دا".

 

دەیشڵێت: "به پێی ئه‌زموونی رابردوو، هه‌میشه له‌م کاتانه‌دا حکوومه‌تی هه‌رێم توانیوییه‌تی کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات و لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردی ئێرانی، پابه‌ندی خۆیان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و رێزگرتن له بنه‌ماکان ئه‌نجامداوه و وه‌ڵامی ئه‌رێنییان بووه بۆ چاره‌سه‌رکردن. به‌ڵام ئه‌مجاره هه‌ست ده‌که‌ین بیروڕای جیاجیا هه‌یه چ له نێو لایه‌نه‌که خۆی و چ له نێوان لایه‌نه جیاوازه‌کان، به تایبه‌تی له که‌شی ئارامدا ئه‌وانه‌ی دوورن له مه‌یدان، به شێوه‌یه‌کی دیکه بیر ده‌که‌نه‌وه‌و پێیانوایه دژایه‌تی جووڵانه‌وه‌که‌یان ده‌کرێت، نازانن ئێمه وه‌كوو حکومه‌‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی میلله‌تی کورد له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌‌یه‌کی گشتیدا له‌به‌رچاو ده‌گرین و نامانه‌وێت به کاری که‌م شته‌ گه‌وره‌کان تووشی شکست بکه‌ین.  

 

"نازم عومەر دەباغ" دەڵێت: "هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه که هه‌موو سه‌رکرده‌کان ده‌یکه‌ن، که به‌داخه‌وه شیوازی ئیشکردنمان له ناو هێزه سیاسییه‌ ئه‌ساسییه‌کان بێ متمانه‌یی پێوه دیاره ته‌نانه‌ت له‌ناو که‌سایه‌تییه‌کانی یه‌ک حزب و لایه‌نیشدا. له ‌ناو لایه‌نێکی سیاسیدا که‌سێک به‌رپرسه ناوێرێت کورسییه‌که‌ی خۆی به‌جێبێڵێت چونکه پێیوایه له‌مه‌ودوا که‌س حه‌سێبی بۆ ناکات و ته‌نانه‌ت زه‌ربه‌شی لێده‌ده‌ن. بۆیه پێویسته ئه‌م متمانه له‌ناو یه‌کێتی و پارتی و گۆڕان دروست بێت که مه‌ترسییان بۆ داهاتووی یه‌کتریی نه‌بێت. وه‌کو وڵاتانی رۆژئاوایی، بارودۆخه‌که ده‌گۆڕدرێت و ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌کان له سه‌رووی هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی دیکه‌وه بێت. کاتێک له رۆژئاوا لایه‌نه‌كان حوکم ده‌ستاوده‌ست ده‌که‌ن رێز له یه‌کتر و به‌رنامه‌و پلانی یه‌کتر ده‌گرن".

 

لە كۆتایی دیدارەكەیشیدا نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له تاران دەڵێت: "هیوادارم سه‌رکرده‌کانمان ئه‌وه‌نده بیرتیژتر بن که ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌ستی پێده‌که‌ین ئه‌وان به کرده‌وه هه‌نگاویان بۆ نابێت. له رابردوودا له ١٩٨٤ له "سورداش" جه‌نابی مام جه‌لال بانگه‌وازیی ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتیی راگه‌یاند، ئه‌مه یه‌ک لایه‌نه بوو له کاتێکدا جه‌نابی کاک مه‌سعود و خوالێخۆشبوو "ره‌سوڵ مامه‌ند" و سه‌رکرده‌کانی‌تر، به ده‌نگ بانگهێشتنه‌که هاتن و به‌رنامه‌ی ئاشته‌وایی گشتیی به‌رهه‌مه‌که‌ی دروستکردنی به‌ره‌ی کوردستانیی و راپه‌ڕین و حکومه‌ت بوو، واتا هه‌موو داخوازییه‌کان وه‌کوو خۆی جێبه‌جێ ناکرێت، پێویستی به لێبورده‌یی هه‌یه له داخوازییه‌کان و له ده‌سه‌ڵاته‌کان".

Read کد خبر: 1875

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی