ئەمڕۆ شەممە 20ـی 12ـی 2014 بەڕێز فواد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد. لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك كۆماری عێراق بە گەرمی پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی ئەو سەركەوتنە مەزنانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە دەڤەری زووممار و ڕەبیعە و شنگال بەدەستیانهێناوە. هیوایشی خواست لە ئاییندەیەكی نزیكدا تەواوی شوێنەكانی دی لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار بكرێن. هەروەها دەستخۆشیشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد كە قارەمانانە توانیویانە تیرۆریستان تێكبشكێنن و ڕاویان بنێن.
بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزباییەکی گەرم لە د.فواد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ دەکات و هیوای سەرکەوتنی لە پۆستەکەیدا بۆ دەخوازێت.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پشتگیری پەرلەمانی کوردستانی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق دەربڕی و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمانی کوردستان و سەرۆک کۆمار عێراق، بەخزمەت بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بشکێتەوەو سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد.
لەبەرامبەردا د.فواد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق، سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بێت و بە زووترین کات کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکرێن.