به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و یوسف گۆران وزیری خوێندنی باڵا و چه‌ند به‌رپرسێكی حكومی و حزبی مه‌راسیمی راگه‌یاندنی كۆتایی ئه‌نجامه‌كانی پرۆسه‌ی ریزبه‌ندی نیشتمانیی بۆ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان له‌هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵڵا له‌شاری هه‌ولێر راگه‌یه‌ندرا.
له‌و مه‌راسیمه‌دا كه بۆ یه‌كه‌م جاره له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له وتارێكدا رایگه‌یاند، "ئێمه مه‌سئول نین به‌ڵكو خزمه‌تكاری هاووڵاتیانین، گرنگه له‌گه‌ڵ خۆمان راستگۆ بین و له‌ویش گرنگتر ئه‌وه‌یه كه له‌گه‌ڵ هاووڵاتیان راستگۆتر بین."
سه‌باره‌ت به چاكسازی وتیشی کە هه‌نگاوی چاكسازی هه‌روا ئاسان نییه، به‌ڵام تاكو ئه‌م هه‌نگاوه نه‌نێین، گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی خوێندنی باڵا سنووردار ده‌بێت.
هه‌روه‌ها قوباد تاڵه‌بانی راشیگه‌یاند، "له‌په‌روه‌رده تا ته‌ندروستی، له كاره‌با بۆ كشتوكاڵ تا كه‌رتی ئابووری به‌رده‌وام ده‌بین له هه‌وڵه‌كانمان به‌ره‌و چاكسازی ریشه‌یی به مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی زیاتر."
هەروەها، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، "هیچ شتێك رێگر نیه له به‌رده‌م چاكسازی ئیداری و گۆڕینی شێوازی كاركردنمان، له چه‌ند كه‌رتی جیاجیا هه‌نگاوی گرنگمان ناوه به‌ره‌و چاكسازی."
له‌باره‌ی پرۆسه‌ی رێزبه‌ندی نیشتمانی زانكۆكانی كوردستان تاڵه‌بانی رایگه‌یاند: پرۆسه‌ی رێزبه‌ندی، له سه‌ر ئاستی ستانداردی نێوده‌وڵه‌تی و له‌سه‌ر پێوه‌ری گونجاو هه‌نگاوێكه له هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پێناو گه‌شه‌پێدان به كه‌رتی خوێندنی باڵا.
له‌كۆتایی قسه‌كانیدا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وتی، "گرنگه ریزبه‌ندی و خۆ ته‌قیم كردن ببێت به مۆدێلێكی حكومڕانی له پێناوی گه‌شه‌كردن و شه‌فافیه‌تدا، ئه‌ركی سه‌ر شانمانه راستگۆ و شه‌فاف بین، و باشتر هه‌وڵ بده‌ین بۆ خزمه‌تكردنی هاوڵاتیانمان. چونكهن هاوڵاتیانمان شایسته‌ی خزمه‌تی زیاترن."
ئه‌مه‌ش ده‌قی وتاره‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران
ئاماده‌بوانی به‌رێز
به‌یانیتان باش
به‌خێربێن بۆ مه‌راسمی راگه‌یاندنی ریزبه‌ندی نیشتیمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان.
له‌سه‌ره‌تادا ده‌مه‌وێت ده‌ستخۆشی له‌وه‌زیر و فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بكه‌م بۆ ئه‌م هه‌نگاوه گرنگه و سوپاس و پێزانینی خۆم ئاڕاسته‌ی هه‌موو ئه‌و زانكۆیانه بكه‌م كه له‌پێناوی گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی خوێندنی باڵا به‌شداربوون له‌م پرۆسه‌یه.
پرۆسه‌ی رانكینگ، یان ریزبه‌ندی، له‌سه‌ر ئاستی ستانداردی نێوده‌وڵه‌تی و له‌سه‌ر پێوه‌ری گونجاو هه‌نگاوێكه له هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو گه‌شه‌پێدان به كه‌رتی خوێندنی باڵا.
ریزبه‌ندی زانكۆ له زۆربه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوودا هه‌یه. بۆ ئێمه له‌هه‌رێمی كوردستان، به ئه‌ركی حكوومه‌تی ده‌زانم كه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ داموده‌زگاكانی خۆمان بكه‌ین.
له‌هه‌مان كاتیش مافێكی بنه‌ڕه‌تی هاووڵاتی و دایك و باوك و قوتابیانه تا بزانن ئاستی خزمه‌تگوزاری ئه‌و داموو ده‌زگایانه‌ی خزمه‌تیان ده‌كه‌ن كه ئه‌مڕۆ باسی زانكۆكانمان ده‌كه‌ین له چ ئاستێكدایه.
حكوومه‌ت و هاوڵاتی ده‌توانن سودێكی زۆر له‌و داتایانه وه‌ر بگرن كه له‌پرۆسه‌ی داڕشتنی ریزبهندیهكاندا كۆ ده‌كرێنه‌وه.
بۆنموونه: كام زانكۆ له‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌تدا باشتره، كام زانكۆ له توێژینه‌وه‌ی زانستیدا پێشه‌نگه، و چه‌ند نموونه‌یه‌كی تر.
له‌هه‌مان كاتدا ئالیه‌تێكی گونجاوه بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت له ئاستێكی پێویست ته‌شخیسی كێشه‌یه‌ك له زانكۆیه‌ك یان له‌چه‌ند زانكۆدا بكات و هه‌وڵ بدات بۆ هاوكاری كردنی زانكۆكان له‌پێناوی
چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كۆسپانه‌ی كه رێگرن له‌گه‌شه‌پێدانی زانكۆكه.
هه‌روه‌ها، هیوادارام وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هه‌وڵی جدی بدات بۆ دووركه‌وتنه‌وه له‌م سیسته‌می قه‌بووڵ مه‌ركه‌زی، و ده‌سه‌ڵات دابه‌زێنێته‌وه بۆ زانكۆكان تاكو خۆیان پێوه‌ر دانێن بۆ قه‌بووڵكردنی خوێندكار، و ده‌رفه‌تیش بده‌ین به قوتابی خۆیان بواری خۆیان هه‌ڵبژێرن له‌و زانكۆیه‌ی كه خۆیان هه‌ڵیده‌بژێرن.
ئه‌زانم ئه‌م هه‌نگاوه ئاسان نیه، به‌ڵام تاكو ئه‌م هه‌نگاوه نه‌نێین، گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی خوێندنی باڵامان سنووردار ده‌بێت.
دانانی ریزبه‌ندی بۆ زانكۆكانمان هه‌نگاوێكی گرنگیشه به‌ره‌و شه‌فافی و دووباره ده‌ستخۆشی له وه‌زاره‌ت و زانكۆكان ده‌كه‌م بۆ بوێریان به ئه‌نجامدانی ئه‌م هه‌نگاوه.
گرنگه له‌گه‌ڵ خۆمان راستگۆ بین، گرنگتره له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانمان راستگۆ تر بین.
به تایبه‌ت كه بابه‌ت په‌یوه‌ندیداره به نه‌وه‌ی ئاینده‌مان. دانانی سیسته‌مێكی ریزبه‌ندی كێبڕكێیه‌كی ته‌ندروست له كۆمه‌ڵگا دروست ده‌كات. كێبڕكێیه‌ك كه دڵنیام ده‌بێته مایه‌ی گه‌شه‌پێدان.گه‌شه‌پێدانیش له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوك فێرخواز و حكوومه‌ت.
له‌م كاته‌دا ده‌ست خۆشی له‌و زانكۆیانه ده‌كه‌م كه گه‌یشتنه ئاستی گرووپی "ب". هیوادارم ئه‌مانه هه‌وڵ بده‌ن بۆ ساڵی ئاینده بگه‌نه ئاستی گرووپی "ئا".
هیوادارم زانكۆكانی دیكه خۆیان ماندو تر بكه‌ن، گه‌شه به نمره‌كانیان بده‌ن وهه‌وڵی جدی بده‌ن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستیان بۆ گرووپی به‌رزتر. ئه‌مه ناڵێم بۆ ئه‌وه‌ی زانكۆكانی كه نمره‌ی باشیان هێنا له‌خۆ بایی بن و لۆمه‌ی ئه‌و زانكۆیانه بكه‌ین كه ریزبه‌ندی باشیان نیه. به‌پێچه‌وانه، ئه‌مه ده‌رفه‌تێكه وه‌ك ته‌حه‌دایه‌ك بۆ هه‌مو زانكۆكان بۆ ئـهوای ساڵی داهاتوو باشتر بن له‌م ساڵ.
فێرخوازه‌كانمان شایسته‌ی خمه‌تگوزاری باشترن له‌لایه‌ن زانكۆكانمان. هه‌م زانكۆی حكوومی و هه‌م تایبه‌ت. ئه‌مڕۆ ده‌رفه‌تێكی گرنگیشه بۆ ئه‌وه‌ی بیهێنینهو بیرخۆمان كه ئه‌ركی ئێمه، وه‌ك كارمه‌ندی حكوومه‌ت خزمه‌تكردنی هاوڵاتیانه.
هه‌میشه وتوومه، ئێمه مه‌سئوول نین، ئێمه خزمه‌تكاری هاوڵاتیانمانین. ئه‌مڕۆ له هه‌موو كاتێك زیاتر پێویسته باشترین خزمه‌ت بگه‌یه‌نین به هاوڵاتیان، به تایبه‌ت كه روو به روو ئه‌م هه‌موو كێشه‌و قه‌یرانانه بووینه. قه‌یرانه‌كانمان هه‌مه‌جۆرن. هۆكاری جیا جیاشیان هه‌یه. وه‌كو پێشتریش وتوومه، ئه‌گه‌ر ئیڕاده‌مان هه‌بێت، كه هه‌مانه، ئه‌گه‌ر بوێر بین و یه‌ك ریز بین ئه‌توانین روو به روو قه‌یرانه‌كانمان ببینه‌وه.
چاكسازی له بیدایه‌تدا هه‌ندێك ئـازاری ده‌بێت ، به‌ڵام هاوڵاتیان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه هه‌موو هه‌وڵێك ئـهدهی چینی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت بپارێزین.
سه‌ره‌ڕای گرفته‌كانمان دڵنیام كه ئه‌توانین ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر دابین بكه‌ین بۆ هاوڵاتیانمان و هه‌ر وه‌زاره‌تێك ئه‌بێت ڕۆڵی خۆی ببینێت.
له‌م بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆمان، كه توانای داراییمان نیه پرۆژه‌ی بیناسازی ئه‌نجام بده‌ین، و به‌شداربین له رێوڕه‌سمی دانانی به‌ردی بناغه یان قوردێله بڕین، هیچ شتێك رێگر نیه له‌به‌رده‌م چاكسازی ئیداری و گۆڕینی شێوازی كاركردنمان.له‌چه‌ند كه‌رتی جیا جیا هه‌نگاوی گرنگمان ناوه به‌ره‌و چاكسازی.
له‌په‌روه‌رده تا ته‌ندروستی، له‌كاره‌با بۆ كشتوكاڵ تا كه‌رتی ئابووری به‌رده‌وامین له‌هه‌وڵه‌كانمان به‌ره‌و چاكسازی ریشه‌یی. به‌ره‌و خزمه‌تێكی باشتر.
ئه‌مڕۆ هه‌نگاوێكی ترمانه به‌ره‌و گه‌یاندنی خزمه‌تی باشتر. هه‌موو هه‌نگاوێك پاره‌ی ناوێت، به‌ڵام هه‌موو چاكسازیه‌ك پێویستی به روئیایهكه.
هیوادرام ئه‌م روئیای دروست كردنی كێبڕكێیه‌كی ته‌ندروست له رێگای دانانی ریزبه‌ندیه‌وه له كه‌رته‌كانی دیكه‌ش ببینین، لهنهخۆشخانهكانمان، لهقوتابخانهكانمان، له‌داموده‌زگاكانی تری حكوومه‌ت .
گرنگه ریزبه‌ندی و خۆ ته‌قیم كردن ببێت به مۆدێلێكی حكومڕانی له‌پێناوی گه‌شه‌كردن و شه‌فافیه‌تدا. ئه‌ركی سه‌ر شانمانه راستگۆ و شه‌فاف بین، و باشترین هه‌وڵ بده‌ین بۆ خزمه‌تكردنی هاوڵاتیمان. چونكهن هاوڵاتیانمان شایسته‌ی ئه‌وه زیاترن.
هه‌ر شاد و سه‌ربه‌رز بن.
بۆ خستنه‌ڕووی دوایین پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ڕێككه‌وتنی2014/2/12 ی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عیراق، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2015/5/13 ، كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی نوێنه‌رانی كوردستان له به‌غدا و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له هه‌ولێر ساز كرا.
دوای خستنه‌ڕووی ورده‌كاری و داتاكانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستانه‌وه، به‌شدارانی كۆبوونه‌وه كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه:
1- له‌گه‌ڵ پابه‌ندبوونی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به هه‌نارده‌كردنی بڕی پێویستی نه‌وت به گوێره‌ی رێككه‌وتننامه‌كه و یاسای بودجه‌ی ساڵی 2015، به داخه‌وه له‌به‌رامبه‌ردا حكوومه‌تی فیدرال پابه‌ند نه‌بووه به ناردنی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مه‌ش له كاتێكدا كه بارقورسییه‌كی زۆر كه‌وتووه‌ته ئه‌ستۆی داراییی هه‌رێمی كوردستان به هۆی بڕینی به‌شه بودجه‌ی ساڵی 2014 و شه‌ڕی دژی تیرۆر و بوونی زیاتر له ملیۆنێك و پێنجسه‌د هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر و ده‌رهاویشته‌كانی كه له لایه‌ن حكوومه‌تی فیدراله‌وه، به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه.
2- كۆبوونه‌وه جه‌ختی كرده‌وه له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه و پرسه‌كان له ڕێگه‌ی گفتوگۆكردن و دانوستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال.
3- حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ڕێككه‌وتنه‌كه و به یاسای بودجه‌ی ساڵی 2015 ی عیراقی فیدراله‌وه پابه‌ند ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دیالۆگ و دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال نه‌گه‌یشته ئه‌نجام و حكوومه‌تی فیدرال هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر پێشێلكردنی یاسای بودجه و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی نه‌نارد، ئه‌وا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتبه‌ست به بڕگه‌ی 3 له مادده‌ی 11 ی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2015 و به‌پێی یاسای ژماره 5ی ساڵی 2013 ی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕێگه‌چاره‌ی دیكه ده‌گرێته به‌ر بۆ دابینكردنی بودجه‌ی پێویست بۆ هه‌رێمی كوردستان.
4- كۆبوونه‌وه داوا له حكوومه‌تی فیدرالی ده‌كات كه به‌پێی به‌رنامه سیاسییه‌كه‌ی، چاره‌سه‌ری گرفت و كێشه‌كانی نێوان حكوومه‌تی فیدرال و هه‌رێم بكات و پابه‌ند بێت به ده‌ستوور و یاسا كارپێكراوه‌كانه‌وه.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 18-2-2015، به سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ساز كرا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر دوایین سه‌ردانی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و حكوومه‌تی فیدرال پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ی به‌وه دا ئه‌و لێكنه‌گه‌یشتنه‌ی له ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا هه‌بوو چاره‌سه‌ر كرا و ئه‌وه ڕوون بووه‌وه كه هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یه و وه‌ك له یاسای بودجه‌دا هاتووه ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێك پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه نه‌بێت، لایه‌نی به‌رامبه‌ریش پابه‌ند نابێت.
هه‌روه‌ها گوتی پێشنیازی ئه‌وه‌مان كرد هه‌ر سێ مانگ جارێك تێكڕای هه‌نارده‌ی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئه‌ژمار بكرێت، چونكه ڕۆژانه ناكرێت و له ڕووی ته‌كنیكییه‌وه نابێت، له یاسای بودجه‌شدا هاتووه كه تێكڕای هه‌نارده‌كه ئه‌ژمار ده‌كرێت، نه‌ك ڕێژه‌ی هه‌نارده‌ی ڕۆژانه.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه ئه‌گه‌ر به‌غدا پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه بێت، هه‌رێمی كوردستانیش پابه‌ند ده‌بێت و گوتی: ئێمه حه‌ز ده‌كه‌ین عیراق به ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه پابه‌ند بێت تا ئێمه‌ش پابه‌ندی بین. جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه ده‌بێ هه‌موو داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت ئه‌وه بزانن و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ڕه‌فتار بكه‌ن كه وڵات له قه‌یرانێكی داراییی قووڵدایه.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ده‌رباره‌ی هه‌ندێ له كاردانه‌وه‌كانیش گوتی: به داخه‌وه هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له بابه‌ته‌كدا بكه‌ن و ڕاستیی بابه‌ته‌كه بزانن، هه‌ر له خۆیانه‌وه لایه‌نگیریی حكوومه‌تی عیراقیان كرد و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان به‌وه تۆمه‌تبار كرد گوایه پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه نییه، كه ئه‌مه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕاست نییه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وێڕای داكۆكیكردن له گرنگیی ڕوونكردنه‌وه‌ی پلانی حكوومه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دۆخه و جێبه‌جێكردنی چاكسازی له هه‌موو بواره‌كاندا، ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره به‌ڕێزه‌كان كۆمه‌ڵێك ڕێكار و پلان و به‌رنامه‌سازییان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی خسته به‌ر باس و داكۆكی له‌وه كرایه‌وه كه ده‌بێت په‌له له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بكرێت و ڕێكاری پێویست بۆ زیادكردنی داهات و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان دابنرێت، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندین بژارده‌ی جیا تاوتوێ كران.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م دۆخ و قه‌یرانه‌دا، جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستیی ناوخۆییی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه، به‌تایبه‌تی كه هه‌رێمی كوردستان له هه‌مان كاتدا له قه‌یرانی ئابووری و دارایی و له دژی تیرۆریش له شه‌ڕدایه و پێشوازی له زیاتر له ملیۆنێك و پێنجسه‌د هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر ده‌كات و نرخی نه‌وتیش تا ڕادده‌یه‌كی زۆر دابه‌زیوه، هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێكه‌وه بارى قورسیان خستووه‌ته سه‌ر شانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و دۆخێكى دژوارى هێناوه‌ته ئاراوه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه گرنگه هه‌موو داموده‌زگای وه‌زاره‌ته‌كان له سه‌ختیی دۆخه‌كه و قووڵیی قه‌یرانی دارایی تێبگه‌ن و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه مامه‌ڵه بكه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته وه‌زاره‌ته‌كان ستاف و ده‌زگاكانی خوار خۆیان له ڕاستی و هه‌ستیاریی دۆخه ئابووری و داراییه‌كه، ئاگادار بكه‌نه‌وه.
له كۆتاییی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونی كرده‌وه كه حكوومه‌ت له به‌رامبه‌ر دۆخه‌كه‌دا و بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریی كێشه‌كان به‌رپرسیاریه‌تیی خۆی هه‌ڵده‌گرێت و گرنگه هه‌موو هاوبه‌شانی حكوومه‌ت پێكه‌وه كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریی گونجاو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه بدۆزنه‌وه. ڕاشیگه‌یاند هه‌رێمی كوردستان له‌م قه‌یرانه ده‌رده‌چێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێ له هه‌موو بواره‌كاندا چاكسازی بكرێت، بۆیه كۆمه‌ڵێك ڕێكار ده‌گیرێته به‌ر و ده‌بێ وه‌زاره‌ته‌كان خوارووی خۆیان له ڕاستیی دۆخه‌كه تێبگه‌یه‌نن.
بۆ تاوتوێكردنی ڕه‌وش و بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژه‌تیرۆر و قه‌یرانى دارایى و كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌ش له كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2015/2/2، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌گه‌ڵ هه‌ر پێنج لایه‌نه سیاسییه‌كه‌ی به‌شداری حكوومه‌ت، كۆبووه‌وه.
له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره په‌یوه‌نداره‌كانیش ئاماده‌ى بوون، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، سوپاس و ده‌ستخۆشیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ په‌رله‌مانته‌ران و فراكسیۆن و لایه‌نه‌كانى كوردستان له په‌رله‌مانی عیراقى فیدرال دووپات كرده‌وه كه كاتی ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدرال، نموونه‌یه‌كی زۆر باشیان له هه‌ماهه‌نگی، یه‌كڕیزی و كاری پێكه‌وه‌یی نیشان دا و ئه‌نجامی ئه‌م كاره‌یان له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستاندا كه‌وته‌وه و به مایه‌ی ڕێز و پێزانینی له قه‌ڵه‌م دا.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران تیشكى خسته سه‌ر گوتاری میدیاییى لایه‌نه به‌شداره‌كانی حكوومه‌ت و دووپاتی كرده‌وه كه گوتاری میدیاییی لایه‌نه سیاسییه‌كانی به‌شدارى حكوومه‌ت، له‌گه‌ڵ بنه‌ماى كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌شیی حكوومه‌تی بنكه‌فراوان یه‌ك ناگرێته‌وه، به جۆرێك كه لایه‌نه سیاسییه‌كان له حكوومه‌تدا یه‌كڕیز و یه‌كگرتوون و له میدیاشدا، ئۆپۆزسیۆنن. جه‌ختیشى له‌سه‌ر گرنگیى هه‌بوونى به‌رنامه و گوتارێكى هاوبه‌ش بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دۆخى ئێستا كرده‌وه، به شێوه‌یه‌ك كه هه‌مووان پێكه‌وه به هه‌مان گیانى كارى پێكه‌وه‌ییى حكوومه‌تى بنكه‌فراوان و وه‌ك خاوه‌نى حكوومه‌ت و به‌رپرس به‌رامبه‌ر به دۆخه‌كه، ڕه‌فتار بكه‌ن.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌كه له به‌ڕێزان وه‌زیرى پێشمه‌رگه ده‌رباره‌ى دوایین ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى داعش و پێداویستییه‌كانى پێشمه‌رگه، وه‌زیرى دارایى و ئابوورى ده‌رباره‌ى قه‌یران و كێشه دارایییه‌كان و به‌رنامه و هه‌وڵه‌كانى وه‌زاره‌ت بۆ چاكسازى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و دابینكردنى داهات، وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كانیش ده‌رباره‌ى دۆسیه‌ى نه‌وت و ڕێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسى نه‌وت و توانا و كێشه‌كانى وه‌زاره‌ت و ڕۆڵى وه‌زاره‌ت له دابینكردنى پێداویستییه دارایییهكانى هه‌رێمدا، پوخته‌یه‌كیان پێشكه‌ش كرد و وه‌ڵامى پرسیارى به‌شدارانى كۆبوونه‌وه‌كه‌یان، دایه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕه‌چاوكردنى دۆخى هه‌رێمى كوردستان كه به هه‌موو پێوه‌رێك له حاڵه‌تى شه‌ڕدایه، وه‌لانانى ناكۆكییه حزبییه‌كان و گرنگیى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و یه‌كهه‌ڵوێستیى لایه‌نه سیاسییه‌كان و كۆمه‌ڵگاى كوردستان به‌گشتى، هه‌ڵگرتنى به‌رپرسیاریى هه‌مه‌لایه‌نه و هاوكاریكردنى حكوومه‌تى بنكه‌فراوان بۆ ڕووبهڕووبوونهى كێشه و قه‌یرانه‌كان و دانانى پلان و به‌رنامه بۆ چاره‌سه‌ركردنیان، به‌هێزكردنى پێشمه‌رگه و به‌ده‌ستهێنانى هاوكارى و پشتگیریى سه‌ربازى بۆ هه‌رێمى كوردستان له ڕێگه‌ى به‌كارهێنانى كه‌ناڵه سیاسى و دیپلۆماسییه‌كانى هه‌رێمه‌وه، جه‌ختى له‌سه‌ر كرایه‌وه.
به‌شدارانى كۆبوونه‌وه‌كه، وێڕاى دووپاتكردنهوهى پرسه و سه‌ره‌خۆشى و ده‌ربڕینى هاوخه‌مى بۆ خانه‌واده‌ى شه‌هیدان و ده‌ستخۆشى و پیرۆزبایى له پێشمه‌رگه، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینیان پێشكه‌ش به ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و توركیا و ئێران كرد كه له شه‌ڕى دژى تیرۆردا هاوكاریى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه و وێڕاى سوپاسكردنى هاوكارییه سه‌ربازى و مرۆییه سنوورداره‌كانى حكوومه‌تى فیدرال، جه‌ختیشیان له‌وه كرده‌وه كه حكوومه‌تى عیراق ده‌بێ زیاتر هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر، كه ئێستا له جیاتى هه‌موو جیهان له‌گه‌ڵ تیرۆر له شه‌ڕێكى قورسدایه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا له ماوه‌یه‌كى داهاتووى نزیكدا، كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ى لایه‌نه به‌شداره‌كانى حكوومه‌تى بنكه‌فراوان ببه‌سترێت و تیایدا له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه بۆ چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه و قه‌یرانه‌كان و به‌ره‌وپێشبردنى پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، پلان و به‌رنامه‌یه‌كى تۆكمه كه له ئاست ڕووداوه‌كان و دۆخه‌كه‌دا بێت، ئاماده بكرێت.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به توندی ته‌قینه‌وه تیرۆرستییه‌كانی دوێنێ و ئه‌نجامده‌رانیان له شاری خۆشه‌ویستی كه‌ركووك، ئیدانه و ڕیسوا ده‌كات و پرسه و سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكاری شه‌هیدان و كه‌ركووك و ته‌واوی كوردستان ده‌كات، هیوای زووچاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداران ده‌خوازێت.
تیرۆرستان و دوژمنانی ژیان و ئازادی و مرۆڤایه‌تی، كه له هه‌موو به‌ره‌كانی جه‌نگدا ڕۆژ به ڕۆژ گورزی كوشنده‌یان له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان به‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك پیشه‌ی قێزه‌وه‌نی خۆیان هه‌میشه له كاتی شكست و كه‌وتندا، په‌نا بۆ كاری ترسنۆكانه‌ی تیرۆر و شه‌هیدكردنی خه‌ڵكی سڤیل و به‌ئامانجگرتنی شوێنه مه‌ده‌نییه‌كان ده‌به‌ن، به‌ڵام هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه تیرۆر هه‌رگیز كۆڵمان پێنادات و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كوردستان، تا كۆتایی و تا له‌ناوبردنی تیرۆرستان، له خه‌بات و تێكۆشان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تاریكیی تیرۆر به‌رده‌وام ده‌بن و وه‌ك هه‌میشه سه‌رده‌كه‌ون.
نه‌مری بۆ شه‌هیدان، سه‌ركه‌وتن بۆ پێشمه‌رگه، بژی كوردستان.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
2014/12/5
سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 4ی دیسه‌مبه‌ری 2014، به سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ی ئاساییی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ساز كرا كه تایبه‌ت بوو به سه‌ردانی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرال بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان، پێی گه‌یشتن.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران تیشكی خسته سه‌ر دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان و باسی له‌وه كرد كه "به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌رێنی بوون و له به‌غدا كه‌شێكی نوێ هه‌یه، ئه‌وانه‌یش كه جاران كێشه‌یان دروست ده‌كرد، ئه‌مجاره كه زانییان كێشه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌چن، خۆیان ئه‌رێنی بوون و هه‌وڵیان دا هاوكار بن بۆ چاره‌سه‌ركردن. گفتوگۆكان زۆر كراوه بوون و زۆر به جددی قسه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كتر كرد. هه‌ستمان كرد ئه‌وان به دوای چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێن و ده‌زانن بارودۆخه‌كه گۆڕاوه و پێویستییان به چاره‌سه‌ر هه‌یه، به‌تایبه‌تیش به‌ڕێز عه‌بادى هاوكار بوو بۆ لێكگه‌یشتن. هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وله‌وییه‌تی ئێمه هه‌میشه ئه‌وه بووه و ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه چاره‌سه‌ر، ئه‌وانیش له‌وه تێده‌گه‌ن كه ئێمه ده‌مانه‌وێ بگه‌ینه چاره‌سه‌ر و لێكگه‌یشتن.
هه‌روه‌ها گوتی: عیراق له ڕه‌وشێكی داراییی زۆر خراپدایه و ڕاوه‌ستانی ناردنی نه‌وت كێشه‌ی گه‌وره‌ی دروست كردووه، له كابینه‌ى پێشوودا پاره‌یه‌كی زۆر خه‌رج كراوه كه به ڕوونی دیار نییه بۆچی خه‌رج كراوه؟. ڕێككهوتنهكهیشى بۆ هه‌موو عیراق و بۆ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك ڕێككه‌وتنێكى باش له قه‌ڵه‌م دا، به‌ڵام دووپاتى كرده‌وه كه "به دڵنیاییه‌وه هه‌موو خواستی ئێمه نییه". باسی له‌وه‌ش كرد كه حكوومه‌تی فیدرال ده‌یه‌وێ بودجه‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای بڕی (70) دۆلار بۆ یه‌ك به‌رمیل نه‌وت دابنێت، بۆیه پرسیاری ئه‌وه‌یان كرد كه ئاخۆ نه‌وتی هه‌رێم ڕاده‌ستی سۆمۆ ده‌كه‌ین یان نا؟، ئێمه‌ش به كراوه‌یی پێمانگوتن: به ته‌نها ئه‌وه‌نده ڕاده‌ست ده‌كه‌ین كه له‌سه‌ری ڕێككه‌وتووین.
هه‌روه‌ها ڕوونی كرده‌وه ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌خرێته چوارچێوه‌ى یاساى بودجه‌وه بۆ ساڵێك، به‌ڵام بنه‌مایه‌كی باشمان داناوه. به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه (250) هه‌زار به‌رمیلی ڕۆژانه ڕاده‌ستى حكوومه‌تی فیدرال ده‌كه‌ین و (300) هه‌زار به‌رمیلی دیكه‌ش بۆ ئه‌وان ده‌گوازینه‌وه. (11) ساڵه داوا ده‌كه‌ین خه‌رجییه‌كانی پێشمه‌رگه بده‌ن، قبووڵ ناكه‌ن، به‌ڵام ئێستا خه‌رجییه‌كانی پێشمه‌رگه خرایه ناو بودجه‌ی فیدراله‌وه، ئه‌مه سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره بوو. له‌سه‌ر پرسی قه‌رزه‌كانی هه‌رێمیش، ڕوونی كرده‌وه حكوومه‌تی فیدرال (16) تریلیۆن دینار قه‌رزاری هه‌رێمه و ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌كى فه‌رمى له ڕاپۆرتى وه‌زاره‌تى داراییى حكوومه‌تى فیدرالدا جێگیر كراوه، جگه له‌وه‌ى پاره‌ی كۆمپانیا بیانییه‌كانی نه‌وتیشیان نه‌داوه.
ده‌رباره‌ی ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ش دووپاتی كرده‌وه كه به‌ڕێز عه‌بادی پێزانینی خۆى بۆ ڕۆڵی پێشمه‌رگه هه‌بوو، هه‌روه‌ك چۆن بۆ پرسی پشكنینی ئه‌و فڕۆكانه‌ی كه كۆمه‌ك و هاوكاریی مرۆیی و سه‌ربازیش ده‌گه‌یه‌ننه هه‌ولێر، داوایان له حكوومه‌تى فیدرال كردووه پشكنینی فڕۆكه‌كان به هه‌مان میكانیزمی به‌غدا له هه‌ولێر بكرێت.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی له ڕووی كرده‌ییه‌وه عیراق پێویستی به هه‌رێمی كوردستانه و ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ژێرخانه نه‌وتییه‌ی دروست نه‌كردبا، ئێستا نه عیراق ده‌یتوانی هیچ شتێك بۆ هه‌رێمی كوردستان بكات، نه هه‌رێم خۆى ده‌یتوانى هیچ بۆ خۆى بكات. ڕوونیشی كرده‌وه كه ئێستا كار ده‌كرێت بۆ به‌ستنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركووك به بۆرییه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمه‌وه و ئه‌م پرۆسه‌یه كاری ته‌كنیكی پێویسته.
ڕوونشی كرده‌وه كه له قۆناغه‌كانی داهاتووی گفتوگۆكانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا، هه‌ر وه‌زاره‌تێك كه په‌یوه‌ندییان به كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداوه هه‌یه، كار له‌سه‌ر دۆسیاكان ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها سوپاسی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مانی كوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌كان و تیمی گفتوگۆكانی كرد كه هه‌موویان زۆر پشتیوان و هاوكار بوون.
هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه كرده‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سپێكردنی ساڵی تازه ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و گوتی: ده‌مانه‌وێ هیچ له‌وه زیاتر خه‌رج نه‌كه‌ین كه وه‌ك داهات ده‌مانبێت، بۆ ئه‌مه‌ش وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ست به كۆمه‌ڵێك چاكسازى ده‌كات و ده‌بێ خه‌رجییه‌كان كه‌م بكه‌ینه‌وه.
دوایین شت به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران باسی له سه‌ردانی خۆی و شاندی یاوه‌ری بۆ لای به‌ڕێزان سهركۆمار، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌ركرده سیاسییه عیراقییه‌كانی كرد، كه هه‌مووان پشتگیری‌یان له ڕێككه‌وتن و لێكگه‌یشتنی حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدرال كردووه.
له كۆتاییی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره به‌ڕێزه‌كان باسییان له گرنگیی ڕێككه‌وتنه‌كه كرد و تیشكییان خسته سه‌ر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خێرای ڕێككه‌وتنه‌كه له‌سه‌ر ئاستی كوردستان كه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی ئه‌رێنی له بازاڕه‌كانی كوردستان كرد و پشكی ئه‌و كۆمپانیا نه‌وتییانه‌ی له هه‌رێمی كوردستانیش كار ده‌كه‌ن، له نێوان 7% تا 15% زیادی كردووه. هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان به سه‌ركه‌وتنی حكوومه‌تی هه‌رێم و سیاسه‌تی نه‌وتیی حكوومه‌ت له قه‌ڵه‌م دا.
به‌یانیتان باش، مه‌به‌ست له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ى ئه‌مڕۆ زیاتر بۆ ئاگاداركردنى ئێوه‌ى به‌ڕێزه له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى دانوستاندنى ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا و مه‌سه‌له‌ى بودجه و ناردنى نه‌وت. ئه‌مه زیاتر نه وه‌كوو سمینار، وه‌كوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كه بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئێوه‌ى به‌ڕێز له‌م پرسه گرنگه كه په‌یوه‌ندى به هه‌موو لایه‌كمانه‌وه هه‌یه.
ئێمه له سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له هه‌رێمی كوردستان وامان به باش زانی له نزیكه‌وه ئێوه ئاگادار بكرێنه‌وه؛ چونكه له به‌غدا له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن هه‌ندێك جار گوێبیستی هه‌ندێ ڕاپۆرت و هه‌واڵ ده‌بین كه به ڕاستی دوورن له ڕاستی.
ویستمان له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی وا داخراودا؛ ئێمه ئه‌م پرسه به ته‌واوه‌تى له‌گه‌ڵ ئێوه باس بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری ئه‌و هه‌نگاوانه بن كه له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ستمان پێ كردووه و ئێستا پێی گه‌یشتووین و بێگومان به‌ڕێزان د.ئاشتی هه‌ورامى و شێخ باییز و د.عه‌لی و جه‌بار یاوه‌ر و د. ئامانج ڕه‌حیم هه‌موو وردهكاریهكانتان له سه‌ره‌تاوه بۆ باس ده‌كه‌ن و كاره‌كه به‌سه‌ریاندا دابه‌ش كراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیجازه بده‌ن منیش هه‌ندێك له‌و شتانه‌ی له به‌غدا قسه‌مان له‌سه‌ری كردووه له وتارێكدا بیر‌و بۆچوونی خۆمانتان پێشكه‌ش بكه‌م.
چه‌ند مانگێكی دیكه 11 ساڵ به‌سه‌ر له‌ناوچوونی ڕژێمی به‌عس و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌یدا تێده‌په‌ڕێت، پێش ئه‌وه گه‌لانی عیراق خه‌ونیان به‌وه‌وه ده‌بینی كه ڕۆژێك بتوانن ئازادی و سه‌ربه‌رستی و ئاسایش و دیموكراسی له كوردستان و عیراقدا پیاده بكه‌ن، خۆشبه‌ختانه پاداشتی خۆڕاگریی گه‌لی كوردستان و خۆبه‌خشه‌كانمان وای كرد ئه‌مڕۆ ئێمه له هه‌رێمی كوردستان به‌شێك له‌و خه‌ونانه‌ی هه‌مانبوو؛ بێته دی.
زۆربه‌ی گه‌لانی دونیا ئه‌وه‌یان به‌لاوه شتێكی ساده و به‌ڵگه‌نه‌ویسته كه خۆیان له ڕێی نوێنه‌رانیانه‌وه بڕیاری خۆیان بده‌ن كه هه‌ست به خزمه‌تگوزاری له‌سه‌ر ئاستی ژیانی ڕۆژانه‌یان بكه‌ن. گه‌لی كوردستان قوربانیی زۆری دا تا بتوانێ به‌و مافه ساده و به‌ڵگه‌نه‌ویسته بگات و ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی گه‌لانی دونیا به ده‌نگدان و ئاشتی ده‌ستیان كه‌وت، خه‌باتێكی درێژخایه‌نی بۆ گه‌لی كوردستان پێویست بوو.
له ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی ڕابردوودا، هه‌رێمی كوردستان گۆڕانكاریی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه، له‌گه‌ڵ گه‌لانی عیراقدا ده‌نگمان به ده‌ستووری عیراق دا و ئێستا ئێمه پێیه‌وه پابه‌ندین و كاری پێ ده‌كه‌ین. ده‌نگمان به په‌رله‌مانی عیراقی فیدراڵ و په‌رله‌مانی كوردستان دا و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كارنامه‌ی له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستاندا خوێنده‌وه و متمانه‌ی گه‌لی كوردستانی وه‌رگرتووه له ڕێی نوێنه‌رانیه‌وه.
حكوومه‌تی هه‌رێم به وردی پلانی گه‌شه‌ی ئابووری بۆ وڵاته‌كه‌ی داڕشتووه و هه‌وڵی پیاده‌كردنی ده‌دات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌قامگیریی كوردستان به‌ردی بناغه‌ی سه‌قامگیری و په‌ره‌سه‌ندنی ئابوورییه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش خۆشبه‌ختانه ئه‌م گه‌شه‌یه خه‌ریكه ببێته به‌شێك له ژیانی ڕۆژانه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان.
زۆر جار خۆمان گۆڕانكارییه گه‌وره‌كان نابینین و جار جار له یادی ده‌كه‌ین، ئاو و ئاوه‌ڕۆ و كاره‌با و ئاوه‌دانكردنه‌وه، په‌روه‌رده و ته‌ندروستی، نیشته‌جیبوون و فڕۆكه‌خانه له سلێمانی، له هه‌ولێر و له دهۆك كه له ژێر جێبه‌جێكردندایه، نوێنه‌رایه‌تیی ده‌ره‌وه و چالاكیی ئابووریمان ڕووی له زیادبوونه و گه‌لێك لایه‌نی دیكه‌ی ژیان وای كردووه خه‌ڵكی بیانی چ وه‌به‌رهێنه‌ر، چ دیپلۆمات، چ بازرگان، چ گه‌شتیار، چ ڕۆژنامه‌نووس ئه‌و پرسیاره‌مان لێ ده‌كه‌ن: چۆن له‌و ماوه كورته‌دا توانیمان هه‌لومه‌رجی ژیانی هاووڵاتیان به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بگۆڕین؟!.
ده‌زانین ئێمه له ناوچه‌یه‌كی پڕ كێشه‌دا ده‌ژین، له ماوه‌ی 7- 8 ساڵی ڕابردوودا نوێنه‌رایه‌تیی كوردستان چ له به‌غدا، چ له هه‌رێم هه‌وڵی به‌رده‌وامیان داوه چه‌ند مادده‌یه‌كی ده‌ستووری جێبه‌جێ بكه‌ن تا ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ هاووڵاتیانی كوردستان مسۆگه‌ر بكرێت.
یه‌كێك له مادده هه‌ره گرنگه‌كان ده‌رباره‌ی نه‌وت و گازه، له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی برده په‌رله‌مان، پاش گفتوگۆیه‌كی تێروته‌سه‌ل به په‌خشی ڕاسته‌خۆ له ڕێی میدیاوه په‌رله‌مانی كوردستان یاساكه‌ی په‌سه‌ند كرد، واتا ئه‌مه یاسای گه‌لی كوردستانه، چونكه نوێنه‌رانیان ده‌نگیان پێ داوه. ئه‌و نوێنه‌رانه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گشت پێكهاته‌كانى كوردستان بوون.
بیرخستنهوهیهكی مێژوویی له‌م بواره‌دا پێویسته، پتر له ساڵێك گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ كرد بۆ ئه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و گاز و پاشان یاسای دابه‌شكردنی داهات به‌یه‌كه‌وه ببه‌ینه په‌رله‌مانی عیراق، له‌سه‌ر ڕه‌شنووسه‌كه ڕێككه‌وتین كه خۆم داومه‌ته سه‌رۆك وه‌زیران د.مالیكی له به‌غدا له مانگی شوباتی 2007 دا.
له‌و كاته‌دا هیوامان زور به‌رز بوو به‌وه‌ی پێكه‌وه بگه‌ینه ئه‌نجامێكی باش بۆ سه‌رتاسه‌ری عیراق، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌وڵی بونیادنه‌رانه‌ی ئێمه ئه‌نجامی خوازراوی لێ نه‌كه‌وته‌وه. پرۆسه‌كه درێژه‌ی خایاند، به‌ڵام ئێمه نه‌مانده‌ویست ژیانی سیاسی و كێشه‌ی ئابووری له كوردستان له ده‌ست بده‌ین، گه‌له‌كه‌مان تینووی گۆڕانكاریی خێرا و جددی بوو.
ئێمه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی مالیكی له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتین كه ئه‌گه‌ر له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا نه‌گه‌یشتینه یه‌ك، هه‌ر لایه‌ك ئازاد بێت له‌سه‌ر پیاده‌كردنی سیاسه‌تی نه‌وت و گازی خۆى له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا، له‌وه‌ی كه ئێستا له به‌رده‌ستی به‌ڕێزتاندا هه‌یه ئه‌و نووسراو و ڕێككه‌وتنه كه ئێمه ئه‌و كات له‌گه‌ڵ مالیكی‌دا كردوومانه، هه‌یه.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ڕێككه‌وتنه و له چوارچێوه‌ى ده‌ستووری نوێی عیراقدا، حكوومه‌تی هه‌رێم ڕه‌شنووسی یاسای نه‌وت و گازی كوردستانى برده په‌رله‌مان و له‌و ڕۆژه‌وه تا ئه‌مڕۆ كاروباری حكوومه‌ت له بواری نه‌وت و گاز له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و ئه‌و ڕێككه‌وتنه ده‌رنه‌چووه.
هه‌شت ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ نه هیچ كه‌س له ئێمه و نه شاره‌زایانی بواری نه‌وت نه‌یانده‌زانی چه‌ند نه‌وت و گاز له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، كه‌م كه‌س له ئێمه خه‌یاڵی بۆ ئه‌وه ده‌چوو هه‌رێمی كوردستان بچێته سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانی، كاتێك باسی وزه ده‌كرێت، كه‌م كه‌س له ئێمه چاوه‌ڕوان بوون ئه‌م هیوایه بێته دی كه په‌یوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و توركیا له هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازیه‌وه بگوازرێته‌وه بۆ هاوكاری له بواری وزه و گاز و بازرگانیدا.
