ئەمڕۆ شەممە 7ـی 2ـی 2015 لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بە جیا لەگەڵ خاتوو فیدریكا موگیرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا و بورگ برێند وەزیری دەرەوەی نەرویج و خاتوو ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و ئێدوارد ناڵبەندیان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و تەممام سەلام سەرۆك وەزیرانی لوبنان كۆبوویەوە.
لەم كۆبوونەوانەدا هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاوتوێ كرا.
شایانی باسە لەم كۆبوونەوانەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێن و دڵشاد بارزانی نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا یاوەری سەرۆك بارزانی بوون.
ئەمرۆ لە کۆبوونەوەی نێوان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارین گریگۆریان باڵیۆزی ئەرمینیا لەعیراق، باڵوێزی ئەرمینیا رایگەیاند کە بەم نزیکانە هێلی ئاسمانی نێوان وڵاتی ئەرمینیا و هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
لە دیدارێکدا کە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان تییایدا ئامادەببوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەرمینیا کرا و هەروەها باس لە هەماهەنگی زیاتری نێوان هەردوولا کرا.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران بەرێوەچوو، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هەوڵەکانی وڵاتی ئەرمینیای بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی ئەرمینیا لە هەولێر کرد.
لە کۆتایی دیدارەکەدا قوباد تاڵەبانی ووتی: نەمانهیشتووە ئەو رەوشە ئەمنییەی لە عیراقدا هەیە ببێتە بەربەستێک لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان و فراوانتر کردنی پەیوەندیە سیاسی و ئابووریەکانمان لەگەڵ وڵاتانی تر باشترین وەڵامە بۆ ئەوانەی کە بە خەیاڵی خاوی خۆیان دەیانەوێت کوردستان بەرەو دواوە ببەن.