ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی 4ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كرد.
لە سەرەتای ئەم كۆبوونەوەیەدا كە كۆسرەت ڕەسوول عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی هەردوو لا ئامادەی بوون، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە خولەكێك ڕاوەستان و بێدەنگی و خوێندنەوەی سوورەتی فاتیحە لە ساڵیادی دەستپێكردنی شاڵاوەكانی ئەنفالدا یادی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفالیان بەرز ڕاگرت.
لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و هەروەها شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان خرایە بەر باس و كۆبوونەوەكە قوربانیدان و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و بەشداربووانی كۆبوونەوەكە سڵاو و دروودی خۆیان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی پێشمەرگە و خانەوادە سەرەبەرزەكانیان نارد.
لەبەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی نێوخۆیی كوردستان و پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان تاوتوێ كرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان لە سایەی یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەكان بەدیهاتووە و پێویستیشە بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەنە سیاسییەكان ئەم دەستكەوتانە بپارێزرێن. بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە میكانیزمی پەیوەندییەكانی هەردوو حزب نوێبكرێنەوە و ڕێكبخرێن و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تەحەدییاتەی ئێستا هەیە و لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان پەیوەندییەكان باشتر بكرێن و ئەوەیش خرایە ڕوو كە ناكرێ گوتاری ڕاگەیاندنەكان بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت و دەبێ بەرەو هێوربوونەوە بڕوات.