لەم دیدارەدا كە بە مەبەستی گەیاندنی نامەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە سەرۆك بارزانی ئەنجامدرا، شاندی میوان سڵاوی بەڕێز ئۆجەلانیان گەیاندە سەرۆك بارزانی و باسی ئەو دیدار و چاوپێكەوتنانەیان كرد كە لەسەرەتای ئەم مانگە لە ئیمڕاڵی لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلاندا هەیانبووە. هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان ئەوەیشیان خستەڕوو كە بەڕێز ئۆجەلان ئاگاداری گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و هاوكێشە ئاڵۆزەكان و ئەو شەڕەیە كە لە لایەن تیرۆریستاندا بەسەر كوردستاندا سەپێندراوە و ڕایانگەیاند كە بەڕێز ئۆجەلان جەختی لە ڕۆڵ و ئەو ئەرك و بەرپرسیارێتییە قورسە كردووەتەوە كە لەسەر شانی سەرۆك بارزانییە و دڵنیایی خۆیشی نیشان داوە كە سەرۆك بارزانی ڕۆڵی خۆی لە چارەكردنی گرفتەكان و تێپەڕاندنی هەڕەشەكان بۆ سەر كوردستان دەگێڕێت. لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا شاندی میوان سەرەخۆشیی خۆیان و بەڕێز ئۆجەلانیان بە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە گەیاند كە لەشەڕی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان جەختیان لە پاراستنی یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان و بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كردەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی پەرۆشی و خەمخۆریی بەڕێز ئۆجەلانی كرد بۆ چارەكردنی كێشەكان و ئەوەی خستەڕوو كە لەم كەشە ئاڵۆزەی لە ناوچەكەدا دەگوزەرێ بەهێزترین چەكی كوردستان، یەكڕیزی و برایەتی و كاركردنە بەو پڕەنسیپە باڵایانەی كە گەلی كوردستان هەیەتی، ئەویش ئاشتیخوازی و ئازادی و فەرهەنگی پێكەوەژیانە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ شاندی میوان باسكرد كە لەم ململانێ تاییفییەی لە ناوچەكەدا هەیە، كوردستان نابێتە بەشێك لە كێشە و ململانێیەكان. سەبارەت بە شەڕی تیرۆریستانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی شی كردەوە كە سەركەوتنی كورد بەسەر تیرۆریستان، پێگە و ناوبانگی بەرزی بۆ گەلی كوردستان مسۆگەر كردووە و جێگەی شانازییشە كە كوردستان لە كۆبانێ هەتا خانەقین لە یەك سەنگەردا ڕووبەڕووی تیرۆریستان بووەتەوە. پەیوەست بە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی، وێڕای پێداگیری لەسەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە پێویستە هەموو لایەك لە هەوڵی سەرخستنی كۆنگرە بێت و ئامانجی سەرەكیی كۆنگرەیش گەیاندنی پەیامی ئاشتی بێت بۆ گەلانی ناوچەكە.
پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیا و بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و هەروەها قسەكردن لەبارەی چۆنییەتیی نەهێشتنی كێشەی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و، سەرۆك بارزانی پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ پڕۆسەی ئاشتی دەربڕی.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی کرد لە پارلەمانتاری توركیا خاتوو لەیلا زانا و سری سورەییا ئۆندەر، پارلەمانتار و جێگری هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان HDP کە بەمەبەستی گەیاندنی نامەیەکی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەشریفیان هێنابوو.
لە دیدارەكەدا ئەو نامەیەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە بە دەستی خۆی و بەزمانی کوردی بۆ سەرۆک بارزانی نووسیوە ڕادەستی سەرۆک بارزانی کرا کە تیایدا وێڕای دەربڕینی ڕێزی خۆی بۆ سەرۆک بارزانی، باسی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا کردووە. لەبەشێکی دیکەی نامەکەدا بەڕێز ئۆجەلان پشتگیریی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا دەربڕیوە و داوای هاوکاریی سەرجەم لایەنەکانی کردووە بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە و ئاماژەی بۆ پێویستیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی لەنێوان هەموو لایەنە کوردییەکان کردووە.
هەر لە دیدارەکەدا کۆمەڵێک تەوەر خرانە بەر باس کە پەیوەندییان بە ڕەوشی ناوچەکەوە هەیە.
سێ شەممە, 11 شوبات 2014