نوێنەری حکومەتی هەرێم لەبارەی دەنگۆی "تێوەگلانی دژەتیرۆر لەکوژرانی قاسم سولەیمانی" بۆ خەندان دەدوێت

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئێران رایگەیاند، دەنگۆی "تێوەگلانی" دەزگای دژەتیرۆر لەکوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران جگە لە هەوڵێک بۆ تێکدان و دروستکردنی پشێوی لەهەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران هیچ شتێكی دیکە نیە، بۆیە داوا دەکەن هەموان بەیەکەوە "ئەو سەرچاوانە کۆر کەینەوە کە سەرچاوەی درۆ و ناڕاستین لەسەر ناو و ناوبانگی هەمو بەشداربویەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان".

 هەوڵێکە بۆ تێکدان و دروستکردنی پشێوی لەهەرێمی کوردستان

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئێران بە خەندان-ی راگەیاند، "دیارە ئەو دەنگ و باسانەی کە ئێستا بڵاوکراونەتەوە بەتایبەتی لەسەر روداوی تیرۆرکردنی حاجی قاسم سولەیمانی بەدڵنیاییەوە من تەئکید دەکەمەوە ئەوە بەغەیری ئەوەی دەستێک بێت بۆ تێکدان و دروستکردنی پشێوی لەهەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران  هیچ شتێكی دیکە نیە".

 لەکاتێکدا شتێکی واببێت و زیاتر لەساڵێکە ئەم روداوە رویداوە دەکرا لەبۆنەیەکدا ئاگادار بکرێینەوە 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم کارە نەدژەتیرۆری یەکێتی و نەدژەتیرۆری پارتی بەبەڕوای من دور و نزیک ئاگایان لێ نیە، چونکە بەندە جگەلەوەی کە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانم نەشاراوەیە و نەشاردوشمەتەوە کە نوێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیشم لەتاران، بۆیە لەکاتێکدا شتێکی واببێت و زیاتر لەساڵێکە ئەم روداوە رویداوە دەکرا لەبۆنەیەکدا ئاگادار بکرێینەوە وەک نوێنەر کە حزبەکەمان بزانێت کەکارێکی واکراوە".

ئەگەر ئەوان ئەو زانیارییەیان هەبوایە بەدڵنیاییەوە ئەم جۆرە سەردانانەیان نەدەکرد

نوێنەری حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕو، لەکۆتا سەردانی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان جگە لەکۆبونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، لەگەڵ هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش کۆبوەتەوە و "ئەگەر ئەوان ئەو زانیارییەیان هەبوایە بەدڵنیاییەوە ئەم جۆرە سەردانانەیان نەدەکرد".

بۆیە پێویستە ئەو سەرچاوانە کۆر کەینەوە کە سەرچاوەی درۆ و ناڕاستین لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێم

باسی لەوەشکرد، لەو ماوە و تەمەنیدا کەلەئێران بوە، دەزگای هەواڵگری ئێران یەکێکە لەدەزگا چالاکەکان بوە و هەمیشە زانیاری وردیان هەبوە لەسەر روداوەکان "منیش بەو پێیە ماوەیەک نوێنەری مام جەلال بوم زۆر پەیامی لەوە گرنگتریان بە ئێمە گەیاندوە، بۆیە ئێستا سەیرە چەند کەسێک بەناوی کارمەند و کەسانی ئەمریکی کە دور کەوتونەتەوە لە حکومەت، بێن لەسایتێکدا دەنگ و باسی ئاوا بڵاوبکەنەوە، بۆیە پێویستە ئەو سەرچاوانە کۆر کەینەوە کە سەرچاوەی درۆ و ناڕاستین لەسەر ناو و ناوبانگی هەمو بەشداربویەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان".

هێزێکی هەرێم هاوکاربون لەکوژرانی قاسم سولەیمانی

ئەمڕۆ یەکشەممە چەند دەزگایەکی راگەیاندن راپۆرتێکیان لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمریکی بڵاوکردوەتەوە و بەگوێرەی راپۆرتەکە "ئەندامێکی دژە تیرۆر لە باکوری عێراق (هەرێمی کوردستان) بە ناوی (CTG)، هاوکاری پێکانی ئامانجەکەی لە نزیکەوە کردووە و کاتێک قاسم سولەیمانی لە سوریاوە هاتوەتەوە عێراق و لە فڕۆکەخانەی بەغدا دابەزیوە،  لە نزیکەوە بونی قاسم سولەیمانیان پشتڕاستکردوەتەوە".

به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ئاگاداربون و به‌شداربونی هێزه‌كه‌مان له‌ كرده‌وه‌ی له‌وجۆره‌دا ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌

پەیوەست بەم بابەتەش وتەبێژی ده‌زگای دژه‌ تیرۆر رایگەیاند، راپۆرتێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕون تۆمه‌تی به‌شداربون له‌ كه‌یسی تیرۆركردنی ژه‌نراڵ قاسم سلێمانی ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی كوردی و له‌ شوێنێكی تر ناوی هێزێكی دژه‌ تیرۆری سه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان هاتوە "ئێمەبه‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ئاگاداربون و به‌شداربونی هێزه‌كه‌مان له‌ كرده‌وه‌ی له‌وجۆره‌دا ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".

ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگریی ناوخۆیی ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ تێوه‌گلاندنی ده‌زگاكه‌مان

ئەوەش هاتوە، "ژه‌نراڵ قاسم سلێمانی هاوڕێیه‌كی نزیكی مام جه‌لال بوه‌ و، دەزگای دژە تیرۆر رۆژگارێك لەو سەنگەرەدا شەڕی دژ به‌ تیرۆریزمی كردوه‌ کە قاسمی سلێمانییش تیایدا دەجەنگا، بۆیە ئێمە ئه‌و گریمانه‌یه‌ به‌هه‌ند وه‌رده‌گرین كه‌ ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگریی ناوخۆیی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ تێوه‌گلاندنی ده‌زگاكه‌مان".

 

 

https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=129873&babet=1&relat=1024

Read کد خبر: 2529

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی