پاش سەردانێكی فەرمی بۆ وڵاتانی كەنداو و كۆبوونەوەی لەگەڵ جێنشینی ئەبوزەبی و ژمارەیەك لە سەركردە سیاسییەكانی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و هەروەها سەردانی بۆ شانشینی سعوودیە و كۆبوونەوەی لەگەڵ شای سعوودیە و جێنشین و وەزیر و بەرپرسە باڵاكانی ئەم وڵاتە ڕۆژی چوارشەممە 2ـی 12ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەڕایەوە هەرێمی كوردستان.
جێگەی ئاماژەپێكردنە كە لەكاتی كۆتایهاتنی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ شانشینی سعوودیە ڕۆژی چوارشەممە 2ـی 12ـی 2015 سەرۆك بارزانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیك خالیدی شاری ڕیاز لە لایەن عادل ئەلجوبەیر وەزیری دەرەوە و ژمارەیەك لە بەرپرسانی سیاسی و ئیداریی شانشینی سعوودیە بەڕێ كرا.
بەر لە كۆتایهاتنی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی هەر لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیك خالیدی شاری ڕیاز كۆبوونەوەیەك لەنێوان سەرۆك بارزانی و عادل ئەلجوبەیری وەزیری دەرەوەی شانشینی سعوودیە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بەرپرس و كاربەدەستی باڵای شانشینی سعوودیە بەڕێوەچوو. لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و عێراق تاوتوێ كرا و هەروەها هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی و قووڵتركردنی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی سعوودیە كردەوە.
شایانی ئاماژەپێكردنە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 1ـی 12ـی 2015 لە شوێنی حەوانەی خۆی لە شاری ڕێاز بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سامر سبهان ئەلسبهان باڵیۆزی شانشینی سعوودیە لە عێراقی فیدڕاڵ كرد. لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و شانشینی سعوودیە خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
لەدرێژەی دیدار و كۆبوونەوەكانی سەرۆك بارزانی لەگەڵ گەورەبەرپرسانی شانشینی سعوودیە و لەدوای كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و شای سعوودیە، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 1ـی 12ـی 2015 لە كۆشكیی پاشایەتیی شاری ڕیاز، ئەمیر محەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز جێنشینی دووەم و جێگری دووەمی سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگریی شانشینی سعوودیە پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا كە عادل ئەلجوبەیر وەزیری دەرەوە و خالد ئەلحەمیدان سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی گشتیی شانشینی سعوودیە و ژمارەیەك لە كاربەدەستانی باڵای ئەم وڵاتە ئامادەبوون، جێنشینی دووەمی شانشینی سعوودیە زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی كرد و خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ شانشینی سعوودیە نیشاندا و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كرد و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و شكستدانی تیرۆریستان بەرز نرخاند. هەروەها جەختیشی لە ڕاسپاردەی جەلالەتی شای سعوودیە كردەوە لە بەردەوامیی و فراوانكردنی ئەو پەیوەندییە مێژوویانەی كە لەنێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی سعوودیەدا هەیە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی تاوتوێ كرا. هەروەها باس لەو بابەتانە كرا كە جێگەی بایەخی هەردوولان و گفتوگۆیش لەبارەی بارودۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەێمی كوردستان و شانشینی سعوودیە كرا و هەردوولا ئەوەیان دووپاتكردەوە كە ئەم پەیوەندییانە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق و لە خزمەتی ئاساییشی ناوچەكە و لەناوبردنی تیرۆردا دەبێت.
لەدرێژەی سەردانەكەی بۆ وڵاتانی كەنداو و دوای سەردانەكەی بۆ وڵاتی ئیمارات و كۆبوونەوەی لەگەڵ جێنشینی ئەبوزەبی و ژمارەیەك بەرپرسی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی ڕۆژی دووشەممە 30ـی 11ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندە یاوەرەكەی گەییشتە شاری ڕیازی پایتەختی شانشینی سعوودیە.
لەچوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ شانشینی سعوودیە ڕۆژی سێشەممە 1ـی 12ـی 2015 شا سەلمان عەبدولعەزیز لە كۆشكی پاشایەتی لە شاری ڕیاز پێشوازی لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
لەم دیدارەدا كە ئەمیر محەمەد بن نایف بن عەبدولعەزیز جێنشینی یەكەم و جێگری یەكەمی سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆ و ئەمیر محەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز جێنشینی دووەم و جێگری دووەمی سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگری شانشینی سعوودیە و هەروەها وەزیرانی دارایی و دەرەوە و فەرهەنگ و ڕاگەیاندن حكوومەتی سعوودیە و ژمارەیەكی زۆری بەرپرس و كاربەدەستی باڵای ئەم وڵاتە ئامادە بوون، شای سعوودیا بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ سعوودیە نیشان دا و جەختی لە گرنگی و بەردەوامیی سەردانەكان و فراوانتركردنی ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە.
هەر لە چوارچێوەی ئەم دیدارەدا شای سعوودیە نیوەڕۆخوانێكی لەسەر شەرەفی سەرۆك بارزانی ساز كرد و زۆربەی سەركردە باڵا سیاسی و ئیداری و سەربازییەكانی سعوودیە ئامادەی ئەو میوانداری و نێوەڕۆخوانەی شای سعوودیە بوون.
دوای نیوەڕۆخوانەكە سەرۆك بارزانی و شای سعوودیە بە ئامادەبوونی جێنشینی یەكەم و دووەمی سعوودیە و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی و وەزیر و بەرپرسەكانی تری حكوومەتی سعوودیا بەشداری كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان بوون كە تێیدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەكە و هەروەها هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و بیروڕایش لەبارەی چارەسەری قەیرانەكانی ناوچەكە و عێراق و شەڕی دژی تیرۆر ئاڵوگۆڕ كرا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لە بەردەوامیی سەردانە فەرمییەكەی بۆ شانشینی سعوودیە، سەرۆك بارزانی لەگەڵ جێنشین و ژمارەیەك گەورە بەرپرسی دیكەی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە.
لەچوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی بۆ وڵاتانی كەنداو ڕۆژی دووشەممە 30ـی 11ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندە یاوەرەكەی گەییشتە شاری ڕیازی پایتەختی شانشینی سعوودیە. وا بڕیارە لەم سەردانەیدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی شانشینی سعوودیە كۆببێتەوە.
بە بۆنەی كۆچی دوایی ئەمیر سعوود فەیسەل وەزیری پێشووی دەرەوەی شانشینی سعوودیە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بروسكەیەكی هاوخەمی بۆ شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پاشای شانشینی عەرەبیی سعوودیە نارد و تێیدا سەرەخۆشیی لە پاشا و گەلی سعوودیە كرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی 1ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی شانشینی سعوودیە كرد كە بە سەرۆكایەتیی عەبدولڕەحمان بن غرمان شەهری بە مەبەستی كردنەوەی كونسوڵخانەی شانشینی سعوودیە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سڵاوی تایبەتی شا عەبدوڵڵای شای سعوودیەی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی كە هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی كرد و سەرەخۆشی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو پێشمەرگانەی قارەمانانە گیانی خۆیان لە شەڕی دژی تیرۆریستان بەخت كردووە و شەهید بوونە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی شا عەبدوڵڵای شای سعوودیە كرد و هیوای سەركەوتنیشی بۆ كونسوڵی شانشینی سعوودیە خواست لە شاری هەولێر لە ئەرك و كارەكانیدا. هەروەها ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بە شاندی میوان ڕاگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.