نێوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 1/7/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز یۆرگۆ فۆكاس باڵیۆزی كرواتیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بەڕێز فۆكاس سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد كە لێی كراوە و ئاماژەی بەوە دا كە هەر جارێك سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات پێشكەوتنی زیاتر و باشتر دەبنیێت و ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانیشی بەرز نرخاند و دەستخۆشیی لە حكوومەت و خەڵك و پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆر بە دەستیان هێناوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێزیان ئەوەی خستە ڕوو كە خوازیارن نوێنەرایەتیی دیبلۆماسیی خۆیان لە هەولێر بكەنەوە و زیاتر لەوەی كە ئێستا هەیە فراوانی بكەن و بایەخ بە پەیوەندییە دیبلۆماسی و ئابووری و بازرگانی و ڕۆشنبیرییەكانی دووقۆڵی بدەن و هەر لەم چوارچێوەیەشدا داوەتێكی فەرمی حكوومەتی كرواتیای پێشكەش بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد بۆئەوەی لە دەرفەتێكدا سەردانی وڵاتی كرواتیا بكات.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەیران سوپاسی هەڵوێستی بەڕێزیانی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆخواست، لە هەمان كاتدا داوای لە باڵیۆزی كرواتیا لە عێراق كرد نوێنەرایەتی دیبلۆماسی خۆیان لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكەن و دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرینگییەكی زۆر بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی لەگەڵ حكوومەت و خەڵكی كرواتیا دەدات و لەمبارەیەشەوە هەموو هاوكاری و ئاسانكاریەكی حكوومەتی هەرێمی پیشاندا.
بەڕێزیان هەروەها بە خۆشحاڵییەوە داوەتنامە فەرمییەكەی حكوومەتی كرواتیای قبوڵ كرد و ڕایگەیاند كە لە دەرفەتێكدا سەردانی وڵاتی كرواتیا دەكات و هیوای زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كرواتیای خواست بە تایبەتی لە ماوەی ڕابردوودا بەڕێزان وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی كرواتیا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو كە دەكرێ سەرەتایەكی باش بێت بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان. خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی كە كرواتیا بە بایەخەوە سەیری بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەكات.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2015/5/4 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز خاتوو ڤێنسا پوسیچ جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی كۆماری كرواتیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا خاتوو پوسیچ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی هەرێم دەربڕی و ئاماژەی بەوە كرد كە لە میانی سەردانەكەیدا سەردانی چەند دەزگایەك لە هەرێم دەكات، لەوانەش پەرلەمان و دەزگاكانی حكوومەت و كەمپی ئاوارەكان. هەروەها سوپاسی حكوومەت و خەڵكی كوردستانی كرد كە بە ئیمكانیاتێكی دیاریكراو توانیویانە باوەش بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارەی دەستی تیرۆر بكەنەوە و لە هەموو بوارەكاندا هاوكاری و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش بكەن و هەروەك سوپاسی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیشی كرد كە بوێرانە ڕووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە و توانیویانە بە شێوەیەكی سەركەوتوو بەرگری لەو بنەما هاوبەشانە بكەن كە دونیای ئازاد باوەڕی پێیەتی.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا خاتوو پوسیچ ئاماژەی بەوە كرد كە كرواتیا بە پێی ئیمكانیاتی خۆی لە ڕابردوودا هاوكاریی هەرێمی كوردستانی كردووە و لە داهاتووشدا بە هەمان شێوە لەسەر هاوكارییەكانی بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە و هیوای خواست كە لە كاتێكی نزیكدا و لە بەرژوەندیی خەڵكی كوردستان و پێشمەگەدا كۆتایی بەو شەڕە بێت و هەرێمی كوردستان لە ڕووی پێشڤەچوونی ئابووری و سەقامگیری و دیموكراسی و ئاوەدانی و داومودەزگاییەوە، بەردەوامی بە كاروانەكەی بدات و ئەو جێگە و پێگە ئابووریەی كە پێشتر هەیبوو، زیاتر بەرزی بكاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش كرواتیا ئامادەیە هاوكاری پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكات و وەك كارئاسانیش بۆ ئەم بابەتە ئامادەن لە داهاتوودا كونسڵخانەی خۆیان لە هەولێر بكەنەوە بۆ ئەوەی لە هەموو بوارەكاندا زیاتر برەو بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بدەن.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی كرواتیای كرد بۆ ئەو سەردانە و وتە بەنرخەكانی لە بەرامبەر هەرێمدا و هەروەك سوپاسی كۆماری كرواتیای كرد بۆ ئەو هاوكارییانەی لە چوارچێوەی هێزە هاوپەیمانەكاندا لە ڕابردوو و داهاتوودا پێشكەش بە هەرێمی كوردستانی كردوون و دەیكات و هیوای خواست سەردانەكەیان سەركەوتوو بێت بە شێوەیەك بتوانن لەو ماوەیەی كە لە هەرێمی كوردستانن، لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی هەرێم و گرفتەكانی بن بە تایبەتی لە ڕووی مرۆیی و سەربازیەوە. ئاماژەی بەوەش كرد كە لە داهاتوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك و پێشوازیش لە سەرمایەگوزاری و ئەزموونی سەركەوتووی كرواتیا لە بوارە جیاجیاكاندا دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش حكوومەت ئامادەی هەر جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەكە.
گفتوگۆكردن لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و زیاتر تۆكمەكردنی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە و كۆمەڵێك بابەتی دیكەی پەیوەندیدار بە ناوچەكەوە، بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی 12ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئانتێ كۆترۆمانۆڤیچ وەزیری بەرگریی كرواتیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی كرواتیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەردانی بۆ كوردستان نیشاندا و خەباتی گەلی كوردستانی لە پێناو ئازادی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەدا كە مێژووی گەلی كوردستان و گەلی كرواتیا لە خەبات و قوربانیدان لەپێناو خاك و ئازادی هاوشێوەی یەكترە. كرواتیایش وەك هەرێمی كوردستان لە یەك كاتدا لەشەڕدا بوو و ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی دەحەواندەوە و لە هەمانكاتیشدا كاری بۆ گەشەپێدان و بنیاتنان دەكرد. هەروەها ئەوە هاوشێوەبوونەیشی وەك بنەمایەكی پتەو بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا لە قەڵەم دا.
لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش وەزیری بەرگریی كرواتیا ئەوەی خستەڕوو كە ئەم هەڕەشەیە تەنیا بۆ سەر كوردستان نییە بەڵكو بۆ هەموو وڵاتانە و سوپاسی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەیشی كرد كە دلێرانە شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكەن. وەزیری بەرگریی كرواتیا ئامادەیی وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە لە بواری سەربازی و مەشقپێكردن، هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگەی بكات.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی وەزیری بەرگریی كرواتیا و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی هەڵوێستی وڵاتی كرواتیاشی كرد لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان و جەختی لە ئامادەیی هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا كورتەیەكی لە مێژووی خەبات و كۆلنەدان و قوربانیدانی گەلی كوردستان بۆ شاندی میوان باس كرد و ئەوەی خستەڕوو سەرباری هەموو نەهامەتی و سەختییەكان گەلی كوردستان خۆی بەدەستەوە نەدا و سەریش كەوت و لە پاراستنی خۆی و گەشەسەندندا بەردەوام دەبێت. سەرۆك بارزانی پەیوەست بە هەڕەشەی تیرۆریستان هێمای بەوەدا كە شەڕی تیرۆر تەنیا بە لایەنێك ناكرێت بەڵكو هەڕەشەیەكە بۆ هەموو لایەك و ڕووبەڕووبوونەوەی پێویستی بە هەوڵێكی هاوبەشی هەموو لایەك هەیە. پاش پەلاماری تیرۆریستان بۆ كوردستان پێشمەرگە بە ئیمكانیاتی كەم و چەكی كۆن توانی قارەمانانە هێرشی داعش ڕابگرێت و تووشی شكستی بكات.
قسەكردن لەبارەی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و، هەردوولا ڕێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقیان بە هەنگاوێكی ئەرێنی وەسفكرد.
جێگەی ئاماژەیە لەم كۆبوونەوەیەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت ئامادە بوون.