ناوچەی مێژوویی و بێوێنەی "هەورامان" لە لیستی میراتی جیهانی یۆنسکۆ تۆمار کرا دکتۆر حوجەتوڵڵا ئەیووبی: هیوادارین کە گەشتیارانی جیهان سەردانی هەورامان بکەن

 مەنسوور جیهانی ـ دکتۆر "حوجەتوڵڵا ئەیووبی" سکرتێری گشتی کۆمیسیۆنی نەتەوەیی ڕێکخراوەی یۆنسکۆ ـ ئێران گوتی: پەروەندەی تۆمارکردنی جیهانی هەورامان، بۆ ئێمە گرینگییەکی تایبەت و زۆر جێگای بایەخی هەیە؛ هیوادارین کە گەشتیارانی فەرهەنگی و هۆگران لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهان، بێن و دیمەنە جوانەکانی هەورامان ببینن.

 

دکتۆر "حوجەتوڵڵا ئەیووبی" سکرتێری گشتی کۆمیسیۆنی نەتەوەیی ڕێکخراوەی یۆنسکۆ UNESCO ـ ئێران، لە وتووێژێکی تایبەتدا سەبارەت بە تۆمارکردنی جیهانی هەورامان لە لیستی جیهانی ڕێکخراوەی "یۆنسکۆ"دا گوتی: لە نێوان ئەو پەروەندانەی کە لە لایەن ئێرانەوە بۆ تۆمارکردن لە لیستی میراتی جیهانی یۆنسکۆدا بوومان و لە ئێستاشدا هەمانە؛ پەروەندەی تۆمارکردنی جیهانی هەورامان، بۆ ئێمە گرینگییەکی تایبەت و زۆر جێگای بایەخی هەیە؛ بە هۆی ئەوەی کە ناوچەی هەورامان لەو بەشە جوانە بێوێنانەی نیشتمانی خۆشەویستی ئێرانە و ناوچەیەکە کە دوو پارێزگای گرینگی کوردستان و کرماشانی پێکەوە گرێداوە و لە لایەکی دیکەشەوە درێژە دەکێشێت و دەچێتە ناو وڵاتی عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستانەوە. 

 

هەروەها گوتیشی: بە لەبەرچاوگرتنی مێژوو، شارستانییەت و فەرهەنگی پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان و بە تایبەت، ئەم میحوەرە بێوێنەیە، بۆ ئێمە تۆمارکردنی جیهانی هەورامان، گرینگییەکی تایبەت و زۆر جێگای بایەخی هەیە و سپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لەم کارە گرینگەدا بەشدارییان کرد و هەوڵیاندا و بەڕاستی بێوچان تێکۆشان. لەو هیمەتەی کە خەڵکی خۆشەویستی ناوچەی هەورامان کردیان و بە تایبەت بە هەوڵ و تێکۆشانی تایبەتی بنەماڵەی هونەر، کە دیسانەوە بۆ جارێکی دیکه، لە ئەزموونێکی تەواو نوێدا یارمەتی دەزگاکانی پەیوەندیداریاندا لەوانە: وەزارەتی میراتی کەلتووریی و گوشتیاریی و کۆمیسیۆنی نەتەوەیی ڕێکخراوەی یۆنسکۆ ـ ئێران؛ که لێره‌وه سپاسی هەموویان دەکەم کە بۆ یارمەتیدانی بە تۆمارکردنی جیهانی ناوچەی هەورامان و هەروەها بەڕێوەبردنی پێشانگای گرووپی فۆتۆگرافی "هەورامان: داوێنی ئاسمان" و کارە فەرهەنگی و هونەرییەکانی دیکەی پەیوەست بەم بابەتە هەموو هەوڵێکی خۆیان خستەگڕ.     

 

سکرتێری گشتی کۆمیسیۆنی نەتەوەیی ڕێکخراوەی یۆنسکۆ ـ ئێران، لە درێژەیی قسەکانیدا سەبارەت بە گرینگی تۆمارکردنی "هەورامان" لە لیستی میراتی جیهانی ڕێکخراوەی یۆنسکۆ گوتی: یەکەمین دەستکەوتی ئەم تۆمارە ئەوەیە کە ڕای گشتی سەبارەت بە گرینگی ئەم میحوەرە ئاگادار دەبن و لە پلەی یەکەمیشدا خەڵکانی ئەم ناوچەیە سەرنجێکی تایبەت دەدەن و بە جوانی بۆیان دەردەکەوێت کە لەم شوێنەی کە ژیان بەسەر دەبەن؛ ئەم میراتە هی مرۆڤایەتییە و هەمووی مرۆڤەکان، ئەم میراتە بە هی خۆیانی دەزانن و دەیکەن بە هی خۆیان. بە لەبەرچاوگرتنی هەمووی ئەمانە خەڵکی دەبێت لە پاراستن و چاودێری کردنیدا تێبکۆشن. لەڕاستیدا، ئەوە گرینگترین دەستکەوتی ئەم تۆمارە جیهانییەیە.  

 

ئەم بەرپرسە فەرهەنگییە به‌ئه‌زموونه لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: دەستکەوتی دیکەش ئەوەیە کە ئەو کەسانەی کە بنەماڵەی فەرهەنگن و ئەو کەسانەی کە هۆگرن، لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیهان، سەرنجیان بەرەولای ناوچەی جوان و بێوێنەی هەورامان ڕادەکێشرێت. هیوادارم کە تۆمارکردنی جیهانی "ئاسۆی کەلتووریی هەورامان" ببێتە هۆی ئەوەی کە گەشتیارانی فەرهەنگی و هۆگرانی گه‌سشتیاری له دنیادا بە لێشاو بێن بۆ ئەم ناوچەیە و دیمەنە جوانەکان و هەروەها شێوازیی ژیان و فەرهەنگی هەورامان ببینن. 

 

دکتۆر "حوجەتوڵڵا ئەیووبی" لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە: لە لایەکی دیکەشەوە، ئێمە میحوەرێکی گەشتیاریمان لە کۆمیسیۆنی نەتەوەیی یۆنسکۆ لە ئێران، پێناسە کردووە کە لە تاران و هەمەدانەوە دەست پێدەکات و دەگاتە کرماشان و کوردستان و لەو ڕوانگەیەی کە هەورامانیش لەم میحوەرەدا هەڵکەوتووە؛ بۆ ئێمە زۆر جێی خۆشحاڵییە و لەوبڕوایەدام کە میحوەری گەشتیاریی ئەم ناوچەیە گەشە دەستێنێت.

Read کد خبر: 2558

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی