ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2015/5/13 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێزان ئەكیهیكۆ تاناكا سەرۆكی دامەزراوەی گەشەپێدانی ژاپۆنی (جایكا) و باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و شاندێكی یاوەریان كرد.
لە دیدارێكدا بەرێز سەرۆكی دامەزراوەی جایكا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو هاوكاریی و ئاسانكارییەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە لە كاتی جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان لە هەرێم پێشكەشیان كراوە و بۆ پرۆژەكانی داهاتووشیان پێشكەشیان دەكرێ.
هەروەها باسی لە پرۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجە كرد كە بە پارەداركردنی دامەزراوەی جایكا بەشێك لەو پرۆژانە كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردن و بەشێكی دیكەشیان لە داهاتوویەكی نێزیكدا دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەوەشی دووپات كردەوە كە لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان لەسەر ئاستی عێراق بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبن.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی دامەزراوەی جایكا و حكوومەت و خەڵكی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو هاوكارییانەی لەڕابردوودا بۆ هەرێم كردوویانە و هەروەها ئەو پڕۆژانەی كە ئێستا جێبەجێیان دەكەن. ئاماژەی بەوەش كرد كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە بەرەوپێشەوە بردنی زیاتری ژێرخانەكەیەتی و بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانن سود هەم لە ئەزموون و هەم لە پارەداركردنی ژاپۆن وەرگرن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی پێویست بە تایبەتی ئەو پرۆژانەی لە داهاتوودا لە بوارەكانی ئاو و ئاوەڕۆدا لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی دامەزراوەی جایكای كرد بۆ كردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ ژمارەیەك لە كارمەند و كادیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆئەوەی لە بوارە جیاجیاكاندا پسپۆڕیی و كارامەیی زیاتر بەدەست بهێنن.