كه‌م كه‌س له ئێمه ده‌یوێرا ئه‌م خه‌ونه ببینێت كه كۆمپانیا ده‌ره‌كییه‌كان ڕاسته‌وخۆ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێمی كوردستان ئیمزا بكات. له‌و كاته‌وه پتر له 50 كۆمپانیا له 23 وڵاته‌وه هاتوونه‌ته‌وه بازاڕی دامه‌زراوه‌ی وزه له كوردستاندا. كه‌م كه‌س له ئێمه چاوه‌ڕوانی ئه‌و گۆڕانكارییه گه‌وره‌یه‌ی ده‌كرد كه ئه‌مڕۆ به چاوی خۆمان له هه‌رێمی كوردستان ده‌یبینین.
22
ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گه‌له‌كه‌مان له ده‌ستی ڕژێم هه‌ڵده‌هات بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئه‌مڕۆ ئێمه داڵده‌ی خوشك و برا و كه‌سوكاری ئه‌و گرووپانه ده‌ده‌ین كه له شه‌ڕ و تیرۆر بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌كه‌ن.
چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێم ده‌په‌ڕینه‌وه وڵاتان بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایش و بژێوی ژیانیان دابین بكه‌ن. ئێستا وه‌به‌رهێنه‌ر و بازرگان و پیشه‌ساز و كاڵافرۆش له وڵاتانی دراوسێ ڕوو ده‌كه‌نه هه‌رێمی كوردستان.
ئێمه و ئه‌وان باوه‌ڕمان به ئایندهی ئه‌م وڵاته هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئێمه له ساڵی 2007 ده‌ستمان به‌كاركردن نه‌كردبووایه له بواری نه‌وت و گازدا، ئێستا نه‌مانده‌توانی بڵێین له چه‌ند ساڵێكی كه‌مدا به شانازییه‌وه به‌رهه‌می نه‌وتی عیراق زیاد ده‌كه‌ین، داهات بۆ سه‌رتاسه‌ری عیراق دابین ده‌كه‌ین، نه‌مانده‌توانی بڵێین ئێمه ته‌نها چاوه‌ڕوانی داهات نین له حكوومه‌تی فیدراڵه‌وه، به‌ڵكوو ده‌مانه‌وێ هه‌موو داهاتی عیراق ڕووی له زیادبوون بێت و ئێمه‌ش به‌شی خۆمان بخه‌ینه سه‌ر خه‌زینه‌ی فیدراڵی.
له ساڵی 1930دا ئیسماعیل به‌گی ڕه‌واندزی سه‌رنجێكی زۆر نایابی دا و گوتی: "ده‌كرێ ئه‌و داهاته زۆره‌ی عیراق كه له ڕێی كێڵگه نه‌وتیه‌كانه‌وه به ده‌ست ده‌هێندرێت؛ بۆ هاوكاریكردنی ئێمه به كار بێت، له بری ئه‌وه‌ی بۆ به‌رپاكردنی شه‌ڕ له‌م شاخانه‌دا بخرێته گه‌ڕ و كورد بكه‌نه دژ و دوژمن".
ئه‌وه‌تان له یاد بێت كێڵگه نه‌وتییه‌كان له كوردستانن، كه‌واته هه‌ندێك مافمان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له داهاته‌كه‌ی سوودمه‌ند بین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو ده‌ستكه‌وتی ئێمه له نه‌وتی خۆمان؛ بریتی بوو له بۆمب و فیشه‌ك.
نوێنه‌رانی گه‌لانی عیراق ساڵی 2005 له‌سه‌ر میكانیزمێك ڕێك كه‌وتن كه ئیسماعیل به‌گی ڕه‌واندزی و نه‌وه‌كانی دوای ئه‌ویش خه‌ویان پێوه ده‌بینی، میكانیزمی دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وت و گاز به شێوه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه بۆ دابینكردنی ئاینده‌یه‌كى گه‌ش بۆ كوردستان و سه‌رتاسه‌ری عیراق. ئه‌وه‌ی تا ئێستا كردوومانه و له داهاتووشدا ده‌یكه‌ین؛ گه‌شه‌پێدانی كوردستان و عیراقه له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقی فیدراڵ‌دا و هه‌وڵ و كۆششی ئێمه له‌م پێناوه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌پێناو ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌ی ئابووری و خۆشگوزه‌رانیی گشت لایه‌ك و ئاماده‌كردنی هه‌لومه‌رجی خزمه‌تگوزاریی گونجاو له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ئێستاماندا.
گه‌لێك كه داوای مافی ده‌ستووریی خۆی بكات؛ دوژمنی زۆر ده‌بێت، چونكه هیچ مافێكی ده‌ستووری له خۆیه‌وه جێبه‌جێ نابێت، له 7-8 ساڵی ڕابردوودا؛ ئێمه سه‌رقاڵی پیاده‌كردنی مافی ده‌ستووریی كوردستان بووین، له چه‌ندین ساڵی داهاتووشدا و بگره نه‌وه‌ی داهاتووش سه‌رقاڵی هه‌مان مافی ده‌ستووریی خۆمان ده‌بین له عیراقدا.
ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به شێوه‌یه‌كی هۆشیارانه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی و ستراتیژیه‌دا كردووه و ئێمه ده‌مانزانی و ئێستاش ده‌زانین ئه‌م بابه‌ته و ئه‌م قۆناغه ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می نووسینی ده‌ستوور ناسكتر نه‌بێت، گرفتی كه‌متر نابێت. ئێمه له‌وه تێ ده‌گه‌ین كه ئه‌مه پرسێكه پێویستی به پشوودرێژی هه‌یه و پێویست به‌وه ده‌كات زۆر به جددى هه‌وڵ بۆ جێبه‌جێكردنی بده‌ین.
براده‌ران ئه‌مڕۆ ورده‌كاریی زیاتر باس ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی زۆر به كورتی ده‌مه‌وێ بیڵێم؛ ئێمه له هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌مڕۆ ده‌توانین نه‌وت به‌رهه‌م بهێنین و بۆڕیی نه‌وتمان ئاماده كردووه و نه‌وت ده‌نێرین بۆ توركیا، به‌ڵام تا ئێستا ئێمه یه‌ك به‌رمیل نه‌وتمان نه‌فرۆشتووه و ده‌مانه‌وێ له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه چاره‌سه‌رێك له‌مباره‌یه‌وه و چاومان له‌وه‌یه بگه‌ینه چاره‌سه‌رێك.
ئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ چارهسهریهكهی ئێمه جیاوازه، جیاوازیه‌كه‌ی به كورتی له‌وه‌دایه: به‌غدا ده‌ڵێ حهماڵیهكهم بۆ بكه، نه‌وته‌كه‌م ته‌سلیم بكه و من به كه‌یفی خۆم ده‌یفرۆشم و بۆ بودجه‌ی عیراقی ده‌نێرم و هه‌ر كاتێكیش ویستم وه‌كوو كارتی سوور له دژی هه‌رێمی كوردستان به‌كاری دێنم و سوودی لێ وه‌رده‌گرم و ناوبه‌ناو بودجه‌تان ده‌بڕم!.
ئێمه ئه‌مجاره له به‌غدا به ڕاشكاوی پێمان گوتن كه ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك حه‌ز ناكه‌ین گوێمان له‌و هه‌ڕه‌شه‌یه ببێت كه ئێوه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بڕن، چونكه له به‌رژه‌وه‌ندیی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستاندا نیه و له سوودی كه‌س نیه به‌م زمانه قسه له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ین.
ئێمه كه داوای میكانیزمێك ده‌كه‌ین و باس له‌وه ده‌كه‌ین میكانیزمێك دابڕ‌ێژین؛ ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ی ئێوه نه ئێستا و نه له داهاتوودا بۆ هه‌رێمی كوردستان نابێت، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و كارتهتان له به‌رده‌ست بێت و ئێستا باسی لێوه بكه‌ن، ئه‌وا بێگومان ڕۆژێك دێ و به‌كاری دێنن، ئێمه حه‌ز ناكه‌ین ئه‌مه ببێته زمانی دیاڵۆگی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئێمه له هه‌رێمی كوردستاندا به‌رهه‌می دێنین، جاران ئێوه منهتێكتان له‌سه‌ر ده‌كردین به‌وه‌ی نه‌وتی باشوور و شوێنه‌كانی دیكه‌یه به ئێمه‌ی ده‌ده‌ن، ئێمه ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان ده‌توانین نه‌وت به‌رهه‌م بهێنین و بینێرینه ده‌ره‌وه و بودجه‌ی فیدراڵی عیراق زیاد بكه‌ین، كه‌واته ئێمه له زیادكردنی بودجه‌ی فیدراڵی له عیراق به‌شدارین.
خیلافی ئێمه له‌سه‌ر خاڵێكه، ئه‌و ده‌ڵێ نه‌وته‌كه ته‌سلیمى ده‌ستی سۆمۆ بكه، ئه‌و دهیفرۆشێت و ده‌یكاته بودجه له به‌غدا و جارێكی دیكه بۆتانی ده‌نێرێته‌وه، له‌وه زیاتر هیچ مافێكی دیكه بۆ هه‌رێمی كوردستان به ڕه‌وا نازانین.
ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یڵێین چیه؟ ئێمه ده‌ڵێین:
1 – شه‌فافیه‌ت له پرۆسه‌ی ناردنی نه‌وت و به‌شداریكردنی سۆمۆ له‌گه‌ڵمان ئێمه له‌سه‌ری ڕازین.
2 – به‌شداریكردن له ئاگاداربوون له بڕی نه‌وتی فرۆشراو له ڕێگه‌ی عهددادهوه، ئێمه له‌وه‌شدا ده‌ڵێین به‌شدار بن.
3 – له پرۆسه‌ی شه‌فافیه‌ت له ته‌نده‌رینی نه‌وتیش له گه‌ڵمان به‌شداربن، چونكه پڕوپاگه‌نده‌ی وا هه‌یه ده‌گوترێت ئێمه ده‌مانه‌وێ نه‌وت به هه‌رزان بفرۆشین. شتی وا نیه و ئێمه ده‌مانه‌وێ به‌پێی ستانده‌ری نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نده‌رات بیفرۆشین و ئاماده‌ین له هه‌موو پرۆسه‌كه‌دا سۆمۆ له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شدار بێت.
4 – میكانیزمی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌رێم ده‌مانه‌وێ به شێوه‌یه‌ك بێت به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌غدا هه‌موو ڕۆژێك هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی بودجه بكات، ئێمه ئه‌م زمانه ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه كه قابیلی قبووڵ نیه.
له دوایین كۆبوونه‌وه‌مان له به‌غدا ئه‌وان پێشنیاری خۆیان بۆ ئێمه ناردووه و ئێمه بڕیارمان داوه ئه‌م پێشنیاره دیراسه بكه‌ین، پێشنیاری ئه‌وان شتی تازه‌ی تیادا نیه، به‌ڵكو دیسان عه‌قڵیه‌تێكی مه‌ركه‌زی كۆنتڕۆڵكراوی پێوه دیاره، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه وه‌كوو هه‌رێمی كوردستان كه مافی ده‌ستووریی خۆمانه؛ به ڕاستی قابیلی قبووڵ نیه.
لێره‌وه داوای پشتگیری له ئێوه ده‌كه‌م، له‌مباره‌یه‌وه ئێوه هه‌ر پرسیارێكتان له‌م پرۆسه‌یه‌دا هه‌بێت مافی خۆتانه، به‌ڵام ئێمه كۆده‌نگیه‌كی نیشتیمانیمان له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه پێویسته و ناكرێ له‌م پرسه‌دا كۆده‌نگ نه‌بین، به تایبه‌تی له‌م قۆناغه كه ئه‌گه‌ر زۆر له سه‌رده‌می نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور زه‌حمه‌تتر نه‌بێت، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه كه‌متر نیه.
كاتێك ده‌ستوور نووسرا چه‌ندین ڕۆژ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا به چه‌ندین مانگ دانیشتن تا ئه‌م ده‌ستووره‌یان نووسی، ئه‌مڕۆ ئه‌مه مافی ده‌ستووریی خۆمانه و ناكرێ ته‌نازولی لێ بكه‌ین، ئێمه ناتوانین مافی ده‌ستووریی خۆمان هه‌روا به ئاسانی ته‌سلیمی لایه‌نه‌كانی دیكه بكه‌ین، ده‌مانه‌وێ و حه‌زمان لێیه بگه‌ینه چاره‌سه‌ری له‌گه‌ڵ به‌غدا، من ناڵێم ئه‌وان هیچ نه‌هاتوونه‌ته پێش، به‌ڵێ هه‌ندێك گۆڕانكاریی بچووك كراوه، له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتووین ڕاسته‌وخۆ پاره‌كه وه‌ربگرین، به‌ڵام دیسانه‌وه به میكانیزمێك كه ئه‌گه‌ر له لایه‌ك ڕێگه‌مان پێ بده‌ن، له لایه‌كی دیكه كۆنتڕۆڵی ده‌كه‌ن.
بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێویسته وه‌كوو وڵاتانی فیدراڵی بدرێته هه‌رێم وه‌كوو مینحه و په‌رله‌مانی هه‌رێم خۆی بودجه داده‌نێت، ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م جار له عیراق بودجه‌كه‌مان بۆ داده‌نێن و پێمان ده‌ڵێن ده‌بێ ئه‌وه‌نده فه‌رمانبه‌ر دابمه‌زرێنن و سولفه‌ی بودجه‌ی ته‌شغیلی ئه‌وه‌نده و وه‌به‌رهێنان ئه‌وه‌نده‌یه، دواتر ده‌چێته ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و پاشان بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی به‌غدا و له وێش دوای مشتومڕی زۆر دێته‌وه هه‌رێمی كوردستان، له هه‌رێمی كوردستان جارێكی دیكه ده‌چێته‌وه په‌رله‌مانی كوردستان و دیسانه‌وه ئه‌و گفتوگۆیه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه. ئه‌مه سیسته‌می فیدراڵی نیه و هیچ وڵاتێكی دونیا شتی وای تیادا نیه و ئه‌وه‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌یكات؛ هاوشێوه‌ی ڕه‌فتاریه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ر پارێزگایه‌ك.
زۆر سوپاس بۆ قبووڵكردنی داوه‌ته‌كه‌ی ئێمه و ته‌شریفتان هێنایه ئێره و هه‌مووتان زۆر به خێر بێن به‌سه‌ر چاو.