ڕۆژی دووشەممە 9ـی 2ـی 2015 لە شاری پاریس و لە وەزارەتی بەرگریی فەڕەنسا جۆن ئێف لۆدریان وەزیری بەرگریی فەڕەنسا پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە كەشوهەوایەكی دۆستانە بەڕێوەچوو بە تێروتەسەلی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و هەروەها سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادبوونی ناوچەیەكی بەرفراوان لە دەست تیرۆریستانی داعش و ئازادبوونی كۆبانێ لە لایەن هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان خرایە بەر باس. هەروەها وەزیری بەرگریی فەڕەنسا پیرۆزبایی لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كرد و ئەوەی باسكرد كە ئەو ڕاپۆرتانەی هێزە فەڕەنساییەكان لە هەرێمی كوردستان دەنێرن ئاماژە بەوە دەدەن كە مەشق و ڕاهێنانەكان زۆر سەركەوتوون و باس لە لێهاتوویی و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن. هەروەها بەردەوامیی وڵاتەكەیشی لە پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا ئامادەكارییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئازادكردنی شاری موسڵ لە دەست تیرۆریستان و هەروەها بارودۆخی هنووكەیی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا تاوتوێ كرا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم ئامادە بوو.